تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆژەیە وای کردووە کە ئەم پڕۆژەیە جیاواز بێت لە هەموو چەشنە وتووێژێک بۆ چارەسەری کێشەی شەڕی چەکداری لەهەر وڵاتێکدا. تایبەتمەندییەکانیش ئەمانەن:
١-ئەم پڕۆژەیە لای دەوڵەتی تورکی ناوی "تورکیای بێ تیرۆر"ە و بەرانبەرەکەشی پێی ئەڵێت "پڕۆژەی چارەسەری".
٢- لایەنێکی وتۆوێژەکە واتە عەبدوڵا ئۆجاڵان بەندکراوە و دەوڵەتی تورک بەرپرسی بەندیخانەکەیە.
٣- ئەندازیاری پرۆژەکە "دەوڵەت باخچەلی" سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەستی تورک "مەهەپە"یە کە بۆنیادەکەی لەسەر ئینکار، کوشتارو سەرکوتی کوردەکان دامەزراوە وجێبەجێکاری پڕۆژەکەش دەزگای هەواڵگری تورک واتە "میت"ە.
٤- ناوەرۆکی راستەقینەی ئەم بەناو"وتووێژانە" بۆ رای گشتی بڵاو نەکراوەتەوە. چەند مانگ جارێک، پەیامێکی چەند دێڕی لە ئۆجاڵانەوە بڵاو ئەکرێتەوە و پەیامەکانیش بەچەشنێک داڕژاون کە ئەستەمە لێی تێ بگەیت و زۆرتر لە کۆمەڵێک کۆد ئەچن کە تەنیا رێبەرانی سەرەکی "پ ک ک" لێیان تێئەگەن.
لەم ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، "پ ک ک" کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی بەست و رایگەیاند کە خەباتی چەکداری وەلا ئەنێت و تا ئێستا چەندین ناوچەی لە دەوروبەری قەندیل لە باشوری کوردستان بەجێهێشتووەو سوپای تورک چوونەتە ناویان.
دەوڵەتی تورک بە پڕۆژە یاسایەکی ١٢ خاڵی وەڵامی کۆتایی خۆی دایەوە، پڕۆژەیەک کە لە لایەن ٣٨٠ ئەندام پەرلمانی تورکیاو لەوانە ئەندامانی "دەم پارتی" واژۆی لەسەر کرا و دواتر لە پەرلمانی تورک پەسەند کرا.
بە کورتی لەم پڕۆژە یاسایەدا:
١. "پ ک ک" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناو ئەبریت و هەموو چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە لە رۆژی یەکەمەوە هەتا ئەمڕۆ بە کردەوەی تیرۆریستی هەژمار ئەکرێت.
٢. لەم پڕۆژە یاسایەدا، تەنانەت بە یەک وشەش باس لە پرسی کوردو چارەسەری ئەم پرسە نەکراوە.
٣. کۆی بەندەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە باس لە چۆنییەتی سزادان، سڕکردنی سزا یا هەڵسپاردنی کاتی پڕۆسەی دادگایی کردنەکان ئەکات. واتە لەم پڕۆژە یاسایەدا خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کورد لە باکور و بە تایبەت "پ ک ک"، بە تاوان ئەناسرێت و لایەنی دەسەڵات و دەوڵەتی تورک، کوشتار، ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژییەکانی کورد بە ڕوا و یاسایی ئەناسێندرێت
٤. لەم یاسایەدا، تەنانەت باس لە لێبوردونی گەشتی ناکرێت بەڵکو چالاکی و هەڵسوکەوتی ئەو ئەندامانەی "پ ک ک" کە ئەم یاسا ئەیانگرێتەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ (لە زۆربەی فایەلەکاندا بۆ ماوەی دەساڵ) لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەکانی تورکدا ئەمێنێتەوە و ئەگەر ئەوان بە دڵیان بوو ئەوا سزاکانیان بۆ هەتا هەتایە لەسەر لائەبرێت، ئەگینا سزاکان بەردەوام ئەبن. لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو ئەندامە، ئەوا ئەو کەسە وەک شارۆمەندێکی ئاسایی تورک، مافی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی تورکیایان پێ ئەدرێت
لێرەدا دوو پرسیاری گرنگ دێنە ئاراوە:
١. بۆ لەم کاتەدا وەها پڕۆژەیەک لەلایەن دەوڵەتی تورک و "پ ک ک"ەوە ئەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
٢. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەی چەکدانانی "پ ک ک" و گڕاننەوەی ئەندامانی ئەو رێکخراوە بۆ تورکیایە، ئیتر ئەمە چ پەیوەندییەکی بەسەر پرسی کورد بە گشتی، لە باکوری کوردستانەوە هەیە؟
بە ڕای من، بارودۆخی ئێستای دەوڵەتی تورک و "پ ک ک" و پشێویی گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم دەوڵەتی تورک و هەم "پ ک ک"ی ناچار کردووە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم پڕۆژەیە.
دەوڵەتی تورک بارودۆخێکی زۆر نالەبار و سەختی ئابووری تێئەپەڕێنێت. دراوی تورکی رۆژبەدوای رۆژ لاوازتر ئەبێت. هەڵاوسان و گران بوونی شت و مەک تەنگی بە خەڵکی ئەو وڵاتە هەڵچنیووە. شەڕی روسیا و ئۆکراینا، شەڕی غەزە، شەڕی ئەمریکا و ئێران و .. ئەوەندەی دیکە کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری تورکیا هەبووە و ئەو قەیرانە ئابوورییەی قوڵتر کردووەتەوە. بۆیە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بودجەیەکی زۆر بۆ شەڕ لەگەڵ "پ ک ک" تەرخان بکات و پێویستی بە هێورکردنەوەی دۆخی ناوخۆ هەیە. لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی تورک کێشەیەکی قوڵی لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیونی ناوخۆیی تورک هەیەو هەوڵئەدات بە هەڵبەستنی تۆمەتی بێ بنەما رێبەرانی ئەم ئۆپۆزیسیونە لە چالاکی سیاسی دوور بخاتەوە و بەمجۆرە درێژەدان بەدەسەڵات لە لایەن خۆیەوە مسۆگەر بکات.
جا لەوەها دۆخێکدا چی لەوە باشترە بتوانرێت چەکەکان بێدەنگ بکرێن و هاوکات کوردی باکور بەگشتی لە دژایەتی دەسەڵاتی تورک دووربکرێنەوەو سەرقاڵی پڕۆژەیەکی خەیاڵی بکرێن.
لەگەڵ ئەمەشدا، هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا تێئەپڕێت. ئەمریکاو ئیسراییل لە شەڕ لەگەڵ ئێراندان. دۆخی سوریاش دوای رووخانی ئەسەد و دانانی ئەحمەد شەرع یا جۆلانی لە جێی ئەسەد، هێشتا ناسەقامگیرە. ئێراق لە نێوان هێژموونی ئەمریکا و ئێران گیری خواردووە. ئەمریکاش سوورە لەسەر ئەوەی کە هەموو لایەنگرانی ئێران لە ئێراق لەچەک داماڵێت و ئەمەش ئەتوانێت بیێتە هۆی دەستپێکی شەڕێکی ناوخۆیی لەو وڵاتە. ئیسراییل لەلایەکەوە هاوپەیمانییەکی نوێی لەگەڵ دوژمنانی دەوڵەتی تورک واتە یۆنان و قیبریس دروست کردووە و لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی چوونەتە بەشێک لە سوریا و لوبنان و پێناچێت بەمزوانە ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن.
دۆخی یەمەن ناسەقامگیرە و هەرناوچەیەک لەو وڵاتە بەدەست گروپێکەوەیە.
لەوەها بارودۆخێکدا گەورەترین مەترسی بۆ تورکەکان، تێکچوونی دەسەڵاتی مەلاکان لە ئێران و لێکترازانی قەوارەی جۆگرافیایی ئێستای ئەو وڵاتەیە. بۆیە بۆ دەوڵەتی تورک گرنگە هەرچی زووتر بتوانێت ئاسایشی سنوورەکانی خۆی بە کەمترین خەرج مسۆگەربکات، بۆیە چەک دانانی "پ ک ک" بووەتە بەشێکی گرنگی ئەم پلانەی دەوڵەتی تورک.
"پ ک ک"ەش چ لە بواری سەربازی و چ سیاسی لە بارودۆخێکی ناهەمواردایە. ئەم رێکخراوە چەندین ساڵە چالاکییەکی ئەوتۆی سەربازی لەناوخۆی سنوورەکانی باکوری کوردستان نەبووە. ئەوەی کە هێرشبەر بووە نە گریلاکانی "پ ک ک" بەڵکو سەربازی تورک بوون کە هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی "پ ک ک" لە باشوری کوردستان. دەوڵەتی تورک لەژێر ناوی شەڕ دژی "پ ک ک" بە قوڵایی چەندین کیلۆمیتر هاتووەتە باشوری کوردستان و ناوچەیەکی بەرفراوانی سنووری لە باشور داگیرکردووە. لە هەمان کاتدا، چ لە رێگای دەوڵەتی ئێراق و چ لە رێگەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشورەوە توانیویەتی کێشەی زۆر بۆ "پ ک ک" دروست بکات و چالاکی و جوڵەکانی لە باشور بەرتەسک بکاتەوە. تیرۆرو رەشەکوژی، چالاکی سیخوڕی و هێرشی درێونی بۆ سەر ئەندامانی "پ ک ک" یا پێگە سەربازییەکانی ئەو رێکخراوە، بەشێکی دیکە بوون لە چالاکییەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە "پ ک ک" لە باشور. بۆیە لەو بڕوایەدام کە رێبەری "پ ک ک" گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە درێژەدان بەمجۆرە لە کارو خەباتی چەکداری ناتوانێت لەمە زیاتر درێژەی پێبدرێت بۆیە هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ناوە.
رێڕەوی فیکری ئەم رێکخراوە لە سەرتای دروست بوونی لە مانگی یازدەی ١٩٧٨، تێکەڵێک بوو لە مارکسیزم و ناسیونالیزمی کوردی و بە خواستی "دامەزراندنی "دەوڵەتێکی سوشیالیستی سەربەخۆی کوردستان". بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم رێکخراوە لە بیرو هزری مارکسیستی دوور کەوتەوە. بەدوای رووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩ و دواتر هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت لە دەیەکانی ١٩٩٠، ئەم رێکخراوە، بەتەواوی مارکسیزمی وەلانا و "کۆنفیدرالیزمی دێمۆکراتیک" بە ئیلهام لە "کۆموونالیزم"ی بیرۆمەندی سەردەمی ئەمریکی "مۆری بووکچین" جێگای مارکسیزمی لای "پ ک ک"ە گرتەوە. لە گەڵ خواستی "کۆنفیدراڵیزمی دێمۆکراتیک"، "پ ک ک" لە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی پاشگەز بووەوەو "بەڕێوەبەرییەکی خۆسەر" بۆ کوردەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا جێگای "دەولەتی سەربەخۆی کورد"ی گرتەوە. لەگەڵ وەلابردنی خواستی "کیانی سەربەخۆ بۆ کوردەکانی باکوری کوردستان" لە ئامانجەکانی "پ ک ک" و ئەم "پارادیگمە" نوێیەدا، هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی تورک چڕکردەوە. دووجار ئەم رێکخراوە لە ساڵەکانی ١٩٩٣ و ١٩٩٥ ئاگربەستی یەکلایەنەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک راگەیاند بەڵام دەوڵەتی تورک وڵامی هیچکام لەو ئاگربەستانەی نەدایەوە.
دواتر چەندین وتووێژی نهێنی نێوان "پ ک ک" و دەوڵەتی تورک لە دەرەوەی تورکیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ بەڕێوە چوو بەڵام ئەو وتووێژانەش هیچ ئەنجامێکیان نەبوو. دواجار ئاگربەست لە نێوان "پ ک ک" و دەوڵەتی تورک لە مانگی مارسی ٢٠١٣ راگەیەندرا بەڵام تەنیا سێ مانگ درێژەی کێشاو جارێکی دیکە شەڕ دەستی پێکردەوە. هەر لەم پێناوەشدا "پ ک ک" چەندین جار ناوی رێکخراوەکەی گۆڕی لەوانە ساڵی ٢٠٠٢ ناوەکەی کرا بە "کادەک" وپاشان لە ساڵی ٢٠٠٣ گۆڕدرا بۆ "کۆنگرەی گەل" و کاتێک هیچ ئەنجامێکی نەبوو لە ساڵی ٢٠٠٥، جارێکی دیکە ناوەکەی کرایەوە بە "پ ک ک". ئەم کورتە مێژووە ئەوەمان پێئەڵێت کە:
١. گۆڕینی هەڵوێست و داڕشتنەوەی سیاسەت لە هەر رێکخراوێکی سیاسیدا، شتێکی ئاساییە بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەو ئاڵوگۆڕە فیکرییە بەپەلانەی "پ ک ک" و ناڕوونییەکانیەتی کە ئاماژەیەکە بۆ هەبوونی قەیرانی فیکری و سیاسی لەو رێکخراوە.
٢. وتووێژ، ئاگربەست و گۆڕینی ناو لەلای "پ ک ک" شتێکی نوێ نەبووەو نییە. بەڵام ئەوەی ئەمجارەیان لەگەڵ جارەکانی پێشووتر جیائەکاتەوە، ئەوەیە کە "پ ک ک" کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی بەست و رایگەیاند کە چەک دائەنێت و لەو لاشەوە دەوڵەتی تورک بە دەرکردنی ئەم یاسایە دەرفەت بۆ نزیک بە دەهەزار ئەندامی "پ ک ک" یا چالاکوانی سەربەخۆی کورد لە باکور (کە بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ "پ ک ک" لە بەندیخانەکاندان)، ئەڕەخسێنێت کە جارێکی دیکە بگەڕێننەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان. ئەمە تەنیا ئەو ئەنجامە ئەرێنیەیە کە لەو پڕۆژە یاسایەی دەوڵەتی تورک بەدی ئەکرێت.
بە کورتی، پڕۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر"، پڕۆژەیەکە کە چۆنییەتی دووبارە تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی رێکخراوی "پ ک ک" بەدوای چەکدانانیان، لە کۆمەڵگای تورکی دیاری ئەکات بۆیە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە نییە.
شۆڕشەکانی کورد پێش دامەزراندن و چەکهەڵگرتنی "پ ک ک" لە باکور هەبووە و ئێستاش بە چەکدانانی "پ ک ک" پرسی کورد لەو وڵاتە نە لەناو ئەچێت و نە ئەشسڕێترەوە، بگرە ئەمە لەوانەیە بێتە دەرفەتێک بۆ هاتنە مەیدانی بیری نوێ، هزری جیاواز، رێکخراوی سیاسی نوێ و شێۆەگەڵێکی دیکە لە خەباتی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستان. بەڵام پێشمەرجی سەرەکی بۆ ئەم ئەگەرانە، هەنگاونان بۆ بە دێمۆکراتیزەکردنی هەم کۆمەڵگا و هەم دەسەڵاتی تورکیایە، پێشمەرجێک کە لە ئێستادا و بەم خێراییە، ئەگەرێکی زۆر زۆر لاوازە. لە بەرانبەردا ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە بەدوای ماوەیەک لە کردنەوەی سیاسی و کەشوهەواییەکی نیمچە ئازاد لە باکور، جارێکی دیکە سەرکوت و کوشتوبڕەکانی دەوڵەتی تورک دژبە کوردەکان روو لە هەڵکشان بکات.