راستییەكانت ون كردووە، یان خۆت لێ ون بووە ؟!

فوئاد سدیق
  2020-09-06     948

قسە گەر عیقدی گەوهەر بێ، غەرەض دەیكا بە خەرموهرە
چ تەئسیرێ  لە  وەعضتدایە ،  واعض  وا  پڕ  ئەغراضی
مەحوی

   ئەمڕۆ برادەرێكم وتارێكی بۆ ناردم  ویستی رای من بزانێ، ناونیشانی وتارەكە ئەمە بوو(دیوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی شه‌ڕی خواكوڕك) ئیتر سەرنجی راكێشام بزانم ئاخۆئەم برادەرە دیوە  راستەقینەكەی چۆن دۆزیوەتەوە، بەتایبەت هەر لەدوای ناونیشانی یەكەمی، نووسیبووی (ئه‌وه‌ی كه‌ له‌شه‌ڕی خواكوڕكدا دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌  كراوه‌). ئەم برادەرەش بۆیە بۆی ناردبووم چونكە دەیزانی من لەیەكەم تەقەی شەڕی خواكورك تا دوا تەقە لەناو ئەو شەڕە سەختەدا بووم...
  سەرەتا دەمەوێ بڵێم،  هەر كەسێك رێزی لە نووسینەكەی خۆی نەگرت، رێك رێز لە خۆی ناگرێ، چونكە نووسینی كەسەكان، رەنگدانەوەی كەسایەتی كەسەكانە، بەداخەوە، ئەوەی من بە گشتی تێبینیم كردووە، زۆربەی هەرە زۆری وتار نووس و بنووسەكانی ئەم هەرێمە، لەخەمی ئەوەدا نین  رێز لە نووسینەكانیان  بگرن، كە هاوكات دەبێتە رێزنەگرتن لە خۆیان، ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی نزمی وشیاری كەسەكانە ،وای لێكردوون  هەڵپە بۆ هەموو شتێك بكەن، جا واش لە خوێنەر دەگەیەنن، كە هەنگوینیان لەناو داری كلۆردا دۆزیوەتەوە.
من حەزم لە وەڵام و وەڵامكاری نییە، بەڵام كاتێ ئەو وتارە سەقەتەم خوێندەوە، كەسێكی بە حساب ئەكادیمی و بەردەوامیش رەخنە دەگرێ، نووسیویەتی، حەزم نەكرد بە بێدەنگی تێپەڕێ، چونكە كەسێك رەخنەگر بێت، نابێت بە رق و كینەوە راستییەكان بشێوێنێ، ئێ ناشبێ دیوە راستەقینەكەی شەڕی خواكورك ئاوا بە شێواوی و ئەتككراوی بنووسێتەوە... ئاخر  بۆیە نووسین و فكر لەم هەرێمە بەهایەكی نەماوە، هەر چی دەستی قەڵەم دەگرێ، شەلم كوێرم هیچ نابوێرم ، بەرنامەی دوورو نزیكیەتی. سەیركەن ئەم برادەرەش  چۆن راستییەكانی شێواندووە، ئێستا بە وردی هەندێكیان دەستنیشاندەكەم، بەو هیوایەی سوودی لێ وەربگرێت و ، جارێكی دیكە هەر لە خۆیەوە شت فڕێ نەدات ، ئاخر نووسین هیزی مانەوەی خۆی هەیەو رەنگدانەوەی كەسایەتی نووسەرەكەیە.
   كاك كامەران مەنتك، بە حساب مێژووی چەواشەمان بۆ راست دەكاتەوەو!، هەوڵدەدا چیدی مێژوو لای هیچ هێزو لایەنێك  نەشێوێنرێ!، كەچی وتارەكەی خۆی پڕە لە هەڵە، پڕە لە شێواندن، پڕە لە چەواشەكاری، پڕە لە رق و كینە. چونكە كاتێ ئەم وتارە دەخوێنیتەوە، ئەم هەموو رق و قین ە خۆیان زەقدەكەنەوەو ، دەبینی ناخی پڕە لە هەڵچوون، هەموو ئەوانەی  ناخێكی شێواویشیان هەبووبێت، ناتوانن لە نووسینەكانیاندا، ئەو هەڵچوون و شێواوییە بشارنەوە،  كاك كامەرانیش نەیشاردۆتەوە، كە چ رقێكی لە ناخدا پەنگیخواردووە.. بۆ نموونە كاكی مەنتك دەڵێت: (له‌ راسیتدا شه‌ڕی خواكوڕك به‌شێك بوو له‌شه‌ڕی ئێراقی – ئێرانی و دوورو نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ نیه‌، هێزه‌ كوردیه‌كان به‌ وه‌كاله‌تی ئێران و به‌ناوی به‌رگریكردن له‌ بوونی كورده‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌یان كرد)ئەمە بە قسەی كاكی مەنتك بێت، راستیمان پێدەڵێت!، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە بوختانێكی گەورەی  بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانییەوە  كردووە، سەرچاوەی ئەم بوختانەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەم برادەرە پێشمەرگایەتی نەكردووە،  بۆیە لە دوای راپەڕینەوە، هەست بە كەم(نقص)ی و بچووكبوونەوەی خۆی دەكات، كەسیش نازانێ ئەم برادەرە لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاكان تا كاتی راپەڕینەكەی بەهاری ١٩٩١ لە كوێ دەژیا، چونكە هەموو ئەوانەی لەناو شار بوون، روونە یان ببوونە سەربازی حكومەتی  فاشی بەغدا، یانیش ببوونە جاش و لە فەوجێك جاشایەتیان بەڕێدەكرد.. نەدەكرا لە شار بژی، كەچی نە سەرباز بووبی، نە جاش... ئیتر كاكی مەنتك خۆی دەزانێ پێش راپەڕین چۆن و لە كوێ ژیانی بردۆتە سەر!. ئەمەیان با بۆ خۆی بێت، بەڵام ئەوەی پێویستە رووی راستەقینەی شەڕی خواكورك نیشانبدەین، درۆیەكی گەورەیە، ئەگەر بڵێی شەڕی خواكورك بەشێك بوو لە شەڕی عێراق -   ئێران، لەبەرچی؟ چونكە  هێزی پێششمەرگەی كوردستان، هێرشی بۆسەر بارەگاو بنكەكانی بەعس نەبردبوو، بەڵكو رژێمی فاشی هێرشی بۆسەر سنوورەكان هێنابوو كە هێزی پێشمەرگەی تێدابوو...هێشتاكەش وەستان و كۆتاییهاتنی شەڕی  عێراق – ئێران بە فەرمی راگەیەندرابوو، كاتێك شەڕی خواكورك دەستیپێكرد، سەدام بە نەتەوە یەكگرتووەكان و بە وڵاتانی زلهێزی گوتبوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەشێكن لە سوپای ئێران، بۆیە هەموو هێزەكانی خۆی لە بەسراو فاو تا زاخۆ، هێنابووی  بۆئەوەی كۆتایی بە هێزی  بەرەنگاربوونەوەی  پێشمەرگەی كوردستان بهێنێت. بە داخەوە، كاكی مەنتك رێك قسەی سەدام و بەعسییەكانمان  پێدەڵێتەوە!!. بەڵام پێشمەرگەی كوردستان شەڕێكی سەخت و مێژوویی و بێوێنەی پێشكەش بە هەموو جیهان كردو  ئەو قسەی سەدام و بەعسییەكانی بەدرۆ خستەوە، چونكە شەڕی خوا كورك چل و شەش(٤٦) رۆژی خایاند و كۆمەڵێك پێشمەرگەی قارەمانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم (٢٥)پێشمەرگە  لەم شەڕەدا شەهید بوون و پێشمەرگەیەكی حزبی تودەی ئێرانیش كە لەگەڵ حزبی شیوعی بوون بەناوی (مام عەلی) بە گوللەی ئارپێچی شەهید كرا. ئەم برادەرە زۆر بە سەقەتی لەم شەڕە تێگەیشتووە!،ئاخر  یەكێتی نیشتمانیش لە قەندیل بە هەمانشێوە لە شەڕێكی سەختی دەستەو یەخەدا بوو، كە ژمارەی شەهێدەكانی زیاتر بوون، ئێمە ئاگامان لێبوو، یەكێتیش لەناو شەڕێكی زۆر قورسدایەو رۆژانە شەهیدی هەیە. پارتی و یەكێتی هەر یەكەو لە قۆڵێكەوە، یەكێتی لە قەندیل بەتایبەت ئەو شوێنەی پێیدەوترێ(كونە كۆتر) پارتیش لە خواكورك(سێكوچكەی عێراق، ئێران، توركیا) شەڕێكی مێژوویی و یەكجار نموونەییان كرد، كە دەتوانم بڵێم رژێمی دیكتاتۆری بەعس بە سەدان ئەگەر نەڵێم هەزاران كەس لە جاش و جەیشی ناشەعبی و مغاویرو سەربازو ئەفسەریان لێ كوژراو، بەدیلگیراویشیان لێ هەبوو! پێم سەیرە كوردێك، بەهۆی پاڵنەری رقەكانی ناوەوەی وای لێبكات بڵێ ئەم شەڕە (به‌شێك بوو له‌شه‌ڕی ئێراقی – ئێرانی و دوورو نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ نیه‌، هێزه‌ كوردیه‌كان به‌ وه‌كاله‌تی ئێران و به‌ناوی به‌رگریكردن له‌ بوونی كورده‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌یان كرد) ئەمە تەنیا قسەی كۆنە بەعسی و خۆفرۆشەكانی كوردە، كە لە ژیانیان دۆڕاون.ئەگینا كوردێك خۆی بە نیشتمانی بزانێ، هەرگیز ئەمجۆرە ژەهری كینەیە ناڕێژێت.
شەڕی عێراق – ئێران لە 8/8/1988 كۆتاییهات، بەڵام شەڕی سەختی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەم رۆژەدا لە دوو بەرەی شەڕی زۆر سەخت و لەیەك دوور بوون. شەڕی خواكوركیش لە له‌ 28\8\1988 كۆتایی نەهات، وەك كاكی مەنتك وای نووسیوە، بەڵكو تا ٦/٩/١٩٨٨ بەردەوام بوو، خۆزگە كاكی مەنتك  شەڕی دەستەو یەخەی (٥ لەسەر ٦ ی ئەیلول)ی دەبینی، كە رژێمی فاشی چ هێزێكی بۆسەر هێزی پێشمەرگە كۆ كردبۆوەو، هێزی پێشمەرگەش چەند بە ورەی پۆڵایینەوە  درێژەیان بە خەباتی ئازایانە دەدا.. بەڵام ئەم برادەرە نەك لە نێو شەڕەكەدا نەبوو، بەڵكو بە سەدان كیلۆمەتر لێی دوور بوو، بۆیە نەیدەزانی ئێستاش نازانێ  ئەم شەڕە چۆن دەگوزەرا، وا پێدەچێ هەر نەشیەوێ بزانێ چۆن دەگوزەرا. بە داخەوە.
سەیر كە ئەم برادەرە چۆن تووشی وڕێنە بووەو مێژووی رووداوەكان چۆن تێكەڵ و پێكەڵ دەكات!، نووسیویەتی(دیاره‌، كه‌ له‌شه‌ڕی ئێراق – ئێران هێزه‌كانی پارتی شان به‌شانی سوپای ئێران دژی سوپای ئێراق ده‌جه‌نگان، پێشكه‌وتن و چاوساغی كردنی پارتی بۆ سوپای ئێران ده‌رئه‌نجامی كاره‌سات ئامێزی له‌سه‌ر گه‌لی كورد لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌و ده‌ئه‌ر‌نجامانه به‌داخه‌وه‌‌ ئه‌نفالكردنی بارزانیه‌كان بوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و حیزبه‌ سوودی له‌و ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ وه‌رنه‌گرت و به‌رده‌وام بوو له‌ چاوساغی و شه‌ڕكردن بۆ ئێران) خوێنەری بەڕێز شەڕی خواكورك پێنج ساڵ دوای ئەنفالكردنی بارزانییەكان هاتۆتە ئاراوە.ئاخر یەكێك مامۆستای زانكۆ بێت، چۆن ئاوا مێژوو دەنووسێتەوە.. لەبەر خۆت نا، هەر لەبەر خاتری بڕوانامەكەت.
ئینجا من خۆم لەناو تەواوی شەڕی خواكورك بووم لە یەكەم تەقە تا دوا تەقە ، بڕوا دەكەن، چاوم بە یەك سەربازو  ئەفسەری ئێرانی نەكەوتووە، باشە كاكی مەنتك تۆ كە خۆت لەناو رووداوەكە نەبووی، چۆن نووسین  لەسەر قسەی كەسانی تر هەڵدەچنی،كەسانێك كە نەیانویستووە ناویشیان بهێنی؟ ئەمە چ جۆرە سەرچاوەیەكە؟!.  نەدەبوو، كەمێك وردتر بوویتایە؟ بۆچی وردتر نەبووی؟
ئینجا ئەم برادەرە نووسیویەتی(به‌رله‌هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانین، كه‌ شه‌ڕی خواكوڕك به‌ ته‌نیا پارتی دیموكراتی كوردستان تیا به‌شداری نه‌كرد، بگره‌ حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كانیشی له‌ حزبی شیوعی و سوسیالیست و ئاشی مه‌لابه‌ختیارو حزب الله كه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانیش به‌شداریان تیا كرد، كه‌چی ئێستا پارتی به‌ ته‌نیا باسی خۆی ده‌كات و زۆینه‌ی راستیه‌كانیش ده‌قرتێنێت! هیچ كه‌سێكیش له‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌یان كردووه‌و له‌ رۆژگارێكدا خۆیان به‌ شۆڕشگێرو قاره‌مان زانیوه‌ تا ئێستا بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ راستیه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ باس بكه‌ن!). جارێ شەڕەكە تەنیا حزبی شیوعی لەگەڵدا بوو ئەوانیش ژمارەیان سنووردار بوو، چونكە ناوچەی خواكورك بارەگای مەكتەبی سیاسی و راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی لێبوو، هێزی پێشمەرگەی ئەوەندە لێ نەبوو،بۆیە بەشداریكردنەكەشیان  زیاتر  رەمزی بوو، ئەوانی تر ژمارەیان هەر زۆر زۆر كەمتریش بوو، بەڵكو شەڕەكە پارتی دیموكرات بوو دەیكرد.ئینجا ئەو كاكی مەنتكە هەر لە خۆیەوە، دەڵێت(هیچ كه‌سێكیش له‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌یان كردووه‌و له‌ رۆژگارێكدا خۆیان به‌ شۆڕشگێرو قاره‌مان زانیوه‌ تا ئێستا بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ راستیه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ باس بكه‌ن) من نازانم ئەو برادەرە چۆن جەسارەتی ئەو جۆرە نووسینانە دەكات، كە ئاگای لە هیچ نییە.. من خۆم لە دوای راپەڕینەوە لە نەوەدەكان ، زۆر بە درێژی باسی وردەكارییەكانی ئەم شەڕەم كردووەو چەند برادەرێكی دیكەش لە ساڵرۆژی ئەم شەڕەدا، یادیان كردۆتەوەو لەسەریان  نووسیوە. ئیتر نازانم مامۆستای زانكۆ  چۆن قسە هەڵداوێ و بە دڵی  خۆی رەمل لێدەدات..
كاكی برا داگیركردنەوەی ئەو ناوچانە، لەبەر ئەوە بوو عێراق بڵێ هەموو شەڕ بە هێزی پێشمەرگەشەوە كۆتایی  هات، ئەم ناوچانەش لە سەرەتای مانگی ئەیلول زۆر سارد دەبوو، ئەوكات شەوانی مانگی ئاب خووسی دەكرد، دەبوو كلاشینكۆفەكەمان  لەگەڵ خۆمان بنوێنین و بیخەینە ژێر  ئەو جلانەمان كە بەخۆمان دادەدا. چونكە تا بەیانی جلی سەرەوەمان سپی دەبوو،دەتگوت بەفرە باریوە.  بە كورتی نە پێشمەرگەو نە هیچ كەس نەیدەتوانی  لە مانگی ئەیلول بە دواوە لەسەر ئەو شاخانە بژی بەهۆی ساردی زۆرو بەفرو باران و كڕێوە، هەر بۆ زانیاری كاكی مەنتك رۆژی ٦ی ئەیلول كە رۆژی كشانەوەی هێزی پێشمەرگە بوو، ئەو رۆژە   كەش و هەوا زۆر سارد بوو ، چونكە كڕێوە  دەباری ، باو بۆڕان بوو.
ئینجا خوێنەری بەڕێز تۆ سەیری كە ئەم برادەرە چۆن وشەی ریز كردووە(یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵیدا كردووه‌و خۆی به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌ی كردووه‌‌، كه‌ نه‌یوست ناوی بهێنم) تا دەگاتە ئەوەی بڵێ(. هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ باسی ئه‌وه‌ی  كرد، كه‌ به‌ڕێز (مسعود بارزانیش) زۆر له‌ دووره‌وه‌، كه‌ چه‌ند چیایه‌ك دوور بوو له‌به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كه‌دا، وه‌كو ده‌ڵێن له‌ دووره‌وه‌ به‌ دووربین سه‌یری شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌كرد، كه‌چی ئێستا میدیاكانی پارتی به‌شێوه‌یه‌كی تر باسی ده‌كه‌ن و شێوازێكی ئه‌فسانه‌یی پێده‌به‌خشن ،  شانازیه‌كان هه‌موو بۆخۆیان و سه‌ركرده‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ وه‌كاله‌ته‌ هیچ شانازییه‌كی بۆ كورد تێدانیه‌!.)بە راستی شەرمە بۆ كەسێك بە حساب تۆژینەوەی ئەكادیمی هەبووبێت، بەڵام پشت بەوجۆرە سەرچاوانە ببەستێت، هەر بە جدی زۆر شەرم و شورەییە، ئینجا  كاكی مەنتك بەڕێز مەسعود بارزانی لە خوا كورك بوو، تۆپەكانی  رژێمی دیكتاتۆری زۆر لەو شوێنە تێدەپەڕین كە جەنابی سەرۆكی لێبوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش هەر لەو شوێنە بوون....
دوا قسەم لە كاكی مەنتك و هەموو قین لە دڵەكان دەپرسم، باشە پێشمەرگە چی بكردایە، لە كاتێكدا قەندیل و خوا كورك كە دوو شوێنی سەر سنوورن، حكومەت هێرشی بۆ هێناون، نەك پێشمەرگە هێرشی بردبێتە سەریان، لە دۆخێكی وەهادا ئەی پێشمەرگە بەرەنگاری نەبێتەوە؟ چیبكات تەسلیمی ببێت؟ ئەم سەیرو سەمەرەیە كەس تێی ناگات، جگە لە كاكی مەنتك، كە نازانم وەڵامی چیییە... كورد دەمێكە وتوویەتی :
شەڕ كراو كوژایەوە
كەچەڵ بۆ دار دەخولایەوە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×