وشەیەكی نەوتراو لەبارەی نەورۆزەوە

فوئاد سدیق
  2022-03-21     1002

تا ئێستا كەم نین ئەو لێكۆڵینەوانەی لەبارەی نەورۆزەوە  نووسراون، كورد زیاتر پشتی بە نووسینەكانی مێژوونووس هیرۆدۆت ی یۆنانی بەستووە، چونكە تەنیا ئەو مێژوونووسە باسی كوردانی كردووەو  لە بەرژەوەندی كوردی نووسیوە. بەڵام پێویستە نووسینەكانی ئەمڕۆ زیاتر زانستی بن و ، دەبێت ئەوە بزانین هەر كاتێك باسی جەژنی نەورۆز دەكرێت، هاوكات باسی ئیمپراتۆریای میدییەكان دەكرێت كە كۆتایی پێهاتووە، لەگەڵیدا فارسەكان ئیمپراتۆریای خۆیان هەبووەو دوای میدییەكانیش ، ئیمپراتۆریای ئەخمینییەكان  دامەزراوەو  تا سەردەمی داریوش  بەردەوام بووە، كە ئەسكەندەری مەكدۆنی توانی لەناوی ببات.

ئیمپراتۆریای میدیا  یان ماد ، رووبەريكی زۆر فراوانی بەدەستەوە بووە، لەناو ئەو رووبەرە فراوانەدا وڵاتی فارس بەتەواوی كەتۆتە ناوی، جگە لە دەیان وڵات و هەرێمی دیكە   كە ئێستا ناوی سەربەخۆی خۆیان هەیە. زۆربەی باس و لێكۆڵینەوەكانیش باس لە سەردەمی دوا ئیمپراتۆریای مییدییەكان دەكەن، كە بەدەستی ئەخمینییەكان كۆتایی پێهێنراوەو ئەخمینییەكان ئیمپراتۆریای خۆیان بەو ناوە ناو نا .   ناوی ئەخمینییەكان زیاتر لە یۆنانییەوە وەرگیراوە Achaimenidai  بە فارسی كۆنیش وای پێدەڵێن Hakhamanisiya هەخامەنشی كە خێزانێكی فارسن و ماوەی 370 ساڵ ئیمپراتۆریاكەیان بەردەوام بووە، ئەسكەندەری مەكدۆنی داریوشی لەناوبردو ئەو ئیمپراتۆریایەش لەناو چوو.

ئەم چیڕۆكە زۆر گرنگە مێژوونووسی یۆنانی هێرۆدۆت باسیكردووە ئەگەرچی ئەفسانەیە: ئەزدەهاك خەونێك دەبینێت كە گوایا كچەكەی (ماندانا Mandane )كوڕێكی دەبێت و ئەو كوڕە كە دەبێتە نەوەی ئەزدەهاك كۆتایی بە ژیانی ئەزدەهاك دەهێنێت. ئەمە ترسێكی دەروونی بۆ سەر ئەزدەهاك دروستدەكات ، ئیتر بۆ ئەوەی لە دەست كوڕی كچەكەی واتە نەوەكەی رزگاری ببێت ، هەوڵیدا كۆتایی بە ژیانی  نەوەكەی (دەكاتە منداڵی كچەكەی خۆی) بهێنێت، ئەویش بەوەی ئەزدەهاك ,هارباك  Harpagus ی راسپارد كە لاشەی مردووی نەوەكەی بۆ بهێنێت، بەڵام  هارباك ئەمەی بۆ نەكرد، لەجیاتی ئەمە  هەستا منداڵێكی گوندەكان كە بە مردوویی لەدایك ببوو، بردی و بە ئەزدەهاكی گوت  كە ئەوە خۆیەتی واتە نەوەكەیەتی، لەم  چیرۆكەدا هارباك ئەزدەهاكی هەڵخەڵەتاند .بێگومان  كچی ئەزدەهاك  درابووە باوكی كۆرش !  كۆرش  نەوەی ئەزدەهاك بوو، واتا كۆرش دایكی كورد بوو كەكچی ئەزدەهاكی ئیمپراتۆری میدییەكان بوو،بەڵام باوكی كۆروش فارس بووە. لە چیرۆكەكەدا دوای دە(10) ساڵ ئەزدەهاك زانیویەتی كە هارباك فێڵی لێ كردووە، بۆیە  لە تۆڵەیدا، منداڵێكی هارباكی گرت و كۆتایی بە ژیانی هێناو، سەری لە جەستەی جیا  كردەوەو خستییە سەر ئاگرو كوڵاندی. لێرە ناكۆكی قووڵ كەوتە  نێوان هارباك و ئەزدەهاك، ناچار  هارباك پەنای بردە بەر كۆرش و یارمەتی دا  بۆ كۆتاییپێهێنانی ئیمپراتۆر ئەزدەهاك كە ئەوكات ئەزدەهاك  چوارەمین ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریاكەی میدییەكان بوو.كوڕی كەیخوسرەو بوو  كەیخوسرەویش سێیەم ئیمپراتۆری میدییەكان بوو. ئیتر ئەزدەهاك كەیخوسرەوی ئیمپراتۆر ، بوو بە دوا ئیمپراتۆریای میدییەكان، چونكە كۆرش لەناوی بردو ئیمپراتۆریاكەی میدیاش لەناو چوو.

   ئەزدەهاك Astyages هەمان ئەو ئەژدەهاكەیە كە كورد تا ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردووش واتا تا نیو سەدە پێش ئێستاش هەر بە ئەژدەهاك ناوی دەبرد، ماوەیەكە بە ئەژدەهاك یان زوحاك ناوی دەبردرێ،  كۆرش یش كاوەیە  ، بەم پێیە بێت دوورو نزیك ئەزدەهاك پەیوەندی بە فارسەكانەوە نەبووە، كۆرش یش دوورو نزیك پەیوەندی بە كوردانەوە نەبووە.

راستە ئەم بابەتە مێژووییە تێكەڵ بە ئەفسانە كراوە، وەك ئەو خەونەی كە ئەزدەهاك بینیویەتی، بەڵام لە بنەڕەتدا  چەند راستییەكی مێژووییشی تێدایە، ئیمپراتۆریای میدییەكان هەبووەو دیاكۆ (دەهاكۆ   701 – 648 پ.ز) هەندێك سەرچاوەی دیكە ئاماژە بۆ ساڵانی(700-647 پ.ز)دەكەن، یەكەم ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدیا بووە، بەهۆی شەڕی سەختی لەگەڵ ئاشوورییەكانەوە كۆتایی بە ژیانی هات و كوڕەكەی (خەشتاریت  كوڕی  دەهاكوPhraortes)ئەویش لە هێرشێكی بۆسەر ئاشوورییەكان كوژرا. ئەمجارە كوڕی خەشتاریت كە ناوی كەیخوسرەو بوو، توانی كۆتایی بە مەملەكەتی ئاشوورییەكان بهێنێت و بۆ یەكجاری بیانڕوخێنێت . بۆیە دڵداری شاعیریش لە شیعری ئەی رەقیب دا دەڵێت: ئێمە رۆڵەی میدیاو كەیخوسرەوین ، چونكە كەیخوسرەو توانی كۆتایی بە مەملەكەت و دەسەڵاتی ئاشوورییەكان بهێنێت. ئەزدەهاك كوڕی ئەو كەیخوسرەوەیە.

  دەبێت ئەوە بزانرێت، ئێران دوای لەناوبردنی ئیمپراتۆریای میدیا  رێك 370 ساڵ فەرمانڕەوایی ئەخمینییەكانی كردووە كە كۆرش یەكێك لەو ئیمپراتۆریایانەیە كە ئەخمینییەو پێیاندەوترێ هەخامەنشییەكان.لەوماوەیەدا كە 370 ساڵ بووە ،  ئیمپراتۆریای ئەخمینییەكان یادی ئەو رۆژەی لەناوچوونی ئەزدەهاكیان كردۆتەوە،  ئیتر بووە بە نەریت. فارس قەت سەركەوتنی كوردانی بەسەر خۆیدا  نەكردۆتە جەژن، بە پێچەوانەوە زۆر وریا بوونەو جەژنەكانی خۆیان بەرهەمهێناوە، وەك دەبینین نەورۆز لە چەندین وڵات و ناوچەدا دەكرێتەوە، هۆكاری ئەم فراوانبوونەی جەژنی نەورۆز بۆ دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای ئەخمینییەكان دەگەڕێتەوە، كە 370 ساڵ بەردەوام بوون و ئەو یادەیان دەكردەوە، كە ئەوكات دەیان وڵات و هەرێم لەژێر دەستیاندا بووەو ، بەردەوامیش یادی  ئەو سەركەوتنەی خۆیان كردۆتەوە، لەمێژووی فەرسەكاندا هەرگیز شتی وا رووی نەداوە. ئاهەنگ بۆ شكستە گەورەكانی خۆیان بگێڕن. بەپێی ئەو مێژووەی كۆروش ئیمپراتۆریای بەسەر میدییەكاندا  دامەزراندووە مێژووەكەی  بۆ ( 560 - 529 پ.ز) دەگەڕێتەوە  واتە كۆروش  تەنیا 31 ساڵ ئیمپراتۆر بووەو لە شەڕێكی  سەختی بابلییەكاندا كوژراوە.بەڵام ئیمپراتۆریاكە 370 ساڵ فەرمانڕەواییان كردووە. بەو پێیە مێژووی كۆروش دەبێتە (2500)ساڵ پێش ئێستا. ئەو كاتانەی كە ئیمپراتۆریای فارس شەڕی سەختی لەگەڵ ئیسپارتاییەكان و ئەسیناش دەكرد،  دوایی ئەفڵاتونیش ئاماژەی بۆ وێرانبوونی ئەسینا كردووە بە دەستی شەڕانگێزی فارسەكانەوە.

  مێژووی (2500) ساڵی رابردوو، زۆر دوورە لە مێژووی دەستپێكی شۆڕشی كشتوكاڵی ، چونكە مێژووی شۆڕشی كشتوكاڵی بۆ دوازدە هەزار (12000)ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەمەش جیاوازییەكە هیچ لۆژیكێك بۆ نزیكبوونەوەی ئەو رووداوە لە مێژووی شۆڕشی كشتوكاڵی نزیكبكرێتەوە بوونی نییە.

خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە، هەموو مێژووی نووسین  تەنیا پێنج هەزار(5000) ساڵێكە، با (500 )ساڵی تریشی بۆ زیاد بكەین، كەواتە ئەم ناوهێنان و مێژووی رەچەڵەك و ...هتد  ئەوكاتانە بووە كە نووسین هەبووە، دەنا بەپێی ئاركیۆلۆژیا بێت، تەنیا  دەتوانرێت دەوروبەری مێژووەكەی بناسرێتەوە، بۆنموونە كەللەی سەری مرۆڤێك  بەپێی زانستی ئەمڕۆ دەتوانرێ بزانرێت هی چەند هەزار ساڵ پێش ئێستایە، بەڵام خۆ ئەوكات (D N A ) نەبووە  تا بزانرێ دەگەڕێتەوە سەر كام توخم.

نەورۆز رۆژی شكستی گەورەی كوردانە، بەڵام كورد لەژێر كاریگەری فارس ئەم یادەی كردۆتەوە، چونكە كورد دەسەڵاتی نەماوەو بە پێچەوانەشەوە فاس لەوپەڕی فراوانبوونیدا بووە بەتایبەت لەسەردەمی ئیمپراتۆریای ئەخمینییەكان.

كورد نابێت بەدوای سۆزو عاتیفەی رووت بكەوێت، بەمجۆرە بێت ناتوانێت برینە سەختەكانی خۆی تیمار بكات، پێویستە ئازایانەو بوێرانە برینەكانمان ببینین و ئازایانەش باشترین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. رووداوی نەورۆز دوورو نزیك پەیوەندی بە ئەفغانی و تاجیكی و توركی و.....هتد  نییە. تاكە پەیوەمدییەك كە هەبووبێ ئەوەبووە، ئەخمینییەكان دەسەڵاتیان بەسەر ئەم ناوچەو هەرێمانەوە هەبووە، كاتێك ئەخمینییەكان ئەو ئاهەنگانەیان كردووە، ئەو  ناوچەو هەرێمانەی كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئەخمینییەكان، ئیتر ئەوانیش ئەو یادەیان كردۆتەوە، دوای نزیكەی 400 ساڵ بەردەوامبوونی ئەو ئینپراتۆریایە، ئیتر ئەو یادكردنەوەیە بووەتە نەریت و تەنانەت وەك كولتوورێكیشی لێ هاتووە، بۆیە تا ئەمڕۆش هەر یادی دەكەنەوە. هەر شتێك كە دەبێتە نەریت و كولتوور، بە ئاسانی  ناتوانرێ دەستبەرداری ببیت و ماوەیەكی زۆری دەوێ  تا وردە وردە نامینێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×