لە کوردستان هەڵبژاردن بردیەوە!

د.هەژار مه‌عروف
  2024-10-23     160

مرۆڤایەتی هەرچی ڕێگا هەیە تاقییکردەوە بۆ ڕێخستنی ژیانی گشتی. کە پاشاکان وەجاخکوێر دەبون ، خەڵکی کۆبۆوە لە  ناوەڕاستی شاردا لێدەگەڕان باڵندەی هوما بەسەر هەر کەسێکەوە بنیشێتەوە و دەیانکرد بە پاشا، کە جێنشینی سوڵتانەکانی عوسمانی لە کوڕێک زیاتر دەبون، کامیان دڕ و دڕندە و زیاترین تینوی دەسەڵات بوایە ئەوانی تری بە شێوازی جۆرا و جۆر و فڕوفێڵ و بێبەزەییانە لە ناودەبرد یا لەکۆڵ خۆی دەکردنەوە بە دورخستنەوە و زیندانی هەتاهەتایی.     کە وردە وردە سەردەمی پاشاکان بەسەرچو حیزبە سیاسیەکان دروستبون و کەوتنە گرتنە دەستی دەسەڵات بە کودەتای سەربازی لە پاشا و قەیسەر و مەلیکەکان یا بە ڕاپەڕینی جەماوەری، ئینجا دوای چەند ساڵێک خۆیان دەبون بە دەعبایەکی نوێ کە ناویان لێنا دیکتاتۆر و زۆر جار دیکتاتۆرەکانی وەک هێتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین وکەمال ئەتاتورک و قەزافی و سەدام و نومەیری وكیم یۆنگ ئون....لە پاشا و سوڵتان و قەیسەر و مەلیکەکان خوێنڕێژتر و نادادپەروەرتر دەردەچون و خەڵکی وڵاتەکانیان بە حەسرەت و ئاهکێشانەوە دەیان وت  خۆزگەم بە کفندزەکەی پێشو!

ئینجا مۆدەی ڕابەری ئاینی ومەزهەبی هاتەگۆڕێ و دەسەڵاتدارە ئاینیەکان خۆیان ناونا خەلیفەی مەعسوم لە گوناه و جێنشینی خودا و ئەسحابە و پێغەمبەرەکان و لەم دەعبا دڕندە کۆن – تازانە وە لافاوی شەڕە ئاینی و مەزهەبەکانی ناو ئیسلام خۆی و نێوان ئیسلامی جیهادی هەردو باڵی شیعە و سونی لە لایەک و ئیسرائیل لە لاکەی ترەوە دروستبو، ئەمانە بێ ئەوەی پرس بە گەلەکانیان بکەن زۆر بێبەزییانە لە شەڕی خوێناوی و وێرانکەریان گلاندن کە تائێستا بە دڕندانەترین شێوەی نوێی چەک بەردەوامە!

تا ئێستا ئەو شێوازی حوکمەی لە جیهانی ڕۆژاوا بە تایبەتی لە ئەوروپای ڕۆژاوا و وڵاتانی سکەندەناڤی لە پرۆسەیەکی مێژویی پڕ ژان و ئاژاوە و چەندین شەڕی کورت و درێژخایەن هاتۆتەکایە و گەشەی بەردەوامی کردوە، لەگەڵ هەمو کەموکورتیەکانی، هێشتا باشترین شێوازی حوکم و بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیە. ئەڵبەتە لەو وڵاتانە هەڵبژاردن بوەتە کولتورێک چونکە لە هەمو جۆر و ئاستەکانی ژیانی گشتی ساڵانە یا هەر چەند ساڵ جارێک بێ دواخستن بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سەرتاسەریی هەمو وڵات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە فیدرالیەکان و ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاکان، هەڵبژاردنی سەندیکا و سەرکردایەتیی حیزبەکان و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی و کۆمپانیا و بانک و.....  تەنانەت پاپای فاتیکانیش بە هەڵبژاردن دەچێتە سەر کورسیی پاپایی.

بۆیە زۆر گرنگە هەمو تاکێکی هەراشی گەلەکەی ئێمەش زانیاریی سیاسیی هەبێت لە سەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵات و حیزبە سیاسیەکان، دەزانم و ناحەقیشمان نیە! کە ئیمڕۆ لە هەرێمەکەمان سیاسەت و حیزبایەتی و  بە تایبەتی کەسی حیزبی خەڵک بڕوای پێیان نەماوە و هەوڵ دەدات دوربێت لێیان، بەڵام ئەمە ڕاست نیە چونکە هەمو شتێکی ژیانی ڕۆژانەمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی بە سیاسەتەوە هەیە و کەمترین شتێک کە دەبێ وەک ئەرکێکی سەرشانت بیکەیت چونتە بۆ دەنگدان لە هەمو جۆرەکانی هەڵبژاردندا.

دەست دەگرم بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات ناخوا، کڕین و بەکاربردنی پێویستیە شمەکیەکانی ژیانی ڕۆژانە و پاڵدانەوە لە قەنەفەکەت دا و سەیرکردنی زنجیرە کۆری و تورکی و ....یا چەپڵە و حەسرەت و هەڵچون بۆ یاریەکانی بەرشە و ڕیال مەدرید و...بەس نین، حەیفە ژیانت ئاوا تەنگ و تەسک و خۆڵەمێشی و ڕۆتینێکی چەندبارەبۆوەی بێ چێژ بێت! 

دەزانم لە هەرێمەکەماندا دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ناو پەرلەماندا نیە، بەڵام یاساکان لەوێوە دەردەچن و ئەگەر پەرلەمان خەڵکی دڵسۆز و پسپۆڕی بەتوانا و ڕۆشنبیری زۆری تێدابێت ئەوا یاسای باش دادەنێن کە دەبێتە بناغەیەکی مکومی حکومەت و بەدیهێنانی دادپەروەریی ئابوری و گشتی.

بەدوری نازانم پارتە دەسەڵاتدارەکان فڕ و فێڵ و دزی و گزیان کردبێت، بەڵام لە چاو هەڵبژاردنەکانی تردا ئەم جارە کەمتر بون

خۆشحاڵم کە لە هەڵبژاردنی ۲۰ی۱۰ی۲۰۲٤ دا بەشداربوم و بینیم بەشداربوان زۆر بون، ئارام و هاوسەنگ بون، هیچ شەڕ و پێکادانێک ڕوی نەدا، بە ڕاستی سەلماندمان ئینسانی کورد مەدەنیە و ژیاندۆستە و توانای پێشکەوتنی زۆری تێدایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×