کاکڵی کێشەکانی هەرێمی کوردستان!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2023-04-10     748

بۆ ئەوەی پرسە سەرەکیەکە لەبیر نەکەین، پێویستە خۆمان بە پرسە لاوەکیەکانەوە سەرقاڵ نەکەین. هەرێمی کوردستان لە مێژووی دامەزراندنیدا تا ئەمڕۆ، بەدەست نەبوونی نیشتمانسازی، گەڕەلاوژێی ئیداری و نەبوونی حەڕام و حەڵاڵی نیشتمانییەوە دەناڵێنێت. یەکەم گوللـە کە سینگی نیشتمانی پێکا، یەکەم گوللـەی شەڕی ناوخۆ بوو، دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی فیفتی فیفتی هەرێمی وردستان. یەکەم گوللـەش، سەلماندنی ئەو گریمانەیە بوو، کە نیشتمان بە ئەقڵی شاخ و کەلاشینکۆف بەڕێوە ناچێت.

کێشەی بنەڕەتی و بەردەوامی ئیدارەدانی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکان، کە چەند جاری دیکەش لە نوسینەکانمدا ئاماژەم پێکردووە، (نەبوونی حکومەتێکی نیشتمانییە کە مۆنۆپۆلی هێزە سەربازییەکانی هەرێم و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم بکات). ئەمە کاکڵی کێشە سەرەکییەکەی هەرێمە و تا ئەو کێشەیەش چارەسەر نەبێت، کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی و هەر هێزێکی دیکەش بەو تاس و حەمامە دەستەڵات بگرێتەدەست چارەسەر نابێت و بەدەست ئەقڵی میلیشیاییەوە دەناڵێنین.

لە حاڵەتی بوونی دامەزراوە و حکومەتێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای مۆدێرن، حیزب دەبێت لەبەردەم دەرگای حکومەتدا مۆڵەتی بارەگاکانی وەربگرێت. دەبێت لەبەردەم دەرگای وەزارەتدا شەرعییەتی ڕێکخراوەیی و خۆڕێکسختن وەربگرێت. ئەوەی پەیوەندییە دەرەکیەکان ڕێك دەخات، وەزارەتێکە پێی دەگوترێت (وەزارەتی دەرەوە، یا لە حاڵەتی هەرێمدا نوسینگەیەک بەناو پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران)، لە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە لەسەر بنەمای قانونە نێودەوڵەتییەکانەوە، پەیوەندییەکان ڕێک دەخات، نەک هەر حیزبە و وابەستەی هێزێکی دەرەکی بێت و بەرژوەندی نیشتمانی لە ڕوانگەی خۆیەوە تەماشا بکات.

ئێستا لە هەرێم، حکومەت هی حیزبە، حیزب خاوەنی نەک هەر حکومەت و پەرلەمانە، بەڵکو خاوەنی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمە. دوو هێزی حیزبی، هەر یەکێك ئیدارەی زۆنێک دەکات و بگر و بکوژ، کوردپەروەر و کوردفرۆش، باش و خراپ هەر بۆخۆیانن. سەروەریی هاوڵاتیبوون بۆ بڕیاری حیزب دەگەڕێتەوە. هەولێرییەك لە سلێمانی و سلێمانییەک لە هەولێر وەکو دوو بێگانە بەیەکتر لەلایەن هەردوو حیزبی دەستەڵاتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەو مانایەی هەولێریبوون یا سلێمانی بوون، وەکو تۆمەت وایە، بەسە بۆ ئەوەی بکەونە ژێر گومان و سنووردارکردنی ئازادییەکانییان. لە دەرەوەی ئەو دوو هێزەش، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانن، کە بێ روئیا و بێ ستراتیژییەت و بێ دونیابینین. تا ئەمڕۆش ڕۆڵی ئەو هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە، کە موچەیان لەلایەن هەردوو هێزی سەرەکییەوە بۆ دابین دەکرێت، جوانکردن و شەرعییەتدان بووە بەو دوو هێزە سەرەکییە.

ئاخر، ئەوەی دوو ئیدارەیی، فرە سنووری، فرە کوێخایی، دوو هێزی سەربازی جیا و مۆنۆپۆلی سەرچاوەکانی داهات لەژێر هەژموونی حیزبەکان، هەندێك جار بە ماکیاژی وەزارەتەکانەوە، نەبینێت، فێڵ لە نەتەوەکەیان، لە خۆیان و لە چارەنوسی خۆشیان دەکەن. هەر لەو ڕوانەگەیەشەوە، ئەوەی لە هەولێر و لە سلێمانی دەگوزەرێت، لە دەرەوەی قانون، دەستەڵات و شەرعییەتی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو ڕاستییەش هەمووان دەیزانن، بە هەردوو حیزبەکە و هاوپەیمانان و هێزە هەرێمییەکان و حکومەتی بەغداشەوە.

کوردستانی باشوور، دوو دەرفەتی لە پێشدان؛ یا ئەوەتا کەسێک لەناو دەستەڵات، محەمەدی کوڕی سەلمان ئاسا، بوێر و بڕیار بەدەست بێت و هەموو حوتەکان لە هۆڵێك کۆبکاتەوە و دەست بەسەرییان بکات، تا ئەو چرکەساتەی حکومەتێکی نیشتمانی دادەمەزرێنێت، کە خاوەنی هێزی سەربازی ڕاستەقینە بێت و مۆنۆپۆلی داهاتە نیشتمانیەکانیش بکات و لەژێر دەستی هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا دەریان بێنێت. یا ئەوەتا بزووتنەوەیەکی نیشتمانی، خاوەن ستراتیژییەتێکی دیار و هەڵگری بەرنامەیەکی نیشتمانی ڕۆشن بێت و هەنگاو بە هەنگاو متمانە بۆ دامەزراوەکان و بۆ ئۆپۆزسیۆنبوونیش بگەڕێنێتەوە. بزووتنەوەیەک بێت لەناو خۆیدا بە کولتوری دامەزراوە کار بکات و پشوودرێژ و لەخۆبووردوو بێت لەپێناو چارەنوسی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان. تا یەکێك لەو دوو بەدیلە یا هەردوک بەیەکەوە، نەیەنە مەیدان، نە لە قورگی شەڕی ساردی هەردوو حیزبە سەرەکییەکە دەردەچین، نە داهاتوویەکی گەشیش بۆ هەرێمەکەمان دابین دەبێت.

بۆیە، هەڵخەڵەتان بە دروشمەکانی حیزبایەتی و بانگەشەی کوردایەتی بە ڕواڵەت و درۆیینە و خۆ سوور و شینکردنەوەی هەندێك خەڵك بە ڕووداوە کتوپڕەکانی هەرێم و ململانێی هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا و دەستوەردانە دەرەکییەکان، وەکو خۆخواردنەوە وایە، هەمیشە بێ ئەنجام دەمێنێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×