ئێمە ی حیزب و مەسەلە ی مافی ئافرە تان
ئاری هەرسین
2021-03-07   604
ماری وڵستۆن کرافت (١٧٥٧- ١٧٩٧) لە وەڵامدانەوەی بیرۆکەی ژان ژاک ڕۆسۆ (١٧١٢- ١٧٧٨) لەسەر پەروەردەی کچان جەخت لە پێویستی چونیەک بوونی پەروەردەی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە کۆمەڵگە دەکات، ئەویش چونکە هاوسەرگیری بەردی بناغە ی کۆمەڵگەیە (گرنگە بە ئاگابین لەو ڕاستیەی کە ئەم بۆچونە لە سەدەی هەژدە فۆرمولە کراوەو، لەوانەیە ئەگەر ولستۆن کرافت لەم سەردەمەی ئێمەدا بژیایە، قسەکانی خۆی بە جۆرێکیتر بکردایە). لێرەدا مەبەست لە پەروەردەی چونیەک هەم بە ئاگا بوون لە مافی خود و، هەم دەستەبەر بوونی هەل یان چانسی چونیەکە لە کۆمەڵگەدا.
لە کۆمەڵگە سونەتیەکاندا (وەک کۆمەڵگەی ئێمە بە نموونە) سیستەمی پیاو سالاری لەڕێی هەردوو توخمی ئاین و نەریتەوە قۆرخکردنی فەزای ئازادی لە بۆ چۆتە سەر. بە جۆرێک کە فەرمودەکانی خوای گەورە لە بەرژەوەندی پیاو تەرجومەو تەفسیر دەکرێن و، داب و نەریتێکیش ئەگەر ژەنگیشی هەڵ هێنابێت، هەتا ئەوکاتەی پیاوسالاری مسۆگەر بکات ڕە سەن و قوبوڵکراوە. گرنگە لەو ڕاستیە تێبگەین کە کێشە لە پێناسەکاندا نین، بەڵکو لە قەناعەتەکاندایە. وەک چۆن نوسینەوەی قانونی جوان سەروەری قانون مسۆگەر ناکات، بەهەمان شێوە پێناسەی باق و بریق بەبێ قەناعەت نابنە هۆی بەرەوپێش چوون و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش بەبێ مسۆگەرکردنی مافی چونیەک لەنێوان ئافرەت و پیاو، جگە لە موزایەدە هیچیتر نیە. هەتا بە قەناعەتەوە پەروەردەی کچ و کوڕ، لەماڵەوە ولە قوتابخانە چونیەک نەبن، باسکردن لە مافی چونیەک هیچ مانایەکی نیە و، هەتا هەتایە کچ دەبێت بە بوکەشوشە یاری بکات و کوڕیش بە تفەنگی مناڵانە (جاران دارولاسیک بوو).
هەرچەندە لە کۆمەڵگای کوردستانی عێراقدا ئافرەتی کارامە، بەهرە مەند و بە ئاگا هەڵکەوتوون. بەڵام لەچاو ڕێژەی ئافرەت لە کۆمەڵگاکەماندا، وەک دڵۆپ و دەریاکە وان. کەمی ڕێژەی بەشداریکردنی ئافرە تان لە جموجۆڵی کۆمەڵگە و جومگە سەرەکیەکانی (لە ئێستادا) بۆچی دەگەڕێتەوە؟… لەوانەیە ئەم پرسیارە لای زۆر کەس دروست بوبێت، بەڵام لە ڕاستیدا پێویستە ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە هەموو کەس زیادتر سەرمان بەم پرسیارەوە بیەشێت. ئێمە لەڕێی قۆرخکردنی سەندیکاکان و، بە گشتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەناسەمان لە بزوتنەوەی ئافرەتانیش بڕیوە. زۆربەی ئێمەی پیاوانی سیاسەتمەداری ئەم هەرێمە هەتا ئێستاش ڕێکخراوەکانی ژنان و (ئافرەتان بە گشتی) وەک کەرەسەی کۆکردنەوەی دەنگ و فراوانکردنی پێگەی حیزبەکانمان دەبینین. گومان لەوەدا نیە کە لە ئەوروپاش هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لە کاتی هەڵبژاردندا پشتیوانی لە حیزبێکی دیاریکراو دەکەن، یان پشتیوانی لە سیاسەتێکی حیزبەکان دەکەن. بەڵام ئەو پشتیوانیانە خۆبەخشانە و مەبدە ئین. هەر کاتێک حیزب لە ڕێڕە وی ڕێزگرتن لە بنەماکانی یەکسانی مافەکانی نێوان ڕەگەزەکان لا بدات، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان هەڵوێست وەر دەگرن و، هەندێک جار هەڵوێستی توندیش. بۆیە بە هەموو پێوەرێکی دادپەروەرانە، کاتی ئەوە هاتوە ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە بەخۆداچونەوەیەکی جددیدا ڕیفۆرم لە تێگەیشتنی خۆماندا بکەین و، ئیش بۆ دروستکردنی فەزایەکی سیاسی بکەین کە ئافرە تان بە بێ تەداخولاتی پیاوسالارانە مومارە سەی بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن و، ئێمەش هاوکار و پشتیوانی بێ چەند و چونیان بین. بۆچی کلیلەکە لای حیزبە و لای حکومەت و پارلەمان نیە؟… چونکە حیزب حکومەت و پارلەمان پێک دە هێنێت. ئەگەر قەناعەت و ئیرادە لەلای حیزب دروست بوو، حکومەت و پەرلەمان تەحسیل حاسڵە.
پیرۆزە ساڵڕۆژی جیهانی ئافرە تی دایکی مرۆڤایەتی…