توندڕەوی ئایینی مێژوویەكی تازە نییە، بەڵام هەموویاساكانی جیهان نەیانتوانیوە ئەو توندڕەوە ئایینییە بپووكێننەوە، راستە بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەمیشە وەك پشكۆی ژێر خۆڵەمێش وابووە، لەگەڵ نزمترین شنەبادا پشكۆكان گەشاونەتەوە. ئەمە مەترسییەكەیە.
ئەگەر واز لە شەڕەكانی بە ئیسلامكردن بهێنین كە لە شەڕی بەدرەوە دەستپێدەكات، واز لە هەموو فتوحاتەكانیش بهێنین، ئەوا بێ سێ و دوو دەڵێین بە لانی كەم توندڕەوی ئایینی لەگەڵ سەرەتای جیابوونەوەی خەواریجەكان و سەرەتای ململانێی سەختی نێوان عەلی كوڕی ئەبی تالیب و معاویە زۆر بە زەقی دەركەوت. چونكە خەواریجەكان یەكەمین رێكخراوەیی توندڕەوی چەكدار بوون كە خۆی لە خۆیدا كودەتایەك بوو بەسەر رووخانی دەوڵەتی خەلافەتی راشدین.
ئەوەندەی من تێگەیشتبم، سەلمان روشدی نە فەیلەسووفێك بووە، نە رۆشنبیرێكی زۆر گەورەش بوو،بەڵام خاوەنی (19) كتێبەو، بە كتێبی پێنجەمیشی (ئایاتی شەیتانی) ناوبانگی زۆری دەركردو كەوتە بەر هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و سەرجەم ئیسلامییە توندڕەوەكان، تەنانەت ئێران سێ(3) ملیۆن دۆلاریشی بۆ ئەو كەسە تەرخان كرد كە سەلمان روشدی بكوژێت. دوای ماوەیەك بڕی پارەكەشی زیاتر كرد، بۆئەوەی باشتر هانی تیرۆریستان بدات، خوێنی روشدی حەڵال بكەن.
هەموو ئەو هات و هاوارەش لەبەر ئەوە بوو، هەم ناوی كتێبەكە(ئایاتی شەیتانی) بوو، هەم لەناو كتێبەكەشیدا، ئاماژەی بۆ ئەو دوو ئایەتەی ناو سورەتی نەجم كردبوو كە باس لە لات و عوزا دەكات و دەڵێت( أَفَرَأَيْتُمُ اللَّاتَ وَالْعُزَّىٰ وَمَنَاةَ الثَّالِثَةَ الْأُخْرَىٰ 19-20 ) ئینجا گوایا ئەو ئایەتەش هاتۆتە خوارەوە كە دەڵێت( تلك الغرانيق العُلى، وإن شفاعتهن لَتُرتَجَى) بەڵام ئەم ئایەتە لەناو قورئاندا لادراوە. زانایان بۆ ئایەتی (52) ی ناو سورەتی حەج دەیگێڕنەوە كە دەڵێت( وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ مِنْ رَسُولٍ وَلَا نَبِيٍّ إِلَّا إِذَا تَمَنَّى أَلْقَى الشَّيْطَانُ فِي أُمْنِيَّتِهِ فَيَنْسَخُ اللَّهُ مَا يُلْقِي الشَّيْطَانُ ثُمَّ يُحْكِمُ اللَّهُ آيَاتِهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ ) ئەمەش پاساوو نیشانەیەكی زەقە گوایا پێغەمبەرەكانیش هەندێ وشەی هەڵە بەسەر زمانیاندا هاتووە و ، ئیتر باس لەوە دەكات پێشتریش شەیتان ئەو كەتنەی بە پێغەمبەرەكان كردووە.
بەهەر حاڵ من ناچمە ناو وردەكاری ئەو ئایەتانەی سورەتی نەجم و ئایەتی (52) ی سورەتی حەج. با توندڕەوێكی ئیسلامی كە لە قورئانیش تێ نەگەیشتووە، فتوای كوشتنمان بۆ دەرنەكات و ئەو خەڵكە بەدبەختانەمان لێ هان نەدەن كە تەنانەت نازانن قورئانیش بخوێننەوە !!. ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم، دەوڵەتێك فتوا بۆ كوشتنی كەسێك دەربكات و پارەیەكی زۆر بۆ بكوژەكە دابین بكات تا خوێنی نووسەرێك حەڵاڵ بكات، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش و ئەو وڵاتانەی خۆیان بە پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن، بە فەرمی ئەو دەوڵەتە بە تیرۆریست دابنێن و هەموو رێگایەكی مانەوەی لێ بگرن و نەهێڵن بەردەوام بێت. چۆن دەبێت بەهۆی چەند دێڕێك نووسین خوێنت حەڵاڵ بكرێت، لەكاتێكدا سەلمان روشدی داوای لێبووردنیشی لە سەرجەم موسڵمانانی جیهان كردووە. هەر دەڵێی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێشتا لە سەردەمی جاهیلییەتدا دەژی.چۆن دەبێت لەم سەردەمەی ئێستا، بەتایبەتی لە پەیمانگایەكی بەناوبانگ لە نیویۆركدا بدرێیتە بەر چەقۆ، بەم كردەوانە مافی مرۆڤ چ مانایەكی پڕ لە شەرمەزاری دەبەخشێتەوە. بۆچی ئیسلامییەكان لە سەرتاسەری جیهان، هەرچی بكەن و هەر چی بیڵێن كەس پێیان ناڵێ لە پشت چاوت دوو برۆیە، بەڵام نووسەرێكی بە رەچەڵەك خەڵكی لای كشمیرو تەمەن (75) ساڵ ، پەلاماری كوشتنی بدەیت تەنیا لەبەر چەند دێڕێك نووسین. دەیان ساڵیشە خۆی شاردۆتەوەو نەیوێراوە بە ئارەزووی خۆی دەربكەوێت.
بەداخەوە ! بۆ ئەو دەوڵەتانەی رۆژئاوا كە بەردەوام باس لە مافی مرۆڤ و ئازادییەكان دەكەن، بەڵام ئەوەتا لە نیویۆرك چ كارەساتێك روویدا. شەرمەزاری گەورە بۆ رۆژئاوایە، كە نەیانتوانی یەك تاقە مرۆڤ بپارێزن كە لەژێر هەڕەشەی كوشتندا بووە. ئەوەتا ئێستا سەلمان روشدی بە لەدەستدانی چاوێك و بە ئامێرێكی دەستكرد و جەستەو رۆحێكی پڕ لە ژان هەناسە دەدات...