هاوهەستی و هاوسۆزی (Empathy)
د.هەژار مهعروف
2020-12-09   838
تۆ خۆت کرێچی نیت و پارەت بەشی
ساڵێک هەیە پێی بژیت، خۆت بخەرە شوێنی موچەخۆرێکی بچوکی کرێچی
کە پارەی پاشەکەوتی نیە وخاوەنی ٥ منداڵە، یا خۆت بخەرە جێی کرێکارێکی ژن و
منداڵدار کە گەر ڕۆژێ ئیشی نەبێت پارەی نیە خێزانەکەی بەخێوبکات، یا خۆت
بخەرە جێی دەرچویەکی زانکۆ کە پێنج ساڵە دەسی دەسیی پێدەکەن بۆ دامەزران و
هێشتا دانەمەزراوە و لە بازاڕی ئیشدا
هێشتا ئیشێکی بەردەوام و تێرکەری
دەست نەکەوتوە. باوکت پاسەوانێکی خانەنشینە و دو مانگە موچە کەمە کەمکراوەکەیان
نەداوەتێ و ڕۆژانە هاوپۆلەکەت بە فیزەوە بە وەنەوشەکەیەوە دێت بۆ
قوتابخەنەکەت و زانیاریت هەیە کە باوکی کۆنە جاش بوە و دوای ڕاپەڕین بەهۆی یەکێ لە
حیزبەکانی دەسەڵاتەوە
بوە بە ملیۆنێر. خۆت بخەرە جێی ئەو کوڕە هەرزەکارەی دایکی نەخۆشیی دڵی هەیە و
ئەگەر عەمەلیاتەکەی بە خۆڕایی لە نەخۆشخانەی حکومەتدا بکرێت دەبێت ٦ مانگ لە
سەرەدا چاوەڕێ بکات و لەوانەیە لەو شەش مانگەدا بمرێ و فریای عەمەلیاتەکە نەکەوێت ،
بەڵام ئەگەر بیست هەزار دۆلاری هەبێت ئەوا دەتوانێ بەو پارەیە لە ماوەی دو
هەفتەدا لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت عەمەلیاتەکە بکا و لە مردن ڕزگاری
بێت. ئەم نمونانە زادەی خەیاڵ نین و ڕۆژ نیە دەیان چیرۆکی وا نەبیسین و نەبینین.
ئیمڕۆ و ئەمێستا مرۆڤی بە شعور و
بەویژدان ئەگەر بە هاوسۆزی خۆی بخاتە جێی ئەو نمونانەی سەرەوە کە مشتێکن لە
خەرواری پتر لە چەند ملیۆنێک هاوڵاتیی زوڵملێکراو و برسی و بێئیشکراوی ئەم هەرێمە،
ئەوا دەبێت بە ڕەوا و دروست و پێویستی بزانێت کاتێک برسیان و چەوساوان و بێکاران ،
هەروەها تێرە بەویژدان و بەهەستەکان بە
شێوەیەکی ناتوندوتیژانە خۆپیشاندان بکەن ، تەنانەت ئەگەر دەسەڵات داوای ڕەسمیی خۆپیشاندانیانی قوبوڵ نەکرد.
زۆربەی بەشداربوانی
خۆپیشاندانەکانی لە ڕۆژی ٧ ی ١٢ ی ٢٠٢٠ وە دەستیان پێکردوە هەرزەکار و گەنجن . هەمو پزیشکێکی دەرونیی وەک من دەزانێت کە لە هەر سەد خۆ پیشاندەری ئاوا هەرزەکار و لاو و
مێرمنداڵ پێنج شەشێکیان پڕوزە و کەف و کوڵن و بڕێک بە توندوتیژیی زمانی و یا
تەنانەت توندوتیژیی جەستەیی داواکانیان و ئەوەی لە دڵ و دەرونیان پەنگخیواردۆتەوە
دەردەبڕن، لە دۆخێکی ئاوادا ئەوە ئەرکی ئاسایش و پۆلیسە ئەم جۆرە کەسە توندانە
هێور و ئارام بکەنەوە نەک لولەی تفەنگەکانیان تێبکەن و ئەوەندەی تر بیانهوروژێنن و
ڕقیان هەڵبسێنن، ئەمە یەکێکە لە هۆ گرنگەکانی هەڵمەتبردنی خۆپیشاندەران بۆ سەر
بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و دەسگا حکومەتیەکان. بۆیە من بە هەڵەیەکی گەورەی دەزانم
کە دەسەڵاتی کوردی کەسانی چەکدار دەنێرێتە سەر جادە بۆ بەرەنگاربونەوەی
خۆپیشاندانەکان کە لە بنەڕەتدا ڕەوا و دروست و ناتوندوتیژ و ئاشتیخوازن. دەبێت
کەسانێک بنێردرێن بۆ هەڵس و کەوت لە گەڵ خۆپیشاندەران کە ئاستێکی ڕۆشنبیریان هەبێت
و پێشتر خولی ڕاهێنانی تایبەت بەم بابەتەیان کردبێت و لە دارێک زیاتر بۆ بەرگری
لەخۆیان هیچ چەکێکی تریان پێ نەبێت. ناشرینترین دیمەن ئەوەیە کە چەکدارێکی حکومەتی هەرێم پەنجە لە
سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ناتوندوتیژ و بێچەک ڕاوەستاوە ،
وەک ئەوەی لە سەنگەر دا بێت بەرامبەر داعش!