فێستڤاڵی خه‌مساردی

رەحمان غەریب
  2023-11-27     288

خه‌ڵاتی هێلدا دۆمین، بۆ به‌ختیار عه‌لی، وه‌ك چۆن بۆنه‌یه‌ك بو بۆ رێزلێنان له‌ ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری چیرۆكنوسێكی ئه‌فسوناوی، بۆنه‌یه‌كیش بو بۆ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی ئه‌و ده‌زگای رۆشنبیری و ئه‌كادیمییانه‌ی ئه‌م وڵاته‌، كه‌ نایانه‌وێت بازبده‌ن به‌سه‌ر جیاوازی و هه‌ستنه‌كردن به‌ قورسایی خه‌ڵاته‌كه‌.

كه‌ نوسه‌ری وڵاتێك خه‌ڵاتێكی دیاری له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پێده‌به‌خشرێت، خوێنه‌رانی، ده‌سته‌بژێرو ده‌زگای رۆشنبیری، وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار، زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی مه‌عریفه‌ی ئه‌و وڵاته‌، ده‌یكه‌نه‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌شداری نوسه‌ر له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ژیانی رۆشنبیری، یان چاپدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی، ته‌نانه‌ت ده‌رگاكردنه‌وه‌ش به‌ روی ره‌خنه‌و جوڵه‌یه‌كی هه‌ڵسه‌نگاندن.

ئیره‌یی رۆشنبیرمان بێت، یان خه‌مساردی ده‌زگاكانمان، خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌ك روداوێكی دیاری رۆشنبیری، گرنگی پێنه‌درا، هۆڵی كۆڕو كۆبونه‌وه‌ی لقه‌كانی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد، كۆلێژه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆكانمان، ده‌زگاكانی چاپ و په‌خش كپ و خامۆش و بێده‌نگ.

 خوێنه‌رانی نوسه‌ر و زۆرێك له‌ ده‌زگاكانی میدیا له‌م فێستڤاڵی خه‌مساردیه‌ به‌شدارنین، به‌ ده‌ربڕینی جیاواز، گوزارشتیان له‌ خۆشی كرد و پیرۆزباییان له‌ نوسه‌ر كرد و دنیایه‌ك پۆست و هه‌واڵ و وێنه‌یان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌ستپێكراوه‌.

چاودێری زۆرێك له‌ نوسه‌ران ده‌كه‌م، كه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیریمان دیار و پڕ به‌رهه‌من، به‌شێكیان ره‌فیقمن له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ پۆستێكیش باسیان له‌م روداوه‌ رۆشنبیرییه‌ نه‌كرد، ده‌زانم هۆكار زۆرن، دابه‌شبونی سیاسی و رۆشنبیری و ناوچه‌یی كه‌م نین و قسه‌ی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت.  

به‌ختیار عه‌لی له‌ مه‌نفا ون نه‌بو، بۆ ئه‌و وێستگه‌یه‌ك بو بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبونی پرۆژه‌ی مه‌عریفی و ئه‌ده‌بی، پاشانیش كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ناوبانگی جیهانی به‌ روی خۆی و ئه‌ده‌به‌كه‌ی له‌ چاپدانی به‌رهه‌مه‌كانی به‌زمانه‌كانی تری گه‌لان.

ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌كانمان روحی فه‌رامۆشكردنی (ئه‌ویدی جیاواز)، به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یاندا زاڵبێت، نه‌ده‌بو ئه‌مه‌یان شۆڕبێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی هه‌ندێ نوسه‌ری دیاری شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ زه‌مانێك هاوڕێ و ته‌نانه‌ت پرۆژه‌ی رۆشنبیری هاوبه‌ش كۆیكردونه‌ته‌وه‌، نازانم بۆ نه‌یانكرده‌ فرسه‌تێك، بۆ رێزگرتن له‌ جیاوازی، نوسینه‌كانیانی پێده‌ناسرێته‌وه‌.

ئه‌م نوسینه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ به‌ختیار عه‌لی، خواستی یان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌ندانه‌ هه‌بێت، كه‌ ئاماژه‌م پێكرد، به‌ڵام وه‌ك خوێنه‌رێكی ئه‌م نوسه‌ره‌ داهێنه‌ره‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوم ئه‌م روداوه‌ به‌لای ئه‌و ناوه‌ند و نوسه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ راگوزه‌ر نه‌بێت، ئه‌مه‌ بۆ ره‌خنه‌گرانیش راسته‌ كه‌ وه‌ك بۆنه‌یه‌ك ته‌ماشایان بكردایه‌، جوڵه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی له‌ ئه‌ده‌بی به‌ختیار عه‌لی رێكبخستایه‌.

دڵخۆشم به‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی، ئه‌وانه‌شی به‌هه‌ر هۆكارێك بێت وه‌ك من ته‌ماشای دیمه‌نه‌كه‌یان نه‌كردوه‌، له‌و فێستڤاڵی خه‌مساردیه‌ به‌شداربون، هیوادارم لانیكه‌م دڵته‌نگ نه‌بن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×