وشەیەك بۆ شیعری كوردی

فوئاد سدیق
  2023-06-22   

  لەماوەی یەك سەدەی رابردوودا ئەگەر گۆران ی شاعیر لەناو  شیعری كوردیدا دەربهێنین، تا سەرهەڵدانی شێركۆ بێكەس(بەتایبەت تا نووسینی قەسیدەی كۆچ كە لە حوزەیرانی  1975 نووسیویەتی) شتێك نامینێتەوە ناوی شیعری نوێی كوردی بێت.  چونكە گۆران بە تەنیا بوو ، بەڵام  توانی شیعری كوردی بباتە قۆناخێكی نوێ و جیاواز لە رابردوو، ئەگەرچی هێشتا شیعری كوردی نەیتوانیبوو خۆی لە تەپ و تۆزی  كاریگەریی و لاساییكردنەوەی شیعری بێگانە رزگار بكات. گۆرانیش لێی قورتار نەببوو... بەڵام زۆر بە جوانی توانیبووی سوود لە شیعری بێگانە وەربگرێت و مۆركێكی خۆمانەی پێبدات، داهێنانەكەی گۆران ئا لێرەدابوو. وشەی نوێ و زمانی نوێ و ئیقاعی نوێ و وێنەی نوێی لەناو شیعردا بەرجەستە كرد، بەڵام هەموو ئەمانە پێشتر  شاعیرانی رۆژئاوایی لەو داهێنانە نامۆو نەبان نەبوون.

    شیعری كوردی لە هەشتاكان بە چەندین رێچكەو بیرۆكەو بە چەندین فیكرو ئاراستەی جیاواز هاتە پێشەوە، كە من پێموایە شیعری كوردی لە ساڵانی هەشتاكان لە گەشاوەترین قۆناخی هونەریدا بووە.بەتایبەت كە شێركۆ ئەو قەسیدە پڕ هونەرییەی كۆچ ی لە سەرەتای ساڵی 1980 چاپ و بڵاوكردەوە، بەڵام لە حوزەیرانی  1975 نووسیبووی .  سەرچاوەی ئەم قۆناخە گەشاوەیەی هەشتاكان دەتوانم بڵێم بۆ نیوەی دووەمی حەفتاكان دەگەڕێتەوە، كە شێركۆ بێكەس دیوانی كۆچ ی نووسی. دیوانی كۆچ بەرهەمێكی جیاواز بوو، وێستگەیەكی نوێ بوو كە بتوانیت بەهۆی ئەم وێستگەیەوە بچێتە وێستگەیەكی دیكە، واتا كۆچ زەمینەیەكی نوێی هێنایە ئاراوە كە ئیتر بتوانرێ شیعری كوردی ئاراستەیەكی زۆر نوێخوازانە بگرێتە بەر. هەر وایشی لێ هات. ناوەڕاستی هەشتاكان یان روونتر بڵێم نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاكان، شیعری كوردی گەیشتبووە ترۆپك.كە سەرچاوەی ئەو گەیشتن بە ترۆپكە بۆ قەسیدەی كۆچ دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵی 1980 چاپكرا. قەسیدەی كۆچ نەك هەر روانگەی تێپەڕاند، بەڵكو (ئەگەر جەلالی میرزا كەریم ی لێ دەربهێنین، چونكە جەلال زۆر تایبەت و جیاواز بوو)  دەتوانین بڵێین قەسیدەی كۆچ روانگەیشی سەرسام كرد، ئەگەر چی شێركۆ خۆی لە دامەزرێنەرانی روانگەش بوو. بەڵام روانگە رێك بۆچوونەكەی لەتیف هەڵمەت ی پێشتڕاست كردەوە، كاتێك گوتی روانگە هێلكەیەكی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا. بە دیوەكەی دی ئەوەندەی قەسیدەی كۆچ بووە سەرچاوە بۆ هونەری شیعری كوردی ساڵانی هەشتاكان، روانگە ئەوەی پێ نەكرا. جگە لە شێركۆ بێكەسیش ئەوانەی خۆیان بە دامەزرێنەری روانگە دەزانی یان ئەوانەی لەگەڵ روانگەدا بوون، زوو كوژانەوەو نەیانتوانی بەردەوام بن. جەلالی میرزا كەریم ئەویش زوو كوژایەوە، بەڵام زۆر بە جیاواز دەستی پێكردو شیعری كوردی بە ئاراستەیەكی زۆر نوێدا برد، شاعیرانی هەشتاكان سوودی زۆریان لێی وەرگرتبوو.چونكە جەلال هەوێنی چەندین فیكرو فەلسەفەی شیعریی بوو.  

ئێستا دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە تەمەنی شیعری هەشتاكان، بەڵام دوای راپەڕین، دۆخی سیاسی گورزێكی كەمەرشكێنی لە شیعرو شانۆو  رەخنەو لێكۆڵینەوەی ئەدەبی دا، تا ئێستا ئازاری ئەو گورزە بەهێزە، برینەكانی هێندە سەخت بوون، ئێستاش خوێن بە قەدو باڵای شیعرو لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و شانۆی كوردییەوە دێتە خوارەوە. تەنیا شێركۆ بۆ شیعر ژیا، بۆیە هیچ تۆفان و زریان و رەشەبایەك نەیتوانی لوولی بدات، تا ئەو رۆژەی مرد هەر بە پێوە مایەوەو گەڵای رەنگینی  دەشەكایەوەو ئەتری پەخش دەكرد.

  ئەو كاتەی خەلیل حاوی لە لوبنان و نازك ئەلمەلائیكە لە بەغداو  سەیاب لە بەسرەوە  گەرووی پڕ حەماسیان بە شیعری ئازاد پڕ دەكرد، گۆران ی شاعیر دەمێك بوو لە هەڵەبجەوە  دەیان شیعری جوانی چنیبۆوە

   عەرەب زۆر شانازی بە شیعری كولێرای نازك دەكات، بەڵام گۆران  ئەوكاتە چەندین دیوانە شیعری نوێی لە باخەڵە  دڕاوەكەیدا هەڵگرتبوو، كەس نەبوو بۆی چاپ بكات، دڵنیام بەهۆی ئەو كەساسی و بێكەسییەی كە بەسەری دەبرد چەندین شیعری جوانی دیكەی نوێی  لێ ون بووە. بەڵام لە كوێ شوێنەواری ئەو شیعرە جوان و نوێیانە دەدۆزرێتەوە؟!.

ئەگەر گۆران بەبێ باوكی و بە كەساسی نەژیابایە، دوور نەبوو  ببوایە جەبران خەلیل جەبرانی كورد. بەڵام ژینگەی كوردیی ئەوەندە نقومی زەلكاوە، مرۆڤ ناتوانێ بە دڵی خۆی هەناسەیەكی لێ بدات.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی دوێنێی فالح فه‌یاز بۆ هه‌ولێر رونكردنه‌وه‌ ده‌دات
لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ چاوەڕوان دەکرێت 840 ملیار دینار بنێردرێت
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕێنمایی نوێ بۆ هاوردەکردن و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەردەکات؛ گومرگی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکرێتە ١٥٪
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×