بافل تاڵەبانی بۆ وا دەكا ؟

فوئاد سدیق
  2024-10-07     277

زۆر ئاساییە لەكاتی ماوەی دەستپێكردن یان بەردەوامبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەوڵی ئەوە بدەی بەرانبەرەكانت بچووك بكەیتەوە، بۆئەوەی وای نیشانبدەی كە خۆت باشترینی بۆ خەڵك(ئەگەر واش نەبێت). بەڵام ئەمەش بە سنوور بەزاندن و هات و هاواركردن نابێت. هاواركردن خۆی لەخۆیدا دەربڕی كۆمەڵێك گرێی دەروونی لە كەسایەتی ئەوكەسەدا نیشاندەدات، ئەمە رمل لێدان نییە، بەڵكو زانستی دەروونی وا دەڵێت.

تا ئێستا خەڵكی كوردستان نایزانن ئەم بەڕێزە بۆ وا پڕ بە دەمی هاوار دەكات و ، ئینجا بۆچی لەجیاتی پرۆژەی نوێ، حوكمڕانی نوێ، بەرنامەو پلانی نوێ، لەجیاتی بونیادنانەوە، هەر باسی رووخاندن و تێكدان دەكات و ، شەق و شاپ رادەوەشێنێت و!! ئەمەش بەهیچ شێوەیەك سیفاتی سەركردەو سەرۆك نییە. ئەم رەفتارەی دەینوێنی بەتەواوی بۆنی شەڕی سەختی لێ دێت، بەتایبەت كە لەهەموو گوتارە یەك لەدوای یەكەكانیدا چەند بارەیان دەكاتەوە، ئەمەش بوونەتە مایەی شەرم نەك تەنیا بۆ یەكێتی نیشتمانی بەڵكو بۆ تەواوی نەتەوەی كورد. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كەس نییە بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی ناو یەكێتی نیشتمانی دەزانن، ناتوانن پێی بڵێن ئیتر بەسە!!.

بافل تاڵەبانی بۆ وا دەكات؟ تا ئێستا خۆیشی وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە بۆچی ئەم هەموو هات و هاوارە دەكات؟ چونكە ئەمە گوتاری سیاسیی نییە . ئەم جۆرە گوتارەی بافل تاڵەبانی نە لەناو زانستی سیاسەت، نە لەناو كۆمەڵناسی سیاسی، نە لەناو دەروونناسی سیاسیی جێگای نابێتەوە. بەڵام بۆ وا دەكات؟ باشتر دەبوو ئەگەر خۆی وەڵامی ئەو پرسیارەی بدابایەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە بگەڕێینەوە لای مێژوو، مێژووی دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی و مێژووی پێش دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی، ئەوكات ئەو وەڵامەمان بە جوانی بۆ دەردەكەوێت.

یەكێتی نیشتمانی لە ئەنجامی پرۆسەی خەبات دژی ستەمكاری دروست نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی پەرچە كردارێكەوە دروست بووە بۆ ئەوەی بەهەموو هێزێكەوە دژایەتی و دوژمنایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، باشترین نموونەش، ئەو نامیلكەیەیە كە مام جەلال راستەوخۆ لەدوای دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدەستخەتی خۆی ئەو نامیلكەیەی بەناوی(یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی؟) نووسی و بڵاویكردەوە. ئەم نامیلكەیە بێگومان ئێستاش لای زۆر كەس دەستدەكەوێت، هەموو نووسینەكە جنێودانە بە بنەماڵەی بارزان و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە بوو بە ئینجیلی یەكێتی و لەو رۆژەوە یەكێتی نیشتمانی بەردەوام لە هەوڵی بەردەوامیدا بووە بۆئەوەی شەڕ لەگەڵ پارتی بكات و دەست بخاتە ناو دەستی دوژمنانەوە تەنیا بۆ ئەوەی پارتی رابماڵێ، بەڵام بە پێچەوانەوە، لە ساڵی 1964 ەوە تا ئێستا لە كۆنفرانسی ماوەتەوە، تا ئەو گوتارانەی بافل تاڵەبانی كە پڕە لە هەڵچوون و داچوون، پارتی هەر بەهێزتر بووەو یەكێتیش رۆژ لە دوای رۆژ لاوازترو كزو مەلوولتر بووە.بەتایبەتی لە هەموو مێژووی یەكێتی نیشتمانیدا، یەكێتی قەت وەكوو ئێستا لاوازو بێ سەركردە نەبووە. ئەمە هۆكارێكی حەقیقییە كە بافل ناچار دەبێت لەپێستی خۆی بچێتە دەرەوەو تا دەتوانێ هاواربكات و زۆر جار خۆیشی نایزانێ چی دەڵێت و چی دەكات. بەڵام ئەمەش زیانی زیاتری پێ گەیاندووە. وەك ئەو قومارچیەم دێتە بەرچاو، دەستی بە قوماركردن كرد، دۆڕاندی و ئیتر بەردەوام بوو دووبارە دۆڕاندی، بەڵام نەگبەتییەكەی ئەوە بوو، لێی بوو بە مەراق، وازی لە قوماركردن نەهێنا، تا بەتەواوی ئیفلاسی كرد.. ئێستا بافل دوای ئیفلاسكردنەكەی وا دەستی بە هاوار كردن كردووە، كە ئیفلاسییەكی خراپتری بەدواوەیە. چونكە كۆمەڵگای كوردی بەتەواوی لەم جۆرە گوتاردانە بێزار بووە.

بافل تاڵەبانی ئەگەر بییەوێ یەكێتی نیشتمانی بەهێز بكاتەوە(كە پێی ناكرێ)، پێش هەموو شتێك دەبێت بەرنامەیەكی روونی دوور لە كەف و كوڵ، دوور لە هەڵچوون و داچوون، نیشانی خەڵك بدات، بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەش راستگۆ بێت. ئاخر ئەوەی بافل دەیڵێت و دەیكات، تا ئێستا هیچ حیزب و لایەنێكی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن وایان نەگوتووەو وایان نەكردووە، لەكاتێكدا یەكێتی لەناو حكومەتدایەو رۆڵێكی زۆر گرنگ دەبینێت. لەلایەكی دیكەیشەوە، كە باسی ئەو گەندەڵییانە دەكات، خەڵكی كوردستان باش دەزانن، داهاتی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە ناو گەنجینەی حكومەت(ئەمە بە قسەی وەزیری دارایی كە پارتی نییە) لەو لایشەوە، بافل و قوباد دنیایان لەناو گەندەڵی تەنیوە، ئەم هەموو گەندەڵییەی كردوویانە، بە پۆینت بۆ سلێمانی و راپەڕین و گەرمیانیان خەرج نەكردووە، تەنانەت رێگاكانی مەرگ لەنێوان سلێمانی – دەربەندیخان، ئینجا دەربەندیخان – كەلار، لەولایشەوە بۆ سەنگاوو تا دێتەوە سلێمانی، رێگایەكە تەنیا مەرگ نییە، رێگایەكە پڕ لە ترس. ئاخر یەك شەقامیان نەك هەر دروست نەكردووە، بەڵكو كۆنەكان كە نیو سەدە پێش ئێستا دروستكراون، هیچیان چاك نەكردۆتەوە!!. كەواتە بەو هات و هاوارو نەڕە نەڕە خەڵك خزمەتگوزارییەكانی بیر ناچێتەوە. بەڵام مانەوەی یەكێتی نیشتمانی لەناو حكومەتی هەرێم كە بافل و قوباد هیچیان بۆئەو حكومەتە نەهێشتۆتەوە، هیچ مانایەك ناگەیەنێت، جگە لە فریودانی خەڵك و چاوبەستنی خەڵك، ئەمەش لە رۆژگاری وەك ئەمڕۆدا ئەمجۆرە فریودانە زۆر سەخت بووە، چونكە ئەزموونیان هەیە. ئاخر حیزبێك ئەم هەموو قسە ناشیرینە بە حكومەت بڵێت چۆن لەناویدا دەمینێتەوە.؟!! كێ رێگەی لێ گرتوون تا لەناو ئەو حكومەتە نەچنە دەرەوە؟ ئەگەر ئێوە بە جدیتانە دەیڕووخێنن و پۆستەكان لەناوچەی زۆنی زەرد دابەش دەكەن، هەڵبژاردن هەمووی دوو هەفتەی ماوە، بۆچی ناچنە دەرەوە دوایی بە تەنیا حكومەت پێكبهێنن!!!. ئەگەر خۆشتان بڕواتان بە قسەكانی خۆتان نەماوە، ئەم خەڵكە بەستەزمانەی یەكێتی كە نیو سەدەیە لەگەڵ ئێوەیە، بۆچی ئاوەها سەرگەردان و سەرلێشێواویان دەكەن. ئاخر دوو هەفتەی دیكە خەڵكی خۆتان زۆر نا ئومێد دەكەنەوە، وەك چۆن بەردەوام بێ ئومێدتان كردوون. هەر بۆ نموونە با پرسیارێكی جەوهەری لەو جووتە برایە بكەین، باشە دوو هەفتەی دیكە هەڵبژاردن تەواو دەبێت و ئەنجامی دەنگهێنانی حیزبەكان دەردەكەوێت، ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستان حیزبی یەكەم دەبێت و ، یەكێتی نیشتمانیش حاڵی لە حاڵی ئێستای باشتر نابێت، پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ئێوە جارێكی دیكە وەك دەیان جاری دیكە داوا لە پارتی دەكەنەوە، كە بەشداری حكومەتتان پێبكات و ئەو كات دیسان دەڵێنەوە : لەبەر جۆشدانی جەماوەری یەكێتی وامان كردو تووشی هەڵەی گەورەش هاتین ؟!، بەڵام پارتی دڵی گەورەیەو جەنابی سەرۆك بارزانی مامی ئێمەیەو دەمانبوورێ!) ئەم قسانە دەكەنەوە؟ ، یان ئەگەر پارتی حیزبی یەكەم بوو، ئێوەش كورسییەكانتان هەر ئەوەندەی ئێستا بوو یان چەند كورسییەك كەمتر یان زیاتر بوو، كە ئەمەش هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، بە چ روویەكەوە، بە چ شكۆیەكەوە دەچنەوە ناو حكومەتێك كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەكەیە؟ بە راستی تێمان بگەیەنن چۆن دەتوانن ئەمە بكەن، ئاخر ئەمەش جەسارەتی دەوێ، بە كەم كەس دەكرێ. كاك بافل تكایە لە گوتاری ئەمجارەتدا ، ئەم بابەتە بۆ جەماوەرەكەی خۆتان روونبكەنەوە. چونكە یان دەبێت بڵێیت ناچینەوە ناو ئەو حكومەتەی پارتی تێیدا زۆرینەیەو مەسروور بارزانی سەرۆكەكەیەتی، یان دەبێت بڵێیت وامزانی رادیۆ بوو، كە ئەمەش مێژووی (50) ساڵەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

حەزدەكەم ئەو جەسارەتەت هەبێت و بڵێی قەت ناچینەوە ناو ئەو حكومەتەی پارتی تێیدا زۆرینەیە. ئەمجارە ئەو بەڵێنە بە جەماوەری یەكێتی و هەموو كوردستان بدە.. بۆ نایدەی؟! تۆ لەبەر خۆت نا ، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی ناو حیزبێكی كە ئاوەڕووتت كردووە، یەك كەس ناوێرێ نوققەی لێوە بێت، یەك كەس ناوێرێ بڵێ لەل، ئەوەی دەنگی لێوە هات دەرت كردو پەلاماریشت دا.. بەهەر حاڵ ناچینە سەر ئەم بابەتە چونكە رۆمانێكە دەیان بەرگی لێ دێتە بەر. تا ئێستا وەزیرێكم نەبینی دەست لەكار بكێشێتەوە، لە قوبادەوە تا هەموو ئەو وەزیرانەی چاویان بۆ مووچەو بودجەو منحەكەیان پان كردۆتەوە!!!. كەچی هەندێكیان هەر بڕوایان بە هەولێر نییە! ئەمەش بابەتێكی دیكەی ئەو ناوچەگەرییەیە كە یەكێتی و سەركردایەتییەكەی لە ساڵانی هەشتاكان دروستیان كردووە، تا ئێستاش لە زهنی زۆرێكیان رەگی داكوتاوە، بەڵام بۆ پارە شێت بوونە، ئیتر نە عیزەت نە كەرامەت، تا قیامەت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×