سوپاسیان بکەن: هێمن مامەندەکان!
د.هەژار مهعروف
2020-04-11   778
لە هەمو وڵاتانی دنیا زۆرینەی خەڵک لە جۆری کەسێتی و سروشت و ڕەفتاری
ڕۆژانە و هەست و بیرکردنەوە و ئاستی زیرەکیاندا لە ئاستێکی ناوەند دان، واتە نە
زۆر توندڕەو و گەرم و تاوسەندو و بەهرەدار و زیرەکن، نە زۆر نازیرەک و سست و خاو و گوێپێنەدەر و کەمکار و گۆشەگیرن.
ئەم زۆرینەیە دەیانەوێ بێ سەرئێشەی زۆر و گێرمە و کێشە و بێ مەترسیی ئەوەی
خۆیان و خۆشەویستانیان توشی ئازار و گرتن و کوشتن و زیانەکانی تر بن ، ژیانێکی
ئارام بەسەربەرن، ئەم زۆرینەیە سەری خۆیان کزدەکەن و ژیانی خۆیان دەبەن بەڕێوە بە
مەرجێک دەسەڵاتی سیاسی ژیانێکی ئابوریی ناوەندیان بۆ دابین بکات کە ماڵێکیان هەبێت
تیا بحەسێنەوە ، برسی و بێئیش نەبن ، کە کێشەیەکی تەندروستیان هەبو ئەوەندە
پارەیان هەبێت لای دوکتۆر چارەسەری باش وەربگرن ، هەروەها بڕێک ئازادی و بڕێک ڕێز
و شکۆی ئینسانیان هەبێت و نایەکسانی و نادادپەروەری ئەوەندە زەق و ڕەپ و زۆر نەبێ .
بەڵام لە هەمو وڵاتەکانی دنیا بە
کوردوستانی خۆیشمانەوە کەمینەیەکیش هەیە لە تاکەکان کە لە کەسێتی و هەست و سۆز و
بیرکردنەوەیان مرۆڤی جیاوازن لەو زۆرینە بێدەنگ و ڕازیە، ئەمانە دەیانەوێ ژیان
خۆشتر بێت، جوانییەکان جوانتر بن، بەکەم ڕازی نین، خەیاڵیان بار و دۆخێک دەبینێ کە
لێوانلێوە لە دادپەروەی و یەکسانی و جوانی، ئەمانە هەست بە ئێش و ئازاری ئەوانی تر
دەکەن ، لە زۆرینە بێدەنگەکە زۆرتر هەست بە زوڵم و بێدادی و دزی و ناپاکیی
دەسەڵاتداران دەکەن، وزەیان زۆرترە ، ئازاتر و بوێرترن، ناباون، دژەباون ، لە ڕیز
و پۆلەکان دێنەدەرەوە، سەرکەشی دەکەن و هەندێکیان گوێنادەن بە مردن و زیندان.
بە نمرە و پلەی جیاواز ئەوە تاکەکانی ئەم کەمینەیەن لە کۆمەڵدا کە ڕۆڵی
هەوێن و بەهارات و بزوێنەر و ڕاچڵەکێنەر و بەرەوپێشەوەبەری کۆمەڵ دەبینن نەک ئەو
مرۆڤە تاکانەی هەر (بەڵێ قوربان و بەڵێ گەورەم) دەکەن و کوێرانە گوێڕایەڵی
دەسەڵاتداران دەکەن و ناتوانن لە قاوغەکانی خۆیان سەردەربێنن. هەمو ناودارەکانی
دنیا لە هونەرمەرند و زانا و ئەدیب و سیاسی و پێشەوا ئاینیەکان و سیاسیە گەورەکان کان
سەر بەم کەمینەیەن، ئەگەر ئەم کەمینەیە نەبێت ژیان بێتام و بێزاری وخۆڵەمێشیە و
پێشکەوتن نابێت. تۆلستۆی موڵکدارێکی زۆر گەورە بو وازی لە موڵکەکانی هێنا و بە
هەژاری مرد، کۆپەرنیکۆس بەرەنگاری هەمو پێشەوا مەسیحیە دەسەڵاتدارەکان بۆوە و وتی زەمین خڕە و بەدەوری ڕۆژدا دەخولێتەوە. ئەم
سەرۆکانەی خوارەوە هەمویان کەسێتی و میزاج و خو و هەست و بیرکردنەوەیان زۆر زۆر لە
زۆرینەی ولاتەکانیان جیاواز بو: ئەبراهام لینکۆلن، فرانکلین ڕۆزڤێلت ، کەنەدی ،
چەرچل، گاندی، هوگۆ چاڤێز.
لە هەرێمی کوردوستانیش هەر ئاوایە. ئەبوبەکر عەلی و سەردەشت عوسمان و
سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویداد حسەین و شەهیدانی تری ڕێگای ئازادی و
دیموکراسی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ سەر بەم کەمینەیەن کە هەرگیز بە هەڕەشە و گرتن و کوشتن دواییان نایەت و جێگاکانیان
پڕدەبێتەوە ، ئەمە یاسایەکی دنیاگیری سروشتیی خۆزایە. بێگومان (هێمن مامەند) ی ڕۆژنامەنوسی ئازا و ویژدان زیندوش کە
چەند هەفتەیەکە بێ هیچ گوناهێک و بە شێوەیەکی نایاسایی لە هەولێر زیندانیکراوە سەر
بەم کەمینەیە و دەبێت هەرچی زوترە ئازادبکرێت و داوای لێبوردنی لێبکرێت و زیانە
ماددی و مەعنەویەکانی بۆ ببژێرنەوە.
با دەسەڵاتداران دڵنیابن هەتا لەم هەرێمەدا ئاوا نایەکسانی و نادادپەروەری
و گەندەڵی و شمشێر حوکم بکات، لە ناو منداڵدانی دایکی میهرەبانی ئەم کوردوستانە
هەزاران (هێمن مامەند) هەن یا لە پرۆسەی گەشەکردندان.