دیداری یەکێتی، بنبەست بۆ دەرچوون لە ئەزمەو بێ ئاسۆیی!!

عەبدوڵا مەحمود
  2022-06-04     614

کۆتایی مانگی ئایار دیداری یەکێتی دەستی پێکرد کە چوار ڕۆژی خایاند.  بەپێی قسەوباسی بافڵ تاڵەبانی و سەرجەم بەرپرسەکانی تری یەكێتی نیشتیمانی، دیداری یەکێتی تەواوکەری کۆنگرەی چوار و لەپێناو نوێ بوونەوە تازەکردنەوەی یەکێتی و گێرانەوەیەتی بۆسەردەمی مام و ئاشتکردنەوەیەتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو کاتەی کە جەلال تالەبانی بووە سەرۆک کۆماری عێراق، ڕەوتێکی پاشەکشەی خێرای دەستپێکرد و بەنەخۆش کەوتن و دورکەوتنەوەی لە کایەی سیاسیدا یەکێتی هێندەی تر پاشەکشەی پێکراو و بووە ژمارەیەکی بچوک لە چاو نەیارە سیاسییە مێژوویەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.

بەدوای ئەم پاشەکشەیەی یەکێتی و پاشان مردنی تاڵەبانی، یەکێتی بە کردەوە بێ سەر مایەوەو پرسی رابەریکردنی یەکێتی بووە چەقی ململانێی نێوان باڵ و لاباڵەکانی یەکێتی و ئەمەش لە جێگای ئەوەی تەکانێک بە یەکیتی بدات بۆ دەرچوون لە ئەزمەو بن بەستی سیاسی و دۆزینەوەی دەروازەیەک بۆ چارەسەری کێشەناوخۆییەکانی، و لەپیش هەموویانەوە پرسی رابەری، هێندەی تر یەکێتی نیشتیمانی دەرگیری بێ ئاسۆیی سیاسی و هاوکات دۆخی ناوخۆیی یەکێتی بەرەو شپرزەیی و بێسەرەوبەریی برد.

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کە بە بانگەشەی نوێکردنەوەی یەكێتی دەستی پێکرد، لەهەموو رویەکەوە هەرچی خاڵ و پۆینی نوێ لە یەکێتیدا مابوو، لەبەینی برد و بەکردەوە کۆنگرە بووە گۆرەپانی تەسفیەی سیاسی دەیان و سەدان کاراکتەری پێشووی یەكێتی و هێنانە پیشەوەی ریزێکی بەرین لەکادر و هەڵسوڕاوی بی کاریگەر و بێ نەخش و لاکەوتەی سیاسی و گۆڕانی یەكیتی بە حزبی بنەماڵە. لە باری سیاسیشەوە نەک نەیتوانی ببێتە هەڵگری هیچ پەیامێکێکی رۆشن، بەڵکو پەیامە نیوە مردو و نارۆشنەکانی پێشوشی مردار کردەوە و بەکردەوە یەکێتی دەست بەتاڵ لە سیاسەت و پرۆژە کرد و حەماسەتی هەرزەکارانەی گڕاوی، یەکیتی بن بەستێکی تەواو عەیار کرد. ئەوەی یەکێتی هێشتەوە و ئێستاش بە لە گیانەڵاییدا ماوەتەوە، پاوانی داهاتی زۆنی سەوز، هێزی چەکدار و ئەمنی، خۆبەستنەوە بە ئێرانەوەیە.

یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوارەوە، نەک نوێ نەبۆوە، بەڵکو بەرەو مۆدیلی حزبی بنەماڵە و پاوانی دەسەلاتی ماڵەباوان وەرچەرخا. لەهەموو ئاستەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و یاسایی و ئیدارییەوە، توشی داڕمانێکی بی وێنە بوو. ژیان و گوزەرانی خەڵک بەوپەری خراپی ڕۆشت، بێ موچەیی و دواکەوتنی موچە، مردن لەسەرەی وەگرتنی موچە تا ئێستا دوبارە دەبێتەوە. دزی و سەرانە سەندن و نائەمن کردن و تاڵانی ئاشکرای داهاتی زۆنی سەوز. پەرەسەندنی تاوان و میلیتاریزەکردنی شوێنی ژیانی خەڵک لە ململانێی ناوخۆی و عەنتەریاتی بەرپرسە حزبی و چەکدارەکان و شان خاڵی کردنەوە لەهەموو بەرپرسیاریەک، وێران بوونی خزمەتگوزارییەکان لەوانە خاڵی بوونی خەستەخانەکان لە کەمترین پێداویستی تەندروستی تا رادەی باس لە داخستنیان. وێران بوونی کەرتی پەروەردە، ڕیگاو بانی خراپ و مردن بە روداوی هاتوچۆ، زیاد بوونی رادەی تاوان بە جۆرێک کەم هەفتەو تەنانەت رۆژ هەیە تاوانی زۆر وەحشیانە روونەدەن کە بەشێکی زۆریان لەلایەن بەرپرسانی حزبیەوە دەکرێن... جیا لەهەموو ئەمانە یەكیتی لەسەر ئاستی هەرێم و بووە پاشکۆی روداو و  پێشهاتەکان و دەستخاڵی لەهەر سیاسەت و دەستبردن بۆ هەر پرۆژەیەکی سیاسی دورمەودا و رۆشن. وە پاشەکشەکردن نەک لەبەرامبەر بە پارتیدا، بەڵکو لەبەرامبەر هێزە محلی و خۆجێیەکانی زۆنی دەسەلاتدارێتیەکەیدا. لەسەر ئاستی عێراقیش هەوڵەکانی بەتایبەتی لە هێنانە گۆری پرسی لامەرکەزی کە زۆرتر کارتێکی گوشار بوو بۆسەر پارتی بەشوێنێک نەگەیشت، وە لەپەیوەند بە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی تری عێراقدا، رۆڵی بەتەواوەتی بەرەو کەنار رۆشت.

یەکێتی لەوەها هەلومەرجێکدا بۆ دەربازبوون لەهەموو کۆسپ و گیروگرفت و ئەزمە هەمەگیرانەی دەیەوێت بە وەرێخستنی دیداری یەکێتی، ڕیگایەک بدۆزیتەوە، بەڵام هەر ئەوەی کە دەڵین ئەوە تەواوکەری کۆنگرەیە، نیشانەی ئەوەیە دیداری یەکێتی لە دەستپێکدا بن بەستە، خودی کۆنگرە ئەلگۆ و فۆرمێکی شکست خواردوو بوو، تەواوکەری کۆنگرە یانی درێژەدان بەو ئەلگۆ و فۆرمە شکستخواردووە. باسی نوێ بوونەوە دەکەن لەکاتێکدا بەکردەوە یەکێتی بۆتە بوکەڵەی دەستی بنەماڵەو لە حزبی سیاسی خاوەن بەرنامەو پەیرەوی ناوخۆ و رێ وشوێنی حزبایەتییەوە گۆڕاوە بۆ بریاری تاقانەی ماڵەباوان و کوڕانی بنەماڵە... باسی ئاشتکردنەوەی جەماوەر دەکەن، لە کاتێکدا هەموو رۆژێک بە دەست بەسەراگرتنی داهاتەوە، بەهۆی دواخستنی موچەو دابەش نەکردنیەوە، بە نەبوونی ڕێگاچارەیەک بۆ رێگری لە بەرین بوونەوەی تاوانەکانەوە، بە پاوانی داهاتی سنورەکانەوە، نەک خەڵکی زۆنی سەوز بەڵکو لایەنگران و دۆست و جەماوەری خودی یەکێتیش، لە یەكیتی تەکیونەتەوە یان سەنگەریان گواستۆتەوە متمانەیان بە یەکیتی و سەرکردایەتی و سیاسەتەکانی نەماوە. دیداری یەکیتی باسی رۆڵگێرانی یەکێتی لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا زۆنێکی شارو نیوی پێ بەڕێوە نابرێت و بن بەستە لە وەڵامدانەوە بەسەرەتاییترین کیشەکانی ژیر سایەی دەسەڵاتدارێتیەکەی. باسی سەربەخۆیی بریاری سیاسی و پەیوەندی سیاسی سالم دەکەن، لە کاتێکدا دیبلۆماسیەتی یەكیتی لە پەیوەندیەکانیدا، هێندە شکست خواردووە، پەیوەندیەکی ئاسایی و دورمەودای لەگەل هیچ هێزێکی سیاسی نییەو لە ئاستی ناوچەکەشدا، لەلایەکەوە خەریکی خۆشخزمەتی بە ئیران و لەلایەکی تریشەوە خەریکی پارانەوەو ئاشبوونەوەیە لەگەڵ تورکیا و پەیمانی پشتیوانی لە هێزە نەیارەکانی وڵاتەکانی ناوچەکەش بەدەستەوە دەگرێت. 

دۆخی نەخواروای یەكێتی بە دیداری یەكێتی بەو بانگەشانەی ئێستا بەدەستیەوە گرتووە، بە شوێنیک ناگات و گرێ کوێرەی سیاسی و بی ئاسۆی یەکێتی ناکاتەوە. یەکێتی کە هەلگری هیچ ئەلگۆ و فۆرمێکی ژیانی حزبایەتی سەردەم و دەستخاڵی لەهەر پرۆژەیەکی سیاسی جیاواز لە حزبە نەیارەکانی نییە... ناتوانێت جیاواز بیت لەو دەسەڵاتە سەراسەریەی کە کەوتۆتە بەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریەوە. قڵشتی یەكیتی لەگەڵ جەماوەری کوردستان و تەنانەت لەگەڵ جەماوەر و لایەنگرانی خۆی، بەیانی ئەو راستیە دەکات کە شانسێک بۆ یەكیتی نەماوە بۆ زیندبوونەوە و بەرامبەرکێ کردن لەگەڵ نەیارە سیاسیەکانیدا.

یداری یەكیتی وەکو خۆیان دەڵێن درێژە پێدەری کۆنگرەی چوارە، بەڵام کۆنگرەیەکی شکستخوارد. ئەم دیدارەی یەکێتی بەجیا لە چەپڵە ڕیزان بۆ کردنی هاوسەرۆک بە سەرۆکی بێ رکەبەری یەکێتی و کوشتنی هەموو دەنگێکی نارەزایەتی لەناوخۆی یەکێتیدا، ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لەو دۆخە چەقبەستوەی تیی کەوتووە بنێت و هیچ ئاسۆیەک بخاتە بەردەم ئایندەی خۆیەوە... هەموو ئەو کادرو بەرپرسانەی یەکێتی کە بەشان و شەوکەتی دیداری یەکتیدا هەڵدەڵین، باش دەزانن درۆ دەکەن و ویژدانی خۆیان ئازار دەدەن، تا سەرۆکی بێ رکەبەری یەکێتی لەخۆیان رازی بکەن و لەو کۆمپانیایەی ناوی یەکتێیە، خێر و بەرەکەتێکیان دەست بکەوێت.

بیگومان ئەو دۆخەی یەكیتی تێی کەوتووە، دەرفەت دەدات بە نەیارەکانی یەکێتی لەپێش هەموویانەوە پارتی تا کەڵک لەو دۆخەی یەكیتی وەربگرێت و سەرمایەگوزاری لەسەر بکات.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×