ڕۆژنامەوانی لە بنەڕەتدا، هۆکاری گواستنەوەی هەواڵ "ڕاستی" و چاودێریکردنی دەسەڵاتە، کەرەستەیەکە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکان بۆ ڕای گشتی، نەک خۆی ببێتە بەشێک لە کێشە. ڕۆژنامەنووس و بێژەر ئاوێنەی ڕووداوەکانن، نەک خودی ڕووداوەکە، بەڵام ئەوەی ماوەیەکە لە میدیای کوردی دەبینرێت، دیاردەیەکی نامۆ و شێواوە کە تێیدا "بێژەر" یان "پێشکەشکار" لە گوێزەرەوەی هەواڵەوە، دەبێتە بکەر و پاڵەوانی سەرەکی.
لە کاتی ململانێ و گرژییە سیاسییەکاندا، دەبینین لەسەر شاشە و پەیجی فەرمیی میدیاکان، وێنەی بێژەرەکە دادەنرێت و لە تەنیشتییەوە وتەیەکی دەنووسرێت. ئەم جۆرە داڕشتنە تەنها نیشانەی کورتهێنانی فیکری و پیشەیی نییە، بەڵکو هەوڵێکی ئەنقەستە بۆ گەرمکردنی بازاڕی شەڕە دەنووکە سیاسییەکان و ڕاکێشانی "لایکی" زیاتر لەسەر حسابی بەهاکانی ڕۆژنامەوانی.
بێگومان لە وڵاتانیش، هەندێک میدیای حیزبی و پۆپۆلیستی هەن کە لایەنگری دەکەن و بێژەرەکانیان زۆر چالاکن لە هێرشکردنە سەر نەیاران، بەڵام تەنانەت لەوێشدا، زۆر دەگمەنە دەقی پرسیار یان لێدوانی بێژەرەکە وەک "هەواڵێکی سەربەخۆ" لە میدیا فەرمییەکاندا بڵاو بکرێتەوە، کەچی لای ئێمە، وتەی بێژەرێک کە تەنها فەرمانبەرێکی دامەزراوەیەکی میدیاییە، وەک لێدوانی سەرۆکی حیزبێک، وەزیرێک یان بڕیاربەدەستێک بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم شێوازە لە کارکردن دەرخەری دوو ڕاستیی تاڵە: یەکەم، میدیاکانی ئێمە لە نەبوونی ناوەڕۆکێکی قووڵ و پەیامێکی گرنگی پیشەییدا، پەنا بۆ بەکەسایەتییکردنی هەواڵەکان دەبەن. دووەم، بەشێک لە بێژەر و پێشکەشکارەکان، خۆیان دەخەنە پێگەی کەسایەتییە سیاسییەکان، تا لەو ڕێگەیەوە ببنە "ئەستێرەی سۆشیال میدیا"، نەک ڕۆژنامەنووسێکی بێلایەن، لەکاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا، دەبنە سەنگەری بەوەکالەت، چونکە کاربەدەستان و سیاسییەکان نایانەوێت ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتیی هەندێک قسە و هێرشی نزم لەئەستۆ بگرن، بۆیە شاشە و بێژەرەکانیان دەکەنە سەکۆی بەخشینەوەی تۆمەت بۆ نەیارەکانیان.
ئەم دۆخە شێواوەی میدیای کوردی، بینەر و خوێنەری بەرەو جۆرێک لە سەرگەردانی بردووە، چونکە کاتێک سنوورەکانی نێوان پرسیار، لێدوان، ڕا و هەواڵ تێکەڵ دەبن، متمانە لە نێوان هاوڵاتی و میدیادا بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ژوورەکانی هەواڵ و هاوڵاتییانیش تێبگەن لەوەی، بێژەر هێندە گرنگ نییە ببێتە ناونیشانی سەرەکی، گرنگییەکە لە خودی ڕاستی و هاوسەنگیی هەواڵەکەدایە کە بەداخەوە ئێستا لەژێر پێی پۆپۆلیزم و بازرگانیی میدیاییدا ون بووە.