مێژوو پێمان دەڵێت کە ھێزی ڕاستەقینەی ھەر سیستمێکی حکومڕانی لە بینای سەربازی یان پاڵپشتە دەرەکییەکاندا نییە، بەڵکو لە ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی و متمانەی نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتدایە. کاتێک دەسەڵاتێک بەھۆی گەندەڵی و نادادپەروەرییەوە لەناوەوە دادەڕزێت، ھیچ ھێزێکی دەرەکی ناتوانێت لە کەوتنی حەتمی بیپارێزێت. ئەمڕۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دوو ھاوکێشەی جیاواز بەڵام ھاوشێوە لە دەرئەنجامدا بوونەتەوە، بەھۆی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا،لەبەغدا ئاھەنگی سەرکەوتن دەگێڕن و لەکوردستانیش شیوەن.
١. عێراق دزسالاری لەژێر پەردەی ئاییندا...
ئەو ھێزە سیاسیانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا باڵادەستن، زۆربەیان حیزبی ئیسلامی سیاسیی عەرەبین بەھەردوو مەزھەبی شیعەو سونەوە، مۆدێلێکی مەترسیداریان لە حکومڕانی دروستکردووە کە دەکرێت بە "تیۆکراسی گەندەڵ" پێناسە بکرێت.
ئەم حیزبانە زۆر بە ووریاییەوە ئایین بەکار دەھێنن بۆ بێھۆشکردنی خەڵک، دروشم و ھێما ئایینییەکانیان کردۆتە قەڵغانێک بۆ داپۆشینی دزی و ڕاووڕووت و تاڵانکردنی سەروەتی گشتی. ئایینیان لە پەیامێکی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕیوە بۆ ئامرازێکی سیاسی بۆ شەرعیەتدان بە گەندەڵی و سڕینەوەی نەیارەکانیان.
- بەدامەزاوەییکردنی گەندەڵی...
گەندەڵی لە عێراقدا تەنھا ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو بووەتە سیستمێکی تۆکمەی دامەزراوەیی، دادگا و ناوەندەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن ئەم ھێزانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە تا ڕێگە لە ھەر دەستپێشخەرییەکی چاکسازی یان لێپرسینەوە بگرن.
- تۆقاندنی کۆمەڵگە ...
لە ڕێگەی ھێزە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە، کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن تێکەڵ بە ئایین کراوە، ھەر دەنگێکی ناڕازی یان ڕەخنەگر بە (دژایەتیکردنی ئایین و مەزھەب یان خزمەتکردنی ئەجێندای دەرەکی) تۆمەتبار دەکرێت.
ئەوانەی ئەمڕۆ ئاھەنگ دەگێڕن ئەوەیان لەبیریاچۆتەوە کە ئەگەر ھاوپەیمانان بەتایبەتی (ئەمریکا) ڕژێمی بەعسیان نەڕووخاندایە، خۆیان و بزووتنەوەکانیان ھەر لە ئاوارەییدا دەمانەوە. بەڵام ئەمڕۆ بە دروشمی دژە ئەمریکی ھەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک لەسەر قەیرانە ناوخۆییەکان و قەیرانی خزمەتگوزاری بگوێزنەوە، بۆ دروشمێک تا خەڵکی پێ چەواشە بکەن.
ئەم گەندەڵییە بەکۆمەڵە گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتنی عێراقدا، چونکە ڕێگە نادات ھیچ سەرمایەگوزارییەک، دروستکردنی ژێرخانێک، یان بونیادنانی دەوڵەتێکی ھاوچەرخ سەرپێ بکەوێت.
٢. ھەرێمی کوردستان، ڕووەکە خشۆکەکان، بونیادی لاوازی دەسەڵات.
کاتێک دەڕوانینە ھەرێمی کوردستان، وێنەکە نەک باشتر نییە، بەڵکو لە ڕووی پێکھاتەیییەوە لەبەردەم مەترسییەکی قووڵتردایە، بەتایبەت کاتێک باسی ئایندەی ھەرێم لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەکرێت.
دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ۳٥ ساڵی ڕابردوودا بەبێ ئەوەی خاوەنی بونیادێکی سەربەخۆ و سەربەخۆیی ئابووری بن، ھەمیشە وەک ڕووەکێکی خشۆک خۆیان ھەڵواسیوە بە دیواری ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکاندا، لە بری ئەوەی لە ناوەوە ھێز لە خەڵکی خۆیان وەربگرن، پشتیان بە ھاوپەیمانییە دەرەکییە کاتییەکان بەستووەو ئەمریکا پشتیوانی سەرەکیان بووە.
- پاڵدان بە نەیاران لەپێناو بەرژەوەندی حیزبیدا...
کاتێک ململانێ ناوخۆییەکان گەیشتوونەتە ئاستی شکاندنی ئێسکی یەکتر، ھێزە دەسەڵاتدارەکان درێغییان نەکردووە لە پاڵدان بە سەرسەختترین دووژمنانی گەلی کوردەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی لەدەستدانی دەیان دەرفەت و ھەلی مێژوویی کە بە ئەگەری زۆرەوە دەبووە ھەوێنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
- نامۆبوونی گەل و بێئیرادەکردنی ھێزە چەکدارەکان...
لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە، وەک ئەوەی لە تێزی نامۆبوونی کارل مارکسدا ھاتووە، (کاتێک بەرھەمی ڕەنجی ھاووڵاتی و نیشتمانەکەی لەلایەن دەسەڵاتەوە زەوت دەکرێت، ھاووڵاتی تووشی داڕزینی ڕۆحی دەبێت.)
لەبری دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی، سەرجەم ھێزە چەکدارەکان کراونەتە ئامڕازێک بۆ پاراستنی حیزب وسەرکردەکان، بەرامبەر ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان توندوتیژن، بەڵام بەرامبەر ھەڕەشە دەرەکییەکان خاوەن ئرادەی بەرگری نین، وەک ئەوەی لەڕوداوەکانی کەرکوکدا بینران.
پێشمەرگەیەک کە مووچەکەی لە ٥٠٠ ھەزار دینار تێناپەڕێت و لەسەرەتایترین مافەکانی بێبەشبێت، چۆن دەتوانێ ئیرادەی بەرگریکردنی لەدەسەڵاتێک ھەبێت، کەلەسەر حسابی ئەو بۆتە ملیاردێر.
- کۆچ و تراژیدیای گەنجان...
کاتێک نیشتمان لەشوێنێک بۆژیانکردن بەئارامی دەبێتە جەنگەڵ و جێی گەندەڵی و ڕاوەدوونان ونادادپەروەری، گەنج خنکانی ناو ئیجەو ڕوبارو دەریاکانی پێباشترە وەک لەوشوێنەی ناوی نیشتمانەو بووەتە شوێنی کوشتنی ھەموو حەزو ئاواتەکانی.
لەکەناڵەکانی کە بەپارەی دزراوی ئەو پەخش دەکات، کوڕەکانی سەرۆک و سەرکردەکان دەبینێت، وەک کوڕی شاو قەڕاڵ و ئیمپراتۆرەکان، بە جل و بەرگی جوان و چەندان ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێل بەخۆی و دەیان حیمایەو ھەندێ جار بەکۆپتەرو فڕۆکەی تایبەت گەشت دەکەن، لەنێوان ناوچەکانی کوردستان ، گەنجێکیش پارەی نان خواردنێکی پێ نییە، دەبێت ئەو گەنجە کە ئەو دیمەنانە دەبینێت چۆن بیرکاتەوەو چۆن ئەم خاکە بەنیشتمانی خۆی بزانێ.
- بنبەست و حەتمییەتی مێژوو...
فەیلەسوفی ناودار ژان ژاک ڕۆسۆ، لە تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕەوایەتی حکومڕانی بەرھەمی ڕەزامەندیی گەلە. کاتێک دەسەڵاتێک ئەم پەیمانە ھەڵدەوەشێنێتەوە و لەسەر تۆقاندن و دزی و نادادپەروەری بونیاد دەنرێت، دەچێتە کۆڵانێکی داخراوەوە کە ڕێگەی گەڕانەوەی تێدا نییە.
کەوتنی ئەم جۆرە سیستمە پەیامێکی حەتمی مێژووە. ئەو دەسەڵاتدارانەی لە بەغدا و ھەرێم لەسەر حسابی نەھامەتییەکانی خەڵک دەژین، لە ناوەوە داڕزیون. لەگەڵ یەکەم ڕەشەبای گۆڕانکاریی لەناوچەکە و عێراق یان ڕاپەڕینی ناوەکی کۆمەڵگە، پایەکانی دەسەڵاتیان لەدەست دەدەن، چونکە ھیچ پاڵپشتێکی دەرەکی ناتوانێت ڕێگە لە ڕووخانی ناوەکی بگرێت.
بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، ئایا ھیچ دەرفەتێک بۆ چاکسازی ناوەکی لە ڕێگەی ھەڵبژاردن یان ھۆشیاریی کۆمەڵایەتییەوە ماوەتەوە، یان سنووری ڕووخانی حەتمی تێپەڕێنراوە، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، نامەیەکی ئاشکرایە بۆ دۆست و دوژمنانمان، کە ئێمە ناتوانین حکومڕانی بکەین، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کەڕووخان بەدەستی خۆمان دەبێت. پێویست ناکات کەس سەرقاڵی ڕووخانمان بێت.