مەعریفە لەو ئاوە مەنگە قووڵە دەچێت، كە بە هێمنی و بەبێ هاشوهووش شوێنی خۆی دەكاتەوە، بەڵام كاتی پێویستە. ئەوانەی بەرهەمێكی سەقەتیان بەدەستەوە گرتووەو كامێراو تیڤییەكانی بۆ كۆدەكەنەوە، پێوەندی بە مەعریفە نییە. ئاخر تەنیا لەناو كورد نووسەرێك ساڵێك یان دوو ساڵ یان 10 ساڵ خەریكی كتێبێك بێت، كەچی بەخۆڕایی دابەشی بكات، دابەشكردنەكەش مەرج نییە ئەو كەسانە بن ، كە خوێنەری راستەقینە بن. ئەمە لە سەیروسەمەرەكانی جیهانە.
نیچە پێشبینی شەڕێكی گەورەی جیهانی كردبوو، كەچی تا لە ژیاندا بوو كەس كتێبەكانی نەدەكڕی. داڤید هیوم كەس كتێبەكانی نەدەكڕی، ناچار بوو ناونیشانی كتێبەكەی بگۆڕێت و بەشێوەی دوو بەرگ جارێكی دیكە چاپیبكاتەوە، بەڵام دیسان هەر كەس نەیدەكڕی. بەڵام ئەوەتا زۆربەی فەیلەسووفەكانی پۆستمۆدێرنە بە نیچە سەرسامبوون. داڤید هیومیش بوو بە دامەزرێنەری قوتابخانەی ئەزموونگەریی لە بەریتانیا.
ئەفلاتون 2500 ساڵ پێش ئێستا فەلسەفەكەی خستە روو، ماوەی 2500 ساڵە وەك هایدگەر دەڵێت هەموو فەیلەسوفەكانی رۆژئاوا لە دامێنی ئەفلاتونەوە لە دایكبوونە. 2500 ساڵە، ئەفلاتون زیندووەو تا ئێستاش گفتوگۆی جدی لەسەر فەلسەفەو دیالۆگەكانی دەكرێت. نە نیچە، نە هیوم، نە ئەفلاتونیش رۆژێك لە رۆژان، بۆ چركەیەكیش ریكلامێكیان بۆ هیچكام لە كتێبەكانیان نەكردووە.
ئەرستۆ 1000 ساڵ حوكمی كرد، خۆ هیچ بەرتیلی نەدابووە كڵێسا تا بیكەن بە میتۆدی ژیانی مەسیحییەكان. ئەرستۆ 384 ساڵ پێش مەسیح لەدایكببوو. ئەوە قەشە بەناوبانگەكانی وەك تۆما ئەكوینی بوو هات هەوڵی ئەوەی دا فەلسەفەو بیروباوەڕی كاثۆلیكی بەیەكە ئاشت بكاتەوەو، ئەوە قەشە بەناوبانگەكانی سەرەتایی مەسیحییەت بوون فەلسەفەی ئەرستۆیان كرد بە میتۆدێك بۆ هەموو مەسیحییەكان. ئەوكات زیاتر لە 500 ساڵ بوو ئەرستۆ لەژێر خاك و خۆڵی ئەسیناوە نێژرابوو.
برادەر!، تۆ بۆ ئەو چركە ساتە دەنووسی كە تێیدا دەژی، یان دەتەوێ نووسینەكانت هێزی مانەوەیان هەبێت و ببن بە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ داهاتوو!. ئەمە پوختەو بنچینەی نووسینەكەیە. ئەوانەی بۆ ئەو چركەساتە دەژین، نووسینەكانیان دەكەونە دەرەوەی فكرو داهێنان، دەكەونە دەرەوەی رۆشنبیری و رۆشنگەری. تەنیا ژمایەكی بێمانا لە كتێبەكانیان زیاد دەبێت، بەڵام كە خۆی چووە ژێر گڵەوە، ئیتر هەموو كتێبەكانیشی بۆ تا هەتایە دەنێژرێن.