کچەکەم ژن بێت یان ڕوسور؟

د. ڤیان فه‌ره‌ج
  2019-03-28     1566
به‌و هه‌نگاوانه‌دا ده‌چمه‌وه‌ مێژومیان دروستكرد، هه‌میشه‌ پێ هه‌ڵگری هه‌نگاوه‌كانی خۆمم، ناتوانم لاسایی كه‌س بكه‌مه‌وه‌، چون من خۆمم. له‌ناو ته‌نهای خۆمدا مه‌له‌ ده‌كه‌م‌و هه‌ندێجار ده‌چمه‌ ناو سه‌دای ئه‌و یادانه‌ی وه‌ك بروسكه‌ ژنێتم راده‌چڵه‌كێنن، بیری كچێتیم ده‌كه‌م‌و پاشان شانازی به‌ژنێتیمه‌وه‌ ده‌كه‌م.

ژنبون، لای ئێمه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و چه‌ند دڵۆپه‌ نه‌گریسه‌ی خوێن كه‌ له‌دامه‌نی كچگه‌لێكی سه‌رو ٩ ساڵه‌وه‌ ده‌ڕژێ له‌شه‌وی گواستنه‌وه‌یاندا. له‌لڤین خوێندمه‌وه‌، كچۆڵه‌یه‌كی ٩ ساڵ یه‌كه‌مین شه‌و گیانی سپارد چون مێرده‌ دێوه‌زمه‌كه‌ی بۆری ره‌حمی ته‌قاندبو له‌كاتی (لاقه‌كردن)یدا. 

(دونیا)ی بێده‌ره‌تانیش له‌ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیدا هێشتا له‌هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی هه‌ڵماقۆكانیدا بو كه‌ له‌سه‌ر شه‌ره‌ف خوێنی رژێنرا! 

من نازانم بۆچی ژنبون هێنده‌ واتایه‌كی سوك و بێ به‌هاو سه‌نگی هه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگا داڕماوه‌كانی رۆژه‌ڵات و ئێمه‌دا.!؟ 

تێناگه‌م كچۆڵه‌یه‌كی ٩ ساڵان ده‌بێ چی له‌ژنایه‌تی بزانێ تا ببێته‌ سێبه‌رێكی به‌هێز بۆ مناڵه‌كانی؟ ئه‌ی چی ده‌توانێ فێری مێرده‌كه‌ی بكا؟ كام وانانه‌ن ده‌توانێ به‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بدا؟، ماڵی خه‌زورانی كامه‌ن ئه‌و كواڵیتی و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌وه‌وه‌ فێری ده‌بن و ئه‌م چی له‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێ؟ چۆن ئیراده‌یه‌كی ده‌بێت له‌و كاتانه‌ی خه‌ریكه‌ مێرده‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێر مل ده‌نێ؟ ده‌ی خۆ پرسی ئه‌قڵی ژن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه‌دا له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌ كلتوری كوردیدا بونی هه‌یه‌! چه‌ندین جار بیستومانه‌ ژنگه‌لێك بون توانیویانه‌ ببنه‌ كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی ماڵه‌كانیان به‌ بون و نه‌بون شیرازه‌ی ماڵیان نه‌خش كردوه‌؛ ئه‌ی ئه‌و كچۆڵه‌ لاقه‌كراوانه‌ی ژێر ١٨ ساڵی ده‌بێت له‌كوێی ئه‌و هاوكێشانه‌دا بن؟


به‌پێوه‌ری من ژنایه‌تی یان ژنبون په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نه‌ فیزیكیه‌كه‌ی ژنه‌وه‌ نیه‌، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی دۆستایه‌تی و رابیته‌یه‌كی زۆر به‌هێزی نێوان لایه‌نی سایكۆلۆژی و سلوكیی مێینه‌یه‌. ژنایه‌تی ئه‌و گوڵمه‌زه‌ پڕ له‌ كێشه‌یه‌یه‌ كه‌ خوێنی بۆ ده‌ڕژێو خوێنی بۆ ده‌درێ، له‌كاتێكدا ده‌توانێ خۆی چاره‌كه‌ری هه‌مو گرفته‌كان بێ!

ژنایەتی ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌یه‌ كه‌ كوره‌ی ئاگر و ئاژاوه‌كان خامۆش ده‌كا، كاسه‌ی به‌تاڵ پڕ ده‌كاته‌وه‌ به‌ حیكمه‌ت و خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌شه‌ی و هه‌رزه‌كارێتی په‌روه‌رده‌ ده‌كا و بۆ كه‌ناره‌كانی پێگه‌یشتن و ئارامی دەیانبات.

هه‌مو جار له‌خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كچم بو له‌ڕوی بایۆلۆجیه‌وه‌ له‌و جۆره‌ بێ كه‌ په‌رده‌ی كچێنی لاستیكیه‌و له‌كاتی به‌ریه‌ككه‌وتنی سێكسیدا خوێنی لێ نه‌تكێ، تا ژن بون به‌ئه‌قڵ فێر بێ، نه‌ك به‌و چوار تنۆكه‌ی روسوری بۆ خێزانه‌كه‌ی ره‌نگه‌ بێنێ، به‌ڵام تا مردن بۆ زۆرینه‌یه‌كی كچه‌ نه‌به‌كامه‌كانمان، بێواتای و مایه‌پوچی...من ده‌مه‌وێ ژن به‌رهه‌م بهێنم نه‌ك روسور، چون روی من به‌خوێنی كچه‌كه‌م سورو سپی نابێ، ئه‌وه‌ی خۆم له‌ ژیان ده‌یكه‌م به‌سه‌ تا رومی پێ هه‌ڵبێنم له‌ناو خه‌ڵكدا...دواجار وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا نوسیم، من خۆمم و پێهه‌ڵگری هه‌نگاوه‌كانی خۆمم، هەر ئەوەندەو بەس..با کچەکەشم هەر ئەوە بێت کە دەبێت!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×