گرژییەکانی نێوان بەغداو هەرێم لە هەڵکشانێکی خێرادایە. ئەم گرژییە بەشێکە لە ململانێی نێوان باڵەکانی خانەوادەی بۆرژوازی لەسەر ئاستی عێراقدا. بۆرژوازی لە عێراقدا هیچی تر ئامادە نییە لە چوارچێوەی سازان" تەوافوق"ی و پێشوودا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات. لەجێگای ئەوە دەیەوێت، دەست بگرێت بە دەستور و دادگای فیدرالییەوە، ئەمەش ئەو پەیامە رادەگەیەنێت کە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم وەکو هەر پارێزگایەکی تری عێراق دەبێت، بە هەندێک ئیمتیازاتەوە، لە پێش هەموویانەوە بە مانەوەی دەسەڵاتی ئیداری بەسەر دۆخی هەرێمدا. بەڵام دۆسیەی ئەمنی و سنور، نەوت و غاز، خاڵە گومرگی و دەروازەکان، پەیوەندییەکان... دەگێردرێنەوە بۆ ژێرسایەی دەسەڵاتی ناوەندی. بۆرژوازی عێراقی، بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، بە شیعی و سونیەکەیەوە، بە دەسەڵات بەدەست و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیەوە، سەرباری ناکۆکی و ململانێی نێوانیان لەسەر پرسی حکومەت، چۆنیەتی دروستکردنی، هەموویان لەسەر ئەو مەسەلەیە هاوڕان کە باڵادەستی و هەژموونی بۆرژوازی کورد، سنوردار بکرێت و چیتر لە قاڵبی بوونی مەسەلەی کوردا، ئیمتیاز و مافی تایبەتی بە ناسیونالیزمی کورد نەدەن... ئەمە چۆن و بەکام پرۆسیسدا دەچێتە پێشەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت، کە پرۆسەکە بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە دەستیپیکردووە لە مانگی ٢ی ئەمساڵەوە و بەدیاریکراوی بە بریاری دادگای فیدراڵی کە دۆسیەی نەوت و غاز و فرۆشتن و دەرهێنان و مامەڵەپێوەکردنی نایاساییە، چۆتە بڕگەیەکی تر و بەخێرایەکی بەرچاویشەوە، هەنگاوی بۆ دەنرێت.
پێداگری دادگای فیدرالی لەسەر بڕیارەکانی و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسیەکانی عێراق بۆی، لەلایەک و ناردنی پەیام لە رێگای هێزو و موشەک و کاتیوشا هاویشتن و سایەکردنی درۆنەکان بەسەر هەولێر و هەرێمدا، لەلایەکی ترەوە... دەستپێکی دەوریەکی تازە لە ململانێی نێوان بۆرژوازی عێراق و بۆرژوازی کورد.
بۆرژوازی کورد، وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتی و چینایەتی، بەهەموو باڵ و لقەکانیەوە، بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتییەوە، بە نووسەر و سیاسی و چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووسەکانیەوە، درکی ئەوەیان کردووە، کە ئاڵوگۆرێک بەڕێوەیە. کەشتیەک هەیە و سەر نشینەکانی سەرباری جیاوازی روکەش و جۆرواجۆر بوونیان، لەبەردەم نقوم بووندان. ڕزگارکردنی ئەم کەشتییە، بۆتە هاواری هەموویان. هەرەشە لەسەر "قەوارەی هەرێم" بانگەشەی سەرجەم بۆرژوازی کوردە.
سەرجەم بۆرژوازی کوردو رەوتەکانی، هۆکاری ئەم دۆخە تازەیە و زۆربوونی هەڕەشەو گوشارەکانی سەرهەرێم دەگێرنەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە ناتەبایی نێوان پارتی و یەكیتی و "لێکترازانی ناو ماڵی کورد"، یەککنەگرتنەوەی هیزەکانی پیشمەرگە، دوو ئیدارەیی ...تاد. ئەم پاساوانە لە بنەرەتدا بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستانە. پارتی و یەکێتی و "ناو ماڵی کورد" موش بە بەینیا نەچێت، هیزەکانی پیشمەرگە!! یەکگرتووش بن، هەردوو ئیدارەکەش ئیدارەیەکی یەکگرتوو و حکومەتیش سەراسەری بێت... هیچ لەو دۆخە بناغەییە ناگۆڕێت و دەردی سەرەکی و گرفتە قوڵە سیاسیەکانی نیوان بەغدا و هەرێم، بۆرژوازی کورد و عەرەب، بەشوێنێک ناگەیەنێت.
ئەم هەلومەرجە تازەیەی هاتۆتە پیشەوە، ریشەی لە گۆڕانی هاوسەنگی هێزی بۆرژوازی عێراقی و بەغدا بەرامبەر بە هەولێر و بۆرژوازی کورددایە... وە ریشەی لە چەند هۆکارێکی بناغەییدایە کە بەچۆنیەتی دروست بوونی خودی قەوارەی هەرێم و جۆری دەسەڵاتی هەرێم و جۆری پەیوەندی هەرێم بە بەغداوە، هەیە.
قەوارەی هەرێم، دوورو نزیک بەرهەمی ویست و خواستی خەڵکی کوردستان نییەو لەبەرامبەر بە خواست و ویستی خەڵکی کوردستاندا دامەزراوە و پایەکانی رۆنراوە. قەوارەی هەرێم یانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد کە بەخۆبەستنەوە بە جەنگ و ملهوری ئەمریکا و غەرب، بەدەسەڵات گەیشتووە. بۆرژوازی کورد لەهەلومەرجێکی تایبەتیدا کە عێراق وەکو دەوڵەت وحکومەت و سەرجەم دامەزراوەکانی، وێران و خاپور کراوە، دەسەڵاتی سیاسی پێسپێردراوە کراوەتە پاسەوانی جغرافیایەکی سیاسی.
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە هەلومەرجی بۆشایی دەوڵەت و دەسەڵاتی حوکمەتی لە عێراقی وێرانەی دوای شەڕدا، بۆ یەکەمین جار خەونی بەشداری لەدەسەڵاتدا لە کوردستاندا بۆ رەخساوە کە حکومەت و دەوڵەتی عێراق، هیچ بوونێکی لەم جغرافیایەی ناوی کوردستانە نەمابوو... بۆرژوای کورد بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و بە بەڵینی نۆکەر پیشەیی بە وڵاتانی ناوچەکە، بەپشت کردنە هەموو ویست و خواستێکی خەڵکی کوردستان و خۆ لادان لە واقعیەتی سیاسی و میژووی و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان و ستەمی نەتەوایەتی...تاد. شانسی دەسەڵاتی پێدراوە. هەروەها ڕیگاچارەی بۆرژوازی کورد و پەیوەندی هەرێم بە بەغداوە لە چوارچێوەی فیدرالیزمی قەومیدا، بێ لە بەچاوگرتنی پرسی میژووی سیاسی خەڵکی کوردستان و ململانێیەکی دریژ خایەن لێکەویەکانی، لە جیاتی برینی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان سارێژ بکات و پەیوەندیەکی سالم لە لەگەڵ عێراقدا دروست بکات، بە قبوڵکردنی فیدرالیزمی قەومی، کە لە بنەرەتدا ریکەوتنی بۆرژازی و کورد و عەرەبە لەسەر دەسەڵات و داهات، بووە سەرچاوەی دەیان کیشە گرفت و سەرهەڵدانی بەردەوامی کێشەو گرفتی تر و هاوکاتیش بووە رەچەتەیەک بۆ هەتایی هەتایی کردنی ناکۆکی قەومی و دروستکردنی کۆسپی گەورە لەبەردەم پیشرەوی کۆمەڵگەدا. فیدرالیزمی قەومی لە هەلومەرج و هاوسەنگی هێزی تایبەتی ناو دۆخێکی نائارام و ئاڵۆزکاودا، مۆرکرا. ئەوەی ئێستاو لە داهاتوشدا روودەدات، رەنگدانەوەی ئەو واقعیەتەیە. هەروەها ئەو فیدرالیزمە قەومییە، شێوازی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە کوردیەکانی دیاریکرد و بووە کۆڵەکەیەک بۆ بەردەوامی دان بە دەسەڵاتی بۆژوازی کورد.
بەکورتی خودی دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و گرێدانەوەی کوردستان بە عێراقی عروبی و ئیسلامی لە چوارچێوەی فیدرالیزمی قەومیدا، لەدوو دەهەی رابردوودا سەرچاوەی سەرەکی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بوون. بە گۆرانی هاوسەنگی هێزی دەسەڵات لە نێوان بەغداو هەرێمدا، ئاستی ململانێ و کێشەکان گۆرانیان بەسەدا هاتووە، تا بە ئێستا گەیشتووە.
هەرەشەی سەر هەرێم... بە مانای واقعیەکەی یانی هەرەشە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم... وە هەرەشەی سەر خەڵکی کوردستانیش، یانی هەرەشەی دەسەڵاتی بۆرژوازی عیراقی بەگشتی و بۆرژوازی کورد بەتایبەتی لەسەر خەڵکی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی.
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە کوردستاندا سەرچاوەی سەرەکی هەموو ئەو نەهامەتی وموسیبەت و کوێرەوەریانەیە، کە رووبەڕووی خەڵکی کوردستان بۆتەوە. لە سێ دەهەی رابردوودا دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد کە لەڕێگای هێزی میلیشیا و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سامان و داهات و خۆبەستنەوە بە وڵاتانی ناوچەکەوە، درێژەی بە تەمەنی خۆیداوە و ململانێی لەگەڵ بۆرژوازی عێراقی کردووە، ئێستا ئەو دەسەڵاتە لەبەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتیەکی جەماوەریدایە. بە کردەوەش سەلماوە کە هەر رادە لە باش بوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و هەر ئاستێک لە چاکبوونی خزمەتگوازرییەکان و هەر بەرەو پیشچوونێک لە زەمینەی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و کەمترین ئاڵوگۆر و پێشرەوی لە ئاستی کۆمەڵایەتدا، لە گرەوی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددایە.. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد سەرچاوەی سەرەکی هەرەشە و هۆکاری نەهامەتیەکانی سەر خەڵکی کوردستانە. بەرگرتن بە هەر هەرەشەیەکی دەرەکی و هەر دەستێوەردان و ملهوریەکی وڵاتانی ناوچەکە، بۆسەر خەڵکی کوردستان پێش مەرجەکەی کۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە خۆی سەرچاوەی دۆخی ناهەمواری جەماوەری کریکار و زەحمەتکیش و هۆکاری نائەمنی و هەرەشەکانی بۆژوازی عێراقیشە بۆ سەر ویست و خواستەکانی سەر خەڵکی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی.