ڕێکەوتنی سوید و فنلەند لەگەڵ تورکیا... پێشهاتێکی مەترسیدار

عەبدوڵا مەحمود
  2022-07-15     499

سوید و فنلەند لەراستای بوون بە ئەندام لە ناتۆدا، ملیان بە خواستە دژە ئینسانییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دا.

سوید و فنلەند کە وەکو دوو وڵاتی نموونەیی دیموکراسی بۆرژوازی لە دنیادا جێگایان گرتبوو، چ هەوڵیان بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆداو چ ملدانیان بەخواستەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، ماهیەتی ڕاستەقینەی خۆیان و ناوەرۆکی هەرە نموونەییەکەی دیموکراسی بۆرژواییان نیشانی دنیای وێڵ بەدوای ئازادی و یەکسانی و ئوردوی ئینسانی ئەم سەردەمە دایەوە.

سوید و فنلەند بەپاساوی بەهێزکردنی ئاسایش و بردنەسەری توانای بەرگریان لە بەرامبەر هەڕەشەی روسیا بۆ سەریان و لەپێناو "ئاشتیدا!" خواستی بوون بەئەندام لە ناتۆیان هەڵبژارد، لەکاتێکدا سوید و فنلەند بۆ ئاشتی و پارێزگاری لەخۆیان و بردنەسەری توانای بەرگریان، پێویستیان بە پەیوەستبوون بە ناتۆ وەکو هاوپەیمانیەتیەکی سەربازی و هێرشبەرانەو رۆڵ ناشیرین و قێزەون نەبوو، بەڵکو ئەوە ناتۆ و خواستی ئەمریکا بوو کە سوید و فنلەند پەلکێشی ناو بازنەی جەنگخوازی خۆیان بکەن.

ئەمریکای شکست خواردوو لە هەموو گۆشە و مەیدانەکانی جەنگ و ملهوری نواندندا، لە عێراقەوە بۆ سوریا و ئەفغانستان و سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەدوای راستکردنەوەی باری لار و قەرەبووی شکستەکانیەوە بوو، بۆیە جەنگ لە ئۆکرانیای وەکو خێرو بەرەکەتێکی ئیلاهی و دیارییەکی روسی وەرگرت، تالانی کەم بتوانێت باڵادەستی خۆی بەسەر ئەوروپادا زاڵ بکات. ناتۆش وەکو ئامرازێکی قورمیشکراو و ماشێنیکی جەنگی دەستی ئەمریکا، کە نیوە روح و مرداربووەوە بوو، پێویستی بەوە بوو ئەزمەی ئۆکرانیا بکاتە بەردەبازی دووبارە بەخشینەوەی روح بەخۆی و گێرانەوەی رۆڵی بۆ ناو گۆرەپانی سەربازی بەتایبەتیش لە ئەوروپادا.

چ رۆڵی ئەمریکا لە ئەزمەی ئۆکرانیا و چ رۆڵی ناتۆ لەو ئەزمەیەدا... هێندەی بە ئامانجگرتنی ئەوروپایە تا مل بەخواستەکانیان بدات، نیو ئەوەندە ئەزمە و جەنگ لە ئۆکرانیا، ئامانجی سەرەکیان نەبوو. بوونی ئەوروپایەکی بەهێزی ئابوری، پێکهێنانی هێزی سەربازی یەکێتی ئەوروپا... بەکردەوەو هەمیشە بەوێنەی دوو مەترسی بەسەر ئەمریکاوە، دەبینران. هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، زەمینەکانی ئەو خواست و ویستەی ئەمریکای لە جەرگەی پێشرەوی روسیا لە زەمینەی توانای سەربازی و دەستێوردانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر کەلاوەکانی شکستی ئەمریکا و پێشرەوی خێرای چین لە زەمینەی جەنگی ئابوری و بازرگانیدا، فەراهەم کرد.

خۆپڕچەککردنی وڵاتانی ئەوروپا، خواست لەسەر چەکی ئەتۆم، زەمینە سازکردن بۆ میلیتاریزەکردنی ئەوروپا... لەپاڵ فوکردنەوە بە نەزعەی راسیستی ئاشکرا، جەنگی ئایدۆلۆژی لەبەرامبەر هەر ئازادیخوازی و هاوکاری و تەبایی ئینسانیخوازیدا، شکاندنەوەی ئاکامە زیانبارە ئابورییەکانی بەسەر ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا، بەپانتایی هەسارەی زەویدا، چوونە بنباڵی کۆمپانیا چاوچنۆکە زەبەڵاحەکان بۆ پاراستنیان لە زیان بەرکەوتن...تاد،  لە دەرهاویشتە خێراکانی جەنگ لە ئۆکرانیا بوون.

لەونێوەدا تورکیا وەکو لایەنێکی بە‌هێزی ناو ناتۆ، پێویستی بە نمایشی توانایی و رۆڵی خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کە تورکیا لەلایەکەوە لەگەڵ دارمانی ئابوری و هاڕەکردنی بەردەوامی بەهای لیرەو لەلایەکی ترەوە لەگەڵ ئەزمەی حکومەتی و لێکترازانی ریزەکانی خانەوادەی بۆرژوازی ناوخۆی و پەرەسەندنی گرفتە سیاسیەکانیدا، چ لە ئاستی ناوخۆی و چ لە ئاستی ناوچەکەدا، بەرەو روو بوو.

گەمەیەکی سیاسی چەند لایەنە و دەڵاڵی و سواڵی سیاسی و دارایی، لە ئەزمەی ئۆکرانیادا تورکیای هێنایەوە ناو گەمە سیاسیە گەورەترەکە. لەو نێوەدا لەلایەکەوە سازان لەگەڵ روسیا وەکو بەرەو قوتبێکی جەنگی و لەلایەکی ترەوە بەدەستەوە گرتنی ئەندامەتی سوید و فنلەند لە ناتۆدا، بوونە ئەو کەیسانەی تورکیا بەدەستیەوە گرتن. دیارە تورکیا ئەو دۆسیانەی گرێدایەوە بە پەروەندەی ئاسایشی تورکیاو هەرەشەی تیرۆریستیەوە. لەونێوەدا پرسی بوونی هەڵسوڕاوان و چالاکوانان و رێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکەو یەپەگەی بەستەوە بەپرسی رازیبوون یان رەتکردنەوەی ئەندامەتی سوید و فنلەند لە ناتۆدا. گوشارەکانی تورکیا و پێداویستی ناتۆ بە سوید و فنلەند بەدنەدانی راستەوخۆی ئەمریکا، سەرئەنجام سوید و فنلەندی رازیکرد مل بەزوربەی خواستەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بدەن و ناتۆشی هێندە نەرم کرد، کە بەزەییان بە حاڵی تورکیادا بێتەوە کە چۆن بەدەست هەرەشەی "تیرۆریستیەوە!" دەناڵێنێت.

قبوڵکردنی مەرجەکانی تورکیا لەلایەن سوید و فنلەندەوە لەسەر حسابی سنوردارکردنی چالاکوان و هەلسوڕاوانی سیاسی پەکەکەو یەپەگە، پێشهاتێکی یەکجار تازەو ئاڵوگۆرێکی نوێیە لە مامەڵەی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وڵاتەکان و تەنانەت لەگەڵ رێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان لەپەیوەند بە مافی هەڵسوڕانی سیاسی ئۆپۆزیسۆندا.

ئەمریکا و ناتۆ و سوید و فنلەند، کە بەبارتەقای کێوێک، بەڵگەنامەی پشتیوانی و تەنانەت هاوکاری تورکیایان لە تیرۆریزمی داعش، لە بەردەستە، هەروەها هەموو رۆژێک ملهوری تورکیای ئەندامی عەزیزی ناتۆیان، بۆسەر خەڵکی کوردستانی تورکیا، بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق و سوریا و لیبیا...تاد دەبینن، و تەنانەت بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لەبەردەستە، کەچی بێشەرمانە باسی ئاسایشی تورکیاو مافدان بە دەوڵەتی تورکیا دەکەن کە بەرگری لەخۆی بکات لە بەرامبەر تیرۆریزمی دەرەکیدا... ئەم مامەڵە چاوەروانکراوە لەوڵاتانی بۆرژوازی بەنموونەکانی باڵای دیموکراسی بۆرژوازییەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە کە بۆرژوازی لەهەر بەرگێکدا دابێت، خاوەنی هەمان ناوەرۆکی چاوچنۆکی سەرمایەو بەرژەوەندیەکانیەتی و ئەوەی کە دەوڵەت یان وڵاتێک، کەمێک مامەڵەی یان روخساری نەرمترە، پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزی جەماوەری و گوشارەکانی و پێشرەویەکانی خەباتییەوە لەبەرامبەر بەو دەوڵەت و وڵاتەدا هەیە. سوید و فنلەند دوو نموونەی بەرجەستەی ئەو راستیەن.

وەستانەوە بەرووی ملدانی سوید و فنلەند بەخواستەکانی دەوڵەتی فاشیستی توکیاو پشتیوانی سەخاوەتمەندانەی لە تیرۆریزمی ئاشکرا، لە بەرامبەر بە چالاکوان و هەڵسوڕاوان و هەلسورانی سیاسی ئۆپۆزیسۆنی دەوڵەتی تورکیا، ئەرکی هەر حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی و جەماوەی و کۆرو کۆمەڵی مەدەنی و ئینسانیخوازییە... ئەگەر ڕێگە بەوە بدرێت هەر دەوڵەت و وڵاتێک لەچوارچێوەی مامەڵەو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا، ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان و چالاکوانەکانیان سنوردار بکات و رادەستی دەوڵەکانیان بکاتەوە، دنیا دەبێتە شاهیدی کوشتارێکی ئاشکرای چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و جەماوەری...

سوید و فنلەند بە ملدانیان بەخواستی دەوڵەتی تورکیا، لەوەش زیاتر بە بەکردەوە دەرهێنانی ئەو خواستانە، نەک ناچنە بەرەی دژایەتی لە تیرۆریزم، بەڵکو بەکردەوە تیرۆریزمی ئاشکراو ملهوری دەوڵەتی تورکیا ئاو دەدەن و دەستی رژێمی تورکیا بۆ پەرەدان بە تیرۆزمەکەی لە ئاستێکی فراوانتردا ئاوەڵادەکەن تا رادەی ئەوەی ناوەندی وڵاتانی ئەوروپا ببنە مەیدانی تیرۆری نەیارانی سیاسی دەوڵەتی تورکیا...      

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×