تەنها ! وەک پزیشکێک !
د.هەژار مهعروف
2021-10-13   705
گیراوانی بادینان بە پێی ڕای زۆربەی
چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕانی یاسایی و ڕۆژنامە نوسانی خۆماڵی و بێیانی ، کەیسێکی
سیاسیە کە تێیدا سەرەتاییترین مافە یاسایی و مافە گەردونیەکانی مرۆڤ
بە شێوەیەکی ڕون و ئاشکرا و بێباکانە پێشێل کراوە .
ئەگەر ئەو دەسەڵاتە حیزبیە ڕق و
کیناوی یەی ئەو کەسە بێتاوانانەی گرتوە بپرینگێتەوە لە کوشتنی هەندێکیان بە شێوازی
هەواڵگریی فڕوفێڵاوی و ناجوامێرانە، هێشتا من وەک پزیشکێک نیگەرانی و ترسی ئەوەم هەیە
هەندێک لەو زیندانیانە بەم هۆیانەی خوارەوە لەناوبچن و بمرن:
١ . مانگرتن لە
خواردن و خواردنەوە تا مردن. مرۆڤ کاتێک ئازیزترین ئازیزەکانی کە ئازادیە بە ناحەق
لێی دەسەنرێ ، هیچ دور نیە توشی خەمۆکیی توند بێت و ئەوەندە لە ژیانی ناو
زیندان بێزار بێت کە لەڕێی مانگرتنەوە کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێ وەک جۆرێکی
خۆکوشتن.
٢ . خۆ کوشتن بە
شێوازەکانی تر بە تایبەتی کە پاراستنی زیندانیان لەم مەترسی و ئەگەرە لە
زیندانەکانی کوردستاندا وەک پێویست نیە و گرنگیی پێ نەدراوە.
٣ . لە زیندانی
ڕژێمە نادیموکراتیەکان زیندانیە سیاسیەکان و پیاوکوژ و دز و جەردە و چەقۆکێشەکان
بەیەکەوە دادەنرێن بە مەبەستی لەناوبردنی زیندانیە سیاسیەکان لە ڕێیی شەڕ و هەرای زیندانیە
ناسیاسیە پیاوکوژ و بێبەزەییەکان.
٤ . هەوا و ئاو و
خۆراکی ناتەندروستی ناو زیندانەکان ، هەروەها شوێنی خەو و حەسانەوەی نەگونجاو
ژیانی هەمو زیندانیان دەخاتە ژێر مەترسیی مردن بە بەرکەوتنی میکرۆبەکان وەک
بەکتریا و ڤایرۆسەکان بەتایبەتی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا.
٥ . زیندانیەکان
وەک هەر کەسێکی دەرەوەی زیندانەکان توشی نەخۆشیی گەرم و کوتوپڕ دەبن وەک هەوکردنی
ڕیخۆڵەکوێرە کە بەهۆی گوێ پێنەدانیان و درەنگ گەیاندنیان بۆنەخۆشخانەی مەبەست
ئەگەری مردنی نەخۆشەکە بەهێزترە لەوەی لە ماڵی خۆیدا بوایە.
لە بەر ئەو مەترسیانە و بۆ پاراستنی
ژیانی گیراوانی سیاسیی بادینانی دەلال کە بە ناڕەوا و ملهوڕی گیراون، من ئەم دو
داوایەم هەیە :
١ . داوا لە لیژنەی
تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان دەکەم زو زو سەردانی ئەو گیراوانە
بکەن و لە گوزەران و تەندروستیان
بپرسن.
٢ . داوا لە
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەم وەک لایەنی ڕەسمیی بەرپرسیار و
بەڕێوەبەری زیندانەکان، بە هاوکاری لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی دا لیژنەیەکی
بەردەوام لە تەندروستکارانی (پزیشک، دەرمانساز، کارمەند و یاریدەدەری پزیشکی
) دڵسۆز و بەتوانا و ناحیزبی دروستبکەن کە بەرپرسیاری یەکەم بێت لە
تەندروستیی ئەوگیراوانە و چارەسەرکردنیان لە کاتی نەخۆشیدا.
بێگومان داوای بنەڕەتیی من وەک هی هەمو ئازادیخوازانی کوردستان ئەوەیە
کە گیراوانی دەربڕی هزر و ڕای ئازاد لە بادینان بەپەلە و دەسبەجێ و بێ هیچ مەرجێک ئازادبکرێن.
نازانم پزیشکانی کوردستان بە گشتی و
سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە تایبەتی وەک ئەرک و ڕەوشتی پزیشکیان بۆچی تا ئێستا
هیچ هەڵوێستێکی پیشەییان نەبوە دەربارەی مانگرتنی گیراوەکان لە خۆراک و ئاو کە دور
نیە ببێتە هۆی مردنی هەندێکیان؟