هەژموونی ناوەند لەسەر هەرێم و لێکەوتە سیاسیەکانی...

عەبدوڵا مەحمود
  2023-08-10     424

دەرهێنانی دۆسیەی نەوت و غاز لەدەستی دەسەڵاتی هەرێم، دەرهێنانی دۆسیەی دارایی و ئابوری بە داهاتی ناوخۆی و نانەوتییەوە، بە یاساییکردنی چاودێری بەغدا بەسەر داهاتەکانی هەرێمەوە، جوڵاندن و چالاکردنی دادگای فیدرالی لەبەرامبەر بە بریار و دۆسیەکانی ناو هەرێم، جوڵەکانی بەغدا بۆ گێرانەوەی هەیمەنەی ئەمنی بەسەر سنورەکاندا، تا دەگاتە هاتنە ئارای هەمواری دەستور... کۆی ئەم دۆسیانەن کە بەتەواوەتی هاوسەنگی هێزی ناوەندی بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا بە سودی بەغدا گۆرێوە و دەستی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی بەسەر کۆی دۆسیەیەکانی دارایی و ئابوریی و چاودێری و ئەمنی و یاسایی و دەستوریدا، بەستووەو کورتکردۆتەوە. جیا لەوانە بەغدا ئەو دەسەڵاتەی بە یاسایی جێگیرکردووە، کە دەستیوەردان لە دۆخی ناوخۆیی پاریزگاکانی هەرێمدا بکات... هەموو ئەو دۆسیانە سەرەتای کۆتایی دەورەیەکی دیاریکراوە کە زیاتر دوو دەهە تەمەنی کرد. فیدرالیزمی قەومی کە لەماوەی دوو دەهەی رابردودوا بە هۆی لاوازی دەسەڵاتی بۆرژوازی عەرەب، و بەهێزی پێگەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە بەرامبەر بەغدادا زۆرتر لە خەڵوەت و بی کاریگەر و ناکارا بوو، ئێستا لە رێگای خودی جوڵاندنی و کاراکردنی دەستور و فیدرالیزمدا، هەژموون و باڵادەستی ناوەندی بەسەر سەرجەم عێراق و کوردستاندا، زاڵ کردووە.

ئەم هەژموون و زاڵ بوونەی دەسەڵاتی بۆرژوازی عەرەب لە عێراق و بەتایبەتیش بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا، لەوانە دەرهێنانی کۆی دۆسیەکانی نەوت و غازو دارایی و ئابوری و پەلهاویشتنی بۆ دۆسیەی ئەمنی و سنورەکان و بە یاسایی کردنی مافی دەستوەردان لە پاریزگاکانی هەرێم... تەنها لایەنی ئابوری و گێرانەوەی هەژموونی دەسەڵاتی یاسا!! و دەستور!! بەسەر هەرێمدا نییە، بەڵکو لە بنەرەتدا زۆر بوونی هەژموونی سیاسییەو لێکەوتەی سیاسی فراوانتری بەدواوەیە. تەنانەت جوڵەکانی بەغدا بەرامبەر بەهەرێم تەنها رووی لە قەوارەی سیاسی هەرێم" دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد" نییە، بەڵکو هاوکات جوڵەو هێرشێکی بە نەخشەیە بۆسەر جەماوەری کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی.

دیارە تا ئەوەندەی بەدەسەلاتی ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و هیزە باڵادەستەکانی دەگەڕیتەوە، لەبەرامبەر بە هەژموون و نەخشەکانی بۆرژوازی باڵادەست لە عێراقدا، بێ وەڵامن و جگە لە بۆڵە بۆڵ و نارەزایەتی سلبی بەناچاری خەریکن خۆیان لەگەڵ بەغدا و سیاسەتەکانی دەگونجێنن و بۆ داپۆشینی شکست و بێ ئاسۆیشیان، بانگەشەی سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی و پێداگری لەسەر سەروەری عێراق دەکەن... دەیانەوێت لانی کەمی بەڕێوەبردنی کاروباری هەرێمیان لەدەست دەرنەچێت و لەم پرۆسەی بەڕێوەبردنەشدا هێندەی بکرێت، تاڵانی و دزی و کەڵەکەی سەرمایە بکەن... بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا جگە لە باسی "یەکریزی ناوماڵی کورد و هەڵبژاردن" کارتێکی تریان بۆ ئەم ئامانجەیان، بەدەستەوە نییە. واتە بەشێوەی گشتی بۆرژوازی کورد بن بەستن لە رێگاچارەیەک کە دڵخوازی خۆیان بێت، بەڵکو بەناچاری لەبەرامبەر بە هەژموونی بەغداد بەرگریەکی سلبی و خۆ گونجاندنیان کردۆتە بژاردە. دیارە ئەوە روانگەو دیدی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردە وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوای بە دۆخی ئیستا و هەژموونی بەردەوامی بەغدا بۆسەر هەرێم و ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستان و پرسە سیاسیەکەی... 

 گەڕانەوەی  هەژموونی بەغدا و دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێمی کوردستاندا لە رێگای فیدرالیزمی قەومی و گەرانەوەی دۆسیەی ئابوری و دارایی و دۆسیەی ناوخۆی هەرێم و پرسی ئاسایش و سنورەکان و بودجە و پەیوەندیەکان و تا دەگاتە پرسی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم... بە واتای تێکەڵ بوونەوە هەرێم بەعێراقەوە لە مەیدانی کردەییدایە... واتە ئەگەر کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە تا بەر لە جەنگی داعش و ١٦ ئۆکتۆبەر تا دەهات بەرەوە دوورکەوتنەوە لە عێراق دەرۆشت، ئەوا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی داعش و ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، ئەم هاوکیشەیە پیچەوانە بۆتەوە و تا هاتووە هەرێمی کوردستان بەرەو تیکەڵ بوونەوە و لکانەوە بە عێراقەوە، رێی کردووە. ئەم پرۆسیسە لە دوو سێ ساڵی رابردوودا بە خێرایەکی بەرجەستەوە دەچێتە پیشەوە. کوردستان دەمێکە دۆخی سەرگەردانی تێپەڕاندووەو لە ناو پرۆسەی دوبارە بیناکردنەوەی عێراقدایە...

بۆیە هەر سیاسەت و نەخشە رێگا و پلاتفۆرمێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوەی کوردستان لە عێراقەوە دارێژراوە و بەدەستەوە گیراوە، ئێستا نەک جێگای چاو پیاخشاندنەوە، بەڵکو گرنگی بەدەستەوەگرتنی سیاسەت و نەخشەو پلاتفۆرمی تازەی کردۆتە ئەولەویەتیكی حاشا هەڵنەگرو دەستبەجێ، کە بگونجت لەگەڵ دۆخی تازەو رەوەندی تیکەڵ بوونەوەی کوردستان بە عێراقەوە. دیارە ئەم پرۆسیسە بەدەر لە رۆڵی وڵاتانی ناوچەکەو کۆمەڵگەی فەرمی نێو دەوڵەتی نییە.

ئەم ئاڵوگۆرە سیاسیە، بەرهەمی دەور و دەخالەت و ئیرادەی بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکی عێراق و کوردستان نییە، بەڵکو بەرهەمی تیکچوون و ئاڵوگۆری هێز و باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی و ململانێکانیانە لە پرۆسیس و دەورەیەکی دیاریکراودا کە زیاتر لەسێ دەهەیە درێژەی هەیە.

بۆیە ئەم ئاڵوگۆرانە، لە بنەرەت و لە گشتیەتی خۆیدا، بە سودی جەماوەری عێراق و خەڵکی کوردستان نییەو هەڵگری وەڵام بە گرفتە هەمەلایەنە ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی و حقوقی و لە پیشیشیانەوە هەڵگری  وەڵام بە گرفتە سەرەکی  و بناغەیییەکانی نییە.

وەلانان و لاوازکردن و تەنانەت نەهێشتنی رۆڵ و پێگەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بەسەر خەڵکی کوردستاندا لەسەر دەستی باڵادەستی و هەژموونی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمی کوردستاندا، دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و حقوقی خەڵکی کوردستان باشتر ناکات و وەڵام بە گرفتە بناغەیەکانی ناداتەوە، بەڵکو خراپتری دەکات... دۆسیەی تازە لەپێشیانەوە پرسی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی لە ئاستێکی تر و دۆخێکی تازەدا دەهێنێتەوە مەیدان... روخاندنی رژێمی بەعس و دەسەڵاتی دوای بەعس لەگەڵ ئەوەدا پرسی ستەمی میللی سەر خەڵکی کوردستانی خەواند و ستەمی نەتەوایەتی هەڵپەسارد، بەڵام وەڵامی بەو پرسە نەدایەوە و چارەسەری پرسی سیاسی کوردی نەکرد. کە جیابوونەوە یان مافی هاوڵاتی یەکسان لەبەرامبەر یاسادا لە ژێر چەتری دەوڵەت و حکومەتێکی مەدەنی و سکیولاردا، کە دەتوانرا مەیسەر بێت.

جیا لەوەش گەڕانەوەی هەژموونی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەریمدا، ناتوانێت پرسە بناغەیەکانی تری وەکو "نان و خزمەتگوزارییەکان، وە ئازادی و ئازادییە سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکان" زامن بکات. کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی و خۆوەڵاتیشدا نەک وەدی نەهاتن، بەڵکو بووە مەیدانێکی نەبەردی نێوان چینی کریکار و جەماوەری بێبەش و ئازادیخوازان لەلایەک و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە لایەکی ترەوە.

ئیستا ئیتر دۆخی سیاسی و ئابوری و حقوقی و ئەمنی و پەیوەندی هەرێم و بەغدا و هەلومەرجی گشتی خەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی، لەبەردەم پێناسەکردنەوەیەکی تازەدایە... پرۆسیسی پێناسەکردنەوەی عێراق و جێگیردنی کردنی ئارامی سیاسی و کۆتاییهێنان بە رەوەندی سازش و سازانی تایفی و قەومی لەبەرامبەر بە رەوەندی نیشتیمان سازی!! و حکومەتی زوربەدا و سەراسەریدا، چەند ساڵێکە دەستی پێکردووە، گەرانەوەی عێراق بۆ ناو کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی و جێگاپەیداکردنەوەی، حاشاهەڵنەگرە. ئارامی سیاسی بۆ کەڵەکەی سەرمایەو پڕ کردنەوەی کەلێن و جومگە درز بردوەکان، بۆتە ئامانجی بۆرژوازی عێراقی و هەرێمی کوردستانیش لەم چوارچێوە گشتییە بەدەر نییە. ئەوەی کەچەندین ساڵە دەوترێت دۆخی کوردستان بەم جۆرە نامێنێتەوە، بەکردەوە پێشهاتووەو رەوەندی ئاڵوگۆرەکان خەریکە ئاییندەیەکی ترو هەلومەرجێکی نوێ دادەسەپێنێ. لەبەرامبەر بەو ئاڵوگۆڕەدا و پێشهاتە تازانەدا، رێگاچارە و پلاتفۆرمی سیاسی تر دەخوازێت... ئەگەر بۆرژوازی کورد خەریکی خۆ گونجاندن لەگەڵ بەغدا و گەرانەوەیەتی و لەسەروی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە خەریکی بەند و بەستی تازەیە، کە لە هاوسەنگی روو لەخوار و داکوژانی رۆڵی و پێگەی پێشوویدا، خۆی بگونجێنێ. ئەوا چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیزم پیوسیتە و دەست بەجێ نەخشە ڕێگای ئیرادە گێرانەوە بۆ خەڵکی کوردستان و رێگاچارەی خۆی چ بە هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵک و خزمەتگوزاریی و بەرینکردنەوەی پرسی ئازادی و ئازادییە سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و چ بۆ ئاییندی سیاسی کوردستان... بخاتە ڕوو و وە نەخشەی بەکردەوە دەرهێنانی و لە مەیدانی پراکتیکیدا بەدەستەوە بگرێت. ئەو رێگا چارەیە کامەیە؟ دەبێ چ بکرێت... لە بەشی داهاتوودا درێژە پیدەدەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×