ئەو کەرکوکەی کە "دڵی کوردستان و قودسی کوردستان" بو..؟، لە کورترین ماوەدا چەکدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە هەڵاتن بەجێیان هێشت و رادەستی هیزەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیان کرد.
بە دوای شەش ساڵ لە ملکەچی و گەرانەوە بۆ باوەشی حکومەتی عێراق و دەستخستنە ناو دەستی هێزە شیعەکان، جارێکی تر و بە شێوازێکی تر، حزبەکان خەریکن نائارامی بۆ دانیشتوانی کەرکوک دوبارە دەکەنەوە.
هێزەکانی کوردایەتی و عروبەو تائفی شیعە و سونە هیچ کات نایانەوێت دان بەوەدا بنێن کە کەرکوک تاپۆی هیچ حزب و هێزو نەتەوەیەک نیە، بەڵام راستیەک کە پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندی ئەو حزبانەیە شەر لەسەر کەرکوک دەکەن، پێویستە جێگاورێگای کەرکوک بەو شێوەیە بە فەرمی بناسین کە کەرکوک تایبەتە بە تەواوی دانیشتوانی ئەو شارە، تەواوی ئەو کەسانەی لە هەر نەتەوەو دین و مەزهەبێکن و لەو شارەدا دەژین و ئارامی ئەو شارە رادەگرن، بە ئاشتی و ئاسودەیی بێ کێشە چەندی ساڵ و سەدەیە پێکەوە ژیانیان کردوەو ژیان دەکەن. بەڵام حزبە میلیشیاکان بەدوای بەرژەوەندیەکی ترەون، لەسەر سەوداومامەڵەی سیاسی و ئابوری بەشاری کەرکوکەوە، لە پێناو داکوتانی پێگەی سیاسی و تاڵانی و داگیرکاری، ئامادەن رۆژانە هەزارن کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە بکەنە قوربانی مەرامەکانیان، بەناوی شەری کوردو عەرەب و تورکمانەوە.
ئەم ئاراستەیە تا زووە دەبێت بەری پێ بگیرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت، دەنا کارەسات بەدوای کارەسات رووئەدات.
گەرمی باسوخواسی بچوکردنەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئایندەی حکومەتی عێراقدا ئاشکرایەو شاراوە نیە، دۆخی سیاسی کوردستان لە ژێر کاریگەری ململانێیەکی سەخت و ناهەموارو خوڵقاندنی نائارامی زیاتردایە، لە هەمان کاتدا یاریکردن بە چارەنوسی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دیاردەیەکی بەرچاوی حاشاهەڵنەگرە، کە لەژێر کاریگەری ئەو ئاراستانەی ئەمریکاو ئێران و تورکیدایە، کە لە ناوچەکەدا ململانێی لەسەر دەکەرێت، هەوڵدان بۆ ناوەندی کردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا نەخشەو مەسەلەیەکی سیاسی جدیە، کە لەو کەین و بەینەدا ئەگەری حساباتێک بۆ هێزەکانی بارازنی و تاڵەبانی چیان بەسەر دێت نەکراوە، کەجگە لە ملکەچ کردنی زیاتریان بۆ ئەو نەخشەی ناوەندی بونەوەی حکومەتی عێراق، تا ئێستا رێگایەکی تر نەخراوەتە بەردەمیان، قەبولکردنی ئەم ملکەچیە، سنوردارکردنیکی گشتی و قورسە کە بە سەر ئایندەی حکومەتی هەرێم و هێزە چەکدارەکانی بارزانی و تاڵابانیدا دەسەپێنرێت، لەم بارەیەوە ئەوەی لە جوڵەکانی بارزانیدا دەبینرێت، تەنها پەرچەکردارێکە لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی هێزەکەی لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا، لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر بەهایەکی نائیسانیش بێت، هاوکێشەی سیاسی بە قازانجی هێزەکەی بگۆرێت، بۆیە لەم بارەیەوە ئەو هەنگاوانەی بارزانی وەک مانۆرێک نیشانیان ئەدات، لەلایەک زیاتر خەریکی نائارام کردنی دۆخی شاری کەرکوکە، تا لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا پێگەیەکی بالاتر نیشان بدات، لە هەمان کاتدا بەڵکو لە هەڵبژاردنەکانی شاری کەرکوکدا دەستکەوتێکی زیاتر بەدەست بهێنێت. لەلایەکی تریشەوە خەریکی هەڵخراندنی خەڵکی دهۆک و هەولێرە بەناوی خۆپیشاندان، لە نمونەی کارەکانی موقتەدا سەدر دوبارە دەکاتەوە، کە کاتی خۆی موقتەدا سەدر لە شارەکانی عێراق و لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا ئەو کارەی کرد و سەرکەوتوش نەبو، ئێستاش کاریکاتوری دوبارەبونەوەی ئەو کارە لەلایەن بارزانیەوە لەشارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆێدا، بێ ئاکام و بەزیان بۆ هاوسەنگی هێزەکەی دەمێنێتەوە.
ئەم کارانەی بارزانی لە کەرکوکدا هەوڵی بۆ ئەدات جگە لە پێکهێنانی گێژاو دۆخێکی نائارام دەستکەوتێکی بۆ هێزەکانی پارتیش نابێت. ئەوەی جێگای سەرنجە تەواوی هیزەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمدا، تا ئەو ئاستە هۆشداریان دەخنە سەر ئەم کێشانە، کە ئاخۆ بارزانی ئەتوانێ ئەم پروسیە بەسەرکەوتن تیدەپەرێنی، یا لە بەرامبەر شکستێکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە، هەر لایەنێکش لە چوارچیوەی بەرژوەندیەکانی هێزەکەیەوە چاوەروانی ئاکامی دیاردەکانی ئەم کێشمەکێشە دەکات. بە تایبەتی تاڵەبانی بەئومێدی چاوەروانی شکستێکی گەورەی بارزنیە، پێی وایە بەم بە شکستە لە مەیدانەکەدا هەلێک بۆ هێزەکەی فەراهەم دەبێت، بەڵکو بە وەرچەرخانێک دەرگایەک بۆ رزگاربون لە قەیرانەکانی بکرێتەوە، بەم شێوەیە بۆتەواوی حزبەکانی بەشدار لەدەسەڵاتدا، بەرژەوەندی پێگەو نفوزی حزبەکانیان پێش هەمو شتێکە، بۆیە هەڵگیرسانی ئاگری شەری قەومی، بەرێگای رزگاری ئەو قەیرانەی دەزانن کە بزوتنەوەی کوردایەتی دەرگیری بووە.
لەمەش سەیرتر قسەکانی لاهور جەنگیە بۆ خەڵکی کەرکوک، کە پێیان دەڵێت ئەم شەرە مەکەن چونکە کورد پشتیوانی نیە، عەرب و تورکمان پشتیوانیان هەیە، واتە لاهور دژ بەشەری کورد و عەرەب و تورکمان نیە، هەرکات کورد توانی و پشتیوانی بۆ پەیدا بو، هەرچی عەرەب و تورکمانە لەو شارە دەریان دەپەرێنێت.
دانیشتوانی کەرکوک لەدەرەوەی شەری حزبەکان، یەک رێرەوی دروست و ئینسان دۆستانەیان هەیە بۆ دەرباز بون لەم قەیران و گێژاوەی بەدەست حزبەکانەوە دەرگیری بون، ئەویش دەرپەراندنی تەواوی هێزە میلیشیاکانە لەو شارەو گرتنە دەستی بەرێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی هەڵبژێردراوی دانیشتوانی شارەکەوە، بەبێ جیاوزیکردن و ئیمتیازدان بە هەر نەتەوەو دین و تایئفەیەک.