تورکیا وەکو تاوان

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-06-15     632

ئەنجامدانی تاوان، سروشتێکی مرۆییە، بە درێژایی مێژوو، مرۆڤەکان لەهەڵومەرجی تایبەتدا تاوان ئەنجام دەدەن. ئەم سروشتە لادەرە درێژبۆتەوە بۆ دەوڵەتەکانیش بە ڕێژە و شێوازی جیاواز. نەك هەر ئەوەندە بەڵکو هەندێك جار، دەوڵەت شەرعییەتی بەکارهێنانی توندوتیژی هەیە لەسنووری قانوندا، بەجۆرێك ئەگەر ئەمن و ئاسایشی وڵات بکەوێتە ژێر مەترسی. هەروەها لەپێناو جێبەجێکردنی قانون و پارێزگاری کردن لەو بنەما و بەها مرۆییانەی کە دەوڵەتی مۆدێرنی لەسەر دامەزراوە. تورکیا لەکوێی ئەو دەوڵەتە مۆدێرنە دایە، کە پارێزگاری لەبەها و نۆرمە مرۆییە جیهانیەکان بکات، چ جای بەها و نۆڕمە ئایینییەکان؟

بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئەی ئەگەر خودی دەوڵەتەکە، واتە بوونی ئەو دەوڵەتە خۆی تاوان بێت؟ تاوان بەو مانایەی دروستبوونی ئەو دەوڵەتە لەسەر خوێن و چارەنوس و مێژوو و بوونی نەتەوەکانی دیکەدا دامەزرابێت و بەدرێژایی مێژووی ئەو دەوڵەتە دەستی لە کوشتن و ئەنجامدانی تاوان لەدەرەوەی قانون و بەها و نۆڕمە مرۆییەکاندا نەپاراستبێت؟

تاوان بەمانای ئەوەی ئەو دەوڵەتە بەدرێژایی مێژووی دامەزرانی نکوڵی لە بوونی نەتەوەیەکی دیکە دەکات، هیچ پەنا و ئامراز و بێئەخلاقی سەر ئەو زەویە نەماوە لەدژی نەتەوەی کورد بەکاری نەهێنێت، لەکوشتنی هەڕەمەکییەوە درێژدەبێتەوە بۆ سوکایەتیپێکردن و زیندانیکردن، تا دەگاتە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید.

کۆماری تاوانی تورکیا، بەردەوامە لە نکوڵیکردن لە نەتەوەی کورد. ئەم نکوڵیکردنە بەدەیان کێشە و دەردەسەری بۆ ملیۆنەها مرۆڤ دروست کردوون. ڕۆژانە لەچەندین فۆڕمی جیاوازدا، کەڕامەت و بوون و بەها و نۆڕمەکانی مرۆڤی کورد لە تورکیا دەوڕوشێندرێن و بریندار دەکرێن و دەکوژرێن، میدیا و هونەر و فلیمە سینەمایەکانیش نەماون سوکایەتی بەکوردبووندا تێدانەبێت، بۆیە، دووەم گەورە پرسیار ئەوەیە ئایا بوونی پەکەکە هۆکارە یان ئەنجام؟

با تورکیای تاوان ئامادە بێت ئازادی و کەڕامەتی مرۆڤی کورد بەرجەستە بکات و واز لە نکوڵیکردنی کورد بێنێت، بەو مانایەی هۆکارەکانی بوونی گروپێکی چەکدار لەناوخۆی تورکیادا نەهێڵێت. ئەو دەوڵەتە لەدەوڵەتێکی پۆلیسی مەترسیدارەوە بکاتە دەوڵەتێک هەڵگری بەها و نۆڕمە مرۆییەکان بێت و واز لە کوردۆفۆبیا بێنێت. دەرگاکانی زیندانە تاریکەکانی بۆ هەموو ئەو سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنوس و مافپەروەر و مرۆڤە ئاساییانەش بکاتەوە و بخاتە سەرپشت، داخۆ هۆکارێک یان پاساوێک دەمێنێت بۆ ئەوەی لاوانی کورد دووچاری ڕووکردنە چیا و دەشت و دەرەکان بن و بکرێنە ئامانجی دڕۆنە ڕەشەکانی تورک؟

بەدڵنیاییەوە، بەهەموو پێوەرە مرۆیی و قانونییەکانەوە، بوونی پەکەکە ئەنجامی هەموو ئەو زوڵم و نادادی و نکوڵیکردنەیە کە تورکیا بەدرێژایی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دەستی لێهەنەگرتووە. کەسێکی وەکو ئامینە کاکە باوە لە کیشوەرێکی دیکە، کە نە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە نەرۆژێك لە تورکیا ژیاوە، نە لەژیانیدا هەڵگری دۆکومێنتێکی تورکیی بووە، بەڵام تورکیا دەیخاتە سەر لاپەڕەی داواکراوەکانی خۆی، چونکە لەناو دامەزراوەیەکی دەوڵەتی وەکو سوێد دژ بەو چەتەگەرییەی دەوڵەتی تورك قسە دەکات، بۆیە تورکیا دەیەوێت هەموو دەنگێك، هەرچەندە بێکاریگەریش بن، کپ بکات وبیانخنکێنێت. بەدڵناییەوە کوردێك لەو پەری گەردوونەوە هەبێت و باس لەمافە بنەڕەتییە مرۆییەکانی خۆی بکات، بۆتورکیا هەرس ناکرێت و دژی دەوەستێتەوە.

ئەمڕۆ 15ی حوزەیرانی 2022 دڕۆنە ڕەشەکانی دەوڵەتی تورك لە سنونێ منداڵێکی چاوگەش دەکوژن، وەکو پیشەی هەمیشەییان، لەدەرەوەی سنوورە دەستکردەکەی خۆیان، بەپێی چ قانونێکی نێودەوڵەتی؟ بەپێی چ شەریعەت و ئەخلاقێکی مرۆڤایەتی؟ لەناوخۆی سنوورە دەستکردەکانی خۆیدا قنیات بە کوردکوشتن ناکات، پەنا دەباتە بەر دەرەوەی سنوورەکان و کوشتنی منداڵي بێتاوانیش بۆ تورکیا هەر قازانجە، چونکە مناڵە کوردێك کەم دەبێتەوە. چونکە ئەو دەوڵەتە خۆی تاوانە، بوونی، تاوان و شەرمەزارییە بەنێوچەوانی مرۆڤایەتی.

بۆیە، بەدڵنیاییەوە، پەکەکە تەنها پاساوە بۆ کورد کوشتن و هیچی دیکە. پەکەکەش نەمێنێت، پاساوێك بۆ تورکیا هەر دەبێت بەردەوام بێت لە نکوڵیکردن و کورد کوشتن، خۆ بەر لە دروستبوونی پەکەکەش تورکیا تاکە کار و تایبەتمەندی تەنها و ەنها کورد کوشتن بوو، تا پەکەکەی لێبەرهەم هات. چونکە تورکیا وەهای دەبینێت و تاکە دروشمی ئەوەیە کوردی باش، ئەو کوردەیە کە مردووە. بەمانای ئەوەی لەسەر ئەو زەویە کورد و تورك بەیەکەوە جێگایان نابێتەوە، یان دەبێت ببن بە تورك، یان دەبێت بمرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×