نەتەوەیەك لە خاچ دەدرێ !

فوئاد سدیق
  2023-09-15     465

نامەی یەكەم

  سەدان ساڵە بەبەرچاوی دیموكراسی و مافی مرۆڤەوە  نەتەوەیەك وا لەخاچ دەدرێ ...كەواتە ئەم سیحرە چییە كورد ئەوەندە ئەشقی دیموكراسیی بووە، ئایا لەماوەی زیاتر لە 2500 ساڵی رابردوودا لە ناوەرۆكی دیموكراسی ئەسیناوە، تا یەك بە یەكی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا لە دیموكراسی تێگەیشتوون، یان هەر لە بنەڕەتدا دیموكراسی پرۆسەیەكی ئاڵۆزو پلاستیكییە. ئەی كە 2500 ساڵ بێت دیموكراسی چەشنی مار  هەموو ساڵێك بەرگی خۆی بگۆڕێت، كەوابێت وڵاتێكی دواكەوتووی ئابووری و مەعریفی چۆن دەتوانێ هەزمی بكات، یان دەبێتە ژاوە ژاوێك كورد گوتەنی:سەگ ساحێبی خۆی ناناسێتەوە، كە ئێستا ئێمە رێك لەو دۆخەداین.

  كاتێك عیسا لە خاچ درا تەنیا بوو، هەر بە تەنیاییش مایەوە. تا ئەلبێر كامۆو زۆری دیكە وتیان عیسا لە كۆتایی ژیانیدا گوتوویەتی  خودایە بۆ بەتەنیا منت جێهێشت و بەهانامەوە نایەی .

   راستە ئێمە نەتەوەیەكین لەم ناوچەیەداین كە فارس و عەرەب و تورك دەمانچەوسێننەوە، بەڵام  پێكەوەش دەژین. ئەگەرچی لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە تاكە نەتەوەین دیوارێكی قایمی بەرز بەچواردەوری بەشێكماندا بونیادنراوە(هەزار خۆزگەت بە دیواری چین و بەرلین)، ئەم دیوارە بە كەللە سەری كوردان دروستكراوەو بە خوێنی ئەوانیش كەللەسەرەكانیان پێكەوە ناوە.  

   سەرەڕای ئەم هەموو زوڵم و زۆرییەی سەدان ساڵە لێمان كراوەو دەكرێت، دوژمنانی نەتەوەكەمان(كە هەرگیز یەك رۆژ نەیانشاردۆتەوە كە دوژمنی ئازادیمانن) سوودیان لە ناكۆكییە پڕشەرمەزارییەكانمان و لە دابەشبوونی فیكرو باری دەروونیمان وەرگرتووەو وەریدەگرن، بەهۆی ناكۆكییەكانی بەڕێوەبردنی وڵات و بەهۆی ناكۆكییەكانی كێ خاوەن شكۆی وڵاتە، ئەم هەموو كارەساتانەیان بەرهەمهێناوە. تایبەتمەندی كوردو كوردستان وەك وڵاتێكی تەواو دابڕاو لە ناوچەكەو لە جوگرافیای ناوچەكە خستراوەتە روو.  چۆن وڵاتانی هەرێمی و تەنانەت وڵاتانی نا هەرێمیش سوودی زۆریان لەم ناكۆكی و دابەشبوونەی نێو خۆمان وەرگرتووە، بۆئەوەی هەمیشە بە جیایی رەفتارمان لەگەڵدا بكەن . خۆشیان لە بەرانبەر ئێمەدا بۆ هەر مەترسییەك كە لەلایەن كوردانەوە دەكەوێتە سەریان، هەمیشە هاوپەیمانی سروشتی و هاوبەشی سروشتین.

  كورد نەتەوەیەكە بیركردنەوەی زۆر كورتە، بەیانی تا ئێوارە زیاتر بڕ ناكات، هەر كە شەو داهات فۆرمات دەبێتەوە، بۆ سبەینەكەی كە لە خەو هەستا نە دوێنێی لەبیرماوە، نە دەشزانێ چۆن هەنگاو دەنێت، بۆیە هەمیشە وا راهاتووە بەدوای رووداوەكان دەكەوێ.

  سەركردەمان هەیە، لە هیچ شتێك ناترسێ، كەچی لە وشە تۆقیوە، زراوی لە وشە، لە رستەی نووسەران دەچێت، جا خۆزگە ئەوانەش نووسەر بوونایە، ئەوان سواری ملی وشە بوونەو وشەی كوردی و زمانی ستاندەری كوردییان ئەتك كردووە.

   ئەوەی ئەو زوڵمەی لەسەر ئێمە  گران كردووە، ئەو تایبەتمەندییە بنەڕەتییە هاوبەشەی كوردایەتی و كوردبوونمانە. هەر ئەم رۆحی كوردایەتییەیشە ئێمەی لە رووخاندن پاراستووە، بەڵام باجی گەورەشمان بۆی داوە.

  ئێستا ئێمە لە قۆناخێكی دیاریكراوی نەتەوەییداین، هیچ هێزێك نییە بتوانێ بمانگەڕێنێتەوە دواوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كورت بارودۆخێكی زۆر دژوار بەرۆكمان بگرێت، بەڵام ناگەڕێینەوە دواوە، ماركس گوتەنی، بێنە بەرچاوی خۆت كەسێك بەسەر چیایەكدا هەڵدەگەڕێت، هەندێك رێگای پێچاوپێچی وا هەن وا دەزانی بۆ خوارەوە دەگەڕێیتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا رێگاكە ئاراستەكەی بۆ سەرچیاكەیە. مێژووی خەباتی نەتەوەیی ئێمەش رێك وایە، ئەو رێگا پێچاوپێچانە ئەگەرچی هەندێكجار وامان لێدەكات بڕوا بەوە بهێنین كە بۆ دواوە دەگەڕێینەوە، بەڵام لە راستیدا نەگەڕانەوەیەو بەرەو بەرزایی رۆیشتنە.

    ئەم هەموو ئازارەی لەماوەی زیاتر لە یەك سەدەی رابردوودا بەدەست بەغدا چەشتوومانە، زۆر بای ئەوەندە زیاترە، وامان لێبكات باشتر بیربكەینەوە، باشتر بڕیار بدەین، باشتر كردارەكانمان نیشانی گەلی خۆمان بدەین. چونكە ئەو بیركردنەوەو بڕیارو كردارانەمان، بوونەتە شەڕەف و وەك ملوانكە بەگەردنی هەر تاكێكمانەوەیە. ناكرێ شەرەفمان و ئازادی و سەربەخۆییمان بە قوربانی ئەقلییەتی چەقبەستووی هیچ كەسێك بكەین، چونكە چارەنووسی میللەت هەرگیز نابێت بخرێتە ژێر قەدەری موجازەفەوە. نەهامەتییەكانمان نابێت ئیتر تەنبەڵ و تەوەزەلمان بكەن، ناشبێت ئەو ئازایەتییەی گڵپەی شۆڕشمان پێی هەڵگیرساندووەو، رووباری خوێنمان كردە خۆراكی شۆڕشەكە، ئێستا ئازایەتییەكەمان نەهێڵین و بترسین، ترس لە ئازادی، گەورەترین كارەساتی مێژووە، كە هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە.

    كاتێك سەیری جەنگیزخان و تەیموور لەنگ دەكەیت، یان كاتێك لە تورك دەڕوانی، بڕوا بەخۆت دەهێنیت كە ئێمەی كورد خۆمان شایانی ئەم هەموو نەهامەتییانەین، دەنا هیند چۆن بەبێ شەڕ پاشەكشەی بە ئینگلیز كرد، ڤێتنام چۆن گەورەترین زلهێزی دنیای شەرمەزار كرد. رووسیا چۆن بەبێ تەقاندنی فیشەكێك هەڵوەشایەوە، ئێمە ئیرادەمان هەیەو ورەمان هەمیشە بەرزبووە، بەڵام بیركردنەوەو ئەقڵیەتمان بە قەد ئازایەتییەكەمان نەبووە. ئۆكرانیا هەزارو پێنجسەد ساڵە شەڕ دەكات، بەڵام هێشتا لەژێر قەدەری مان و نەماندا شەو دەكاتەوەو ئاییندەیەكی روونیان نییە، لەكاتێكدا ئۆكرانییەكان جەنگاوەری ئازان و ئەوانیش رووباری خوێنیان داوە، بەتایبەت لەهەردوو شەڕە گەورەكەی جیهانی سەدەی رابردوو.

  نابێت ئێمە هەر روومان لە ئاسمان بێت و چاومان لە خودا بێت، هیچ خودایەك یارمەتیمان نادات، خودایەك یارمەتی موساو عیسای نەدابێت، چۆن یارمەتی ئێمە دەدات. دەبێت بیركردنەوەمان بگۆڕین، تایبەتمەندییەكانی كوردستانمان لەبەرچاو بگرین، ئینجا هەنگاوی كرداری بنێین. كاتێك كوردێك لەوسەری سەرسنووری نەیارەكانمان سووكایەتی پێ دەكرێت، دەبێت وا بیربكەینەوە هەموو كورد سووكایەتی پێ كراوەو بەرنامەی پێویستمان بۆ دۆخێكی وەها نەخوازراو هەبێت، بەرنامەش بە ئەقڵی باش و تەندروست دادەنرێت. ئێمە نەتەوەیەكین هێشتا ئەقڵی باشمان تێدا كەمە، بەڵام بای ئەوەندەش هەیە بتوانێ وڵاتێكت بۆ بەڕێوەبەرێ. ناكرێ دوای زیاتر لە  32 ساڵ هەر خەریكی ئەقڵ بەستووەكان و پاشەڵ پیسەكان بین، ئەو هەموو ئازارەی چەشتوومانە، زۆر لەوە زیاترن پێمان بڵێن، ئیتر خۆتان داتەكێنن، بەدوای كڵاوی بابردوو مەكەون، گۆڕانكاری جدیمان پێویستە، ئەقڵی پێگەیشتوو بخەینە ژێر ئەزموونێكی گەورەوە، بۆئەوەی چیتر سیناریۆ ناشیرینەكانی رابردوو بەسەر نەتەوەكەماندا دووبارەو سەدبارە نەكەینەوە.

  من كە ئەو نامەیەم دەنووسم، حەزدەكەم، زۆر حەزدەكەم لە دادگایەكی باڵا لەبەرانبەر دادوەرە باڵاكان بەبەرچاوی نەتەوەكەم بە دەنگێكی بەرز بیخوێنمەوە، ئەگەر شایانی رێزلێنان نەبوو ئەوا دادوەرە ویژدان زیندووەكان لەسێدارم بدەن و تا هەتایە بە خائینی نەتەوە ناونووسم بكەن. ئەگەر شایانی رێزگرتنیش بوو، ئەوا دادوەرە بەڕێزەكان یاسایەك دابڕێژنەوە، هەموومان وەكوو یەك لەبەرانبەر نەتەوەكەمان بەرپرسیار بین و ، یاسای وەها  بۆ گەندەڵی و شڕەخۆری دابڕێژن، كە كۆتایی بەو مۆرانەو زیندەوەرانە بهێنن كە درەختێكی بەرهەمداری جوانیان لەناوەوە كلۆر كردووەو ئەو درەختەیان وشككردۆتەوە، كە نیشتمانی جوانە. ئێمە دەبێت ئیتر خەونە جوانەكانمان بكەین بە واقیع ، دەنا رێگا سەختەكانمان زۆر خراپ سەختتر دەبن، تەنانەت ناشتوانین چیتر بەو رێگا هەزار بە هەزارانەدا هەڵبگەڕێین. گەندەڵی لێرەو لەوێ هەر روودەدات، بەڵام كاتێك گەندەڵی وەكوو شەربەتی هەنار(بەڵام پڕ لە ژەهر) دەرخواردی نەتەوەیەك درا، ئەمە دەبێتە كارەسات كە چارەنووسی  هەموومان دەخاتە بەر مەترسیی گەورەوە. كە تەنیا شەرمەزاریمان بۆ دەمینێتەوەو ، هەموو شكۆی رابردوومان دەسڕێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×