١٣ی ئەم مانگە، دوای بێنەوبەرەیەکی زۆر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، سەر ئەنجام لەتیف ڕەشید وەکو سەرۆک کۆماری عێراق، هەڵبژێردرا... هەڵبژاردنی لەتیف رەشید کۆتایی بە دۆسیەیەکی لاواز لە ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ خولێکی تری هەڵبژاردن هێنا..
لەم ململانیەدا کە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار هەبوو، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوو کاندیدی هەبوو، بەرهەم ساڵح وەکو کاندیدیك بۆ بردنەوە و لەتیف رەشیدیش وەکو کاندیدێک بۆ دۆران... یەکێتی خوازیار و ویستی ئەوە بوو بەرهەم ساڵح، بۆ خولێکی تر هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام دەرنەچوو و لە جێگایدا لەتیف رەشید دەرچوو، کە وەک کاندیدێک دانرابوو بۆ دۆڕان و لەو نێوەشدا ویستی پارتی سەرکەوت...دیارە بوونی دوو کاندید لەلایەن یەکێتیەوە، نیشانەی ئەو پەرێ شپرزەیی و وێرانەیی ناو ماڵی یەکێتییە.
یەکێتی تا کاتی هەڵبژاردنەکەش پێداگری لەسەر مانەوەی بەرهەم سالح دەکرد بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار، دیارە ئەوە بەو مانایە نا کە ناوبراو سەرچاوەی خێر و نیعمەتە بۆ یەکێتی و کەسایەتیەکی سەرکەتووە و نوینەرایەتی خەڵکی کوردستان لە عێراقدا دەکات، بەڵکو بەو هۆکارەی پارتی و بەتایبەتی سەرۆکی پارتی بەرهەم سالحی قبوڵ نەبوو. یەکێتی بەرهەم ساڵحی کردبووە داشی دامە لە ململانێی خۆی لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار و عینادی پارتیش بۆ کەنارخستنی بەرهەم ساڵح تەسلیم کردنی ئیرادەی یەکێتی بوو بە عینادی شەخسی و حزبی. دیاریکردنی کاندید لەلایەن پارتییەوە لە بەرامبەر بەرهەم ساڵحدا، لەلایەکەوە هەژموونی پارتی بوو بۆ دەرهێنانی دۆسیەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەدەستی یەکێتی و لەلایەکی تریشەوە بۆ گوشار دروستکردن بوو لەسەر یەکێتی کە دەست لە بەرهەم سالح هەڵبگرێت و کەسێکی تر کاندید بکات، کە پارتی رەزامەندی لەسەر بێت. لەو مامەڵە و کیبەرکێیەدا کە ریشەی قوڵتر و هۆکاری تری لەپشت بوو، پارتی بە کەنار خستنی بەرهەم ساڵح و دانانی کەسێکی تر کە خۆیان رەزامەندیان لەسەرە، ئیرادەی سیاسی خۆیان داسەپاند و سوربوونی یەکێتیان کاڵ کردەوە.
دیارە سەرۆک کۆمار لە عێراقدا، جگە لە رۆڵێکی تەشریفاتی و رەمزی و گرەوی سازان کە لەنیوان بۆرژوازی کورد و عەرەب و لە دابەش کاری پۆستەکانی نیوان پارتی و یەکیتیدا، زیاتر شتێکی تر نییەو نابێت و ناتوانێت هیچ کارە بێت... سەرۆک کۆمار هەر کەسێک بێت، پارتی و یان یەكیتی و گۆڕان، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە هیچ کارەیە، و لە عێراقی ئیستادا کەس مایەی لەسەر دانانێت و هەڵبژاردنێکیش لە ئارادانییە، جگە لەسازانێک لەسەری، کە ئەم سازانەش بە گۆرانی هاوسەنگی هێز دەگۆرێت... پێداگری بەشیک لە هیزە عێراقیەکان و هاتنە سەرخەتی پارتی بۆ ئەوەی کاندیدی خۆی هەبێت، بەرهەمی ئەم گۆڕانی هاوسەنگی هێزە بوو لە چوارساڵی رابردوودا.
بەپێی ڕیکەوتنی نیوان یەکێتی و پارتی و سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و سەرۆکی هەرێم بۆ پارتیییە... بەڵام پارتی بە پێداگری لەسەر ئەم پۆستە، بەجیا لە ئامانجی تر، بۆ زۆرکردنی هەژموونەکانی بوو بەسەر یەکێتیدا، کە حاسڵی لاواز بوون و پاشەکشەی یەکتێیە لە ئاستی عیراق و هەرێمدا... لە ئێستادا پارتی دەیەوێت پۆستە رەمزیەکانیش لەدەستی یەکێتی دەربهێنێت و ئیرادە وبریاری سیاسی خۆی بەسەر یەکێتیدا زۆرتر لەوەی هەیە بسەپێنێت و یەکێتی بخاتە مەوقعیەت و بەرگریەکی لاوازتر لە ئیستاش.
پارتی لە جەرگەی ململانێی سیاسی و قوڵ و چارەنووسازەکان، کە تایبەتە بە هەژموونی دەسەڵات لە هەرێم و دەستبەراسەراگرتنی هەموو جومگە هەستیارەکانی سیاسی و ئابوری و ناوخویی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دەیەوێت دۆسیە لاوازەکانی وەکو پۆستی سەرۆک کۆمار زەق بکاتەوە و بیکاتە سەرچاوەی ململانێیەکی ڕی لێ ونکەر... ئەم هەموو هەراو هۆریایەی لەسەر سەرۆک کۆمار وەرێی خست، ئامانجەکەی سەرۆک کۆمار نەبوو، بەڵکو هەژموونی سەپاندن، ئیرادە زاڵکردن، دەستێوەردان لە بڕیاری ناوخۆی یەكێتی بوو. بە وەلانانی بەرهەم ساڵح ئەم گەمەیەی بردەوە و بە پاشەکشە کردن بە کاندیدی خۆیشی، یەکێتی خستە سەر سەمای سەرکەوتن و سەرمەست بوونێکی "فەیک" ساختە و روکەش.
لەو گەمەیەدا پارتی بەناوی خەڵکی کوردستان و یەکریزی و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان لە بەغدا و لەبەرامبەر بە دوژمنانی کوردا، دەدوا و ئەمەشی وەکو کەمپەینێکی راگەیاندن و بەهرەبەرداری لە خۆشباوەری خەڵکی کوردستان کرد، بەڵام خەڵکی کوردستان هێندە لەگەڵ ئەو مانۆرانە بەتایبەتیش مانۆرەکانی پارتیدا ژیاوە، خۆشباوەرکردنیان و کردنیان بە زەخیرەی ئامانجەکانی ناکامە.
خەڵکی کوردستان باش دەزانن ململانێی سەرۆک کۆمار لەنیوان پارتی و یەکێتیدا دوور و نزیک لەسەر بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان نییەو سەرۆک کۆماریش لە پارتی یان یەکیتی بێت، بەدوای بەرژەوەندی حزبییەوەیەو نوێنەرایەتی هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵکی کوردستان ناکات و ئەزموونی رابردووش باشترین بەڵگەی ئەو راستیەیە... ئایا کەسێکی هوشیار و ئازاد و بە ویژدان دەتوانێت یەک دەستکەوتی بەرهەم ساڵحمان پێ بلێت لە نزیک بە پینج ساڵی رابردوودا؟ رۆشنە لەداهاتووداشدا هەر کەسێک سەرۆک کۆمار بێت ئەوە دەستکەوتەکەیەتی کە بەرهەم سالح بەو هەموو "حورمەتە" وە. هەیبوو.