کردەوەی حەماس‌و هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، ریشەی لەچیدایە؟

عەبدوڵا مەحمود
  2023-11-17     397

حەوتی ئۆکتۆبەر ڕیکخراوەی حەماسی ئیسلامی کردەوەیەکی سەربازی فراوانی کردە سەر بەشێک لە ئوردوگا نشینەکانی ئیسرائیل، کە لە ئاکامدا بەسەدان کەس کوژارن و بریندار و بەبارمتەگیران، لە نێو ئەو کوژراوانەدا بەسەدان کەسی مەدەنی بێتاوان گیانیان بەختکرد و  لەناو بارمتەکانیشدا بە هەمان شێوە بەدەیان کەسی مەدەنی رفێنران. لەبەرامبەر بەو کردەوەیەی حەماسدا دەوڵەتی ئیسرائیل لەدرێژەی هێرشە بەدەوامەکانی بۆ سەر فەلەستینیەکان، بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و پەنجە مۆری ئەوان لەژێر ناوی ئەوەی ئیسرائیل" مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە" دەستی دایە هێرشێکی بەرفراوان و بێ وینە بۆسەر شاری غەزە، هێرشێک کە بە پاساوی لەناوبردنی حەماس، دەستپارێزی لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ئابوری و دامەزراوە مەدەنیەکانی وەکو قوتابخانەو خەستەخانەو کەمپی ئاوارەکان و ... ناکات و لەوەش زیاتر رێگەی لەوە گرت غەززەی ئابڵۆقەدراو سوتەمەنی و ئاو کارەبا و خۆراک و دەرمان و ... پێ بگات.

دوای کردەوە غافڵگیرانەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە، کە زەمینەو هۆکارەکانی ئەم کردەوەیەی حەماس چی بوو؟ وە کاردانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆچی بەو ئاستە ترسناکە گەیشت و پاڵنەری پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لە ئیسرائیل چییە؟ بۆچی ریکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان و خەڵکی ئینسان دۆست و ئازادیخوازی دنیا، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین هاتنە مەیدان، کە رۆژ بەرۆژ فراوانتر دەبێتەوە؟ ئەمانە چەند پرسیارێکن کە ئەم وتارەی کردە پێویست.

حەماس وەکو رەوتێکی ئیسلامی سیاسی و سەرجەم رێکخراو گروپە ئیسلامیەکانی تر لە پایەترین ئاستیدا و لە ئاستی دنیادا، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی پێگرتن و دروست بوونیان، دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکاری بەردەوامی دەوڵەتی ئیسرائیل و چارەسەرنەکردنی کێشەی فەلەستین، جیا لەوانە حەماس بە پشتیوانی و هاوکاری ئەمریکاو ئیسرائیل بەمەبەستی لاوازکردنی ڕێکخراوە چەپ و ئازادیخواز و قەومیەکان و لەوانەش بۆ لاوازکردنی رێکخراوەی رزگاریخوازی، لە فەلەستین پێکهێنراوە.

هێرش و داگیرکاری بێ پسانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستینیەکان تەنانەت لەو کاتانەشدا کە "پرۆسەی ئاشتی و دانووساندن" هەیە. لەوانە داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستین و داگیرکردنی ماڵ و شوێنی ژیانیان و سەندنەوەی مافی ژیان کردن لەسەرزەمینی خۆیان دروستکردنی شارۆچکەی یەهودی نشین لەسەر زەمینی خەڵکی فەلەستین، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بەردەوام، تیرۆرکردنی لاوانی فەلەستینی دەست بێ چەک و سفیل، داسەپاندنی دۆخێکی سەخت بەسەر زیندانیان و گیراوانی سیاسی، خستنە ژێر چاودێری و ڕیگریکردن لە هاتووچۆی فەلەستینیەکان و کارکردنیان، وەڵامدانەوە بەهەر نارەزایەتی و کاردانەوەیەکی فەلەستینیەکان بەو پەڕی دڵرەقی و توندوتیژی، کۆنترۆڵکردنی سەفەر و هاتوچۆکردنیان و  داگیرکردنی ماڵ و حاڵیان، بە پلە دوو و سێ کردنی فەلەستینییەکانی نیشتەجێی ئیسرائیل، تا دەگاتە ئابڵۆقەدانی شارێکی زیاتر لە دووملیۆن ئینسانی وەکو غەززەو کردنی بەگرتووخانەیەکی ئاشکرای دنیای ئەم سەردەمەو ژێر پێخستنی بریارەکانی ریکخراوە نەتەوەیەکگرتوەکان لە دوای ساڵی ١٩٤٨ وە تاڕیکەوتنامەی "ئاشتی ئۆسلۆ" و تا بە ئێستا دەگات. ئەمانە هەموویان گۆشە بەگۆشەی سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیلن لە دژی خەڵکی فەلەستین. ئەم دۆخە بۆتە هۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتی بەردەوامی بێ وێنەی جەماوەریی لەدژی دەوڵەتی ئیسرائیل نەک تەنها لە فەلەستیندا، بەڵکو لەناوخۆ ئیسرائیل و لەدنیادا. لە دۆخێکی ئاوادا بەکردەوە ئەوە دەوڵەتی ئیسرائیلە کە بۆتە هۆکاری سەرەکی ناجێگیری و ناسەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

 هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەک و چوونەسەری رۆژ بەرۆژی تورەیی جەماوەری لەدژی داگیرکاری و هێرشی بەردەوام، زەمینە و ژینگەی بۆ هەر هێزێک سازکردووە، کە بیەوێت خۆی بەبزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری فەلەستینەوە هەڵبواسێت، لەدڵی هەلومەرجێکی ئاوادا و لە جەرگەی پاشەکشەی هێزە چەپ و قەومیەکان و ریکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و لە چوارچیوەی سازانی بەردەوامی وڵاتە عەرەبیەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا، ریکخراوی حەماس کەڵکی لەم دۆخە وەرکرت و لە ٧ ی ئۆکتۆبەردا، نمایشی تونایی خۆی کرد و کاردانەوەی بەرووی ئەم دۆخ و هەلومەرجەدا نیشاندا. ئەم گورز وەشاندنەی حەماسی ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل، لوتبەرزی و غروری تواناییە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئیسرائیلی داچەقاندە سەر زەوی و دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتی دەستی راستی نەتانیاهۆی، توشی گەورەترین شکستی میژووی لە ٧٦ ساڵی رابردوودا کرد.

بێگومان کوشاری خەڵکی مەدەنی و بەئامانجگرتنی ئاهەنگی یەهودیەکان لەو هێرشەدا و بەبارمتە گرتنی خەڵکی مەدەنی، ئینسانکوژیەکی ئاشکرا و بەتوندی جێگای ئیدانە و ریسوا کردنە.

دەستبردنی حەماس بۆ کردەوەیەک ئاوا، لە کاتێکدا کە رووبەڕووبوو لەگەڵ نارەزایەتی جەماوەری فەلەستینیەکان بەدەسەڵاتی ١٧ ساڵەی لە غەززەدا، لەدۆخی بەردەوامی هیرشی دەوڵەتی ئیسرائیل و مت بوون و خەواندن و کەنار خستنی پرسی خەلكی فەلەستین، نارەزایەتی ناوخۆی خەڵکی ئیسرائیل لەدژی نەتانیاهۆ لەبەرامبەر سیاسەتی لەناوبردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و وابەستەکردنی بە دەوڵەتەوە... وای کرد جاریکی تر کێشەی فەلەستین ببێتەوە بە مەسەلی رۆژ و پرسی چارەسەری کیشەی فەلەستین کۆمەڵگەی ئینسانی دابگرێتەوە.

حەماس جگە لە رێکخراوە ئیسلامیەکانی هاوشێوەی وەکو حزب اللە و حوسیەکان و... دەوڵەتی ئیران، چ لای ئەمریکا و غەرب و ئیسرائیل و چ کۆمەڵگەی نێودەولەتی و ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و تەنانەت لەلای ریکخراوە قەومیەکانی فەلەستینیشەوە، رەتکراوە بێ پەیوەند بە کێشەی فەلەستین و بۆ زۆریشیان وەکو ریکخراوەیەکی تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. بەو گوزە پشت شکێنەی لەدژی ئیسرائیل ئەنجامیدا، توانی خۆی وەکو لایەنێکی فریادرەس و دەنگی کپ نەکراوی نارەزایەتی خەڵکی فەلەستین، دەربخات و دنیا ناچار بەوە بکات وەکو واقعیەتیکی بەرجەستە و لایەنێکی بەرگریکار لە کیشەی فەلەستین، بە فەرمی بناسن. ئەوەی حەماس دەتوانێت بەو ئامانجەی بگات یان نا لەوە کەم ناکاتەوە، کە حەماس وەکو ریکخراوەیەکی ئیسلامی بەشێکە لە واقعیەتی ئیستای کۆمەڵگەی فەلەستین و توانی مۆری خۆی بدات لە واقعیەتیکی حاشاهەڵنەگری داگیرکاری ئیسرائیل لەلایەک و بەرەنگاری خەڵکی فەلەستین لەلایەکی ترەوە. 

بەپێچەوانەی راگەیاندنی میدیای باو و نۆکەر پیشەی غەرب و مۆڵەپێدراوی دنیاوە، حەوتی مانگ دەسپێکی هێرشی حەماس بە هەڵگریساندنی جەنگ نەبوو، بەڵکو گورزیکی غافلگیرانە و بەنەخشەی وەستانەوە بەرووی جەنگخوازی و هێرش و داگیرکاری بەردەوامی ئیسرائیل بوو... لە حەوتی مانگیش بەدواوە دنیا شاهیدی گەورەترین جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیلە بۆسەر غەززەو فەلەستینیەکان بە پشتیوانی ئەمریکاو غەرب و پەنجە مۆری دیموکراسی.

بەدوای حەوتی ئۆکتۆبەردا، هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدریژەی هێرشی نەوەستاویدا بۆسەر غەززەو فەلەستینیەکان، بەشێوەیەکی بێ وێنە دڕندانە دەستی پێکرد، ئامانج لەم هێرشە بەربڵاو مەرگ چێنە بەکۆمەڵە، لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتی دەستی راستی نەتانیاهۆ بۆ بەرگری لە ئیسرائیلیەکان نییە، دەوڵەتی ئیسرائیل هەمیشە لە هێرشدایە، بەڵکو حکومەتی نەتانیاهۆ دەیەوێت لەلایەکەوە قەرەبووی شکستی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری حەوتی ئۆکتۆبەر بکاتەوە و ئابرو بۆخۆی بگێڕێتەوە و ئەو قورساییە نەنگینە لەسەر خۆی و حکومەتەکەی لاببات، لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت حکومەت دەستی راستیەکەی لەدەسەڵاتدا بهێڵێتەوە. حکومەتی نەتانیاهۆ جیا لەوەی پێشتر لەبەردەم شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری دابوو بەهۆی هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و وابەستەکردنی بە دەوڵەتەوە، هاوکات بەهۆی گورزی حەوتی ئۆکتۆبەر و تێکشکانی لوتبەرزی و مایەپوچی دەزگای هەواڵگری، لەبەردەم نارەزایەتیەکی فراوانی جەماوەریدایە و خواستی دەست لەکارکیشانەوەی خواستیکی سەرەکییە. نەتانیاهۆ دەیەوێت بە سەرکەوتن بەسەر حەماس و دوورخستنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر غەززەدا، خۆی لەبەدەم ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە رزگار بکات، بەڵام سەرکەوتی سوپای ئیسرائیل بەسەر حەماس و دەرهێنانی دەسەڵاتی غەززە لە دەستیان، ناتوانێت شکستی و نائاکامی نەتانیاهۆ ناکام بکاتەوە. هەر ئێستا بەهۆی ئەو کردەوەو هیرشە دڕندانەی بۆسەر خەڵکی مەدەنی و ژیرخانی غەززە ئەنجامی دەدات، لەبەردەم رای گشتی دنیادا رووبەڕووی نەفرەت و پەنجەی تۆمەتباری جەنگی بۆ خۆی و حکومەتەکەی رادەکێشرێت... جیا لەوانە تەنانەت بەتەواوەتی لاوازکردنی حەماس ناتوانێت ڕیگای هیچ جۆرە سەرکەوتنێک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتەکەی مەیسەر بکات. چونکە داگیرکاری و هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل هۆکاری دروستبوونی حەماس و هاوشێوەکانیەتی، حەماسیش کەنار بخرێت، حەماسی تر بەناوی ترەوە دروست دەبن.

ئەمریکا و غەرب بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن، بە پاساوی" مافی بەرگری لەخۆ کردن" وەکو ئەوەی کە ئەوە فەلەستینیەکان بن ئیسرائیلیان داگیر کردبێت و ناچار بە بەرگری بن لەبەرامبەر هیرشەکاندا، لە کاتێکدا ئەوە دەوڵەتی ئیسرائیلە سەر زەمینی فەلەستنیەکانی داگیرکردووەو هیشتاش لە هێرشکردن و دروستکردنی شارۆچکە یەهودی نشینەکان لەسەر ماڵ و حاڵی فەلەستینیەکان بەردەوامە، هەر بەو پاساوە درۆزنانەیە کە ئیسرائیل "مافی بەرگری لەخۆکردنی" هەیە، دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلیان بۆ داگیرکاری و هێرشی بێ وینەو جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین لە غەززە لە ژێر ناوی جەنگ لەدژی حەماسدا، ئاوەڵا کردووە. ئەم مامەڵەیەی ئەمریکا و غەرب هەمان مامەڵەی ئەمریکا و غەرب لەگەڵ خەڵکی کوردستان وەبیردێنێتەوە، کە حکومەتی دڕندەی بەعس چەکی قەدەغەکراوی لەدژی خەڵکی کوردستان بەکار دەهێنا، لەوانە ناپاڵم و کیمیاوی و سوتماککردنی گوندو شارۆچکەکان وئەنفال و ژێر لم خستنی بەکۆمەڵی ئیسنان و لەسێدارەدانی بەردەوام و ...تاد، کەچی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بێدەنگەیان لێ دەکرد و بەدوای بەڵگەی دڕندەیی بەعسەوە بوون!! و لە پشتیوانی چەکدارکردنی بەعس بی درێغ بوون.

هۆکاری ئەوەی ئەمریکا و غەرب بەرگری لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیل، پێگەی میحوەری ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، هیچ سازان و ئاسیکردنەوەی پەیوەندیەکی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ناتوانێت جێگای ئیسرائیل بۆ ئەمریکا لەناوچەکەدا بگرێتەوە. هەروەها پاشەکشەی ئیسرائیل و کەم رەنگ بوونەوەی پێگەو مەوقعیەتەکەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەم رەنگ بوونەوە و لاواز بوونی مەوقعیەتی ئەمریکا و غەرب لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دادەنێت. زوو هاتنە دەستی ئەمریکا و غەرب و ناردنی کەشتییە پڕ جبەخانە سەربازی و جەنگیەکانی، هەوڵیکە بۆ هاوسەنگ کردنەوەی باری لاسەنگ بوونی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لەدڵی هەلومەرجێکی تەواو نوێی دارمانی پیگەی قوتبی ئەمریکا و غەرب لەلەلایەک و دەرکەوتنی قوتبی چین و روسیا و لەلایەکی تر و بەهیز بوونی پێگەی هەرکام لە ولاتە عەرەبیەکانی ناوچەکە وەکو کاراکتەرێکی کارا لە ناوچەکەدا.

هاتنە مەیدانی ریکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان و خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆست بەدژی جەنگ و داگیرکاری ئیسرائیلیدا، بەر لەوەی ئیسرائیل نیشانە بێت، ئەمریکاو غەربی کردۆتە نیشانە، چونکە دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکاو غەرب، زۆر لەوە لاوازترە بتوانێت ببیتە دەوڵەتی میحوەر لەناوچەکەدا. جیا لەوانە ئەم بزوتنەوە ئازادیخواز و ئینسان دۆستە دژی جەنگ و ملهوری نواندنە، مایەپوچی سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکاو غەرب و پوچی و شکستی میدیای نۆکەریان دەخاتە روو، کە هەموو هەوڵێکیاندا داگیرکاری و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل بەرەوا نیشان بدەن و لە جەنگ لەگەڵ حەماسدا بەرجەستەی بکەن تا خۆیان لە کێشە سەرەکیەکە بدزنەوە کە هیرش و داگیرکاری ئیسرائیل و چارەسەر نەکردنی کیشەی فەلەستین و مل نەدانی دەولەتی ئیسرائیلە بە ڕیکەوتننامەکانی ریکخراوە نەتەوە یەکگرتوەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×