نا بۆ بەدەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی

عوسمانی حاجی مارف
  2026-10-01   

دەسەڵاتی بنەماڵە و تایفەگەری میلیشیا کە بۆتە شێوازێکی سەپێنراو بەسەر عێراق و کوردستاندا، ئامرازێکی ناچاری دەسەڵاتی بۆرجوزایە بۆ بەڕێوەبردنی سەرمایە و سەرمایەداری، تەنها ئامڕازێک نییە بۆ چەواشەکردنی جەماوەر، بەڵکو بووەتە پێکهاتەیەک بۆ بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزاری و بەڕێوەبردنی دەسەڵات و سامان و کەڵەکەی سەرمایە، کە ڕۆژانە پراکتیزە دەکرێت لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە نێو کۆمەڵگەدا.

بنەماڵە و تائیفەگەری سڕینەوە و لادانی ململانێی چینایەتی نیە، بەڵکو شێوازێکی شێواوی ڕێکخستنی بۆرجوازیە لە کوردستان و عێراقدا لەبەرامبەر کاری بەکرێدا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و بۆرجوازی و دەسەڵاتی سیاسیان، بنەماڵەکان و هێزە تائیفیەکان گەورەترین سودمەندن و بونەتە خاوەنی بەرزترین ئیمتیازات، لە بەدەستەوەگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی کوردستان و بە فەرمیکردنی بە تاڵانی و جەردەیی و گەندەڵی.

دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی کە ژیانێکی فرعەونیان بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان فەراهەم کردوە، لە بەرامبەریشدا ژیانی خەڵکیان لەچوارچێوەیەکی داخراودا وەک بەندکراو بە بارمتە گرتووە و گرفتار کردووە، لەلایەکی تریشەوە بەهیچ جۆرێک خۆیان ناکەنە بەرپرسیار لەبەرامبەر ژیان و پێداویستیەکانی خەڵکدا.

ئەم شێوازی حوکمە لە عێراق و کوردستان  تەنیا شێوازێکی بیرکردنەوە نییە، بەڵکو سیستەمێکی تەواو سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە بۆ چەسپاندنی چەوسانەوە، واتە شێوازێک کە جومگەکانی دەسەڵاتداریەتی و پۆست و گرێبەست و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و تەنانەت خوێندن و پەروەردە و تەندروستیش قۆرغ دەکات و لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن، ئەمە تەنیا "فەرهەنگی بنەماڵە و تائیفی" نییە، بەڵکو سیستەمێکی بەرژەوەندیە کە لەڕێگەی دامەزراوە دەوڵەتیەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پارتە سیاسیەکان، ڕێبەرانی ئایینی و تەنانەت ڕەفتاری ڕۆژانەی خەڵکەوە خۆی دەپارێزێت.

ئەم دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفەگەریە سودی زیاتری بە بەشێک لە بۆرجوازی عێراق و کوردستان گەیاندووە، کە بۆ سەپاندن و فراوانبونەوەی زیاتری قڵشتی چینایەتی و برسیکردن وهەژارکردنی زیاتری کرێکاران و خەڵکی نەدارو کەمدەرامەتە، کە لەسەر حسابی بەدەستهێنانی زۆرترین کەڵەکەی سەرمایە کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن.

 لە عێراقدا ملیۆنان هاوڵاتی سەر بە مەزهەبی شیعە هەن کە کەمدەرامەت و هەژارن، هەروەک چۆن بە ملیۆنان هاوڵاتی سەر بەمەزهەبی سوننە هەن کەمدەرامەت و هەژاریش هەن لەسایەی دەسەڵاتی تائیفی و میلیشیادا، لەهەمانکاتدا سەدان هەزار هاوڵاتی کوردیش هەن کە هەژار و کەمدەرامەتن لەسایەی هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا. بەڵام هەر ناڕەزایەتیەکی خەڵکی لەپێناو ماف و خواستەکانیاندا بە "هێڵی سوور" بەرەوڕوو دەبێتەوە، هەرجۆرە ناڕەزایەتیەک قەدەغە دەکرێت، نابێ ڕەخنەت لە سەرکردەکان هەبێت، چونکە "نوێنەرایەتیت دەکەن"، نابێت داوای مافەکانت بکەیت چونکە "مەزهەبەکەت و نەتەوەکەت" دەکرێتە ئامانج، بۆ ئەمەش چەندین هێزی میلیشیایان لەبەرامبەرتدا رێکخستوە.

بەم مانایە دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفەگەری توڕەیی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت بۆ ترسێکی بنەمادار بە ناسنامە، بەم شێوەیە دەیانەوێت ململانێی چینایەتی بەتاڵکەنەوە، لەبەرامبەریدا ململانێی نێوان گروپەکان زاڵ بکەن کە بەڕواڵەت هاوتەریبن، بەڵام تەنها لەڕووی ڕووکەشەوە یەکسانن، چینی دەسەڵاتدار بە هەموو فۆرمە بنەماڵەیی و تائیفیەکانیەوە سوود لەم دابەشبونە وەردەگرن و لەم ڕێگەیەوە دەسەڵاتی خۆیان بەرهەم دەهێنێتەوە.

ئەمڕۆ ڕووبەڕووی پێکهاتەیەکی ئاڵۆزتر بوینەتەوە کە نەک تەنها لەبەرامبەر بۆرجوا ناسیۆنالیزمی عەرەب و کوردا وەستاوینەتەوە، بەڵکو بنەماڵە و تائیفەگەری و هێزە میلیشیاکانیان وەک ناسیۆنالیزم پراکتیزە دەکرێت و قۆرخی دەسەڵاتیان کردووە، گوایە دڵسۆز و هێمای دین و نەتەوەن و پێرۆز دەکرێن و دەبێت ملکەچی دەسەڵاتەکەیان بین.

هۆکاری ئەوانەش کە بەرگری لەم سیستمە دەکەن تەنها لەبەر نەزانی نیە، بەڵکو لەبەرئەوەیە سوودی لێ وەردەگرن و لەپاڵیا حەواونەتەوە، یان ترسیان لە هەر بەدیلێکی تر هەیە کە هیچ گەرەنتییەکیان پێشکەش نەکات، هەر لەم واقعەوە لەشکرێکی فراوان لە مشەخۆریان پێکهێناوە.

هەروەک چۆن کاڵاکان و بازار پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان دەشارێتەوە، بنەماڵە و تائیفەگەریش پەیوەندیەکانی ئیستغلالکردنی سەرمایەداری دەشارێتەوە، خۆی وەک "چارەنووس" دەخاتە ڕوو، لەکاتێکدا تەنیا ئامڕازێکی ڕێکخراوەییە بۆ زاڵبون. بۆیە بنبڕکردنی ئەم سیستمە و کۆتایی پێهێنانی، ئەرکێکی پێویست و ئینسانی و حەیاتیە، کۆتاییهێنان بەم سیستمە ئەرکی هەر ئێستای خەبات و نارەزایەتی جەماوەریە، کە هەڵوەشاندنەوەی بەرژەوەندیە مادیەکان و تۆڕەکانی دەسەڵاتی دەوێت کە وەک حوکمێکی ئەبەدی بەدەست بنەماڵە و هێزە تائیفیەکانەوەیە. هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تائیفی لەرێگەی چاکسازی لەهەمان پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتەدا ناکرێت، تەنها ڕێگایەکمان بەدەستەوەیە، دەبێت دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تائیفی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی پێبهێنرێت، خودی "دەوڵەت و دەسەڵات"، لەژێر هێژمۆنی دەسەڵاتی ئەواندا دەربهێنرێت ئازاد بکرێت.

نەهێشتنی دەسەلاتی بنەماڵە و تایفەگەری بە مانای بانگەوازکردن نییە بۆ تیۆریە ناپەیوەندەکان بە خەباتی چینایەتیەوە، بەڵکو بە مانای ڕێکخستنی پراکتیکی دێت بۆ خولقاندنی ئاواڵەیی بونەوەی زیاتری دەرگای خەباتی چینایەتی و هاتنە مەیدانی خەڵک بۆ دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

کۆتایی دەسەلاتی بنەماڵەیی و تائیفەگەری بە مانای دەستبەردابوونی خەڵك نیە لە دین ومەزهەب و نەتەوە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە شوناسی دەسەڵاتی مەزهەبی و تائیفی و بنەماڵەیی لە پێکهاتەی دەوڵەت دا نەمێنێ، پێناسەی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون دەبێت.

خەبات بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی، تەحەدای تیۆری و پراکتیکی مەیدانیە بۆ ئەنجامدانی شەڕێکی ڕاستەقینە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا وەک سیستەمێکی سیاسی داپۆشراو لەسەر بنەمای چینایەتی، هەوڵدان بۆ دەور و کاریگەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و جەماوەری ناڕازی لە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە، ڕەواندنەوەی ترس و دووبەرەکی و نائومێدیە لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر.

خەبات بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی لە ئێستادا، لەو شوێنەوە سەرچاوەی گرتوو، کە بێزاری ناڕەزایەتیەکی بەرفراونی جەماوەری لە ئاستی سەراسەری عیراق و کوردستاندا واقعیە و بەدیدەکرێت، دیاردەیەکی بەهێزی جەماوەریە، پێویستە دروشمی "نا بۆدەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی" و "کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بنەماڵە" بەرز ڕابگرین و کاری لەسەر بکەین، ئەوەی گرنگە دەستپێشکەری و پێشڕەویە لە ڕێکخستنی ئەو ناڕەزایەتیانە و بەهێزکردنیان لە خەباتی ڕۆژانە و هەنگاو بەهەنگاومان تا گەیشتن بەکۆتایی ئەو شێوازە لەدەسەڵات و دابینکردنی دەوری خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

کاتێک فشار و بەشداری گشتی گەشە دەکات و زیاد دەبێت، پێوێستە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەسەڵات لەژێردەستیان دەربهێنرێت، پێویستە لە ئێستادا داواکاریەکان بەرەو گۆڕانکاری دامەزراوەیی بڕۆن: لە دادوەری، دارایی گشتی، میدیا و کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنیەکان. چونکە ئەگەر تەنها کەسەکان لە هەمان چوارچێوەی بنەماڵە و هێزە تائیفیەکاندا بگۆڕدرێت، هەمان کێشە دووبارە دەببێتەوە، پێویستە دامەزراوەکانی دواتر وەها دروست بکرێن کە هیچ بنەماڵە و تایفە و حیزب یان تاکێک نەتوانێت هەموو دەسەڵاتەکان کۆنترۆڵ بکات.

پێویستە داواکاریەکان دیاریکراو بن، وەک سەربەخۆیی دادوەری، لێپرسینەوە لە هێزە ئەمنیەکان، ئازادی بێ قەید و بێمەرجی سیاسی، ئازادی ڕۆژنامەوانی، یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەی یاسایی و فەرمیدا، شەفافیەتی داهات و دارایی... کاتێک خەڵک دەیەوێت دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تائیفی کۆتایی پێ بێت، نابێت تەنها "بنەماڵەکە و تائیفەکە" بگۆڕێت؛ دامەزراندنی ئەو سیستەمەی کە ڕێگە بە هیچ بنەماڵە و تائیفەیەک، یان حیزبێک بەهێزی میلیشیاوە نادات. دەبێت ئەو سیستمە دامەزرێت کە هێزی چەکدار، دارایی، ئاسایش و دامەزراوە سیاسیەکان بە یەکەوە  بگۆرێت و کۆنترۆڵیان بکات، هیچ کەس، بنەماڵە و تائیفە، حیزب یان گرووپێک مافی ئەوەی نییە دەسەڵاتی گشتی بە موڵکی تایبەتی خۆی بزانێت. بەمانایەک هەنگاونان بۆدەورانێک و پێکهێنانی دەسەڵاتێک کە زەمینەی دەور و دەخالەتی راستەو خۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکات.

ئامانجی خەبات گۆڕینی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بە بنەماڵەیەکی تر نییە؛ ئامانج دروستکردنی سیستەمێکە کە هیچ بنەماڵە و تائیفەیەک نەتوانێت دەسەڵاتی خەڵک بۆ خۆی کۆ بکاتەوە.

ئەم دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵە و میلیشیا و کۆنەپەرستە شایستەی خەڵکی مۆدێرن و ئازادیخوازی عێراق و کوردستان نیە، ناشەرعی و نایاسایی و ناکۆمەڵایەتی و نامۆراڵیە، دژ بە مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتیە، وێرانکەری ژیانی خەڵک و ئایندەی عێراق و کوردستانن، پێداویستیەکی حەیاتیە کە خەباتمان لە پەیوەند بە ماف و خواستی خەڵکەوە فۆکس بخاتە سەر کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×