نوخبەی بێ پرۆژەو سیاسەتی گەوجانە !

فوئاد سدیق
  2021-05-15     610

ئەگەر بە روانینێكی كۆمەڵناسانە لە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رووناكبیری و ئابووریی كوردستان وردبینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، بەتەنیا سەركردایەتی سیاسیی(بە تەواوی پێكهاتەو رەنگەكانیانەوە)نین كە لە دۆخێكی وەها پڕ لە قەیراندا چەقیانبەستووە، بەڵكو كێشەی بنچینەیی ئەم هەرێمە بۆ ئەم هەموو قەیرانە، بۆ نوخبەی رووناكبیریش دەگەڕێتەوە. نوخبەی رووناكبیری لەم هەرێمی كوردستانە، تا رادەیەكی زۆر دواكەوتووەو خاوەنی هیچ پڕۆژەیەكی فیكری و فەلسەفی نییە . كامەی خۆی بە رووناكبیرێكی گەورە دەزانێت!!، جگە لە كۆمەڵێك بابەتی رەخنەیی و جگە لە چەند وتار یان چەند كتێبێكی گوازراوە لە زمانێكی دیكە بە زمانێكی سەقەت، یان نووسینێكی  ئینشائی ،شتێكی ئەوتۆی لێ نادۆزیتەوە  تا بتوانێت زیندوویی خۆی پێبپارێزرێت.  تۆ سەیر كە، زۆری و بۆری كتێب چاپكردن بۆتە مۆدێل، كاتێك دەیەوێ قسەیەك بكات، یەكسەر شانازی بەوە دەكات، كە خاوەنی ٤٠ یان  ٥٠   یان ٦٠ كتێبی چاپكراوە!! كارەساتە گەورەكە ئەلێرەوە دەستپێدەكات. چونكە لەناو ئەم هەموو كتێبەیدا، ناتوانی یەك پڕۆژەی فیكریی لێ بدۆزیتەوە !.شێخ رەزا ئێستا لە ژیاندابوایە دەبوو چ شیعرێكی پڕ لە هەجووی دابڕشتایە.
     كۆمەڵناسی لە سادەترین مانایدا  بریتییە لە پرۆسەی ئاشكراكردن و پەردە هەڵماڵین لە رووی بونیادە شاراوەكان، كە خەڵك پێی نەزانیبێت. واتا قورتاربوونە لە هەموو بیرۆكەیەكی باو و سواو  . مەتەڵێكە خەڵك ناتوانن هەڵیبێنن، كۆمەڵناس دەچێتە ناوی و لێیدەكۆڵێتەوەو دەیدۆزێتەوەو بۆ خەڵكیشی ئاشكرا دەكات. چونكە هەموو ئەو بیرۆكە باوو سواوانەیە كە كۆمەڵگای جڵەو كردووەو، لێناگەڕێ یەك هەنگاوی بوێرانە بۆ پێشەوە بهاوێت . زۆربەی فەیلەسووفەكانی دنیا كاتێك خاوەنی یەك پڕۆژەی فەلسەفی بووبن، بە یەك كتێب خستوویانەتە روو، بەڵام ئەم كوردە حەیاتە بە ٤٠ كتێبیش دڵی ئاو ناخواتەوە!. كەچی خاوەنی ٢٠ وشەی جوان و نوێ نییە. وای لەو كارەساتەی!.
    كاتێك ئەوروپا لەناو سەدەكانی ناوەڕاستدا دەیناڵاند، پاپا و ئایینی مەسیحی  رێگای نەدەدا فەیلەسووف پڕۆژەی فیكری خۆی بخاتە روو، دادگاكانی پشكنین راستەوخۆ بەبێ دادگاییكردن، سەری هەر كەسێكیان دەبڕی ئەگەر بە داو لە سیاسەتی چەقبەستووی كڵێسا لایبدایە، ئیتر بێ قەیدو شەرت سەریاندەبڕی و دەیانخستە ناو مەنجەنیقەوە، جیۆردانۆ برۆنۆ  نموونەیەكی زۆر زۆر زیندووە لەو بارەیەوە، كە نەیتوانی پڕۆژە فەلسەفییەكەی خۆی تەواو بكات، زمانیان بڕی ئینجا سەریان بڕی دواییش خستیانە ناو كوورەی ئاگرەوە.
     ئێمە تەنیا گالیلۆمان لەبەرچاوە كە لە بەرانبەر دادگاكانی پشكنین كۆڵی داو، لە تیۆرەكەی خۆی پاشگەز بووەوە، بەڵام خۆ كۆپەرنیكۆس ١٠٠ ساڵ پێش گالیلۆ ، واتا ساڵی ١٥٤٠ بەناچاری نامەیەكی بۆ پاپا نووسی و داوای سۆزو بەزەیی لە پاپا دەكرد، تەنانەت بۆ پاپای نووسیبوو: ئەو دۆزینەوەیەی من لەگەڵ ناوەرۆكی كتێبی پیرۆزدا هیچ ناكۆك نییە. كتێبەكەشی نەوێرا چاپ بكات، تا ئەو رۆژەی لەسەرەمەرگدا بوو، كاتێ كتێبەكەی لە چاپخانە هاتە دەرو، ئەم دەست و ئەودەستی دەكرد، تازە كۆپەرنیكۆس خرابووە نێو گۆڕەوە!!.
     جێگای سەرنجە، پرۆژەی رێنیسانس كە لە بنەڕەتدا پرۆژەیەكی فیكری فەلسەفی بوو، پێش هەموویان مایكاڤیلی لە بەرانبەر پاپا وەستایەوەو ناكۆكییەكانی نێوان پاپاو ئیمپراتۆری بۆ  خەڵك ورد كردەوەو، روونیكردەوە كە ئیشی پاپا ناو كڵێسایە نەك دەسەڵاتی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵات.  سەیركە لەوكاتەوە هەر فەیلەسووفێك كە هاتووە، بۆشاییەكی لە فیكردا پڕ كردۆتەوە. تۆماس هۆبز دەوڵەتی بە پێداویستییەكی زۆر گرنگ و بە بەپەلە دەزانی. رۆسۆ خاوەنی یەك فیكر نییە، لە ئەدەبدا پێشەنگی قوتابخانەی رۆمانسییەتە، لە سیاسەتیشدا پێشەنگی ئازادییەو مەشخەڵی رێگای شۆڕشی گەورەی فەرەنسا بوو. بەڵام ئەو دەوڵەتانەی دوای دامەزراندن و دروستبوونیان و، دوای بەركەناركردنی پاپا بۆ كاروباری بەڕێوەبردنی وڵات و دوای شۆڕی مەزنی فەرەنسا، چەند فەیلەسووفێك هاتن نەخشەیەكی هاوسەردەمانەیان بۆ گەل و وڵاتی خۆیان دامەزراند. ئەو فەیلەسووفانەی توانیان بە فەلسەفەكەیان رۆژئاوا لە قەیران قورتار بكەن، چەند فەیلەسووفێكن، نەخشە رێگایەكی جوانیان بۆ وڵاتەكانیان داڕشت. ئەگەر ئۆگست كۆنت نەبوایە، فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم رەنگە هەر لە دایك نەبوایەو، ئەوروپا نەیتوانیبایە بەو شێوەیەی ئێستا ماتریالی بوایە، بەڵام تۆ سەیركە ئۆگست كۆنت دوای ئەوەی سالی ١٨٤٤  كتێبێكی قەبارە گەورەی بەناوی (چەند وانەیەك دەربارەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم) نووسی . وەرچەرخانێكی گەورە لە ژیانی سیاسی و فیكری رۆژئاوا بەتایبەت ئەوروپادا هاتە ئاراوە.پۆزەتیڤیزم مرۆڤی رۆژئاوایی كردە تەواو مەتریالی و لە سۆزو بەزەیی دووری خستەوەو رۆح لە نێو جەستەی مرۆڤی رۆژئاوایی ون بوو، دڵیش لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ سەرگەردان و سەوداسەرە . زیرەكی ئۆگست كۆنت لەوەدابوو، دەیزانی بە تەنیا فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم ،مرۆڤ لە چوارچێوە دەگرێت و رۆحی  بەبەرەوە ناهێڵێت، لەكاتێكدا مرۆڤ لە گۆشت و خوێن و هەست پێكهاتووە، بۆیە هەوڵیدا فەلسەفەكەی خۆی تەواو بكات، ئەویش لەرێگای گەڕانەوەی دڵ و زیندووبوونەوەی رۆح. بۆیە نووسیبووی : كتێبی داهاتووم كتێبێكە كە ئۆپێرایەكی زۆر گەورەی لەخۆ گرتووەو، لەو كتێبەمدا  باسی خۆشەویستی گەردوونی دەكەم، خۆشەویستی گەردوونی نەك تەنیا بەسەر هێز، بەڵكو بەسەر ئەقڵیشدا. بەداخەوە مەرگ رێگەی پێنەدا ئەم پرۆژە فیكرییەی خۆی تەواو بكات، كە ئەوكات ئەوروپا دەبووە ئەوروپایەك هەموو مرۆڤەكانی چەندە مادی و ماتریالی بوونایە ئەوەندەش رۆحانی دەبوون و دڵیان لەگەڵ جوانی و ئەشق و خۆشەویستیدا گەشتر دەبۆوە. ئێستاش ئەوروپا ئەو لایەنی رۆحی و دڵ و ئەشق و خۆشەویستییەی لێ كەمەو بۆشاییەكی گەورەی بە مێژووی  ٥٠٠  ساڵەی رابردووی خۆیدا جێهێشتووە.
  پراگماتیزم كە لە لایەن چەند فەیلەسووفێكەوە موتربە كرا، لە سەرووی هەموویانەوە، چارلز ساندرز پیرس (Charles Sanders Peire 10 /9 / 1839  -  19 / 4 / 1914 )بۆ یەكەمجار ئەم زاراوەیەی بەكارهێناو دواتر، ويليام جيمس (1842 -  1910) و جۆرج هێربێرت  ميد (1863  -  1931)و جون ديوی (1859  -  1952) چەندانی دی گەشەیان پێدا، تا وایلێهات، ئەمریكا بە تەواوی پەیڕەوی فەلسەفەی پراگماتیزم بكات و تا ئێستاش هەر لەسەر ئەو فەلسەفەیە دەڕوات. ئەمە تەنیا دوو نموونەیە كە رۆژئاوا پەیڕەوی ئەو دوو جۆرە فەلسەفەیەی كردووە.
لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا،لەم هەرێمی كوردستانەو تەواوی نوخبەی رووناكبیری كوردی لە هەر كوێیەك بێت، تەنانەت یەك كەسمان دەست ناكەوێت لەنێو هەموو ئەوانەی خۆیان بە نوخبە دادەنێن و گوایا نووسەرو رووناكبیری چاكن!، توانیبێتی  بچووكترین پرۆژەی فەلسەفیی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی هەبووبێت. كارەساتی نووسین لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی رابردوودا بەتەواوی قووڵبۆتەوە، بە جۆرێك نەخوێندەوارەكانیش خۆیان لێ بووەتە نووسەرو رۆشنبیر!. ئاخر كەسانی وا هێندە زۆرن كە هێشتا زمانی دایك بە باشی نازانن، كەچی شیعرو رۆمان دەنووسن. یەكێك هێشتا زمانی دایك بە باشی نەزانێت و لێی قووڵ نەبووبێتەوە، چۆن جەسارەت دەكات شیعر بنووسێ، یان رۆمان بنووسێ.ئەمە باسی فیكر هەر ناكەم، خۆ زەمانی نالی و مەحوی نییە، شیعر تەنیا وێنەو سۆزو سووتان و مۆسیقا بێت، یان رۆمان تەنیا پەخشانئامێز بێت!. شاعیر بەرلەوەی شیعر بنووسێ، پێویستە هەندێك سەرەدەری لە فەلسەفەو میتافیزیقاو زانستە مرۆییەكان  دەربكات ، یان رۆماننووس پێویستی زۆری بە فیكرو میتافیزیقاو فەلسەفەی مێژوو ...هتد هەیە. كەچی لای ئێمە  وا دەزانن زمانی پەخشانئامێز بەسە بۆئەوەی رۆمانێكی زۆر باش بنووسی!!. بۆیە تا ئێستا لە كەلاوەیەك ژیان دەبەینە سەر، چی نەهامەتی هەیە لێیكۆبۆتەوە..
 لەسەردەمی ئەمڕۆدا، گرفتەكان زۆر ئاڵۆزكاوو تێكچڕژاون، تا نوخبەی رووناكبیری پڕۆژەی فەلسەفەی بۆ بەڕێوەبەردنی وڵات لا گەڵاڵە نەبووبێت، نابێت چاوەڕوانی كاری باشی سەركردەی سیاسی بكەین، چونكە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی ئەمڕۆ لەناو حیزبە رەنگاو رەنگەكانا بوونەتە سەركردایەتی، بە هیچ شێوەیەك گیانی سەركردایەتیبوونیان  تێدا نییەو ناتوانن سەركردایەتی دوو كەسیش بكەن، چ جای جەماوەر. .

(رەشنووسی  بەرگی چوارەمی قەیرانی ئەقڵ)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×