ناوەندیکردنەوە یا فیدراڵیەت لەئایندەی حکومەتی سوریادا!

عوسمانی حاجی مارف
  2025-03-16     502

لە پرۆسەی کاریگەری دۆخێکی پر لە گێژاوی سیاسی و نالەباری چواردە ساڵەی سوریا و بەردەوامی شەری ناوخۆدا، شتێک نەماوە بە ناوی دەوڵەتی ناوەندی و یەکگرتوو، ناوچەکانی سوریا تەواو لەیەک دابراون.

ئەحمەد شەرع و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام کە وەک نوێنەری ئیسلامیەکی سونە مۆریان داوە لە پێگەو هەڵسورانی سیاسیان، دانیشتوانی سوریاش زیاتر لە دوو لەسەر سێی لە سونە پێکهاتووە، هەر بەناوی ئەو نوێنەرایەتیە و زۆرینەی دانیشوانی عەرەبی سونەوە، ئەحمەد شەرع لە هەوڵی پاوانخوازی دەسەڵاتدایە و بانگەشەی ناوەندیبونەوەو یەکگرتوویی دەوڵەت و حکومەت دەکاتەوە. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا ئەحمەد شەرع دەتوانێت لەژێر عەبای عەرەبی سونەدا و لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا پارێزەری سەرمایەو سیستمی سەرمایەداری بێت؟ ئایا دەتوانێ سوریا یەکگرتوو بکاتەوە؟ یان بەشێک دەبێت لە درێژەدان بەشەری ناوخۆ و بەو گێژاو و دۆخە نالەبارەی کە چواردەساڵە گیرۆدەی سوریا بووە.

دوای ئەوەی شەرع سەرکردایەتی ئەو هێرشەی کردکە شارەکانی حەڵەب و دیمەشقیان گرتەدەست و ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی بوو، پاشان بەزوویی ئەحمەد شەرع حکومەتی راگەیاند، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە شەرع بیرۆکەی سیستەمی فیدراڵی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەگونجاو نازانێت، لەبەرئەوەی ئاواتەخوازە سیستەمێکی سیاسی ناوەندی دروست بکات و لایەنەکانی تر بەشدار بن لە حکومەتەکەیدا ! هێزە چەکدارەکانیان بکەنە بەشێک لە "سوپای نیشتمانی"  واتە ئەو سوپایەی کە میلیشایاکانی خۆی سەرکردایەتی دەکات.

حکومەتی شەرع کۆنترۆڵی بەشێك لە خاکی سوریای بەدەستەوەیە، کە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە لادێکانیش دەگرێتەوە. بەڵام لە دۆڵی فوراتەوە بەرەو رۆژهەڵات هیچ مەیلێکی لایەنگری بۆ هەیئەت تەحریر شام بەدی ناکرێت. لەکاتێکدا هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەحمەد ئەلعەودەی یاخیبووی پێشوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوور، نایانەوێت لەگەڵ سوپای نوێی سوریا یەکگرنەوە، لەباکوری ڕۆژهەڵاتیش هەسەدە، گەرچی سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا، بەڵام بەهەستیاریەوە مامەڵەی ئەو پەیوەندیە دەکەن و مەیلی یەکگرتن لەگەڵ سوپایەکی ناوەندی نیشتمانیدا لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام دا نیشان نادەن

لە شوێنەکانی دیکەی باکوور، میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا بەناوی "سوپای نیشتمانی سوری" یەوە، دەستیان بەسەر شوێنە سەربازیە ستراتیژی و قەڵا سەرەکیەکان لە عەفرین، جەرابڵوس و ناوچەیەکی جیا لەنێوان تەل ئەبیاد و ڕەئس ئەلعەین دا گرتووە. ڕۆژی ٢٩/١/٢٠٢٥، تورکیا سەرۆکی ئەم گرووپە، سەیف ئەبوبەکری ناچار کرد لە دیمەشق پیرۆزبایی شەخسی لە سەرۆک کۆماری نوێ بکات، بەڵام تائێستا ئەمە تاکە ئیمتیازێکە کە بە ئەحمەد شەرعیان داوە. ئەم دوو سەرکردەیە شەرع و ئەبوبەکر، مێژوویەکی دوورودرێژیان لە دوژمنایەتی بەرامبەر یەکتر هەیە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە چەکدارانی سوپای تازەی سوریا کە چەکدارە کۆنەکانن لە شەڕە خوێناویەکانی دژی هەیئەی تەحریر شام بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای ئەدلەب لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ بەشدارییان کردووە.

ئەوەی دەیبینین سەرەڕای هەر هەوڵێک لە گفتوگۆو دانوسان لەنێوان هەسەدەو شەرع دا، بەڵام هەسەدە مەیلی بەلای پاراستنی سەربەخۆیی و پێگەی دەسەڵاتی خۆیدایە لە بەرامبەر حکومەتی ئێستای سوریادا، لەهەمانکاتدا دروزەکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پارێزگای سویدەدا درێژکردووەتەوە و ڕێگری دەکەن لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی هەیئەی تەحریر شام. لە ناوچە کەناراوەکانی عەلەوییەکان، لەکاتی سەردانەکەی شەرع بۆ لازقیە و تەرتووس لە ١٦ی شوباتدا تەنها لەلایەن پێکهاتە عەرەبە سوننە ناوخۆییەکانەوە ئاهەنگ گێڕدرا. عەلەوییەکان - مەزهەبی بنەماڵەی ئەسەد و بنکەی کۆمەڵایەتی ڕژێمی پێشوو- بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا نەکرد، خۆیان لە گەڕەک و گوندەکانیاندا گۆشەگیرکرد. هەروەها بەرپرسانی پێشووی ڕژێم میلیشیای نوێیان دروست کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە وەک پەناگەیەکی شاخاوی قەڵادار بۆ عەلەوییەکان، ئێستاش لەشەرێکی خوێناویدان و کوشتارێکی زۆر لە هەردوولایاندا هەیە.

ئەم بارودۆخە ناوخۆییە هەمەچەشنە و هەروەها دەستێوەردانی بەردەوامی ئیسرائیل و تورکیا ئەوە دەردەخات کە شەرع ناتوانێ ئایندەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت کە حکومەتێکی ناوەندی و یەکگرتوو لەسایەی پێشرەوی هەیئەی تەحریردا دامەزرێنێت. تێکەڵکردنی هەموو ئەو کوتلە و گروپە نەتەوەیی و تائیفیە چەکدارانە لەژیرسایەی هێزێک بە ناوی نوێنەرایەتی عەربی سونەدا هیچ گرەنتیەکی نیەو ئیمکانی نیە بتوانێ نیشاندەری ئەزمونی حکومەتی ووڵاتێک بێت کە ئازادی و پێکەوەژیان تیادا گونجاو بێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە دانیشتوانی سوریا خۆیان مەیلیان هەیە بە هەر پێکهاتەیەکەوە، سەربەخۆ و بەجیا و بەدور لە دەسەڵات و رۆڵی هەر هێزێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی، بسازێن و پێکەوە ژیان بکەن، بەڵام ئەحمەد شەرع و رێکخراوەکەی کە لە پاشماوەکانی داعش و قاعیدەن لەدواجاردا سەرکەوتنیان لەوەدایە کە لەرێگەی پاوانخوازی بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی و سونە مەزهەبەوە بەریوەبەرایەتی سەرمایەگوزاری لە سوریادا بکەن، بەم شێوەیەش مانایەک نامێنێتەو بۆ ئەزمونێکی سەرکەوتو بەناوی حکومەتی ناوەندی و جێگیربونی ئازادی و پێکەوەژیان.

ئەتوانین بڵێین کە پرۆژەی شەرعیەتی سیاسی لەسەر بنەمای ناوەندیبونەوەی دەسەڵات و یەکگرتنەوەی سوریا لەگەڵ واقیعی ئێستای دۆخی سیاسی سوریاو پێگەی هەیئەی تەحریر ناکۆک و نەگونجاوە. شەرع وەک ‌هێزێکی ئیسلامی ناسراو بە تیرۆریست ناتوانێ نوێنەرایەتی یەکگرتنەوەی سوریا بکات، مەگەر ئەمریکاو ئیسرائیل پشتیوانی بکەن؟!.

لەئێستادا هەوڵی سەرەکی یەکخستنی گروپە جیاوازەکانی عەرەبی سوننە بۆ سوپایەکی نوێی نیشتمانی دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشوو، چەسپاندنی داهاتووی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعە بە رێگایەکی بیرۆکراسی کە لە دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەریدا جێبەجێی دەکات، بەگرتنەبەری ئەو ڕێبازە توندەی کە پێشتر لە ئەدلەب پیادەی کردووە. هەرچەندە شەرع پرۆسەی"دیالۆگی نیشتیمانی" دەستپێکرد، بەڵام لە گفتوگۆکانی دەستپێکردندا بەهۆی هەوڵدانی بەپەلەو جۆری تەرحەکانی بۆ رێکخستنەوە، پرسیارو گومانی لەسەر شەرع دروستکردو زیاتر پەرچەکرداری لێکەوتەوە.

هەرلەم دۆخەدا پێشنیارێکی تر کە بۆ ئایندەی حکومەتی سوریا دەخرێتەروو، پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵیە، پێدەچێت ئەم پێشنیارە زیاتر بەشێك بێت لە هەوڵەکانی ئەمریکا، کە لەو سەرچاوەیەوە دەخرێتەروو کە هەستی دژە ئیسرائیل لەنێو سوریەکاندا کەم بێتەوە و ئیسرائیل بتوانێ مامەڵەو گەمەی سیاسی خۆی لە سوریا پەیرەوی بکات، هەروەک چۆن ئەمریکا دوای روخانی سەدام فیدرالیزمی بەسەر عێراقدا سەپاند، تا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل عێراق لاواز بکات، ئەزمونی ئەم فیدرالیە و حکومەتی بەشبەشێنە لە عێراقدا بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقەوەو سەرچاوەی بەردەوامی ناجێگیری و گێژاوی سیاسیە، کە لە هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسیدا پێگەو هاوسەنگی هێزەکان دەبێتە مایەی توندبونەوەی گرژی و ئاڵۆزی و سەرگەردانی، هەربەم شێوەیەو نمونەی ئەزمونی عێراق و دوبارەبونەوەی لە سوریا، ئاکامێکی نەرێنی لە دۆخی سوریادا دەخولقێنێت.

بونی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر لە هەردوو حاڵەتی ناوەندیکرنەوەی حکومەتی سوریا یا حکومەتی فیدراڵی و دابەشکردنی سوریا لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و تائیفە، هەرگیز ناتوانێ نمونەو ئەزمونێكی سەقامگیری و ئارامی سیاسی بێت، دانیشتوانی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە ناتوانن بە ئاسودەیی ژیان و گوزەران بکەن، فیدرالیزم داسەپاندنی سیستمێکی کۆنەپەرستانەو دژ بە ئینسانیەتە، فیدراڵیزم یارمەتیدەرە لە دابەشبونی تائیفی لە سوریا و پەرەپێدانی دابەشکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەتر، تەحەدایەکی گەورەیە لەبەرامبەر دەخالەت و بریاری خەڵک بۆ دیارکرنی چارەنوسی خۆیان.

لەم بارەیەوە هەر هەوڵێك لە سوریا و عێراق بدرێت بۆ حکومتێکی ناوەندی لە یەکگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی یا حکومەتێکی فیدراڵی دابەشکراو لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی هەمیشە لەسەر تەقینەوەی بورکانی جەنگ و کارەسات و تراژیدیایەکدا راوەستاو دەبێت، دامەزراندنی حکومەتی ناوەندی دەبێت لەسەر بنەمای بەرەسمی نەناسینی هەر دین و نەتەوەو ئایدۆلۆژیەک بێت لە دەوڵەتدا، دەوڵەتێک بێت بەمانای رەسمیەتدان بەناسنامەی هاوڵاتیبوون و ئازادی و پاراستنی شكۆی ئیسانەکان کە سەر بە هەر دین و نەتەوە تائیفەو هەر بیروباوەر و بۆچونێک بن، پێکهێنانی دەوڵەتێکی سکولار و نانەتەوەیی و  بەرەسمیەت ناسینی ناسنامەی هاووڵاتیبون دەتوانێ زەمانەتی یەگرتوویی و پێکەوە ژیان بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×