دەسەڵاتی هەرێم چاکسازیی هەڵناگرێت!
عەبدوڵا مەحمود
2019-07-30   670
سەرئەنجام کابینەی نۆهەمی حکومەتی!! هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ٩ مانگ پێکهات. چ لە کارنامە ئینشاییەکی سەرۆکی کابینەی نوێ، پێداگری لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی کراو، چ دەزگا ڕاگەیاندنەکان و کادر و بەرپرسانی حزبەکان و ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و قەڵەم پێدراو وەکو ماشێنێکی ئاراستەکراو باس لە چاکسازی و ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی دەکەن. پەتای باسی چاکسازی و ئومێد بەستن بەوەی چاکسازی دەست پێدەکات و وەستانەوە بەرووی گەندەڵیدا مەیدانێکی گرنگی کاری حکومەت و کابینەی نوێیە، پانتایەکی گەورەی میدیایی تەنیووە.
باسی چاکسازی" یەک ڕیزی نیشتیمانی!!" پێکهێناوە. بۆتە دەستپێکی هەڵدانی چەترێک بۆ کۆکردنەوەی زوربەی لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە کابینەی نوێ و ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی حکومەت و دەرەوەی حکومەتی تازە.
دیارە ئەو هەموو باس و خواستە لەسەر پرسی گەندەڵی و ڕاچەنین بۆ دەستدانە چاکسازی، نیشانەی ئەوەیە گەندەڵی و لەڕاستیدا دزی و تاڵانی هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و گشت سێکتەرەکانی وەکو پەروەردو فێرکردن، تەندروستی، گەیاندن و گواستنەوە، میدیا و کاری رۆژنامەگەری، خزمەتگوزارییەکان، بازار، نەوت و غاز، زەوی وزار، دامەزراندن، بازرگانی، پیشەسازی، خاڵە سنورییەکان، کومرگ، کاری بەڵیندەرایەتی، کایەی سیاسی و حزبایەتی... گرتۆتەوەو بوارێک نەماوە دزی و تاڵانی و گەندەڵی وەکو زەروو نەچووبێتە گیانی.
هەموو ئەو دزی و تاڵانی و گەندەڵیەش لەهەموو بوارەکاندا، لەلایەن بەرپرسە دەسەڵات بەدەست و دەسترۆشتوەکانی حزب و بنەماڵە لە هەرەمی هەرە باڵای دەسەڵاتی سیاسیدا، دەستی پێکردووە و پاشان شۆربۆتەوە بۆ خوارتر بەرپرسەکانی تر و حزبەکانی تری ناو ماڵی" کوردی" و لەوێشەوە پەڕیوەتەوە ناو کایەکانی تر ناو ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئیداری و...تاد.
ئەو هەموو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەو تەنانەت بەنەخشەو سیستماتیکە، لە زۆر سێکتەردا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی و خێڵێک لە میدیاو نووسەر و رۆژنامەنووسی راسپێردراو بە گەندەڵی ناو دەبەن، ئامانجیش لەوەی کە ناوی ئەو دزییە بنین گەندەڵی و ناشەفایەت، لەلایەکەوە بۆ ئەوەیە تا ئاستی ئەم فەرهود و دزییە بهێنە ئاستێکی نزم و خوارەوە و بڵێن گەندەڵی لەهەموو دنیادا هەیە، تا رادەی ئەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەی هەرێم بەگەندەڵی وڵاتانی تر بچوێنن. لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەیە، شانی خۆیان لەو تاوانی ئەم دزییە خاڵی بکەنەوە و بە دەست پیاهێنانێکی روکەش خۆیان لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری دوربخەنەوە.
دەسەڵاتی سیاسی لەهەریم" لەهەردوو زونەکە" و ئۆپۆزیسیۆنی پێشو و ئێستای دەسەڵاتیش، ئەو ڕاستیە باش دەزانن، کە هۆکاریكی سەرەکی توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری و خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەسەر ئاستی شەقام و هۆکارێکی سەرەکی بایکۆتی جەماوەری لە کایەی یاسایی!! و هەڵبژاردنەکاندا!! ... دزی و تاڵانی و ئەو نابەرابەرییە ئابوریی و کۆمەڵایەتیە بوو کە دایان سەپاندووە. تاڵانی و دزی بەیاسایکراو" وەکو موچەی چەند ملیۆنی و ئیمتیازی ملیۆنی بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەرێوەبەرەگشتییەکان و ئۆردویەک لە خانەنشینانیان و ژمارەی خەیالی موچەخۆری بن دیوار" و زۆری هێز" وەکو دەست بەسەر زەوی داگرتن و داگیرکردنی موڵکی گشتی، دزینی نەوت، کۆنترۆڵی بازارو بازرگانی و بەڵیندەرایەتی و سەرانە سەندن و قاچاخچێتی کردن...لەلایەن بەرپرسانی باڵای حزبی و بنەماڵەی دەستڕۆشتوودا، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە خوڵقاندنیدا.
دزی و تاڵانی بە یاساییکراو و دزی و تاڵانی لەڕیگای زۆری هێزو پێگەی دەسەڵاتەوە، لەلایەکەوە کەمایەتیەکی حزبی کردووە بە سەرمایەدار و سەرمایەداری هەڵتۆقیوو، لەبەرامبەریشدا زوربەی زۆری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و کارمەند و موچەخۆرانی رووبەڕووی ژیانی مەمرەو مەژی کردۆتەوە. هاوکات کۆمەڵگەشی بەرەو داروخانی تەواوەتی بردووە، خزمەتگوزارییەکانی وێران کردووە، کەرتی پەروەردەو تەندروستی داڕماندووە،....تاد.
هێنانە گۆڕی باسی چاکسازی لەم خولەی نوێی پەرلەمان و کابینەی نوێدا بەو چڕییەی وەرێیان خستووە، هەوڵێکی بەنەخشەیە تا لەرێگای ئەنجامدانی هەندێک هەنگاوی رووکەش و ناچیز و ئاست نزمدا، بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خامۆش بکەنەوەو سواری شەپۆلی رەوای ئوردوی ملیۆنی بێبەشانی کۆمەڵگە بن. بەتایبەتیش کە ئەمجارە ئۆپۆزیسیۆنی بۆروژازی لەدەرەوەی دەسەڵات ئامادەیی نەماوە تا بتوانێت هەڵسانی جەماوەری کۆنترۆڵ بکات... ئەگەر و ترسی تەقینەوەی تورەیی جەماوەری لەهەر ئان و ساتێكدا مۆتەکەی سەر دەسەڵات و کابینەی نوێی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیە لە زۆنەکاندا.
ئەوەی کەدەبێت ڕۆشن بێت، ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت چاکسازی بەرچاو بکات و دەست ببات بۆ کورتکردنەوەی دەسەڵاتی بەرپرسە باڵا حزبی و حکومیەکان، چ لە ئاستی دزی بەیاسایکروادا ناتوانێت" موچەی ئەندام پەرلەمانەکان، بەڕیوەبەرەگشتیەکان، وەزیرەکان، فەرماندە سەربازییەکان لە سلکی پێشمەرگە و ئاسایش ئۆردی بن دیوارە خانەنشینەکان بە پلەی باڵا و...تاد" بهێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی موچەیەکی تاڕادەیەک نۆرماڵ... بۆنموونە دوو بەرابەر و سێ بەرابەری موچەی کرێکاران و کارمەندان....
هەروەها ناتوانێت دزی لەرێگای زۆر و دەسەڵات و پێگەی حزبیەوە، دەستکاری بکات. دەستبەسەراگرتنی سەدان و هەزاران دۆنم و هیکتار لە زەوی موڵکی گشتی و لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە و بزوتنەوەی گۆڕان و حزبەکانی ترەوە دەستی بەسەردا گیراوە... و تەلبەند کراوە، کراوە بە کۆشکی نیشتەجێ بوونی سەرانیان، کراوە بە سەربازگەی بەرگری لەدەسەڵاتیان، کراوە بە بارەگای حزبی و پێگەی کەناڵە میدیایییە پوچەکانیان. بە دانپیانانی خۆیان زەوی نەماوە بۆ دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و پارک و ... هەمووی بەخاوەنکراوە و حکومەت!! دەبێ زەوی بکرێت... خاوەنی ئەو زەویانەش بەپرسانی باڵای حزب و بنەماڵەن. بازاریان قۆرغ کردووە، بازرگانیان پاوان کردووە، کیڵگە نەوتیەکانیان دەستبەسەردا گرتووە، بەزۆری هیز باج و سەردانە دەسەنن و هەرچی قاچاخچێتییە لەدەستی خۆیاندایە. دەمیان ژەنیوەتە هەموو سلکەکانی پەروەردەو تەندروستی و بیناسازی و کۆمپانیاکانی گەیاند و گواستنەوە و تۆرەکانی ئەنتەرنێت و میدیایی...تاد
ئەوانەی داهاتی کوردستان دەدۆشن، دەستیان بەسەر جومگەکانی داهاتی کۆمەڵگەدا گرتووە، گەورەترن لەدەسەڵاتی حکومەت، دەسترۆشتوترن لە یاساکانی پەرلەمان!!" ئەگەر یاسایەکیان هەبێت".
دەستبردن بۆ چاکسازی بەجەستە، پەنابردن بۆ گێرانەوەی موڵكی گشتی، دەرهێنانی سەرچاوەکانی داهات لەدەست بەرپرسان، رووبەرووبوونەوەی یاسایی!! ئەگەر "یاسا" هەبێت، دەست بەسەر سامانەکانیادا" نەقدی و غەیرە نەقدییاندا دەگریت، و بەمانای روخاندنی دەسەڵات دیت... ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت.
ئەگەر نیاز پاکەکانیش بیانەوێت، چاکسازی بکەن، دەسەڵات دەستیان دەگیرێت و دەبڕێت... مانەوەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی پشتی بە کۆنتڕۆڵی داهات و دزین و تاڵانی سەرچاوەکانی دارایی و داهاتی خەڵکی کوردستان بەستووە.
ئەم دەسەڵاتە بەم هەموو تایبەتمەندییە شەرمئاوەرەوە، هەرگیز چاکسازی هەڵناگرێت... ئەگەر باسی ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵییە، ئەگەر حکومەت و یاسا هەبێت، سامانی کەڵەکراوی و نەقدی و غەیرە نەقدیان دەبێ دەستی بەسەرا بگیرێت و بەهۆی نایاسایی بوونی کۆکردنەوەی ئەو هەموو سامانەوە، بدرێنە دادگا و زیندانی بکرێن... ئەگەر بریار بێت کەسی شیاو، بخرێتە شوینی شیاو... ئەوا بەرپرسانی حزب و حکومیان نا لایەقی و بێتوانایی خۆیان، بە رۆشنترین شێوە لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگە نیشانداوەو، هێشتا خەڵک تامەزرۆی ئاوی پاک و کارەبان ...و خزمەتگوزارییەکان نەک هەر بەرەو خراپتربوون دەچن، بەڵکو خەریکن ئەو خزمەتگوزارییە گشتیەکانەی کەماون هەرزان فرۆش دەکەن. بۆیە چارەنوسیان دوورخستنەوەو لیپرسینەوەی یاسایی دەبێت. بۆیە دەستبردن بۆ چاکسازی ریشەیی بە کۆتایی دەسەڵاتی خۆیان بەکۆتا دەگات... بۆیە نەک ناتوانن و دەستی بۆ نابەن، هەر کەس و لایەن و دامەزراوەیەکیش بەجدی دەست بۆ ئەم دۆسیەیە بەرێت، چارەنوسی دەکەوێتە مەترسیەوە. تەنانەت چاکسازی زۆر ناچیزو روکەشیش بە خۆشی خۆیان ناکەن ئەگەر نەخرێنە ژێرگوشارەوە. بۆیە ئەم دەسەڵاتە چارەسەر هەڵناگرێت و خەرەند و بۆشاییە یاسایی و ئاسایی و حکومەتداریی و دەوڵەتداری... لەگەڵ ویست و ژیانی گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، هێندە بەرین و فراوانە، پینە ناکرێت و بەیەک ناگەینرێنەوە...
ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە ریشەوە، هەڵتەکێنرێت و لەدەسەڵات بخرێت. هەرچەشنە خۆشباوەرییەک بەوەی ئەم دەسەڵاتە چاکسازی بەرجەستە دەکات، یان دەست بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەبات، لە خۆشخەیاڵی و خزمەت بەدەسەڵات زیاتر هیچی تر نییە. پێویستە نەخشەو هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە، قیبلەنومای بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە شۆرشگێرەکان بێت.