ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر لە پێنج دەهەی بنەماڵەی ئەسەدی لە سوریا کۆتایی پیهێنا، بە پلەی یەکەم، ریشەی لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریانە و بنەماڵەیی و تاڵانچیانەو گەندەڵی، سیستەمی سیاسی حزبی بەعسی سوریدا بوو.
هەموو ئەو هۆکارە بناغەییانەی بوونە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی سوریا بەو خێراییە دابڕمێت، بە زیادەوە نەک لەدەسەڵاتی هەرێمدا هەن، بەڵکو دەسەڵاتی هەرێم لەسەریان دامەزراوە.
دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەرێم، دوو زۆنیان لە هەرێمدا بۆ زیاتر لە سێ دەهەیە پاوانی کوڕ و باوک و خێزانەکانیان کردووە، ئەگەر لە سوریا یەک بنەماڵە هەژموونی خۆی بەسەر دەیان ملیۆن هاوڵاتی سوریدا سەپاندبوو، ئەوا لە هەرێمدا دوو بنەماڵە ژیان و گوزەران و ئایندەی زیاتر لە ٦ ملیۆن لە خەڵکی کوردستانیان، بە بارمتە گرتووە. ئەگەر سوریا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدا بووە مەیدانێک بۆ دەستێوەردان و گۆرەپانێک بۆ ململانێی ناوچەیی و جیهانی، ئەوان هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا و لە جەنگی دەسەڵاتدا شەق کراوە بۆ دوو زۆن و بە هەمان شێوەش کراوەتە مەیدان و گۆرەپانێ بەرژەوەندی و جەمسەرە ناوچەییەکانی وەکو ئیران و تورکیا و کارتێک بەدەست زل هێزەکانی دنیاوە... ئەوە لە کاتێکدایە سوریا دەوڵەت و هەرێمی کوردستان لە بۆشایی قەوارەیەکی بە فەرمی ناسراوی دەوڵەتی دایە، و ئەمەش سایەی لەبەین بردن و نەمانی دەسەڵاتی قەوارەی هەرێمی!!، هەمیشە بە سانای هێشتۆتەوە.
ئەگەر بنەماڵەی دەسەڵاتی ئەسەدی روخاو، دەستیان بەسەر سامان و داهاتی چینی کرێکار و سەرجەم خەڵکی سوریادا گرتبوو، وە وەکو بنەماڵە، خاوەنی سەدان ملیار دۆلار بوون، و لە بەرامبەردا خەڵک برسی و نەدار و بێبەش و بێ خزمەتگوزاری و بیماف بوون، ئەوا لە هەرێمدا دوو دەسەڵاتی بنەماڵە خۆیان خاوەنی دەیان ملیار دۆلار و دەستیان بەسەر هەموو داهات وسامانی زونەکاندا گرتووە، لە کاتێکدا چینی کریکار و جەماوەری بیبەشی کوردستان موحتاجی موچەو کری و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانن.
ئەگەر لە سوریای دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدا دزی و گەندەڵی بێدادی دەکرد و هەموو جومگەکانی تەنیبوو، ئەوا دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی پارتی و یەکێتی، بەئەندازەی دەسەڵاتی ئەسەدی روخاو، یاری بە داهات و سامانی هاوڵاتیانی کوردستانەوە دەکەن و ژیانێکی شاهانەیان بۆخۆیان و کور و ئەحبابەکانی بنەماڵەکانیان، دروست کردووە.
ئەگەر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا، هەموو بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی جەماوەریان سەرکوت دەکرد و بەو پەڕی دڵرەقیەوە وەڵامی نەیارانی سیاسی دەسەڵاتیان دەدایەوە، ئەوا دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی زۆنی زەرد و سەوز بە هەمان شێوە بێ ئەوەی دەوڵەت بن و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیدا رەوایەتیەکیان هەبێت، هەر بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی بەرووی دەسەڵات و بنەماڵەکانیاندا بەو پەری سەرسەختی و بە کوشت و کوشتار وەڵام داوەتەوە و دەدەنەوە.
ئەگەر لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەسەدا شەقام و گۆرەپانەکان بە وێنەی سەرۆکی قائد داپۆشراون، ئەوا لە ژێر دەسەڵاتی زۆنەکانی هەرێمدا، وێنەی سەرانی یەکەمی بنەماڵە لە بازگەو دامەزراوەکان و کۆمەڵگەدا، سیمای ناشیرینی دەسەڵاتی بنەماڵەیان خستۆتە ڕوو.
ئەگەر لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەسەدی روخاودا، سوپا و دەزگا ئەمنیەکان لە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی یەک بنەماڵەدا بوون، ئەوا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا، باسێک لە سوپا و دەزگای ئەمنی سەربەخۆ نەک بوونی نییە، بەڵکو هەر دوو بنەماڵە خاوەنی هیزی میلیشیایی و ئەمنی و هەواڵگرت حزبی و خێزانین.
ئەگەر دەسەڵاتی روخاوی بنەماڵەی ئەسەد، توانی زیاتر لە ١٠ ساڵ، بە هاوکاری جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان، جەستەی گەندەڵ و دیکتاتۆریانەی خۆی رابکێشت و لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا دەسەڵاتی بنەماڵەکانی هەرێم، بەرگەی هیچ رەشابەیەکی دەرەکی و هیچ هیزێکی وەکو داعش و حەشد و هاوشیوەکانی ناگرێت و جەمسەرە جیهانی و ناوچەیەکانیش، کەمترین مایەیان لەسەر دەسەڵاتی زۆنەکانی هەرێم داناوە.
ئەگەر داڕمانی پەیوەندی دەسەڵات بە جەماوەرەوە و نەفرەتی جەماوەری لە دەسەڵاتی ئەسەد فاکتی هەر یەکلاکەرەوە بۆ دارمانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد بوو، ئەوا دارمانی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی زۆنەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە جێگایەک گەیشتووە، کە راماڵین و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بۆتە ئارەزوو خواستێکی گشتی.
لێک چوونەکانی نێوان دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد و بنەماڵەکانی دەسەڵاتی هەرێم، لێکچوونی چارەنووسیشیانە.