ئێران ١٩ی ئەم مانگەی بۆ چەککردن و داخستنی ئۆردۆگاکانی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە باشوری کوردستان، بۆ هەرێم و ئێراق دەستنیشان کردووە بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئێراق پەیتا پەیتا سەردانی مەلاکان لە تاران ئەکەن.
هەمووان ئەزانن کە ئەم رێکخراوانە هەتا ئێستا ئەەو مەترسییە جیدییان بۆ سەر ئێران و دەسەڵاتی مەلاکان دروست نەکردووە بەڵکو زۆرتر سەرقاڵی دابینکردنی بژێو و نیشتەجێ بوونی خۆیان بوون و هەن. بۆیە دیاری کردنی ئەم کاتەو هەڵپێچان لەم رێکخراوانە بەهەڵکەوت نییە بەڵکو ئێران بەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم هەڕەشانەی دەستپێکردووەتەوە:
١. ١٦ی ئەم مانگە ساڵۆگەڕی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادییە" بۆیە ئێران ئەیهەوێت سەرنجەکان لەسەر شۆڕشی شەقام بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و وا بەخەڵک و دەرەوەی وڵات نیشان بدات کە ئێران وڵاتێکی سەقامگیرەو کێشەی ناوخۆیی نییە بەڵکو چەن چەکدارێک لە دەرەوەی سنوورەکان جاروبار پشێووی بۆ ئەنێنەوە.
٢. هەروا بەم هەڕەشانە هەوڵئەدات وەری شۆڕشگێڕانەی خەڵکی سەرشەقام لە رۆژهەڵات دابەزێنێ و لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی نوێ و راپەڕینی جەماوەریەکی دیکە کەم بکاتەوە.
٣. لە هەمان کاتدا، بوونی ئەم رێکخراوانە لە باشوری کوردستان وەک کارتێکی گوشاری دیکە بۆ ملکەچی و گوێڕایەڵی زیاتری دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ تاران بەکار ئەهێنێت.
٤. ئەمریکا و ئیدارەی بایدن خەریکی رێککەوتنن لەگەڵ مەلاکان و چاوی خۆی لەئاست هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکە نووقاندوە. ئێرانیش ئەمە بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ خۆی ئەزانێت کە پێگەی خۆی ئەوەندەی تر لە ئێراق و هەرێم و ناوچەکە زیاتر بکات.
٥. بارودۆخی هەرێم و ئێراقیش ئەوەندەی دیکە دەرفەت بە ئێران ئەدات کە بتوانێت هەڕەشە بکات و تەنانەت هەرکات پێی خۆش بێت هێرشی موشەکی و دروێن بکاتە سەر ناوچە جیاکانی هەرێم. لەلایەک دەوڵەتی ئێراق لە دنیای راستەقینەدا درێژکراوەی دەستی مەلاکانی تارانە و ئەوەی ئەوان بیانهەوێت لە ئێراق ئەیکەن. لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی کوردی لە باشور، بەسەر دوو بەرەی داگیرکەری ئێرانی و تورکی دابەش بووە و توانای خاوەندارییەتی لەو جۆگرافیایەی کە لێی ئەژین نیە و ئەوەندەش بە کێبڕکێی خۆیانەوە خەریکن بیر لە پرسە سەرەکی و کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ناکەنەوە.
هەرچەندە من لەگەڵ سیاسەتی ئۆردوگانشینی و خێوەت هەڵدان، چاوەڕوانی و ژێرچەپۆکەیی و دەسەنەخۆری رێکخراوە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشور نەبووم و نیم بەڵام لەهەمان کاتدا بە توندی دژی هەڕەشە و کێشە دروست کردن بۆ بوونی ئەم رێکخراوانە لە باشور، لەلایەن ئێران و پیاوەکانی لە ئێراق و باشور هەم.
ئەم رێکخراوانە لە باشور میوان نەبوون و نین تا کابرای ئێراقی و پیاوەکانی ئێران لە باشور هەرکات بیانهەوێت لەوێ دەریان بکەن. خەڵکی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان یەک کێشەیان هەیە و ئەویش نەبوونی دەسەڵات و سەرەوەی بەسەر چارەنووس خۆیانە لەو ناوچەیە. بۆیە شۆڕشگێڕێکی راستەقینە لە کوردستان هیچکات خۆی بە باشورو باکورو رۆژئاواو رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەبەستووەتەوە و داکۆکی کاربووە لە مافەکانی ئەم گەلە لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
ئازارو ئێشی عەفرین و کۆبانی و قامیشلو ئازارو ئێشی سنەو سەقز و کرماشان و سابلاخ و سلێمانی و هەولێر و دیاربکر بووە و هەیە. مێژووی خەباتی گەلی کوردیش نیشانی داوە کە هاوخەباتی گەلێکی چەوساوە هیچکات نەبەستراوەتەوە بەو سنوورە دەستکردانەی کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئەم نەتەوە بێ دەوڵەتەیان دروست کردووە.
هەروەها ئەو مرۆڤانە کە لەو ئۆردوگانە نیشتەجێن کەسانێکن کە دەیان ساڵە لە ژیان ئاسایی خۆیان دەستیان هەڵگرتووە و بە چاک و خراپ، هەموو ژیانیان تەرخان کردووە بۆ دژایەتی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەر بۆیە ئەبێت هەموو تاکێکی کورد لە باشوری کوردستان، پاراستن گیان و کەرامەتی ئینسانی تاک بە تاکی ئەوانەی لەوێ ئەژین بە ئەرکی خۆی بزانێت و هەرجۆرە هەڕەشەیەک لە هەر لایەنێکەوە بۆ سەر ئەوان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی لێکبداتەوە.
بەداخەوە ئەم هەڵوێستە لە باشوری کوردستان هەتا ئێستا لە ئاست پێویستدا نەبووە و نییە. ئەبوا هەر ئێستا شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر لە خەڵکی دژ بەم هەڕەشانەی ئێران، جمەی بهاتبا نەک بەس چەند هونەرمەند و روناکبیر نووسراوەیەک بدەنە دەرەوە و پێان وابێت هەموو ئەرەکی خۆیان بەجێ هێناوە.
من نیگەرانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان نیم بەڵکو بیرم لەلای ئەو مرۆڤانەیە کە لەوێ نیشتەجێن. چونکو نەمانی چەند خێمەو ئۆردوگا چارەسەری شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان دیاری ناکات و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی رابوردوو ئەم راستییەی بە هەمووان سەلماند. کێشەی کۆماری تیرور و سێدارەی ئیسلامی ئێرانیش بە کۆکردنەوەی چەند خێمەیەک لە باشور چارەسەر ناکرێت. ئەوەتە ئەم رژێمە زیاتر لە چل ساڵە خەڵک ئەکوژێت، لە سێدارە ئەدات، ماڵ وێران ئەکات، لاقەی کچان و ژنان لە بەندیخانەکان پێش لە سێدارەیان ئەکات. بەرهەمەکەی بوو بە چی؟ ئەو هەمووە ریسەی کە چل و چوارساڵە ئەم نگریسانە ئەیڕێسن لە ماوەی چەند رۆژدا لە رۆژهەڵات کرایەوە بە خوری.
بۆیە شۆڕشی سەرشەقام لە رۆژهەڵاتی کوردستان ملکەچی ئەم جۆرە هەڕەشانە نەبووە و نابێت و چارەنووسی خۆشی نەبەستووەتەوە بە خێمە و دارو پەوروی چەن خێوەتگە لە باشور. هەنگاوی کرداری ئەم شۆڕشە ئەتوانین لە ماوەیەکی نزیکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ببینین و ئەوسا سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ ئەوانە ئەمێنێتەوە کە خاوەنی هەڵوێستێکی لانی کەم مرۆڤدۆستانە لە ئاست خەڵکەکەی خۆیان نەبوون.