بەرواری ١٠ ئەم مانگە نێچیر بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان!! بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق، لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری حزبەکانی ناو ماڵباتی بزوتنەوەی کوردایەتی کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن و چۆنیەتیەکەی کراوە، هاوکات باسی ئەوەش دەکرێت کە یەکێتی نیشتیمانی نیگەرانی خۆی لە مامەڵەی پارتی لەگەڵ زۆن سەوز دەربڕیوە، تا رادەی کشانەوەیان لە حکومەت ئەگەر پارتی سلێمانی چیتر پشت گوێ بخات. جیا لەوانە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان جارێکی تری هوشداری داوە بە لایەنە سیاسیەکان کە کات بە قازانجیان نییەو پێویستە زوو بگەنە ڕێکەوتن.
دیارە ئەوە یەکەمین کۆبونەوە نییە کە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لەم ساڵدا بەڕێوە چووە، بەڵکو ئەوە چەندەمین کۆبونەوەیەو هەموو کۆبونەوەکانیش بێ ئاکام کۆتاییان دێت، لەوەش زیاتر گرفتەکانی نێوان حزبەکانی خێزانی بۆرژوازی کورد زۆرتر دەبن و گرژییەکان هەڵدەکشێن.
پێشوو تر باسی یەکگرتنەوەی ئیدارەکان "زۆنی زەرد و سەوز" یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە... دەکرا و ئێستاش پرسی هەڵبژاردن و چۆنیەتیەکەی بۆتە مەسەلەی سەرەکیان. پرسیار ئەوەیە بۆچی هەر جارەی پرسێک دەبێتە مەسەلەی کۆبونەوەکەیان و بێ ئەوەی بەشوێنێک بگات، دەست دەبەن بۆ پرسی تر؟ هەروەها هۆکار چییە، کۆبونەوەکان بێ ئاکام کۆتاییان دێت، یان هەڵگری هیچ ڕێگاچارەیەکی درێژ مەودا نین.
حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش هەدوو حزبی خاوەن قەڵەمڕەوی دەسەڵات، لە هەلومەرجی ئێستادا، هیچ ئاسۆیەک بۆ دەرچوون لەو ئەزمەو گرفتانەی یەخەگیریانە، نابینن و بەتەواوەتی کەوتونەتە دۆخی چاوەڕوانیەکی بێچارەوە. دۆخێک کە دەرهاوێشتەی هەلومەجی سیاسی تازەی جیهان و ناوچەکەو لێکەوتەکانیەتی لەسەر عێراق و کوردستان.
ململانێی نێوان بلۆکبەندییەکان بەتایبەتی جەمسەری ئەمریکاو غەرب لەلایەک و جەمسەری روسیاو چین لەلایەکی ترەوە، جەنگ لە ئۆکرانیا، گرژییەکانی نێوان چین و تایوان و رۆڵی ئەمریکا لەو ئەزمەیەدا، ململانێی نێوان بلۆک بەندییە ناوچەییەکان لەوانە تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەبەرامبەر بە ئێران و رۆڵی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لەسوریا و عێراقدا. هەموو ئەوانە عێراقی خستۆتە بەردەم دۆخێکی تازەوەو کاریگەری دۆخی عێراقیش بەتەواوەتی لەسەر کوردستان و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد رەنگی داوەتەوە.
بۆرژوازی لە عێراقدا چ وەکو بزوتنەیەکی گشتی و چ وەکو بزوتنەوەی تایبەتی تایفی کەوتوونەتە بەرامبەر بەیەکتر و ریزەکانیان درزی گەورەی تێکەوتووەو گرژییەکانی نێوانیان بەرینتر بۆتەوە. ململانێکانی ناوخۆیی نێوان بۆرژوازی عێراقی لەوانە" سونە" و "شیعە" لەلایەک لە بەرامبەر بەیەکتری و لەناو خانەوادەی "سونە" و " شیعە" لەناو خۆیاندا بەجێگایەک گەیشتووە، کە جەنگی ئەلتەرناتیفەکان بۆ دوبارە سازدانەی دەوڵەت و حکومەت لە عێراقدا و باڵادەستیان بەسەر یەکتریدا، دیارە بە دەستێوەردان و پشتیوانی ئاشکرای وڵاتانی ناوچە بەرۆشنی دەبینرێت... ئەم دۆخە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد داناوە.
هەر ئاڵوگۆڕێک لە هاوسەنگی هێزی نێوان بۆرژوازی عێراقیدا، راستەوخۆ لەسەر کوردستان رەنگ دەداتەوە، لەوەش زیاتر دەشێت بەتەواوەتی هەلومەرجی سیاسی کوردستان بگۆڕێت. پێداگری بەردەوامی نوێنەری سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان بەوەی کە دۆخی سیاسی کوردستان ئاوا نامێنێتەوە، کات لە بەرژەوەندی هەرێم نییە، ریشەی لە ڕەوتی ئەو ئاڵوگۆڕانەدایە کەلە عێراقدا بەڕێوەیە. ئاڵوگۆرێک کە وا دێتە پیش چاو ئاڵوگۆڕی بنەرەتی بن تا ڕوکەش و کاتی. باسی گۆڕینی دەستور و سیستەمی سیاسی لە عیراقدا هیچ کات وەکو ئێستا لە ئارادا نەبووە. ململانێی ناوخۆیی ناو ماڵباتی شیعی، لەسەر چۆنیەتی بیناکردنەوەی حکومەتی داهاتووی عێراق، لەنێوان هەردوو بەدیلی" حکومەتی بەش بەشینەو هاوبەش و حکومەتی زوربە" باسی زۆر و کەم بوونی کورسی نییە، باسی گۆڕینی پۆستەکان نییە، بەڵكو ئارایشیکی تازەیە کە سەرجەم پرۆسیسی سیاسی لە عێراقدا دەگۆڕێت.
بۆرژوازی کورد لەوەها دۆخێکدا هیچ بژاردە و هیچ کارتێکی بەدەستەوە نییە، بۆراگرتن یان کاریگەری دانان لەسەر ئەو رەوتە تازەیەی لە عێراقدا بەڕێوەیە... بۆیە کەوتوونەتە دۆخی چاوەڕوانیەوە، و لەگەڵ دوو گرفتی سەرەکیش بەرەو ڕوون. لەوانە گرفتی ئاییندەی سیاسی کوردسان و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری.
ئاییندەی سیاسی کوردستان لەژێر هەژموونی هاوسەنگی تازەی بزوتنەوە سیاسییەکان لە عێراقدایە و دیار نییە چارەنووسی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم چی بەسەر دێت. ئایا هەژموونی بریاری سیاسی ناوەند و بەغدا بەسەر هەرێمدا، دەسەپێت، یان ئەم دۆخە بۆ دەورەیەکی تریش دەمێنێتەوە... ئەوە مەسەلەیەکی کراوەیە و دەتوانین بڵێین، رەوتی روداوەکانی پێشوو وە سیاسەتێک کەسەرجەم بۆرژوازی عێراقی سەرباری ناکۆکیەکانیان، لە پەیوەند بەهەرێم نیشانیانداوە، کورتکردنەوە و نەهێشتنی هەژموونی بۆرژوازی کوردە بەسەر مەسەلە گرنگ و چارەنووسازەکاندا کەهەمیشە وەکو کارتی گوشار و بژاردە بۆ ملململانێ لەگەڵ بەغدا و بۆرژوازی عێراقی بەدەستەوە گیراون. لەوانە دۆسیەی نەوت و غاز و، پرسی ئەمنی سنورەکان و خاڵە گومرگیەکان و پەیوەندییەکان.... دیارە لەو نێودا پرسی سیاسی کوردستان و باکگراوندی ئەو پرسە هەمیشە لەلایەن ناسیونالیزمی کوردەوە بەدەستەوە گیراوە وەکو رەوایەتی دان، بە مافی خۆیان تا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە بکات، بەڵام پرسی سیاسی کوردستان نە پرسی نەوت و غازو خاڵە سنوریەکان و پەیوەندیەکانە و نە رێگا چارەسەرەکەی فیدالیزمی قەومییە کە بۆرژوازی کورد بەدەستیەوە گرتووە، میژووی دوو دەهەی رابردوو نیشانیدا کە فیدرالیزمی قەومی نەک رێگاچارە، بەڵکو بۆتە سەرچاوەی دەیان کیشەی سیاسی و ئەمنی و حقوقی و تەنانەت سەربازی... وەڵامەکەشی تەنها بە رێگاچارەیەک مەیسەر دەبێت، کە بتوانێت ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان، بۆ خودی بریاری خەڵکەکەی بگڕێتەوە و بەفەرمی بناسێت... کیشەی بۆرژوازی عێراقیش لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا، لە بنەرەتدا نە نەوت و غاز و خاڵە سنورییەکان و نە پەیوەندیەکانە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسیە، و بەو ماهیەتە سیاسیەی هەیانە ئامادەنین بە خۆشی خۆیان ئەو مافە سیاسیەی خەڵکی کوردستان بە فەرمی بناسن و کۆتایی بە گرفتكی میژووی وەکو بەشێک لە گرفتێکی سیاسی ناوچەیی بدەنەوە. بۆرژوازی کورد لە ژێر ناوی ئەو پرسەدا و بەبەدەستەوە گرتنی سات و سەودا و مامەڵە لەسەر بەشی دارایی و بودجە و پیادەکردنی پراکتیکی دەسەڵاتدارێتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەکات و دوور و نزیک بەشێک و هەوڵیک و نییە بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئاینندە سیاسسیەکەی.
گرفتێکی تری بەردەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی و دەسەڵاتدارێتی ئەو بزوتنەوەیە، بوون و بەرینبوونەوەی رۆژ بەرۆژ زیاتری نارەزایەتی جەماوەری و دوورکەوتنەوەیەتی لە کایە و گەمەی هەڵبژاردنەکان و چوونە سەری بایکۆتە، کە بەکردەوە دەکاتە رەتکردنەوەی هەڵبژاردن و ریسواکردنی. بۆرژوازی کورد لەگەڵ ئەوەدا لە بەرامبەر بە دنیای دەرەوە و بۆ شێواندنی رای گشتی باسی گرنگی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەن، بەڵام بەکرەوەو بەو هۆیەوە خەڵک بەشداری ناکات، ناتوانن لەسەر کاتی هەڵبژاردنەکە رێک بکەون، بەپێچەوانەی لێدوانی بەرپرسە حزبیەکان، هۆکاری سەرەکی نەتوانینی وەرێخستنی هەڵبژاردن، تەکنیکی و فەنی و کات نییە، بەڵکو بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و بایکۆتە. بۆرژوازی کورد و هێزە سیاسیەکانی بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لەهەوڵی ئەوەدان کات بەدەست بهێنن بۆ پاشەکشەکردن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و گیرۆدەکردنیان بە خۆشباوەرییەکی تر تا دوبارە نۆژەنی ئامادەیی خەڵک بکەنەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، لەو نێوەدا کارتێک کە بەدەستیانەوە بێت، ترساندنی خەڵکی کوردستانە بە بوونی هەلومەرجێکی تازە، کە قەوارەی هەرێمی خستۆتە بەردەم هەرەشەو لەناوچوون. بۆ بەرگریکردن لەو قەوارەیە لەبەرامبەر بە هەرەشەی دەرەکیدا دوای حەوسەڵەکردن و دوبارە چوونەوە پشتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەزگا شەرعیەکانیەتی!! دەکەن و داوا دەکەن خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکات کە گوایە لەو ڕیگایەوە قەوارەی هەرێم لە مەترسی دەرەکی دەپارێزن.
ناکۆکی نێوان پارتی و یەكیتی و لێکترازانی ریزەکانیان، و خستنە رووی ئەو ناکۆکیانە لە بەردەم نوێنەری نەوەیەکگرتوەکان، نیشانەی قوڵ بوونەوەو بن بەستی نێوانیانە بۆ سازانێک کە بەیەکەوە بتوانن روبەرووی ئەو گرفتانە ببنەوە کە دەرگیری بوون.
پرسی هەڵبژاردنەکان، لەناو ئەو گرفتە بناغەیانەدا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد رووبەڕووی بۆتەوە، مەسەلەیەکی لاوەکییە. لێکترازنی ریزەکانی بۆرژوازی کوردیش، هەڵبژاردن و جۆری هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو بی وەڵامییە بەو گرفتانە و لەچاوەرواندا مانەوەیانە لەبەرامبەر بە هەلومەرجی ئێستا و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەڕێوەن لەهاوسەنگیەکی تازەدا.
ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان دەبێ ئەزمووندە بێت ئەوەیە، ئەوەی لە هیچ کام لە کۆبونەوەی سەرۆکی حزبەکاندا باسی ناکرێت، پرسی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، مەسەلە ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و مافە سەرەتایەکانی تاک و خواستەکانی ئینسان و دۆزینەوەی دەروازیەکە بۆ چارەسەری گونجاوی پرسی ئاییندەی سیاسی کوردستان...