خەڵکی کوردستان لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیدا

عەبدوڵا مەحمود
  2022-05-25     505

پارتی و یەکێتی دوو حزب و هێزی سیاسی سەر بە خانەوادەی بۆرژوازی کوردن. ئەم دوو هێزە زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی کوردستانیان کەوتۆتە دەست، لەو ماوەیەدا بەبارتەقای چەندین کێو، قورساییان خستۆتە سەر خەڵکی کوردستان و ڕووبەڕووی دەیان مەرگەساتی وەکو شەڕی ناوخۆ، برسێتی، گرانی، هەژاری، بێکاری، بێمافی، سەرکوت، جیاکاری، نەبوونی... کردۆتەوە. هیچ گۆشەیەک لە ژیان و گوزەرانی خەڵک نییە، نەکەوتبێتە بەردەم هەڕەشەو زەبری بەردەوامی پارتی و یەکێتییەوە. لە جەنگ و ململانێکایاندا، هێندەی بۆیان کراوە و لواوە، خوێن رێژی و تاوانیان ئەنجامداوە، لە کاتی بەناو ئاشتی و سازان و ڕێکەوتنەکانیاندا، هێندەی بۆیان کراوە و لواوە، خوێنمژی و زوڵمی هەزار سەریان داسەپاندووەو بێمافی و سەرکوتیان کردۆتە نۆرمی بەرێوەبردنی دەسەلاتیان.

لە سی ساڵی رابردووی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، نەک تاکە هەنگاو و دەستکەوتێکیان بە سودی خەڵکی کوردستان بەدی نەهێناوە، و بەرەپێشچوونێک لەئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا بەهۆی کاری ئەوانەوە رووی نەداوە، بەڵکو ساڵ بەساڵ و مانگ و بەمانگ و ڕۆژ بەڕۆژ و تەنانەت سەعات بەسەعات، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان، بەرەو خراپترو خراپتر بردووە.

بە بانگەشەی ئازادییەوە هاتن، هەرچی ئازادی هەیە بە پاساوی پاراستنی مقەدەساتی قەومی و دینی و  نیشتیمانی و کەلتوری و ئەخلاقی و  مێژوویی و پیرۆزی رابەرانی کوردایەتییەوە، قەسابیان کرد. بەناوی سەربەخۆی و ڕزگاری کوردستانەوە هاتن، پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان هەراجی دەستکەوتی داهات بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەیەکانیان کرد و هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەر تا بە فیدرالیزمی پوچی قەومی خەڵکی کورستان و کوردستان بە عێراقی عروبی و ئیسلامیەوە بلکێنەوە. بەناوی چارەسەری پرسی کوردەوە هاتن و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان ئاڵۆزتر کرد و بەکردەوە بوونە ریگر لەبەردەم پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان... بەباسی ئازادی و سەروەری نیشتیمانەوە!! هاتن و کوردستانیان کردە دوو زۆنی زەردو سەوز و خۆیان هاویشتە باوەشی بلۆکە ناوچەیەکانەوەو سوێند بە گۆری ئیمام و تۆرکۆت ئۆزالەکان دەخۆن. پێش لەشکری و چاوساغی بۆ نەوەکانی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و تۆرکۆت ئۆزال و بەرەکات دەکەن... بەبانگەشەی ئازادی ئافرەتەوە هاتن و قەسابخانەیەکی ئاشکرایان بۆ ژن وەرێخستووە بە دەیان هەزار ژن کوژراون و تیرۆرکراون یان ناچار بە خۆکوژی و خۆسوتاندن کراون. ئەگەر جاران ژن کوشتن بە دزی دەکراو دەشاردرایەوە ئێستا لەسەر شەقامەکان و بەبەرچاوی میدیاوە ئەنجام دەدرێت و بکوژ داوەتی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان!! دەکرێت. بەناوی ریزگرتن لە مافی مرۆڤەوە هاتن، مرۆڤیان کردە بۆ ئیرادەترین کائین و لەسەرەی موچە وەرگرتندا دەمرن، دوای ٣٠، ٤٠ ساڵ خزمەت، موچەی ١٥٠ هەزاریان بەدواکەوتنەوە پێدەدەن.

بە ناوی ڕیزگرتن و سەروەری یاساوە هاتن، کەچی هێشتا زوربەی یاساکان، یاسای سەردەمی بەعسی لە گۆڕنراو کاریان پێدەکرێت و سەرۆک پێش دادگا سزای چالاکوان و هەڵسوڕاوانی سیاسی دەدات و بەرۆژی ڕوناک مامۆستا بەرشەقی بنەماڵە دەدرێت. نەیاری سیاسی دەسەڵات، رۆژنامەنووس و چالاکوان دەرفینرێت، خۆپییشاندەر لەسەر داوای نان و ئاو و کارەبا، خەڵتانی خوێن دەکرێت. بەناوی رێزگرتن لە نەوەی نوێ و لاوانەوە هاتن، کەچی بەکۆمەڵ لاوان بەهۆی زبری تیمساحئاسای دەسەڵات، دەبنە قوربانی شەپۆلی دەریاکان و دەبنە خۆراکی تیمساحی دەریاکان و قوربانی ڕیگای هات و نەهات و سەری خۆیان هەڵدەگرن. بەناوی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی بەعس هاتن، کەچی قوربانیانی دەستی بەعس لە کیمیابارنەوە بۆ ئەنفال و راگواستن و سوتماکردنی شار و دێهاتەکان، تا دەگاتە خنکاوانی پەرتی سێدارەی بەعس، لەدەست زوڵم و بێمافی دەسەڵاتیان، بەداخەوە بەشێکیان ئاوات بە بکوژی پێشوویان دەخوازن!!. بە باسی دابینکردنی ژیانی باشتر و پەرەدان بە خزمەتگوازرییەکانەوە هاتن، کەچی نان و موچەیان خستۆتە قورگی لوشدەری تیمساحیان و بەبڕینی موچەو دواخستنی، بە کرێی کەم، بڕستیان لە زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بڕیووە. خزمەتگوازرییەکانیان بە تەواوەتی بەرەو نابودی بردووە و خەستەکانەکان چۆك و هۆڵ لە پێداویستی تەندروستین و دادەخرێن، ئاو و کارەبا تاهاتووە خراپتر بووە، رێگابانەکان ناوی لێنراوە رێگای مەرگ. خوێندن و پەروەردە بەرەو نزمترین ئاستی پەلکێش کراوە. بە حزبی نوێ و سەردەمیەوە خۆیان ناساند و بوونە حزبی بنەماڵەکان و ئامادەکردنی ریزێک لە براو ئامۆزا، بۆ پاوانی دەسەڵاتی داهاتووی دوای باوانیان. ئۆپۆزیسیۆن بە خواستی گۆڕانەوە هاتە مەیدان، کەچی سەرۆکی گۆڕان بە ملیاردێردی مرد و کوڕەکانی بوونە ملیۆنێری هەڵتۆقیو...حزبە ئیسلامیەکان کارنامەی دژە ئینسانیان دیارەو لە کاتی هاتنی داعشدا، بە تەواوەتی ماهیەتیان ئاشکرابوو. کۆمپانیا بۆتە حزب و بەڵین بە نەوەی نوێ دەدات، کوردستان ئەلکترۆنیلیزە بکات...

کاتێک ئینسان دەڕوانێتە کارنامەی ٣٠ ساڵەی ئەم دەسەڵاتە و ئۆپۆزیسیۆنە پاشکۆ بودەڵەکەی، شانازی دەکات بە خەڵکی کوردستانەوە کەنەک دەستەمۆی ئەم هەموو زوڵم و زۆر و هێرشە نەبوون، بەڵکو بەخەبات و راوەستاوی خەباتکارانەیان، بڕیاری ڕاماڵینی دەسەڵاتیان داوە. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان چۆن ملیان بەزۆرو زوڵمی بەعسیەکان نەدا، ئاواش نیشانیاندا کە بانگەشەکانی پوچی بزوتنەوەی شکستخواردوی کوردایەتی ناتوانێت لە خشتەیان ببات، بۆیە تادێت خواستی ڕاماڵین و کۆتاییهێنان بەم دەسەلاتە و هاوبەشەکانیان، ڕۆژ بەڕۆژ بەکردەوە خۆی نیشان دەدات و سەرئەنجام دەبێت بەشوێنی خۆی بگات.

ململانێی ئەم دواییەی پارتی و یەكیتی، وەکو وێستگەیەکی تری دانەبراو لە ململانێی هەمیشەیی نێوانیان، لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەی بن بەست لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەلایەک و بەرین بوونەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و گوشاری دەسەڵاتی ناوەندە لەسەریان، و دەیانەوێت ئاکامی ئەم ململانێیەش لەسەری خەڵکی کوردستاندا بشکێنن، بەتایبەتیش شاری سلیمانی.

داخستنی خەستەخانەکان، نەمانی خزمەتگوازرییەکان، مردن لەسەرەی موچەدا، هەڵکشانی بەردەوامی تاوان، دواکەوتنی موچەکان... پرسی ئاسایی نین، تاوانکارییەکی ئاشکران، ئەگەر حکومەتێک هەیە ریسوایی ئەم حکومەتەیە و ئەگەر دەسەڵاتێک هەیە لە جێگای حکومەتی کارتۆنی، ریسوایی ئەو دەسەلاتە و تاوانی ئاشکرای بەرپرسە دەستڕۆشتوەکانیەتی.

ململانێی یەکێتی و پارتی نە ئێستا و نە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا، بۆیەک جاریش لەسەر هیچ ماف و ئازادی و داخوازییەکی خەڵکی کوردستان نەبووە، بەڵکو لەسەر پێشێلکردنی داخوازییەکانیان و خۆدزینەوە لە ماف و ئازادییەکانیان بووە. نەپارتی بە شانخاڵی کردنەوە و نە یەکێتی بە تاوانبارکردنی پارتی ناتوانن شانی خۆیان لە تاوانی ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتدارێتیان خاڵی بکەنەوە، ئیستا ئیتر پارتی و یەکێتی لە حزبەوە بوونەتە مۆتۆری تاوان و دزی و تاڵانی و ژینگە دروستکەری تاوانکاری... بۆ کۆتاییهینان بەبێمافی و بێ موچەیی و نەبوونی خزمەتگوازرییەکان و لە پێناو کەمترین ئاڵوگۆر و بەرەپێش چوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا، پێویستە ئەو دوو دەسەڵاتە ڕابماڵرێن. بەکردەوە سەلماوە ئایندەیەکی باشتر لە گرەوی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی و ئۆپۆزیسیۆن و سەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتی دایە. ئەگەر بڕیارە زۆنی زەرد لەسەرکوت و بێمافی رزگار بکرێت، دەبێ لەزۆنی زەردەوە بەهێزی ریکخراوی جەماوەرییەوە کۆتایی بەو دەسەڵاتە ێیت و ئەگەر لەزۆنی سەوزیش، بریار بێت، بێمافی و بێموچەیی و کۆتایی بێت، دەبێ بە هێزی رێکخراو و جەماوەری خودی زۆنی سەوز ئەو دەسەڵاتە رابماڵرێت...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×