لە پەراوێزی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا؟

عەبدوڵا مەحمود
  2025-04-25     58

بەدوای دوبارە هاتنەوە سەرکاری ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، جارێێکی تر ململانێی نێوان ئەمریکاو ئیران بەشێوەیەکی توندتر لە پێشوو دەستی پێکردۆتەوە. ململانێی ئەم جارەی نێوان ئەمریکاو ئیران لە هاوسەنگیەکی تازە و لە دڵی هەلومەرجێکی جیاوازتر لە پێشوو هاتۆتەوە ئارا.

ترەمپ لە ژێر ناوی گێرانەوەی شکۆ و هەیبەت بۆ ئەمریکا، شکۆ و هەیبەتی بلۆکبەندی تازەی دنیای قبوڵ کردووە و بەکردەوە پێگەو جێگاو رێگای لەخوارتری ئەمریکای سەلماندووە. ئەمریکا ملی داوە بەو راستیەی کە هەموو ئەو هەولانەی بەدوای شکستی بلۆکی شەرقەوە بۆ باڵادەستی تاقانەی خۆی لە ژێر ناوی " نەزمی نوێی دنیادا" خستیە گەر لە جەنگ و ملهورییەوە بەبن بەست گەیشتووە. بانگەشەکانی وەکو "کۆتاییهاتنی سەردەمی دیکاتۆرەکان"" سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی" " مافی مرۆڤ"... بەکردەوە بوونە بەشێکی تر لە درۆکانی بۆرژوازی لە راستای سازدانی نەزمی نوێی دنیادا. ترمپ و دەوڵەتی ئەمریکا لە ئێستادا لەلایەکەوە لەگەڵ چەندین قوتبی جیهانی وەکو روسیاو چین، ئەوروپا، هیند و بەرەو ڕووە و لەلایەکی تریشەوە هەموو بانگەشەکانی پێشووی بە هەوادا چووە و ئەمجارە دەیەوێت لە ڕێگای گوشار و زۆر نواندن و جەنگی بازرگانی و ئابورییدا، ململانێکانی خۆی لەگەڵ بلۆکە جیهانی و جەمسەرە ناوچەیەکاندا، لە دۆخێکی تازەدا، بباتە پێشەوە.

ئێران وەکو جەمسەرێکی ناوچەیی و پشت بەستوو بە بلۆکبەندی روسیاو چین، یەکێکە لەو دەوڵەتانەی لە روداوەکانی دوو ساڵی رابردوودا، جیگەو ڕیگەی شل و شلۆق بووە. لەناوخۆییدا رووبەرووە لەگەڵ بزوتنەوەی روخاندنی دەسەڵاتەکەی و لە ئاستی ناوچەکەشدا گورزی گەورەی بەر کەوتووە. هیزە نیابەتیەکانی لە حەماس و حزب اللەوە تا دەگاتە حوسیەکان لاواز  و شەتەک کراون. رژێمی سوریا کە پایەگایەکی تری ئێران و گۆرەپانێک لەدژی دەوڵەتی ئیسرائیل بووە، لەبەین چووە. لە عێراقدا گوشارەکانی بۆسەری زیادی کردووە هیزە قابیلی پشتیوانیەکەی" حەشدی شەعبی" کە لەسوپا و دەوڵەتی عێراق بە‌هێزترە، کەوتۆتە بەردەم چاوپیداخشاندنەوە و تەنانەت هەڵوەشاندنەوە. بەکورتی ئیران بەوێنەی هێزێکی ناوچەیی و هیزێک کە زیاتر لە ٤ دەهەیە لەدژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادەیی هەیە و ململانێی ئەمریکا و جەمسەرەکانی ناوچەکە دەکات، پیگەی بەرەو لاوازی چووە. کێبەرکێی ئیستای ئەمریکا زۆتریش تاک لایەنە، لەم هەلومەرجە تازەیەدایە. ئەمریکا دەیەوێت لەو پێگەیەی ئیستای ئیران کەڵک وەربگرێت و مەرجەکانی خۆی یان بەشیک لە ویستەکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.

لەو دۆخەدا کە پێگەی ئیران بەرەو لاوازی چووەو تورکیا ئەگەر بەشێوەی کاتیش بێت، سودمەندی ئەم دۆخەیە و دەیەوێت جێگای ئیران لە ناوچەکەدا بگرێتەوە. دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێک کە رۆڵی سەرەکی لە گۆرێنی ئارایشی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا گێراوەو فاکتەری کارای لاوازکردنی ئیران و هێزە نیابەتیەکانی بووە، کۆسپێکی سەرەکی بەردەم تەماحەکانی دەوڵەتی تورکیایە، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەکەوە دژی دەسەڵاتی تازەی ئیسلامی و عروبی لە سوریایەو لەلایەکی تریشەوە ڕیگە نادات دەوڵەتی تورکیا جێگای ئێران بگرێتەوە و هەژموونی لە ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا زیاد بکات، بەڵام سەرباری ئەوانە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل سەرباری ئەو گورزانەی بەر پەیکەری دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی لەناوچەکە کەوتووە، هیشتا ئیران بەوێنەی دەولەتێکی  مەترسیدار لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت، بۆیە لەلایەکەوە هانی دەوڵەتی ترەمپ و ئەمریکا دەدات، لە دۆخی لاوازبوونی ئیستای ئیراندا، گوشارەکانی زۆرتر بکات و مەرجەکانی بەسەردا بسەپێنێت و لەلایەکی تریشەوە خۆی وەکو بەشیک و کاراکتەرێک لە پاڵ ئەمریکادا، هەرەشەکانی لەسەر ئێران بەردەوامە... چ بۆ ئیسرائیل و چ بۆ ئەمریکا مەسەلەی چەکی ئەتۆمی ئیران وەکو مەترسییە سەرەکییە، دەخرێتە ڕوو، لە کاتێکدا هێشتا مەسەلەی بناغەیی حزوری ئیران لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە یەمەن و عێراق و دوبارە هەوڵەکانی بۆ ئارایشدانەوەی "بەرەی بەرگری" کە هۆکاری پێشووی باڵادەستی و دەروازەی دەستێوەردانی لە چەندین وڵاتان ناوچەکەدا بوو، مەترسییە سەرەکیەکەیە.

دەوڵەتی ئیران بە ئاسانی دەست لە بەرژەوەندیەکانی لە ئاستی ناوچەکە بەرنادات و ڕێگا نادات هێزگەلی تری ناوچەیی ببنە کاراکتەری سەرەکی و یەکلایی کەرەوە. تەنانەت ئەگەر لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکادا، ئامادەی سازش و پاشەکشە لە پشتیوانی هیزە نیابەتیەکانی لە ناوچەکەشدا ببێت، بەڵام بەرگری لە پێگەی خۆی دەکات و پرسی چەکی ئەتۆمی و سازش لەسەر ئەو پرسە، بەمەبەستی کەڵک وەرگرتنە لە ئامادەییەکانی لەناوچەکەدا و  مانەوەی وەکو جەمسەرێکی ناوچەیی. دیارە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش مانەوەی ئیران وەکو جەمسەرێکی ناوچەیی لەبەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیادا، پرسێکی کراوەیە، بۆیە نایانەوێت گوشارەکانیان بۆسەر ئیران ئەو ئاستە ببەزێنێت، کە تورکیا جێگای ئیران لە ناوچەکەدا بگرێتەوە و جێگا خاڵییەکەی ئێستای پڕ بکاتەوە.

ململانێی یان گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، ئامانجی دیاریکراوی تریشی هەیە... لەوانە سنوردارکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بلۆکی چین و روسیا و دەستسوک کردنی لەدۆخی سیاسی عێراقدا و کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانیەتی.

دەوڵەتی ئێران، سەرباری هەر ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی و گۆرینی مامەڵەی لەگەڵ هێزە نیابەتی و ئەو وڵاتانەی تا ئیستا رۆڵی ئێران تیاییدا ئامادەیە، پێداگریی و دریژە دانە بە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکاو بەرژەوەندییەکانیان. ململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ ئیران بۆتە پێداویستی و خۆراکێکی مانەوەی دەسەڵات و هۆکارێکی سەرەکی راگرتنی پێگەکەی لە ئاستی ناوچەکەدا و تەنانەت هۆکارێک بۆ رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و پێشهاتە ناوخۆییەکانی.

ئەمریکا و ئیسرائیلیش، دەیانەوێت بەهەر نرخێک بووە، بەدوبارە دەستپیکردنەوەی گفتۆگۆکان بێت یان گورزی سەربازی لەچەند ئامانجێکی دیاریکراو، ئێران لەو پێگەیە بهێنە خوارەوە و گرژییەکانیان لەگەڵیدا لە چوارچێوەیەکی پێناسەکراودا، ئابدەیت بکەنەوە. بەڵام چاوەروانی لەوەی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەتەواوەتی ئاساییی ببێتەوە یان جەنگ لەدژی ئیران دەست پێ بکات و پرسی روخاندنی ئەم رژێمە ببتە ئارا، چاوەروانیەکی نادروست و ناواقعییە.

دەوڵەتی ئەمریکا و ترەمپ، بەکردەوە گوشار و جەنگی ئابوری و بازرگانیان، لە دژی زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان دەستپێکردووە، بەڵام هیچ کام لەم گوشار و جەنگە راگەیەنراوانە، پشت بەستوو بە فاکتی بیرلێکراوە نین و بەشی هەرەزۆریان تاکتیکی یانیش بە نەزۆکی خراونەتە ڕوو. هەر بۆیەشە هەڵبەز و دابەز و هەرەشە و پەشیمان بوونەوە، بۆنەتە تایبەتمەندی بریارە خێراکانی ترەمپ، ئەوە جیا لەوەی رووبەڕووی کاردانەوەی خێرای بەرامبەرەکانیان و تەنانەت هاوپەیمانەکانی پێشووی، بوونەتەوە. هەوڵ و گوشارەکانی ئیستای دەوڵەتی ترەمپیش بۆسەر ئێران، دەبێ لەو چوارچێوەی ویستی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ئاستی ناوچەکەدا، تەماشابکرێت، کە واوەتر لە بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیلە. بۆ ئیسرائیل هێشتا پرسی ئێران و کەم کردنەوەی زۆرتری توانایەکانی و لغاوکردنی، مەسەلەی میحوەرییە، لە کاتێکدا بۆ ئەمریکا پرسی ئیران گۆشەیەکی بچوکتر لە پرسی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە بناغەدا هەوڵێکە بۆ گێرانەوەی سەقامگیریی بۆ ئاستی ناوچەکە و ئارایشدانەوەی بە ئامانجی کەڵک لێوەرگرتنی لە قەڵەمرەوی ئابوری و دورخستنەوەی لە هاوپەیمانیەتی دوور مەودا و ستراتیجی لەگەڵ بلۆکی چین و روسیدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×