بن بەست... ئاگربەست!!

عەبدوڵا مەحمود
  2024-06-17     128

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی سەرئەنجام و دوای چەندین هەوڵی یەک لەدوای یەک، پرۆژە یاسایەکی  ئەمریکای بۆ ئاگر بەستی نیوان ئیسرائیل و حەماس پەسەند کرد..

جەنگی هەشت مانگەی نیوان دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژێ حەماس و کوشتارێکی بێ وینەی خەڵکی مەدەنی و جینۆسایدێکی ئاشکرا کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەپشتیوانی ئەمریکا و غەرب ئەنجامیدا، سەرئەنجام لەگەڵ وێرانکردنی غەززە و خاپورکردنیدا، خودی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکای پشتیوانی رووبەرووی داروخانێکی شەرماوەر کرد.

وا بریار بوو دەوڵەتی ئیسرائیل لە تۆڵەی کردەوەی ٧ ئۆکتۆبەر، لە ماوەیەکی کورتی چەند مانگەدا حەماس بنەبڕ بکات و پێکی پیرۆزی سەرکەوتن لەسەر لاشەی حەماس، بنۆشن. کەچی دوای درێژە کێشانی چەند مانگ لەجەنگ و بەربەریەتێکی زاخاودراوی مۆدێرنەی دیموکراسی لەدژی هەموو بونەوەرەکانی غەززە و کوشتارێکی بێ وینەی خەڵکی سڤیل و بێ رتوشی دیموکراسیانە و وێرانکارییەکی دەگمەن لە دنیای هاوچەرخی ئیستادا، لە ژێر گوشاری دەنگی نارەزایەتی بەرینی دنیای ئازادیخواز و لە ئاکامی ئەو ریسواییەی کەم وێنەیەی ئەمریکا و غەرب بەچوونە پشتی ئیسرائیل ئەنجامیاندا، ناچار بوون بیر لە ڕێگاچارەیەک بکەنەوە، رێگاچارە نەک بۆ کۆتاییهێنان بە حەماس و جیهادی ئیسلامی، بەڵکو بۆ بەرگرتن بەو بن بەستەی یەخەگیری دەوڵەتی ئیسرائیل هاوپەیمانەکانی بووە. بریار بوو بە لێدان و کۆتاییهینان بە حەماس و جیهادی ئیسلامی، کێشەی میژووی فەلەستنیش کفن و دفن بکەن. ویستیان ئەو بێدەنگی و خودزینەوەیەی چەندین ساڵەیان بەهۆی سازش و بێدەنگی دنیای عەرەب، لە پەیوەند بە کێشەی فەلەستینەوە هاتبووە ئارا، لەم جەنگەدا بە ئاکامی خۆی بگات و ئەم دۆسییە دابخەن، کەچی جەنگ لەجێگای ئەوەی دۆسیەکە دابخات، دۆسیەکەی گەرم و داخ کردەوە و کردیەوە بە پرسی رۆژ. پشتیوانی نێودەولەتی بۆ زیاد بوو، چەندین دەوڵەتی تر دانیان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا. لەناو ئەنجامەنی نەتەوە یەکگرتووەکان فەلەستین جیگەی گرت... دیارە ئەمانە قوربانیەکی زۆری ویست و ئەگەر لەلایەکەوە بە نرخی کوشتارێکی کەم وینەی خەڵکی فەلەستین تەواو بوو، لە لایەکی ترەوە بە شکانی هەیمەنەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە ئابروچوونی دیموکراسی بۆرژوای شکایەوە. سەرانی دوڵەتی ئیسرائیلی لەپاڵ سەرانی حەماسدا خستە قەفەزی تاوانباری جەنگەوە. چەندین وەزیری کابینەکەی نەتانیاهۆ دەستیان لەکار کێشایەوە... پیگەی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا لاواز کرد و لە ئاستی جیهانیدا بزوتنەوەی دژە شەرو دژە ئیسرائیلی و ئەمریکایی تا ئەو رادەیە هەڵکشا، کە کارنامەی نەفرەت ئامیزی حەماسی ئیسلامی کردە ژێر سێێبەری خۆیەوە.

ئەم دۆخە بەجێگایەک گەیشت، کە خیرایی لە بریاری جەنگی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانی خیرای ئەمریکاو غەرب لەسەرەتادا چەند بوو، هێندەش پرسی کۆتاییهێنان بەم جەنگەو ئاگرە بووە، پیداویستی دەوڵەتی ئەمریکاو ئیسرائیل. بەتایبەتی ئەمریکا هێندە کەوتە ژێر گوشارەوە کە ناچار بوو لە جیگای دەوڵەتی ئیسرائیل هەنگاو بنێت.

لەگەڵ ئەوەدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل پێشنیاری ئاگر بەستی زوو قبوڵ کرد و کە زۆربەی بەندەکانی پێچەوانەی بانگەشەکانی پێش جەنگن، بەڵام هێشتا حەماسی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا رەتی نەکردۆتەوە، بەڵام هێشتا چاوەروانی وەرگرتنی ئیمتیاز!!ی ترە. دەیەوێت لەچاوی رای گشتی دنیاو بەتایبەتی لە دنیای عەرەب و ئیسلامیدا، وەکو پاڵەوانی بەرگری لە خەڵکی فەلەستین لەبەرامبەر بە داگیرکاری ئیسرائیلدا مۆری سەرکەوتن بدەن لە بەرۆکیان!!

بزوتنەوەی دژە شەڕ و دژە داگیرکاری و کوشتاری کوێرانەو دەست ئەنقەستی دەوڵەتی ئیسرائیل، نەک تەنها لەسەر شەقامەکان و نە تەنها کرێکاران و ریکخراوە کریکاریی و نەقابەکان، بەڵكو بزوتنەوەی خوێندکارانی لەناو خۆی ئەمریکا و چەندی وڵاتی تر تا ئەو ئاستە هێناوەتە مەیدان کە مەیدانی زانکۆکان بوونەتە مەیدانی دادگایی ئەمریکا و غەرب... خەڵکی ناوخۆی ئیسرائیل هاتوونەتە مەیدان... ئەم بزوتنەوەیە بەجیا لە کاریگەرییەکانی لە ئاستی جیهانی و ریسواکردنی دیموکراسی هاوکات هەر ئیستا بۆتە کەیسێکی کاریگەر لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا.

بۆیە ئەگەر پێشوو ئیسرائیل و ئەمریکا پێویستیان بە جەنگ بوو، ئێستا جەنگ بە بن بەست گەیشتووە، ئاگڕ بووە بە قیبلەنومایان و دەیانەوێت زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە. ئاخر جەنگ بەجیا لە هەموو لایەنەکانی تائیستای خەریکە ئەو بارمتانەش کە لەژیاندا ماون بەدەستی سوپای ئیسرائیل یان لەناو دۆزەخی جەنگدا، کۆتاییان پێ بێت...

نەبوونی بەرنامەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ دوای داگیرکردنی غەززە لەلایەک و نەتوانینی مانەوەی لە ناو غەززەدا لەلایەکی تر... لەپاڵ بزوتنەوەی جیهانی دژە جەنگدا، ئەو کابووسەیە تەنها ئاگر بەست دەتوانێت ڕیگایەکی کارسازو هاوکات ناچاری بێت.

ئاگر بەست و ئاگربەستی یەکجاری و چوونەدەرەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکرنی گیراوەکانی هەردوولا و گێرانەوەی بارمتەکان بۆ ناو کەس و کاریان. دەستبردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززەی وێران... لە ئێستادا، دەتوانێت نەک تەنها ئارامی بۆ غەزەو ئیسرائیل و فەلەستین بگێڕیتەوە، بەڵکو دەتوانیت تەواوی دۆخی ناوچەکە لە خوێن بەربوونێکی رۆژانە رزگار بکات کەشێکی لانی کەمی دڵخواز بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بکات.

دەوڵەتی ئیستای ئەمریکا و جۆبایدن کە لە ئیسرائیل زۆتر پەلەیەتی جەنگ کۆتایی بێت، بەجیا لەوەی دەیەوێت قەرەبووی شکستی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی بەهۆی داگیرکاری ئیسرائیل و جەنگی ئیستاوە قەرەبووبکاتەوە، هاوکات دەیەوێت ئەو کەیسە وەکو دۆسیەکی هەڵبژاردنەکان کەڵک لێوەر بگرێت. ...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×