بۆ سماقولی پردێکی جیاواز!
د.هەژار مهعروف
2019-04-02   1953
نەوەی نوێ ئێستا هەشت ئەندامی لەپەرلەمانی کوردوستانو ٤ ئەندامی لەپەرلەمانی عێراقدا هەیەو چەندین هەرزەکارو گەنجی نائومێدکراوو توڕە لەدەسەڵاتی پارتیو یەکێتی بەجۆشو خرۆشەوە خەباتی بۆ دەکەنو بوەتە جێگای ئومێدیان. گەنجانی کەمئەزمونی دڵخۆشکراو بە نەوەی نوێ بێئاگان لەوەی دەسەڵات بەدەستانی نەوەی نوێکەیان لەبەغداو کوردوستانو لەدەرەوەی وڵات کە لەگەڵ دنیای کرێشو پۆخڵی سیاسەت قسەدەکەن چیدەڵێنو نیازیان هەیە لەئایندەدا چی بکەن.
سوکان بەدەستانی نەوەی نوێ دەیانەوێ هەمو هەلەکان بقۆزنەوە بۆ زۆرکردنی لایەنگرانیان، وادیارە ئەوان لەناوەوەو لەدەرەوەی وڵات لەهیچ شێوازێکی کارو خەبات ناپرینگێنەوەو ناترسنو پێیان شەرم نیە کە بیگرنەبەر بۆ ئەوەی چمکێک یا هەمو دەسەڵات بەزوترین کات بگرنەدەست، بۆ نمونە کەس نەیبیستوە سەرمایەدارانی نەوەی نوێ موسوڵمانی نوێژکەر و ڕۆژوگربن کەچی لە ڕابوردودا بیستمان چۆن بە پارە کۆمەکی مەلا عەبدولەتیفی سەلەفییان کردوە بۆ درێژەدان بە ژیانی کەنالە تەلەفیزیۆنیە توندڕەوەکەی (ئامۆژگاری) .
زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتادا پەیمانی بەهەشت بەخەڵک دەدەن و دواتر قەزافی و ئۆردوگانیان لێدەردەچێ ، من هیوادارم سەرکردەکانی نەوەی نوێ وەک ئەوانە نەبن و وەک ئەوانەیان لێدەرنەچێ و خەڵکی کوروستان بەتایبەتی نەوەی نوێی نائومێدکراوی کورد نائومێدتر نەکەن!
پرد خۆی چەمکێکی پڕواتای جوانە، پرد بەسەر ڕوبارە هار و هەژاوەکاندا دەمانپارێزێت لە مەترسیی بڕینی ڕێگاوبانی نێوان گوند و شارەکان کە دەبێتە هۆی بڕینی پەیوەندیی ئینسانیی خەڵکەکانیان، پردەکان دەمانپارێزن لە ئاوبردن ، باوەڕداران بەسەر پردی (ٍصرات) دا دەپەڕنەوە بۆ بەهەشت.
پردێکی سەر ڕێگای سەرەکیی نزیک گوندی سماقولی بەهۆی لافاوی ئاوەوە گیراوە و بوەتە هۆی کێشەی زۆر بۆ خەڵکی ناوچەکە و بۆ هەمو ئەوانەی لەو ڕێگایەوە هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی دەکەن.
نەوەی نوێ بۆ ڕیکلام و پڕۆپەگەندا بە مەبەستی زۆرکردنی لایەنگرانی خۆی دەیەوێ ئەم هەلە بقۆزێتەوە ، بۆیە بۆ چاککردنی پردەکە تیمێکی ئەندازیاری دەنێرێ بۆ سماقولی.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە مەخابن عەقڵ و هزری سەربازی لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردوستان سەردەکەوێت و هێزێکی سەربازیی سەر بە یەکێتی دەنێردرێتە شوێنەکە و ڕەفتاری توندوتیژ و هەڕەشە دژی تیمەکەی نەوەی نوێ بەکاردەهێنێ و تیمەکە ناچاردەکات بە خۆیان و ئامێرەکانیانەوە بگەڕێنەوە سلێمانی.
ئاوا یەکێتی یارمەتیی نەوەی نوێی دا کە سەرکەوتو بێت لە بەدەستهێنانی هەست وسۆزی بینەرانی تەلەفیزۆنەکەیان (NRT) کە هەمو ڕوداوەکەی بەزیندویی دەگوازتەوە.
باشە نەدەکرا لە بری ئەوەی هێزێکی سەربازیی پڕچەکت نارد بۆ قەدەغکردنی تیمەکەی نەوەی نوێ لە چاککردنەوەی پردەکە ، تۆش تیمێک لە چەند کەسێکی بێچەکی هاوسەنگ و ئارام و پسپۆڕ لە ڕێگاوبان بنێریتە لای تیمەکەی نەوەی نوێ و سوپاسیان بکەیت بۆ هەستی بەرپرسیارێتیان و دەربارەی چاککردنەوەی پردەکە وتووێژی پیشەییان لەگەڵ بکەیت ؟
ئینجا هەمو دەسگا و ئامێرە کانیان بە لیستە لێوەربگریت و لەگەڵیان ڕێکبکەویت کە ئێستا بگەڕێنەوە سلێمانی و لە زوترین کات دا ئاگاداردەکرێن کە بگەڕێنەوە سماقولی بە مەبەستی چاککردنەوەی پردەکە بە کاری هاوبەش لە گەڵ تیمێکی هونەریی ڕەسمیی سەر بە حکومەتی هەرێم.
کارێکی شارستانیی ئاوا بە تایبەتی لە سماقولی کە سنوری نێوان دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە هێما و واتایەکی قوڵی دەبەخشی بە چەمکەکانی نیشتمان و گەلی کورد و حکومەتی یەکگرتوی هەرێمی کوردوستان و پێکەوەژیانی ناتوندوتیژی نێوان حیزبەکانی کوردوستان.
(چارلس داریۆن) لە کتێبی بەناوبانگی (ڕەچەڵەکی چەشنەکان) لە باسکردنی پێڤاژۆی دورودرێژی گەشەکردنی زیندەوەرە سەرەتاییەکان بۆ مرۆڤ دەڵێت (مانەوە بۆ بەهێزەکانە)، من دەڵێم نەخێرمانەوە بۆ عاقڵ و هاوسەنگەکانە!