دادوەری ئاسایش‌و من، شاسواریش؟

د.هەژار مه‌عروف
  2019-05-17     1745
"هەلاو، د۰ت۰م۰ سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردوستانت لەگەڵە، د۰هەژار  چیت کردوە ؟          
بەتۆمەتی ئەوەی تۆ بویتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، بەخەتی سور فەرمانی گرتنت لەهەولێرەوە لەسەر داوای دادگای شاری ک۰ بۆ دەرچوە  فریای خۆت نەکەویت هاکا کەلەپچەیان کردە دەستت".

پێش ئەم تەلەفونەی د.ت.م. پیاوێک لەماوەی مانگێکدا سێ جار بەتەلەفون داوی لێکردم بچم لەدادگای ک. ئیفادە بدەم لە مەڕ مژاری س. کەسەکە وەک کارمەندێکی ئاسایشی شاری ک. خۆی بە من ناساند، بەڵام من بەچیدا بزانم وایە؟ 

س. نەخۆشێکی خۆم بو لە سەر مادەی هۆشبەر گیرابو ، پێش چەند مانگێک لە سەر داوای باوکی و وەک ئەرکی دوکتۆریی خۆم  ڕاپۆرتێکی پزیشکیی دەرونیم دەربارەی س. نوسیبو، باوکی ڕادەستی دادوەری کردبو. من هەر سێ جارەکە بە تەلەفونکەرەکەم دەوت بە پێی یاسا دادگا دەبێت بەڕەسمی ئاگادارم بکات، لەجاری سێهەمدا پێم وت ژمارەی تەلەفونی دادوەرەکەم بدەرێ با تەلەفونی بۆ بکەم،وتی نابێت، پێم وت دە ژمارەکەی منی بدەرێ با ئەو تەلەفونم بۆ بکات، وتی ئەوە ش نابێت، منیش وتم دە منیش هەتا بەڕەسمی ئاگادار نەکرێم نایەم. 

ئەڵبەتە جەنابی دادوەر دەیتوانی لە لایەن دادوەرێکی ترەوە لەبری خۆی ئیفادەکەم کە لەسەر ڕاستاندنی ڕاپۆەرتە دەرونیەکە بو هەر لە سلێمانی وەربگرێت، دیارە بۆ خۆسەپاندن و ئازاردانی من ئەمەی نەکرد و وەک تۆڵە فرمانی گرتنمی لە هەولێرەوە دەرچواند بە تۆمەتی ئەوەی گوایە من نامەوێ ئیفادە بدەم لەکەیسێکدا کە پەیوەندیی بە(ئاسایشی نەتەوەیی کورد) ەوە هەیە! فرمانی گرتنەکە ناچاری کردم  بچمە بەردەم جەنابیان لە دادگای ک. 

ئەو خۆی هیچ دەربارەی ڕاپۆرتەکەم پرسیاری لێنەکردم !هەر ڕەخنەی ئەوەی لێگرتم کە بۆچی بە تەلەفونەکان نەهاتوم، بە کەفالەتی دو ملیۆن دینار نەیانخستمە زیندانەوە۰ دواتر دەرکەوت حوکمی گرتنەکەی من ناڕەوا و یاساشکێنیەکی لە سەدا سەد بوە، بە هەوڵی شێلگیرانەی هاوڕێی هێژام (حاکم ڕزگار محمدئەمین) کە یەکەم دادوەری دادگاییکردنی سەدام بو، دو ملیۆن دینارەکەیان بۆ گەڕاندمەوە و  کەیسەکەی منیان داخست.

تۆ بڵێی لەکەیسەکەی شاسوار عەبدولواحیدی نەوەی نوێ‌و موچەخۆرەکانی، وەک کەیسەکەی من، لەلایەن دادوەری ئاسایش‌و لێکۆڵەرانی ئاسایشەوە یاساشکێنیی گەورە نەکرابێت؟ بەڕاست دادوەری ئاسایش کەسێکی بێلایەنە؟ کێ دایدەنێ؟ لەسەر بناغەی کام  پسپۆڕی و کام توانای کەسێتی دادەنرێ؟ کێ چاودێرە بەسەریەوە؟ باشە ئەگەر ڕەپ و ڕەوان و دیکتاتۆریانە دادوەرێکی نادادوەر و نادادپەروەر بە فرمانی نهێنیی  حیزبی دەسەڵاتدار کە ئەوی ناشایستەی بە ناحەق کردوە بە دادوەر، حوکمێکی ناڕەوا و یاساشکێنی بەسەر هاوڵاتتیەکدا  دەرکرد کێ بەرگری لەو هاوڵاتیە بکات و چۆن؟ ئەی کێ لێپرسینەوە لەو دادوەرە بکات؟ بەڕاست دادوەر لەسەر هەڵەی گەورەی یاسایی و حوکمی زاڵمانە و یاساشکێنانە دادگایی دەکرێت؟

فایلی هەزاران کەیسی دادگا چەندین ساڵە بڕیاریان لەسەر نەدراوە و تۆزیان لەسەر نیشتوە،هاوڵاتی متمانەی بەدەسەڵاتی دادوەری نەماوە بۆیە دەبینین زۆرینەی کێشە و گرفتەکانی نێوان خەڵک لە دەرەوەی دادگاکان چارەسەر دەکرێت.

لەهاوین‌و پایزی ۲۰۱۸ بەنیوەنهێنی‌و دور لەچاوی ڕاگەیاندنەکان پارتی و یەکێتی کودەتایەکی یەکلاکەرەوەیان کرد بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا، ئەوەبو  هەمو پۆستە گرنگەکانی دەسەڵاتی دادوەری ودادگاکانی تێهەڵچونەوەو ‌ پیاچونەوە (تەمییز) لەشارەکانی هەرێم نیوەبەنیوە لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد، لەم کودەتایەدا کەسێک کە لەسەردەمی ڕژێمی سەدامدا کادیری باڵا (نصیر متقدم) ی حیزبی بەعس بوە کرا بەسەرۆکی یەکێک لەدادگاکان، ئیتر ناحەقی خەڵک بگرین کە بڕوای بەدادگاکانی کوردوستان نەمابێ؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×