بانگەشەی ئاشتیەکی ئاڵۆز

عوسمانی حاجی مارف
  2025-03-11     266

لەم دۆخەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆگۆركی سیاسی بە خۆوە دیوەو پێشبینی ئاڵوگۆری زیاتریش دەکرێت، ململانێکان لە ئاستێکی باڵادا نمایش دەکرێن و هاوسەنگی هێزەکان و بەرژوەندیەکان رۆژانە سینارێۆیی جیاوازمان دەخاتە پێش چاو، روداوەکان چاودێریەکی ورد دەخوازێت، ئەگەرەکان پەرشوبڵاون، یاری لایەنەکان سەرنجراکێشن، پلانەکان و دەخالەتەکان جەماوەریان وەک تەماشاکەرێک لە چاوەروانیدا راگرتووە، ئاڵۆزیەک وێنا دەگرێت، کەکاتی کۆتایی ئەم یاریە نادیارەو ئاکامەکانی نارۆشنە و نەزانراوە  کێ یاریەکە دەباتەوە، ناوچەکە لە دەورانێکی ئاڵۆزو ناجێگیر و سەگەردانیدایە، لەمێژوی ژیانی بەشەریەتدا کارەساتەکان و قوربانیەکانی بێوێنەن.

 بەجیا لە گۆرانی تارادەیەکی هاوکێشەی سیاسی کە لە ئێستادا بە قازانجی تورکیایە و پاشکشەیە بە ئێران، بەڵام مانای ئەوە نیە مەیدانەکە بۆ تورکیا خاڵیەو دەتوانێ چی دەوێت ئەنجامی بدات، لەم ناوچەیە کە بەرژوەندی سیاسی و پلانی جیاوازی تیا نمایشدەکرێت، ئۆروغان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی نێو جەنجاڵیەکی بێوێنەدا قومار دەکات، لەلایەک لە بەینی رێکەوتن یا شەر لەگەڵ ئیسرائیل تیاماوە، لەلایەکی ترەوە دەخالەتی لە چونیەتی رێکخستەوەی حکومەتی سوریا نەک لەبەرامبەر ئیسرائیل بەڵکو لەبەرامبەر فەرەنساو ئەڵمانیا و یونان... کێشەی هەیە.

بەمانایەک دیارنیە تورکیا لە نێو ئەم ململانێیەئ کە هەوڵئەدات لە ناوچەکەدا رێگایەک بۆ چارەسەری قەیرانەکانی پەیدا بکات، دەتوانێ سەرکەوتوبێت!. بەتایبەتی کەلە زۆرلاوە ئاستەنگی بۆ دێتە پێشەوە، ناچار بووە سوکانی جوڵەی نەخشە سیاسیەکانی ئاشتەوایی لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بخاتە دەستوری پلانەکانیەوە، ئۆردغان جگە لەوەی ناسیۆنالستێکی فاشست و ئیسلامیە، هیچ کات ئاشتی خوازنەبوەو نیەو نابێت، بەجۆرێک پێویستی بە بانگەشەی راگەیاندنی ئاشتیە بەڵکو رێگاکانی دەخالەتی لە ناوچەکەدا بۆ ئاواڵەترکات!. هەروەها بەکارهێنانی شێوازی ترە لە فشار بۆ سەر ئۆجەلان و پەکەکە، کە داوای کۆتایی هەڵسورانی چەکداری و هەڵوەشانەوەی حزبەکەیان دەکات، بێ ئەوەی چۆنیەتی چارەنوسێکی دیارکراو بۆ ئایندەی پێکەوەژیانی 'کورد و تورك" ساغکاتەوە.

ئۆروغان گەر بەهەر نرخێک و کارەساتی ئینسانیش بێت، جگە لەوەی لە هەوڵی هەڵسانەوەی تورکیایە لە قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیدا، لە هەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە مانەوەی لەدەسەڵاتدا جێگیرکات.

هەڵبەتە ئەردوغان جگە لە پلان و دەخالەتی لە ناوچەکەدا لە هەمانکاتدا ئەوەشی بە هەند وەرگرتووە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت و ئەردۆغان ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە دەبێت دەستوور هەموار بکاتەوە، بۆئەم پلانەش پێویستی بە دەنگی کورد و هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی گەلی کورد هەیە، چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا کوردەکان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکەن کە "پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)یە" و دیمان کە لە دوایین هەڵبژاردنیشدا پارتەکەی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی زۆر کەم سەرکەوت و شارەوانیەکانی لە زۆرێک لە شارە گەورەکاندا دۆڕاند. بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مەترسی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان و پارتەکەی بە تەواوی لە دەسەڵات لە تورکیا دووربخرێنەوە. هەروەها دۆخی ئەوپەڕی گرینگی ئابووری تورکیا و تێچووی گەورەی شەڕ لە بەرە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەکیدا، ئەردۆغانی ناچار کرد ئەمجارە لە ڕێگەی حکومەتی باخچەلییەوە قسە بکات، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بۆ ئەوەی هەم دڵنیاکردنی ناسیۆنالیستەکان و هەم ڕاکێشانی کوردەکان بەدەست بهێنێت.

باخچەلی کە پێشتر دژی دەستپێکردنی دانوستانی نوێی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بوو، بەم جۆرە لێدوانانە نیشانیدا کە نەتەوەپەرستترین لایەن لە ئەنجومەنی پەرلەماندا ئامادەیە بۆ دانوستان بۆ رێکخستنی ئەم پرسە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغانە، یاریزانێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدا، ناچارن لەم دۆخەدا سیناریۆیەک بەناوی ئاشتیەوە نیشان بدەن.

باخچەلی ئاماژەی بەوەداوە کە " ڕەنگە هەوڵەکانی ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕن و کۆت و بەندەکانی تورکیا بشکێنن، بۆیە دەبێت هەموو پرسێک و هەموو قەیرانێک لە پەرلەمان بوروژێنرێت و پێویست دەکات چاکسازی دیموکراسی ئەنجام بدرێت بۆ وەڵام بەنیگەرانیەکانی هاووڵاتیانی کورد!.

لە کاتێکدا کەس نەیدەویست گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەستپێبکات. پەکەکە هیچ هیوایەکی بە حکومەتی تورکیادا نەبوو، تا ئەو کاتەی دەڤلەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، ڕایگەیاند "با ئۆجالان بێت و لە پەرلەمان قسە بکات". "ئەوە راگەیەنێت کە تیرۆر بە تەواوی کۆتایی هاتووە و ڕێکخراوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئۆجەلان وتارێکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات، ڕەنگە ڕێگەیەک هەبێت بۆ ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێت".!

لە راستیا وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد فاکتەری گرنگ و نوێ لەسەر ئاستی ناوچەکە سەریان هەڵداوە. دۆخەکە لە وڵاتانی دەوروبەری تورکیادا گۆڕاوە، لەوانە سوریا، لوبنان و عێراق. لەم بارەیەوە ئیسرائیل و ئەمریکا پلانیان بۆ ئەو ووڵاتانەو ناوچەکە هەیە کە هیچ جێگایەک بۆ تورکیا دانانێن. بوونی کوردە چەکدارەکانی سوریا لەسەر سنوورەکانی تورکیا، کە ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانیان لێدەکەن، بەربەستێکە بۆ پلانەکانی تورکیا، بۆیە هاوکات دیمشق و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو هێزە کوردیانە چەکدار بکرێن و یان بیانکەنە پاشکۆی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، چونکە حکومەتی ناوەندی سوریا و دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە هەموو ئەمانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەنقەرە بەناوی ئاشتەوایەوە دەیەوێت پێگەیان لاوازکات. ئەمەش تا چەند دەتوانێ لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە قەبول کرێت، پرسیارێکە لە چۆنیەتی سەوداومامەڵەیاندا وەڵام وەردەگرێتەوە.

دواجار پەیامەکە ئۆجەلان خوێندرایەوە بە خێرایی لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئاستی نارۆشنی پرۆسەکەو شێوازی مامەڵەی ئۆروغان و باخجەلی و شێوەی پەیامەکەی ئۆجەلان و وەڵامی پەکەکە، لێکدانەوەو بۆچونی جیاوازی خستۆتە ناو میدیاکان و لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خەڵکەوە، لە هێوایی و بێ هیوایی!، لە هەمان کاتدا گومان لەسەر پراکتیکی بوونی ئەو بڕگەیە دروست بووە، کە ئاماژە بە داماڵینی چەک لە باڵی سەربازیی و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات.

حکومەتی تورکیا، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای بەڵێنەکانی هەرگیز دان بە مافەکانی کوردەکان لەم وڵاتەدا نەناوە، ئەم بەناو هەوڵدانەی ئێستاش بۆ ئاشتی پەیامێکی رۆشن بەدی ناکرێت کە راشکاوانە دان بە مافەکانی کورد و کێشەی کورد بنێت.  تەنانەت بە بیانووی جۆراوجۆر نوێنەرانی یاسایی کوردەکانیان لە شارەوانییەکان و پەرلەمان لە پۆستەکانیان دوور دەخەنەوە و ساڵانە هەزاران گەنج و خوێندکاری کورد دەگرن و دەیانێرن بۆ زیندانەکان، بۆردومانەکانی بۆسەر بنکەکانی پەکەکە نەوەستانووە، هەروەها هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە بەردەوامە.

لە ڕاستیدا پرسی چەکداماڵینی پەکەکە یەکێکە لە ئاستەنگە گرنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی، چونکە لە نەورۆزی ٢٠١٥ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەکەکانی دابنێت، بەڵام پرسی کۆبانی و دروستکردنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لەسەر سنووری تورکیا بووە هۆی عەمەلی نەکردنەوەی ئەم پرۆسەیە. هەر بۆیە ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٥دا نەیتوانی پەکەکە ناچار بکات کە چەک داماڵێت.

هەرچەندە جەمیل بایک ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی پەکەکە لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ئۆجەلان سەرکردەی ئێمەیە و وەڵامی داواکارییەکانی دەدەینەوە، بەڵام پەکەکە گەرەنتی دەوێت. گەرەنتییەک کە چارەنووسی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە دیاری بکات کە ساڵانێکە لە چیای قەندیل دژی تورکیا شەڕیان کردووە.

هەروەها ئایندەی هێزه چه کدارەکانی پەکەکه که دەوترێت ژمارەیان زیاتر له چەند هەزارێکه، چۆن دەگەڕێنەوه بۆ تورکیا؟.

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە نێو کۆمەڵگای تورکیا لەسەر بنەمای ناسیۆنالستی و شۆڤێنیزم و دەستووری کەمالیستی پەروەردەکراون کە پێیانوایە تەنانەت لە دەستووری تورکیاشدا نابێت دان بە بوونی کورددا بنرێت. لەبنەڕەتدا پێیانوایە نەتەوەیەک نییە بە ناوی کورد، بەڵکو ئەوانە تورکی شاخن، ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتیە لە تورکیادا پرسێکی ئاڵۆزەو بەئاسانی چارەسەر ناکرێت.

لەم هەلومەرجەداو بەهەر ئاڵۆزیەک وەک سەرەتایەکیش، ئەگەر تورکیا هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا رۆشن نەکاتەوە و مافەکەنی خەڵکی کوردستان بەرەسیمی نەناسێت و دەستبەجێ بەیانی نەکات، بە متمانەیەکی باوەرپێکراوەوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان مامەڵەیەکی شەفاف و بێئەملاولا و دروست  نەکات، کە ئەمەش ئەگەرێکی سەختە بۆ ناسیۆنالیستی تورکی دانیان پێدابنێت، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە تەنها بە بانگەشەیەکی ئاشتەوایی هەنگاو بە ئاقاری چارەسەری کێشەی کورد دابنرێت، وەک ئەوەی بەشێکی زۆر لە لایەنە ناسیۆنالیستەکان قسەی لەسەردەکەن.

ئەمجۆرە ئاشتەواییە بە هەر ئاڵۆزیەکەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پلانی یەکلایەنەی تورکیا هەنگاوی بۆ دەنرێت و زیاتر مانۆرێکە، کە پەیوەندی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و کێشەی کوردەوە نیە، سەوداو مامەڵەیەکە لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە نەخشەی بۆ دارێژراوە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر هەندێ دەستکەوتیشی بۆ پەکەکە تێدابێت!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×