دوو پەیامی تەریب... لە ١٣ هەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-05-04     480

٥ ی ئایار، ١٣ ساڵ بەسەر رفاندن و تیرۆری ئاشکرای رۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا تێپەر دەبێت...کەچی سوێ و زامی ئەم ڕفاندن و پاشان تیرۆرکردنی هەنگاوێک چییە لە کەس و کار و ئازیزان و لە بەرەی ئازادی و  ئازادیخوازی کوردستان دوور نەکەوتۆتەوە.

هۆکاری سەرەکی مانەوەی سوێ و برینی تیرۆری سەردەشت عوسمان و زیندومانەوەی ئەو کەیسە وەکو یەکەمین ساتەکانی ژیان سەندنەوە لێی، بریتییە لە مانەوەی پەیامەکان. دوو پەیام کە بەهاوتەریبی دەئاژوێن و یەک گرتن و بەریەک کەوتنیان مەحاڵە.

پەیامی سەردەشت بەدژی نابەرابەری قوڵی چینایەتی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆرژوای کوردو بێدادی و ستەم و ملهوریەکەی لەلایەک و پەیامی بەرگری لە واقعیەتی چینایەتی بوونی کۆمەڵگەو پاراستنی پەیوەندی زاڵمانەی سەرمایەداری و ئەو سەرخانە سیاسی و فکری و کەلتورییە دژە ئازادی و بیمافیەی، بۆرژوای کورد بۆ مانەوەو دریژەدان بە تەمەنی خۆی بەدەستیەوە گرتووە.

سەردەشت عوسمان لە پێگەی بەرگری و سەنگەری بێبەشانی کۆمەڵگەی کوردستاندا و بە دید و دنیابینی بەرابەریخوازی  و ئازادیخوازی، رەخنەی لە دەسەڵاتی دەسترۆشتوی بۆرژوای کورد و رەمزەکانی گرت و لە ڕیگای تێکۆشان و قەڵەمەکەیەوە گۆشەیەک لە دنیای نابەرابەری کۆمەڵگەی کوردستانی خستە روو کە لەلایەکەوە خواکانی دەسەڵاتی سەرزەوی و مافیاکانی ئازادی و تێرنەبووانی تاوان و مۆرەکانی تاڵانی وەستاون و لە لایەکی تریشەوە، ئۆردی بێبەشان و نەدارانی کۆمەڵگە وەستاون، کە جیاوازیان لە خەیاڵاتیش واوەتر و بەرامبەرکیان لەکەشکەلانی فەلەکە و لێک نزیک بوونەوەیان وەهمە. کورد ناتوانێت یەکریز بێت... ئاخر چۆن دوو دنیای جیاواز و دوو بەرەی جیاواز و دوو ئاییندەی جیاواز و دوو بەرژەوەندی جیاوازو دوو هێزی بەرامبەر بەیەکتری دەتوانن یەک ریز بن؟  چۆن دەکرێت ئۆردویەکی ملیۆنی بێبەشکراو برسیکراو ئازادی لی زەوتکراو ماف پایماڵکراو، لەگەڵ کەمایەتیەکی دەسەڵات بەدەستی تاڵانچی و ئازادکوژ و ماف دز و ئینسان کوژ و خەون دز و نۆکەر پیشە، وەکو یەک تەماشا بکرێن؟ چۆن دەکرێت ژیانی شاهانەو فیرعەونانەو بەهەشتی کەمایەتیەکی مفتەخۆر لەگەڵ ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها ئینسانی کارگەر و تیکۆشەر و وێڵ بەدوای نان و موچەو خزمەتگواری و سەرەتاییترین مافەکان و ئازادییەکاندا، بەیەک بگیرێن. ئەوانەی بەناوی کوردایەتیەوە دەیانەوێت بڵێن هەموومان سەرنشینی کەشتییەکین، درۆ دەکەن، دەیانەوێت راستی جیاوازی چینایەتی و ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وەکو سەرەکیترین ململانێ بشارنەوە.

هەڵگرانی ئەو پەیامەی سەردەشت بە خەبات و قەڵەمەکەی بەیانی کرد، ئۆردوویەکە هەموو سات و کات و رۆژێک لە جەنگدایە لەگەڵ دەسەڵاتی بکوژانی.

چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان، هەموو رۆژێک لە بەرامبەرکێدان بۆ نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی و مافە فەردی  و مەدەنییەکانی ئەم سەردەمە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەبەرامبەردا دەسەڵاتی کەمایەتیەکی پاریزەری نەزم و سیستەمی مەوجود هەموو هەوڵ و تەقەلای ئەوەیە رووبەرووی ئەو جەماوەرییە نارازییە بێتەوە و بەدژی خواست وداواکارییەکانیدا بوەستێتەوە... بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک و سەرۆکەکانی قوتکردۆتەوە، شازادەکان لەسەر رەقەم دەخاتە بازاری بەرگری لەستەم وبێمافی و چەوساندنەوە و بۆ درێژەدان بەدەسەڵات. سوپا و میلیشیاو دەیان دەزگای هەواڵگری و جاسوسی و فریوکاری و یاسا و ریسای سازداوەو بە ناوەرۆکی بەعسیانەوە، پیادەی دەکات و نەک دەیەوێت هەموو دەنگ و رەنگێکی ئازادی و ئازادیخوازی کڵۆم بدات، بەڵکو دەیەوێت خەیاڵ و بیرکردنەوەی نەیاران و ئازادیخوازن لە ریگەی یاساو زۆری چەک و رفاندن و زیندان و سەرکوت و دەیان وسەدان دەزگای پان و پۆری راگەیاندن و لەشکرێک لە میدیاکار و رۆژنامەنووسی کڕدارو ئاراستەکراو... قفڵ بدات.

ئەم دوو پەیامە هاوتەریبە... لە کۆمەڵگەی کوردستاندا زۆر بەشێوەی بەرجەستە ڕێ دەکەن. ئازادی و ئازادیخوازان و تێکۆشەران و رۆژنامەنووسانی ئازاو ئازاد و بەرابەریخواز... رۆژانە راودەنرین، دەفرێنرێن زیندانی دەکرێن، سەرکوت دەکرێن، تۆمەتیان بۆ دروستدەکرێت، سیناریۆی پاکەتیان بۆ سازدەکرێت، کەسایەتیان ورد دەکرێت، شاهید و بەڵگەی ئاشکرای تیکۆشەربوون و ئازادیخوازبوونیان، بەلێدوان و سیناریۆی ساختە دەخرێتە ژێر پرسیار.

ئەو ڕۆژەی سەردەشت عوسمان وەکو خەباتگیرێکی نەیار بە نابەرابەری و ستەم و لە پێناو ئازادیدا گیانی لی سەندرایەوە و دواتریش ویستان بە سیناریۆی ساختە ئەوی تیرۆرکراو، تیرۆر بکەن. ئێستا ئەم پەیامەی دەسەڵات بەرامبەر ئازادی و ئازادیخوازان و نەیار بە نابەرابەی و ستەم، درێژەی هەیە و کەم رۆژ هەیە بەدەل بەروارییەک، شیرون شیروانیەک و عەلی مەحمودێک نەکەوێتە بەردەم کەڵبەکانی دژە ئازادی و سیناریۆ ساختەیان بۆ دروست نەکرێت.

دیاردەی رفاندن و شوێن بزرکردن، شەق وەشاندن لە مامۆستاو هاوڵاتی، لە کەسانی یاسایی و دادوەر، سەرتاشین وەکو چەکێک بۆ شکاندنی شکۆی ئینسان، نان بڕین... تا دەگاتە دەستگیکردنی عەلی مەحمودەکان و تۆمەت بۆ سازکردن لە هەولێر و رفاندنی ئارام حەسەن و شەمین عەلی بەدەست و قاچ بەستراوی لەلایەن هیزی دەمامکدراوەوە لە گەرمیان... واقعیەتی روو لەسەری کۆمەڵگەی کوردستانن.

بێدەنگکردنی دەنگە نارازی و ئازادیخوازەکان و لە پێناو بێدەنگکردنی کۆمەڵگە، لەدوای تیرۆری سەردەشت عوسمانەوە بەرەو هەڵکشان چووە... و پەیامی سەردەشتەکان و دەسەڵات بە تەریبی دەرۆن... تا ئەوکاتەش کۆمەڵگەی کوردستان خاڵی نەبێت لە ململانێی چینایەتی، ئەو پەیامانە هەروا بە تەریبی دەرۆن. ئەو کاتەی پەیام و تیکۆشان و خەونەکانی سەردەشت عوسمانەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی کۆردستان، بووە واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگەو جیاوازی چینایەتی لێک هەڵوەشایەوە، کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت و سوێ و زامی تاوان و تاوانکاریەکان و نابەرابەری و ستەم و هەڵاواردن، برینی گیان بەختکردوانی دەستی نیزامی سەرمایەداری و نۆکەر پیشەکانی، بەرەو سارێژ بوون دەچن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×