لە ئۆیکۆسەوە بۆ پۆلیس: کاتێک لامەرکەزی دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-11-18   

فەیلەسوفی ئیتاڵی جۆرجیۆ ئاگامبین لەسەر بنەمای فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیدا، وێنەیەکی دیاری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان و بەستنەوەی بە پەیوەندییە سیاسییەکانمان بۆ دەکێشێت. ئەو سنوورێکی دیار و ڕوون لە نێوان کایەی ماڵ و مانەوەیەکی سادەی بایۆلۆژیانە (Oikos) دیاری دەکات و جیای دەکاتەوە لە کایەی شار، هاوڵاتیبوون و ژیانی باڵای سیاسی و کۆمەڵگە (Polis). بەپێی ئەم دید و ڕوانگە فەلسەفییە، ئامانجی کۆتایی مرۆڤەکان لەڕووی سیاسەت و دەوڵەتدارییەوە، بە تەنها دابینکردنی نان و مانەوەی فیزیکی نییە، بەمانای ژیانێکی سادە و بخۆ و برۆ، وەک ئەمرۆی دونیای سێیەم، بەڵکو ڕەخساندنی ژیانێکی شایستە و بەکەڕامەتە، کە تیایدا مرۆڤەکان لە دۆخێکی ناهەمواری بژێوی ئاساییدا بەرز دەبنەوە بۆ بەشداربوون لە پرسە چارەنووسازەکان و بەرەوپێش بردنی شار و نیشتمانەکەیان.

ئەگەر لەو چوارچێوە هزرییەی سەرەوە، تەماشای ئەزموونی سی ساڵەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بکەین، ڕووبەڕووی دەیان هەڵپەزین و دابەزین دەبینەوە، بۆ ئەم هەڵپەزین و دابەزینەش زۆر هۆکار هەن، لێرەدا باس لە یەک هۆکار دەکەین، ئەویش قەتیسکردنی بڕیار، بودجە و دەستەڵاتە لە ناوەندێکی تەسک و مەرکەزییەتێکی وشکدا. ئەوەش وایکردووە پارێزگاکان و دەڤەرەکانی هەرێمی لە ئاستێکی خراپدا هێشتوونەتەوە، کە دەتوانین لەیەکچوونێکی دیاری بۆ بکەین لەگەڵ مانەوەی سادەی بایۆلۆژیی (ئۆیکۆس) و ژیانێکی کولەمەرگی بخۆ و برۆ. بەو مانایەی دۆخێک کە خەڵک و دامەزراوە خۆجێییەکان تەنها سەرقاڵی خەمی بژێوی، چاوەڕوانی موچە و ڕاییکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی مانەوەن، بەبێ ئەوەی دەستەڵاتی بڕیاردان و نەخشەڕێژییان هەبێت بۆ پەرەپێدانی شارەکانیان. لێرەشەوە، گواستنەوەی سیستمی حوکمرانی بۆ سیستمێکی ئیداری لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی، بەتەنها پێویستییەکی تەکنیکی یان کاردانەوەی سیاسیی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ جەوهەری کایەی شار و هاوڵاتیبوون و ژیانی باڵای سیاسی و کۆمەڵگە (پۆلیس)، ئەمەش وەکو پرۆسەیەک کە دەستەڵات شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە، بۆ ئەوەی شار و پارێزگاکان لە چاوەڕوانی ناوەنددا ڕزگاریان بێت و هاوڵاتی بۆخۆی ببێتەبکەرێکی ڕاستەقینەی ژیان و ڤیانی شار و دەڤەرەکەی خۆی.

لێرەدا هەڕەشەکردنی دوو ئیدارەیی و دوولەتکردنی هەرێم، تێگەیشتنێکی سەقەت و ناسییاسییانەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەتایبەتیش لە دۆخی کورددا کە زیاتر لە سەد ساڵە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێت و لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕینی دیمۆگرافیا و وابەستەبوونی مرۆڤی کورددا بووە تا ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت. هەرێمی کوردستان، ئەزموونێکی نیشتمانیی نەتەوەییە، باس لە لەتکردن و دابەشکردنی تاونێکی گەورەیە بەرامبەر چارەنووسی ئەو نەتەوەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش چۆن ناوەندگەرایی، دەستەڵاتدار دەکاتە سەردارێکی ڕەها (Despotes) بەسەر چارەنووسی هاوڵاتییان و پارێزگاکانەوە، جیاوازی بەڕێوەبردنی ماڵ و دەوڵەت دەسڕێتەوە، ئاواش، دابەشکردن و دوو ئیدارەیی، هەمان ئەزموونی مەرکەزی، بەڵام ئەوجارە بە بچووککراوەیی و لەتکراوی، بە لاوازی و سەرکزی، دووبارە دەکاتەوە. لێرەدا جیاوازیی نێوان لامەرزکەزییەت و دوو ئیدارەیی خۆی لە شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتی کارگێڕی و دارایی یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمێکی بەهێزتری کوردستاندا دەبینێتەوە، لە نموونەی هەرێمی فیدرڵی باڤاریای ئەڵمانیا و کەتەلۆنیا لە ئەسپانیا. بەو جۆرە مەرجەکانی سەرکەوتنی شار و حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە لامەرکەزی بەبێ شەفافییەتی دارایی و سەروەریی یاسا تەنها دەبێتە گواستنەوەی قەیرانەکان لە ناوەندەوە بۆ ناوچەکان.

لامەرکەزییەت بریتییە لە پڕۆسەی گواستنەوەی دەستەڵات، بڕیاردان و سەرچاوە داراییەکان لە ناوەندی حکومەت و لە پێتەختەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی بەڕێوەبردن، بە ئامانجی لەیەکدی نزیککردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتییان خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکان و بەشداریکردنی خەڵکی ناوچە جیاوازەکان لە بڕیاردان لەسەر کاروباری خۆیان.

هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە، دەتوانێت ببێتە هەرێمێکی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو لەسەر بنەمای لامەرکەزییەت، بەڵام نەک دوو زۆن، کە واقیعێکی سیاسیی سەقەت و مێژوویی دروست کردووە، بەڵکو لەسەر بنەمای لامەرکەزییەتی پارێزگاکان، لەچوارچێوەی قەوارەیەکی فیدڕاڵی وەک هەرێمی کوردستان و لەناوخۆیدا سیستمێکی لامەرکەزی پێڕەو بکات. ئەوەش بنەمایەکی یاسایی هەیە، وەک لە یاسای ژمارە (3)ی 2009ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بەڕوونی باس لە پێدانی دەستەڵاتی کارگێڕی و دارایی بە ئەنجومەن و پارێزگاکان دەکات، بەڵام لە جێبەجێکردندا تا ئێستا دەستەڵاتەکان لە ناو خودی وەزارەتەکان قەتیس ماون. لەو بارەیەشەوە ئەزموونێکی زۆر خراپ هەیە، لەوەی کە کەسێک لە زانکۆی زاخۆ، گەرمییان یان لە زانکۆی هەڵەبجەوە بۆ یەک واژۆ دەبێت بێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێری پێتەخت، دەیان جاریش ئەوە دووبارە بۆتەوە کە ئەو داواکارانە هاتوونەتە هەولێر، وەزیر ئامادە نەبووە یان کارەکەیان تەواو نەبووە و بە ناچاری و بە دڵێکی شکاو و توڕەوە گەڕاونەتەوە دەڤەری خۆیان و ڕاییبوونی کارەکانییان دواکەوتووە.

چونکە هەرێم لەسەر بنەمای سیستمی فیدڕاڵی دامەزراوە مانای وانییە نەتوانێت لامەرکەزی بێت. فیدراڵی بەمانای دابەشکردنی دەستەڵاتی سیاسی و یاسادانان لە نێوان بەغدا و هەولێر. بەلام لامەرکەزی، بەمانای دابەشکردنی دەستەڵاتی کارگێڕی و خزمەتگوزاری لەنێوان حکومەتی هەرێم و پارێزگاکاندا. لامەرکەزی بەهیچ جۆرێک یەکپارچەیی هەرێم نەک هەر تێکنادات بەڵکو بەهێزتری دەکات، هەموو ئەو بانگەشە فریودەرانە ڕادەگرێت بۆ دوو ئیدارەیی و دابەشبوون، هەروەها فشار لەسەر پێتەخت کەم دەکاتەوە و ناوچەکان گەشە دەکەن و هاوسەنگییەکی ماقوڵی کارگێڕی دروست دەکات و دڵەڕاوکێی هاوڵاتییان و ڕێگەدوورەکان ناهێڵێت.

باشرین نموونەی وەها ئیدارەیەک، هەرێمی فیدڕاڵی باڤاریایە لە ئەڵمانیا، کە دەستەڵاتێکی زۆری ناوخۆیی هەیە و بۆ حەفت ناوچەیی کارگێڕی و شارەوانی دابەشکراوە بۆ بەڕێوەبردنی خوێندگاکان، نەخۆشخانەکان، باجی ناوخۆیی و پلانداڕشتنی شارەکان. لە کەتەلۆنیاش بەهەمان شێوە، وێڕای ئەوەی کە حکومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە، لەناو خۆشیدا دەستەڵاتەکان خزمەتگوزاری و داراییەکان دابەشکراون بەسەر چوار پارێزگا و زیاتر لە 900 شارەوانیدا. لە سویسراش کە سیستمێکی فیدراڵی و زۆر لامەرکەزییە، لەسەر بنەمای کانتۆنەکان دامەزراوە، هەر کانتۆنێک هەرێمێکە، دەستوور و حکومەتی خۆیان هەیە. لە ناو هەر کانتۆنێکیشدا شارەوانییەکان ڕاستەوخۆ دەستەڵاتییان بەسەر باج، پەروەردە و ژێرخانی ناوچەکەیاندا هەیە.

مەرجی سەرکەوتنی لامەرکەزیبوون لە هەرێمی کوردستاندا؛ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە فەلسەفەی حوکمڕانی و گۆڕینی بیرکردنەوەی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی. ئەمەش لە چەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە:

یەکەم: کوردستان موڵکی خەڵکی کوردستانە، هەر جۆرە سازشکردنێک لەسەر هەر بستێکی خاکی کوردستان و پارچەپارچەکردنی، دەکەوێتە خانەی ناپاکی لە خاک و نەتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات ببێت بە خاوەنی دەستوورێکی مۆدێرنی پێشکەوتوو و خەڵکی کوردستان دەنگی لەسەر بدات.

دووەم: حیزبایەتی ئامرازە، نەک ئامانج. هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک بۆ خاوەندارێتییەکی تاهەتایەی کوردستان، نەک هەر خۆکوشتنە، بەڵکو کوشتن و لەناوبردنی نەتەوەشە. مانەوەی هەر حیزب و گروپ و خێڵ و خێزانێک وابەستەیە بە مانەوەی نەتەوە. نەتەوە نەمێنێت ئەوانیش نامێنن. بۆیە پێویستە فەلسەفەی حوکمداریی تاهەتایی بگۆڕدرێت بۆ هۆشیارییەکی نەتەوەیی و سیستمێکی مۆدێرنی چاوساخ.

سێیەم: هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە سیستمێکی مەرکەزی توندەوە بەڕێوە دەچێت، دەبێت ببێتە سیستمێکی لامەرکەزی و فرە دامەزراوەیی و دەستەڵاتەکان شۆڕببنەوە بۆ پارێزگاکان. ئەمەش وادەکات فشار لەسەر پێتەخت و حکومەت کەم ببێتەوە و ڕۆڵی حکومەت هێندەی پلاندانان و ستراتیژییەتی ئاساییش و سەقامگیری هەرێم دەبێت، هێندە ئیداریی نابێت.

چوارەم: دروستبوونی نەتەوە پرۆسەیەکی سیاسییە و لەخۆیەوە دروست نابێت. رۆحی پێکەوەبوون و هاوکاری بەهێزە، بەڵام سیستماتیک نییە و هێشتا نەبووە بە هۆشیارییەکی دەستەجەمعی. لێرەوە لەڕێی سیستمێکی مۆدێرنی کارگێڕی و سیاسییەوە دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی ئەو پێکەوەبوونە بکرێت. ئەم پێکەوەبوونە لەڕێی مەرکەزییەتێکی ئیدارییەوە نابێت، بەڵکو لەڕێی ناسەنتەربوونی دامەزراوەکانەوە دەبێت. ڕێگا و بانی پێشکەوتوو و شەمەندەفەر، بە نیشتمانیکردنی زانکۆکان و وەرگرتنی قوتابیی و خوێندکاران لە زانکۆکانی دەرەوەی شارەکانی خۆیان و هەڵگرتنی خاڵە ناشیرینەکانی دێگەڵە و نێوان شارەکان بۆ بەهێزکردنی سنوورەکان لەڕووی ئاساییشەوە و تاد.

پێنجەم: لەسەرووی هەموو ئەو خاڵانەش، دەستەهەڵگرتنی حیزبە لە دامەزراوەکان و قۆرخکردنییان بۆ حکومەتێکی نیشتمانی، بەتایبەتیش دامەزراوەی ئەمنی و پێشمەرگە لەگەڵ داهاتی نیشتمانی. دەبێت دامەزراوەکان بەهەموو جۆرێک لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبەکان دەربچن و ببن بە دمەزراوەی مۆدێرن. دامەزراندن لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی بێت نەک حیزبایەتی و خزمایەتی.

ئەمانەی سەرەوە، بنەماکانی دەستەڵاتێکی مۆدێرن و کارگێڕییەکی پێشکەوتوون. ئەگەر دەتانەوێت هەرێمی کوردستان پێشکەوێت و کورد لەدۆخی سادەی بایۆلۆژیی و تەنها بژی و بخۆ و بڕۆدا نەمێنێت و دەربچێت بۆ مرۆڤێکی کارامە و داهێنەر و پێشکەوتوو، دەبێت بیر لە شێوازێکی حوکمڕانی تازە و مۆدێرن بکرێتەوە. ئەگەر نا، هەردوو حیزبی سەرەکی دەبێت گۆڕ بۆنەتەوەکەیان لێ بدەن و ئەوانیش زوو یان درەنگ دەبن بە ڕەنجبەخەساری بێ نەتەوەی ناو زیندانەکانی داگیرکەر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×