١٣حزب لە لیستێکدا چیان پێدەکرێت؟

عوسمانی حاجی مارف
  2023-07-21     1071

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ 11 حزب و لایەنی سیاسی دیكە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێکی فراوانیان ڕاگەیاندوە بۆ، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستاندا. گوایە ئەم لیستە بۆ ئەوەیە تابتوانن لەو هەڵبژاردنەدا "زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن و مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن". هەروەها داوا لە هەموو حزبە کوردستانیەکانی تریش دەکەن هەوڵبدەن لە زووترین کاتدا یەک لیستی کوردستانی پێکبهێنن.

ئەو هەلومەرجە سیاسیە نالەبارەی کوردستان و ئەو قەیرانەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەستیەوە دۆشداماون، ئەتوانین بڵێین؛ یەکەم: ئەم جۆرە لیستانە بە هانایانەوە نایەت و قەیرانەکەیان زیاتر دەبێت، چونکە ناتوانن پێگەی نفوزی سیاسیان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمدا، بەدوای ئەو شکستەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێیکەوتن، بە پێکهێنانی لیست بۆ هەڵبژاردن قەرەبو کەنەوە، چونکە ئەوان لە مانۆڕی هێزی سەربازیدا دۆڕاندنی خۆیان ئابڕوبەرانە نمایشکرد، بۆیە بەم  لیستەو بەم هەڵبژاردنە جێگای ئەو شکستە پڕناکەنەوە. دووەم: پارتی ئامادەنیە بچێتە ناولیستێکەوە گەر دابینی تەواوی ئەوە نەکات، کە خاوەنی ئەسڵی ئەو لیستە دەبێت هەر خۆی بێت و بەشی شێریش هەر مافی خۆی بێت. سێیەم، حزبە کوردیەکان بۆخۆیان لەبەردەم هەڵبژاردنی هەرێمدا تیا ماون، چونکە هیچ ڕۆشناییەک ئەوە نیشان نادات، بەوەی کە ئایا دەتوانن هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام بدەن؟. چوارەم: هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق لەباری بەڕێوەبردنی ئەوناوچانەدا هەنگاوێ زیاتر لەپێش هێزە کوردیەکانەوەن،بەمەش تاڕادەیەک دەتوانن لایەنە کوردیەکان تەریک کەنەوە.

گەر لەمانەش گەڕێین، ئەو بەشە لە ڕاگەیاندنی ئەو ١٣حزبە کە دەڵێن بۆئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین و "مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین"، ئەم پاساو هێنانەوەیە بە ناوی پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، جێگای تێرامان و سەرسوڕهێنەرانەی جدیە، بەدوای سی ساڵ زیاتر لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کام ماف، کام شکۆ، کام خواستی خەڵکی کوردستان پارێزراوە؟ گەر وایە فەرمون با بۆمان بژمێرن، ئاخۆ لە ئێستادا و بە لیستێکی ١٣حزبی ملکەچ و بێدەسەڵات لەبەردەم دەرگای حکومەتی عیراقدا، ئەبێ چی گۆڕدرابێت و چی ڕویداوە؟، تا ئومێد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ببەستن.

ئەم جۆرە لیستانە، جگە لە نمونەی سەوداو مامەڵەیەکی بازرگانی کە ئەو حزبانە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەیکەن، شتێکی تر نیە، تەنها بۆ دەستکەوتێکە بەڵکو لە ناو بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی پارێزگادا بەدەستی بهێنن، کە جگە لە شەراکەت لە گەندەڵیدا هیچ سودێکی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە تیا بەدی ناکرێت.

ئەو حزبانەی چونەتە ناو ئەو لیستەوە بەگشتی پاشکۆ بون و پشتیوانیانە بۆ سیاسەتێک کە یەکێتی نیشتمانی پەیڕەوی دەکات و لەهەوڵی ئەوەدایە ئاستی هاوسەنگی هێز بەم ڕێگایانە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستای کوردستان و قەیران و گێژاوێک کە یەکێتی بەسەری دەبات، بەم جۆرە یاری و مامەڵەیە هەرگیز ناتوانێت هەڵسێتەوە، بۆیە لەوەش سەیرتر ڕێڕەوی کاری ئەو دوانزە حزبەی ترە، کەچونەتە گەمەی ناو ئەم لیستەی یەکێتیەوە، دیارە ناتوانن یا نایانەوێت دەستبەرداری ئەو واقعە شکستخواردوەی پارتی و یەکێتی بن، کە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەسەریاندا سەپێنرا، بۆیە وا بەئاسانی و بێپەردە و دوای ئەزمونی سی ساڵ زیاتر، بەدوای فەرمانەکانی یەکێتیەوەن، واتە ئەو حزبانە بەهەر ئەگەرو قەیران و گێژاوێک ڕوبەڕوبن، تەنها لەهەوڵی ئەوەدان دوکانەکەیان دانەخرێت.

هەڵبەتە با چاوەڕوان بین بزانین پارتی لەم کەین و بەینەدا چ مامەڵەیەکی تر دەکات، ئەو پارتیەی کە تائێستا نەیتوانیوە شكۆی شکستخواردنی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا بگەڕێنێتەوە. ئەوەی ئاشکرایە کە پارتیش شتێکی پێشڕەوتر لە لیستی ئەو ١٣حزبە، ناتوانێ ئامادەبکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×