هەرێمی کوردستان، بۆ هەڕاج کردن؟!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-04-23     714

یەکێك لەو کارەساتانەی کە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان لەدەستی دەناڵێنێت، نەبوونی هیچ حەڕام و حەڵاڵێکی نەتەوەیین لەنێوان حیزبەکان. دەبوایە ئەو حەڕام و حەڵاڵانە هەر هیچ نەبێت هەر زوو لەچوارچێوەی دەستورێکی نیشتمانیدا جێی خۆیان بگرتبایە، بۆ ئەوەی هێڵە سوور و سپیەکانی نیشتمان بۆ هەمووان زانراوبان. هەڵبەت لەو ڕووەوەش، هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار بەرپرسیارن لەو دۆخە و لەو سەرگەردانییەی کە حیزبە کوردییەکان تێی کەوتوون. ئەو دۆخە وایکردووە هەر چی حیزبە بۆخۆی لەئاشێك گەنمەکەی لێبکات و هیچ سنوورێك نەمابێت بۆ بەزاندن و هەڕاجکردنی هەرێمی کوردستان.  لەپاڵ ئەوەش بوونی کەموکوڕی زۆر لە نەتەوەسازی و کولتورسازی و زمانسازی، وێڕای نەبوونی هێزێکی نیشتمانی بەبیروباوەڕێکی پتەو بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و سەروەری هەرێمی کوردستان.

یەکەم: دەبێت هەموو لایەنێك لەوە تێبگەن، هەرێمی کوردستان، کە بەشێکە لە باشووری کوردستان، موڵكی خەڵكی کوردستانە. موڵکی هیچ پارت و حیزبێك نیە، یاری بە چارەنوس و داهات و سەروەرییەکەی بکات، یا هەوڵی دابەشبوونی بدات. بەهەمان شێوەش سامان و داهاتی ئەو هەرێمە موڵكی خەڵكی کوردستانە و بۆکەس نیە لەبازاڕی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیدا هەڕاجی بکات.

دووەم: لەو پێناوەدا، واتە لەپێناو گەیشتن بەو سەربەخۆییەی کە لەهەرێمی کوردستان بەدەست هاتووە، خەڵكی کوردستان بە هەزاران قوربانی داوە، ڕووبەڕووی جینۆساید و پاکتاوکردن و وێرانکردنی خاكی کوردستان بۆتەوە. دوای زیاتر لە 70 ساڵ، خەڵك ڕاپەڕینی کرد بەو هیوایەی لەدەست بەعسیزم و تۆتالیتاریزم و مەترسی لەناوچوون ڕزگاری بێت.

سێیەم: وەکو ئەنجامێك و دەرهاوێشتەیەکیش بۆ هەموو ئەو قوربانییانە، حکومەتێك و پەرلەمان و چەندین دامەزراوەی هەمەجۆر لەکوردستان بە باشی یان بە خراپی بێت، دامەزراون. ڕەهەندێکی دەستورییان وەرگرتووە. جۆرێك لە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەهەرێم هەیە. بۆمن گرنگ نیە چ هاوڵاتییەکی هەرێم سەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی ئەو دامەزراوانە دەکات، بەڵام چۆنییەتی ئیدارە و پارێزگاری لێکردنییان و پاراستنی شکۆمەندی و سەروەری هەرێم و هاوڵاتییانی ئەو هەرێمە بەرپرسیارێتی هەموو ئەو حیزب و لایەنانەیە کە جڵەوی حوکمڕانییان لەدەستە، بەوانەشەوە کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن. بەلاڕێدابردن و هەرجۆرە کەمترخەمییەك شایەنی لێپرسینەوە و ڕەخنە لێگرتنن. شایەنی ئەوەشن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەنگییان پێنەدرێت و دەرفەت بە خەلكی دی بدرێت.

چوارەم: هەموو ئەو حیزب و گروپ و دەستەبژێری ڕۆشنبیر و سیاسی لە هەرێم، هەر ناکۆکییەکیان هەبێت لەگەڵ یەکدی، مافی خۆیانە ڕەخنە لەیەکتر بگرن، جوێنیش بەیەکتر بدەن (کە ڕقم لەجوێندانە)، یەکتریش هێلکەباران و بەردباران بکەن. لەپەرلەمانی کوردستانیش هات و هاوار بکەن، پۆخڵەواتەکان و گەندەڵییەکانی یەکتر ئاشکرا بکەن. ئەوانەی لە دەستەڵاتن هەوڵی مانەوە دەدەن لە دەستەڵات،  بەڕێگا شەرعی و قانونییەکان، ئەوانەش کە لە دەستەڵات نین، بەڕێگا شەرعی و قانونیەکان خۆیان ڕێکبخەن و هەوڵی گەیشتن بەدەستەڵات بدەن و دەستەبژێری دەستەڵات بێننە خوارەوە. ئەمانە هەموو ڕێیان تێدەچێت و دەتوانین لێی تێبگەین، بەشێکن لە گەمەی سیاسی و ململانێی سیاسی لەهەموو دونیا.

پێنجەم: بەڵام هەڕاجکردنی هەرێم و دامەزراوەکانی، حەڕامێکی نەتەوەییە و زوو یا درەنگ دادگایەکی عادیلانە چاوەڕوانییان دەبێت. ئەوەی کە ڕووڕەشییە، هەر هێزێك، یا هەر نوێنەرێك و هەر کەسێك بچێتە بەردەم یەکێك لە ناحەزانی خەڵكی کوردستان، لە تورکیا بێت یا لە ئێران یا لە عێراق و لەبەردەم نەکیرەیەکی وەکو هادی عامری یا هەر یەکێکی دیکەی دژومنی خاك و خەڵكی کوردستان، لەدژی یەکدی خۆیان هەرزان فرۆش بکەن، بێ ئەوەی نوێنەری حکومەت و دامەزراوە ڕەسمییەکانی هەرێم بن، باس لە سەروەری و کەمکردنەوەی دەستەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، یا خۆهەراج بکەن لەبەردەم یەکێك لەو وڵاتانە لەپێناو بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان. ناپاکی کردنە لە خەڵك و خاکی کوردستان.

شەشەم: ئەگەر هەر هێز و لایەنێك پێی وایە " داهاتی نەوت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان نییە"، پێشی وایە "ئەمە جێی قبوڵ نییە"، کە ڕاگەیاندنی وەفدی حیزبێکی خۆ بە ئۆپۆزسیۆنزانی هەرێمە، تا ئێرە، هەموومان هاوڕاین، بەڵام بچنە بەردەم هادی عامری، لەدەرەوەی ڕەسمییاتی هەرێم و وەکو حیزبێکی سەربەخۆ، توانای خۆڕێکخستن و ئۆپۆزسیۆنێکی شەڕەفمەندانەیان نەبێت، پشت بە هادی عامری ببەسترێت و داوای لێبکەن داهاتەکان بگەڕێننەوە بۆ مەرکەز، کە کۆیلەیەکی کۆماری ئیسلامییە و هیچ سیفەتێکی قانونی نیە، ئەوە شەرمەزارییە. هەرێم حکومەتی هەیە، ئەوانەش وەکو ئۆپۆزسیۆنێك کە دەیان ڕەخنەیان لەو حکومەتە هەن، دەتوانن یاخەی حکومەتەکەیان بگرن و بەتوندی ڕایوەشێنن و دایوەشێنن، پان و پان بەهەزاران ئەندامییانەوە بچنە بەردەم پەرلەمان و حکومەت، بۆ ئەوەی حکومەت بخرێتە سەر ئاڕاستەیەکی دروست، یا ڕووتی بکەنەوە و بۆخۆیان جێگای بگرنەوە. ڕاستە ئەمە کاتی دەوێت، بەڵێ، بەڵام بەئەخلاق بن، خەڵك متمانەیان پێ دەکات و بەرزیان دەکاتەوە.

ململانێی سیاسی لەهەموو دونیا لەسەر کۆمەڵێك بنەمای ئەخلاقی باڵا بەڕێوە دەچێت. کەی بنەما ئەخلاقییەکان، حەڕام و حەڵاڵە نەتەوەییەکان نەمان، ئەوکاتە، نەك هەر خەڵك، بەڵکو خۆشییان لەدوورمەودادا دەبنە قوربانی و کۆتاییان پێدێت. بۆیە، لەڕقی هەر حیزبێك و دەستەڵات، کاردانەوەی ناعقڵانی و نەبوونی ڕوانگەیەکی سیاسیی ئەخلاقی، دەبێتە هۆی لەناوبردنی خۆیان و خەڵكی کوردستان و وەکو حەسەن خەیرییەکان ناوییان دەچێتە ناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×