سوریای دوای ئەسەد و بوار بۆ ئەزمونێکی تر...

عەبدوڵا مەحمود
  2024-12-26     146

هەشتی مانگ و تەنها دوای ١٠ رۆژ، لە دەستپێکی هێرشی ژمارەیەک گروپی ئیسلامی پشتیوانی کراو لەلایەن تورکیا و ئەردۆغانەوە، رژێمی بەعسی سوری روخا و کۆتایی بەدەسەڵاتی زیاتر لە ٥ دەهەی بنەماڵەی ئەسەد هات.

روخانی دەسەڵاتی بەعس و بەشار ئەسەد، بەرهەمی شۆرش و خەبات و جوڵانەوەی نارەزایەتی جەماوەری نەبوو، حاسڵی راسان و بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی جەماوەری ستەم دیدە لەدەستی دیکتاتۆری و نیزامی سەرپا گەندەڵی سوریا نەبوو، بەرهەمی تیکۆشانی جەماوەری ناوخۆی و پشتیوانی دنیای ئازادیخواز لێی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی نەخشەو پلانی دەرەکی و کەڵک وەرگرتن لە هێزەکانی" بەرەی رزگاری شام" و گروپە ئیسلامیەکانی تر بوو. هێرشی لە پێشدا پلان بۆ دارێژراو و خێرای گروپە ئیسلامیە جیهادی و تیرۆرسیتەکان، بە پشتیوای ئاشکرای دەوڵەتی تورکیا، و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و روسیا بوو. هیزەکانی" بەرەی رزگاری شام و لایەنەکانی تری هاوشێوەیان" هیزگەلێکی بەهێز نەبوون، پشت بەستو بە پێگەی جەماوەری نەبوون، خاوەنی چەک و جبەخانەی قورس نەبوون، رەوت گەلێکی خۆشناو نەبوون، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرۆکی ئەو رێکخراوە داوا کراو خەڵات بۆ زانیاری دەستکەوتن لەسەر شوێن و جموجۆڵەکانی ١٠ ملیۆن دۆلار بوو. بەو حاڵەوە هیرشی خیرای ئەو گروپانە بەخێرایی بووە مایەی داڕمانی هێزەکانی سوپای سوریاو پاشەکشە پێکردنیان. ئیران و حزب اللە و روسیا هیچ بەرگرییەکیان بۆ بەرگری لە رژێمی سوریا نیشان نەدا، لەو چوارچێوەیەدا رێکەوتنی پێش وەختە بۆ رادەستکردنی دەسەڵات بە شیوەی دوور لە توندوتیژی و و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە نیوان جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان، کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەسەد هێنا.

 ئەوەی کە وای کرد دەسەڵاتی ئەسەد بەو خێراییە کۆتایی پێ بێت، ریشەی لە دەسەڵاتی ناوخۆی سوریادا بوو.

ریشەی لەدەسەڵاتێکی دیکتاتۆری پشت بەستوو بە زەبروزەنگ و دارمانی پەیوەندی دەسەڵات بە جەماوەر، گەندەڵی سەرپاگیر و بوونی بە مەیدان و ئامادەیی هیزگەلی جیهانی و ناوچەییدا بوو. سوریا دەمێک بوو جەستەی شەکەت و گەندەڵی خۆی لە رێگای سەرکوت و زەبرو زەنگ، پشتیوانی روسیاو و هاوکاری ئیران و حزب اللە، رادەکیشا. لە سوریای بەشار ئەسەدا، جگە لە ژمارەیەکی کەمی دەوری بەشار ئەسەد و گەندەڵ، کە چارەنووسیان بەتەواوەتی شەتەک بەدەسەڵاتەوە بوو، کەسی تر نەبوو بەرگری لەم نیزامە بکات. ئەم نیزامە دەبوو بڕوات، نیزامێک کە سەخترین رۆژگاری بەسەر خەڵکی سوریادا داسەپاندبوو. دیکتاتۆریەتی بێ پەردە و سەرکوتکردنی هەر دەنگ و هەناسیەکی ئازادی و ئازادیخواز، گرانی و شەپۆلی بێکاری، ئاوارەیی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، جەنگی ناوخۆی نێوان گروپە ئینسانکوژ و ئیسلامیەکان، بوونی بە گۆرەپانی ململانێی یەکلایی کردنەوەی بەرژەوەندی ‌هێزە ناوچەیی و جەمسەرە جیهانییەکان... ئەو هۆکارانە بوون کە ژینگەی بۆ ئاڵوگۆر لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتدا بەتەواوەتی ئامادەکردبوو.

ئاڵوگۆری دەسەڵات لە سوریا، لەدەستی بەشار ئەسەد و بەعسیەکانەوە بۆ دەستی هیزەکانی "رزگاری شام" هیزە تیرۆریستە ئیسلامیەکان، نیشانە بۆ هیچ ئاڵوگۆرێکی باش بە سودی خەلکی سوریا نییە و هەر چەشنە خۆشباوەرییەک بەوەی کە ئارامی و ئاسایش و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی بۆ خەڵکی سوریا دەگەڕێتەوە، نەک هەر وەهمە، بەڵکو پشتیوانی ئاشکرایە لە کۆمەڵێک هیز گەلی تاسەر مۆخ ئینسانکوژ و ئاشتی کوژ و ئازادی کوژ و ماف کوژ.

چ هیزە ئیسلامییە بە دەسەڵات گەیشتوەکان و چ دەوڵەتی تورکیای و هیز گەلی تری پشتی ئەم گروپانە، پێشتر و بە کردەوە ئەزموونکوان و کارکرد و پەیامیان، ناکۆکە بەسەرەتاییترین مافەکانی پەیوەست بە ئینسان و ئازادییەکان و مافی یەکسانی هاوڵاتیان.

لەو ئاڵوگۆرەی لە سوریادا پێکهات، تورکیا لایەنێکی سەرکەتووی گەمەکە و هەردوو لایەنی سەرەکی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئیران و ئیسرائیل لایەنی دۆڕاون. ئیران گەورەترین پیگەی خۆی و "بەرەی بەرگریەکەی" لەدەستدا و ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەدا بە دۆرانی ئیران و لاواز بوونی حزب اللە، باڵانسی هێز بە قازانجیەتی، بەڵام بوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی بەهەر ناوەرۆکێکەوە لە سوریادا کە سنوری لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، مەترسیەکی گەورەیە. جەمسەرە جیهانیەکانیش خەریکن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا، مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی دوای ئەسەد دەکەن، بێ گوێدان بە ناوەرۆکی ئەم نیزامە سیاسیەی دێتە سەرکار. هەر ئێستا ئەمریکا و غەرب نەک خەریکن خەریکن محەمە جۆلانی و رێکخراوەی رزگاری شام لە لیستی تیرۆر دەردەهێنن و لەو رێگایەوە لە پێشبرکێدان لەگەڵ جەمسەری روسی، بەڵکو چۆن تاڵیبانیان کردەوە دیاری دەستیان بۆ دیموکراسی و خەڵکی ئەفغانستان، ئەوا ئیستا خەریکن دەسەڵاتی بەرەی ئیسلامی شام، وەکو خێر وبەرەکەتی دیموکراسی دەبەخشنە، خەڵکی زوڵمڵیکراوی سوریا و زەمینەی هاوکاریکردن و مامەڵە لەگەڵ کردنی ساز دەکەن.

دیارە هیشتا چارەنووسی دەسەڵات لە سوریا ناڕون و ئایندەی گێرانەوەی سەقامگیری نادیارە و ئەگەری بەیەکدادانی زیاد لە چەندین هێز و گروپی جیاوازی کۆنەپەرستی پابەند بە مەزهەب تایفەی دینی و قەومی، راستیەکی تاڵی ناو دۆخی سوریای دوای ئەسەدە. هاوکات ململانێی هێز گەلی ناوچەیی لەوانە تورکیا وەکو لایەنێکی سەرەکی کە بەشێکی سەرەکی هێزەکان، رۆڵی نیابەتی بۆ بەرژەوەندیەکانی دەگێرن، لەلایەک و ئیران لەلایەکی ترەوە لەگەڵ ئەوەدا دۆرا و شکست خواردووە، بەڵام دۆخی بۆشایی سیاسی و هاتنە سەرکاری رژێمێکی ئیسلامی، دەست لە تەماحەکانی لە سوریا هەڵناگرێت و هەوڵی دەستوەردان لە دۆخی سوریادا، دەکات.

لەناو ئەو دۆخەدا، بەتایبەتی لەهەلومەرجی بۆشایی سیاسی و ناسەقامگیرییدا، بەجیا لەجەمسەرە جیهانی ناوچەییەکان و هیزە تازە بەدەسەڵات گەیشتوەکان، بواری ئەوەش هەیە هێز گەلی تر سەر هەڵبدەن و ئامادەیی پەیدا بکەن، لەوانە بوار هەیە هێزی سیاسی چەپ و ئازادیخواز، لە رێگای خستنەرووی پلاتفۆرمی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە بێتە ناو گۆرەپانەکەو مۆری خۆیان لە دۆخی سوریای تازە بدەن. بەتایبەتیش کە خەڵکی سوریا زیاتر لە ٥ دەهەیە بەدەست دەسەڵاتی قەومی عەرەبی و دیکتاتۆریەتەوە دەناڵێنێ و زیاتر لە دەهەیەکیشە، بەدەست دەستێوەردانی دەرەکی و رۆڵی دژە ئینسانی ئەمریکا و غەرب و روسیاو ئیران و حزب اللە و دەیان هیزی تری دژە ئینسانییەوە، گیرۆدەیە... چینی کریکار و جەماوەری دەیان ملیۆنی سوریا، بە مانای وشە وێڵی دوای ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و مافی هاوڵاتی یەکسانن لە بەرامبەر یاسادا، کە ئاسەواری جیاکاری و بیمافی و سەرکوت و سرینەوەی ناسنامەی هاوڵاتی بوون... بسڕێتەوە.

جەماوەری ملیۆنی لەسوریا، لەیەک کاتدا روو بەروون لەگەڵ دەیان هێزی سیاسی و جۆراوجۆری ناوخۆی دەستێوەردانی دەرەکی کە هەموویان ئەولادی یەک بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیین، بزوتنەوەی بۆرژوازی... ئەم بزوتنەوە بۆرژوازییە هەم باڵ و لقی قەومی و فاشیستی هەیەو هەم لق و پۆپی دینی و مەزهەبی و تایفی... کە هەرەشەی سەرەکی سەر ئازادی ومافەکانی ئینسانن.

چینی کرێکار و بەرەی ئازادیخواز و ئینسان دۆست و حزب و رێکخراوە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، ئەرکیانە لەم دۆخە ناجگیر و ڕاگوزەرەدا، رۆڵی پیویست و کارای خۆیان بگێرن و ببنە هیز گەلی گێرانەوەی ئیرادە بۆ جەماوەری ملیۆنی سوریا و لەبەرامبەر بە سیناریۆ جۆراوجۆرە بۆرژوازییەکان و هێزەکانیان بوەستنەوە... "گێرانەوەی ئاسایش، نان و خزمەتگوازی، حکومەت و دەسەڵاتێکی مەدەنی" کە هاوڵاتیان بێ ناسنامەی قەومی و دینی تایفی لەبەرامبەر بە یاسادا یەکسان بن... سەرەکیترین خواست و پێداویستی ئەم بڕگەیەیەی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەی سورییە، کە دەتوانێت ئیرادە سیاسی و ژیان و یاساو مافی هاوڵاتی بوون بۆ جەماوەری سوریا بگێرێتەوە و کۆتایی بەدەستێوەردانی دەرەکی بهێنێت.  

لە سوریادا رۆڵی هەموو هیزو لایەنە بۆرژوازییەکان، بە قەومی و دینییەوە، ئەزمون کراوە... هەر ئەم ئەزمونەشە ئەم دۆخە سەختەی رووبەرووی خەڵکی سوریا و ناوچەکە کردۆتەوە. ئێستا ئەگەر سنوردار و مەودا کورتیش بێت، کات و بواری ئەوە هەیە ئەزمونێکی تر، ئەزمونی دەسەڵاتێکی سکیولاری غەیرە قەومی ئەزموون و پیادە بکرێت. گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر لە بۆشایی ئێستای دەسەڵاتدا دەست بۆ ئەلگۆیەکی تری دەسەڵاتدارێتی مەدەنی نەبرێت، لەگەڵ جیگیربوونی دەسەڵاتی هێزە بۆرژوازییە کۆنەپەرستە قەومی و دینی و تایفیەکان، ئەو دەرفەت و بوارە بەرتەسک و یەکجار سەخت دەبێتەوە، لەوچوارچیوەیەشدا چارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان سەختر دەبێت، بەڵکو خودی دەسەڵاتی ئیستای خۆسەری و کانتۆنەکان، لەسوریادا، دەکەوێتە بەر هیرش بەمەبەستی کۆتایی پێهێنانی....

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×