لە کۆممێنتی کەسێك بۆ کەسێکی دیکە، نوسیبووی (بڕابکە بەراورد بە هەر نەتەوەیەکی تر، کورد مایەی شەرمەزارییە). ئەوە وێڕای چەندین پۆست و کۆممێنتی جیاوازی دیکە و بە شێوازی دیکە، هەر کورد بۆخۆیان پەلاماری میللەتی خۆیان دەدەن. لێرەدا بەهیچ جۆرێك پاساو بۆ خراپەکاری ناهێنمەوە، بەڵام ناشبێت هێندە بێویژدان بین بەرامبەر نەتەوە و خەڵکی خۆمان.
لەڕاستیدا، جێگای داخە مرۆڤ هێندە نەتەوەی خۆی بەلاوە سوك و چروك بێت و بۆچرکەساتێكیش بیر لەوە نەکاتەوە داخۆ کێشە لەکوێ دایە؟ وێڕای ئەوەی کە هەموو خەڵك وەکو یەك نیە و نابێت گشتگیر بین لە حوکمدان، لەبەر ئەو خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم: لە ساڵي حەفتاکان، هەرچی ڕەهەندی گوندەواری باشووری کوردستان هەیە، بەعسی عێراق هەڵیتەکاند و خەڵکەکەشی وەکو مێگەل لە کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا کۆکردنەوە. ئەوەش وایکرد دابڕانێکی ترسناكی یادەوەری و کولتوری لەناو ئەو خەڵکەدا دروست ببێت و کارگەرییە نێگەتیڤەکانی تا ئەمڕۆکەش بەردەوام بن.
دووەم: حکومەتی عێراق بە ڕێبەرێتی بەعس، هەرچی دژ بە مرۆڤایەتی بووبێت، دژ بە خەڵكی کوردستان کردی و بەهەزارانیشی لێ لەسێدارە دان و ڕێژەیەکی زۆریشی لەژێر ناوی ئەفواج خەفیفە، دانەخۆرە کردن و توشی جۆرێك لە پاسیڤبوونی کردن. باسیڤبوون بەمانای هەرچی رۆحی هاوکاری و چالاکبوون بوو، ژیانی تێدا کوشتن.
سێیەم: کورد بە شەڕێکی خوێناوی سەختی عێراق/ ئێراندا تێپەڕی و بەهەزاران لاوی کوردیش بوون بە سوتەمەنی ئەو شەڕە وێرانکارە، لەهەردوو دیوی سنوورەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، (عێراق/ئێران). بەمانای ئەوەی کۆمەڵگەی دوای جەنگ.
سێیەم: بێجگە لە جینۆسایدی فەیلییەکان کە لە بەغدا و ناوەراستی عێراق بنبڕکران و کوژران و تێهەڵدران، لە تەواوی ساڵانی هەشتاکان، کورد ڕووبەڕووی گەرەترین تاوانی جینۆساید بووەوە. لەوانەش شاڵاوەکانی ئەنفال، بە جینۆسایدی بارزانییەکانشەوە. بەمانای ئەوەی کۆمەڵگەی دوای جنۆساید.
چوارەم: دوای ڕاپەڕین، کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەی دوای جەنگ و جینۆساید بوو، بەڵام پارتی و یەکێتی بە پلە یەك و بەپلە دووش ئیسلامییەکان، بێڕەحمانە، جارێکی دیکە کوردستانییان دووچاری شەڕێکی نەگریسی ناوخۆ کردەوە و بەهەزاران لاوی کورد لەو شەڕانەدا کوژران و ماڵوێران بوون و ژینگەی کوردستان هێندەی دیکە، وێران بوو و ساکۆلۆژیای خەلكی کورد هێندەی دیکە لەو شەڕانەدا داڕما و دەربەدەر بوون.
پێنجەم: هێشتا کورد لە باشوور بەتەواوی ئەو هەموو برینانەی ساڕێژ نەبووبوون، لە 2014 ڕووبەڕووی شەڕی نەگریسی داعش بووەوە و جارێکی دیکە بەشێکی گرینگی کۆمەڵگەی کوردی کە ئێزدییەکان بوون، ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە و بە سەدان لاوی کوردیش لەو شەڕەدا گیانییان بەخت کرد. واتە جارێکی دیکەش کۆمەڵگەی دوای جەنگ و جینۆساید.
شەشەم: دوای ئەو هەموو جەنگ و جینۆساید و ماڵوێرانییانەش، ساڵانێکە هەرێمی کوردستان کراوەتە قوربانی ململانێی حیزبی و ئیدارەدانێکی خراپ، ئەوەی پێی دەگوترێت کۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتمان، لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی و نەتەوەسازی، نە ئامانجی سەرەکی و نە لاوەکی ئەو حیزبانەیە. ململانێیەکی عەبەسی و وێرانکەر.
هێشتاش، هەندێك کەس دەیانەوێت کورد فریشتە بن، سروشتی مرۆڤایەتی خۆیان لەدەست بدەن و ببن بەفریشتە. لەوە بێئاگان کوردیش وەکو هەموو کۆمەڵگەیەك خەڵکی باش و خراپی تێدان، خەڵکێك هەن نەك هەر کورد، بەڵکو مرۆڤەکان بەگشتی شانازییان پێوە دەکەن. خەڵکێکیش هەن یان ئەوەتا لەڕووی سایکۆلۆژییەوە، نەخۆش و بەرهەمی ئەو هەموو دۆخە نالەبارەن کە لەو شەش خاڵەی سەرەوەدا باسم کرد، یان ئەوەتا بۆخۆیان سەرەڕۆ و پەروەردە نەکراون. لەو ڕووەشەوە، پێشینان گوتوویانە: (نەچەم بێ چەقەڵ دەبێت، نە بیشیش بێ شێر).