ئەم ڕۆژانە سی و چوار ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالدا تێدەپەرێت. سی و چوار ساڵ بەسەر گەورەترین کۆمەڵکۆژی ئاشکرا و بێدەنگەی دنیای بەناو دیموکراسیدا دەگوزەرێت، کە بەدەیان هەزار ئینسان، لەگەورەو بچوک، ژن و مناڵ، لاو و پەکەوتە، بەکۆمەڵ بەرەو دۆزەخ بران و بەکۆمەڵیش ژێر خاکی لمینی و دەشتاییەکانی ناوەراست و خواروی عێراق کران. بێگومان سەدام حسێن و ڕژێمی درندەی بەعس، تاوانکاری سەرەکی ئەم کۆمەڵکوژییە جەرگبرە کەم وێنەیەی دنیای هاوچەرخن، بەڵام ئەمە هەرگیز نابێ ئەو ئاکامەی لێ وەربگیرێت کە لایەنەکانی تری بەشدار لەو تاوانەدا، نادیدە بگرین.
تاوانی ئەنفال، وەکو تاوانی هەڵەبجە و بۆمبابارانی قەڵادزێ ... نەک هەر ڕۆڵی حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستانی تیایە، بەڵکو لە بنەرەتەوە کارەساتی هەڵەبجەو شاڵاوەکانی ئەنفال و سوتماککردنی دەیان و هەزاران دێهات و تەنانەت ڕاگوستن و لەگەڵ زەوی تەختکردنی چەندین شارو شارۆچکە لەچوارچێوەی جەنگ و ململانێێ رژێمی بەعس و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردیدا روویان، داوە.
کارەساتی دڵهەژێن و مەرگەساتی بەکۆمەڵی دەیان هەزار ئینسان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، وەیشومەی مەرگێکی بەکۆمەڵە، و هەڵگری خەرمانەیەک لێکەوتەی نەخوازراوە، کە هەرگیز لەبیر کەس و کارو ئازیزانیان، و لە بیری خەڵکی کوردستان و دنیای ویژدان زیندو ناچێتەوە.
ئەوەی ئەو تاوانە جەرگبڕە، و کاریگەرییەکانی لە کەس و کارو ئازیزانی ئەو قوربانیانەو خەڵکی کوردستان جیانابێتەوە... هەر ئەوە نییە کە سەدام حسێنی سەرە تاوانکار، بەر لە داننان بەو تاوانەو چۆنیەتی ئەنجامدان و کاراکتەرە بەشداربووەکانی، وە بەر لە وەرگرتنی سزای تاوانکارانەیان، لە گەمەیەکی سیاسی و تۆڵەسەندنەوەی تایفیدا، نهێنیەکانی لەگەڵ خۆی برد. بەڵکو هاوکات دوای سی و چوار ساڵ، کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال، لە ژیانێکی بێ ئەندازە نەخوازراودان. هاوکات دوای سی و چوار ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەموو خزمەتیان بە کەس وکاری ئەو قوربانیانە، بۆتە مەراسیم و بۆنەی سیاسی ساڵانە و ڤیستیڤاڵ سازکردن، بۆتە دۆسیەی کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆتە سەردانی پاڵێوراوە حزبیەکان بۆ سایە زاڵکردنی دەسەڵاتیان بەسەر قوربانیانی کارەساتە جەرگبرەکان و خەڵکی کوردستاندا.
سی و چوار ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا تێدەپەرێت، کەچی هێشتا، ژمارەی دروستی قوربانیانی ئەو تاوانە، نادیارە، هێشتا روون نییە لەو قوربانیانە چەندیان و ژن و چەندیان پیاو و مناڵن، لەهەر ناوچەو گوندو دیهاتیکدا چەند کەس راپێچێ مەرگ کراون... لەوانەش کارەساتر ئەوەیە هەر ئەو حزبانەی کە فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی خەڵکی کوردستان و ئەنفال هەڵدەرێژن، وە کەیسی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانیان، کردۆتە دۆسیەی کۆکردنەوەی سەرمایەی سیاسی و سواڵی داهات و بەشی دەسەڵات... لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ شارەکان و بەر لەراپەرین، بێ گوێدانە هیچ هەست و سۆزێکی قوربانیان و بێ رەچاوکردنی هیچ بەهایەک بۆ یاساو لێپرسینەوە، لێبوردنی گشتیان بۆ دەیان و سەدان لە کرێگرتەکانی بەعس دەرکرد. بەسەدان تۆمەتباریان گەردن ئازاد کرد، کە بەبەڵگەوە بەشداری ئەو شاڵاوانەو چاوساغی ئەو جینۆسایدە بوون.
لەگەڵ کەوتنی رژیمی بەعسیشدا، دەیان لە کاراکتەرە سەرەکی و ئاگادار و بەشدار لە کارەساتی ئەنفال و کیمیاباراندا، لە چەشنی نزار خەزرەجی، هاشم و سوڵتان و وەفیق سامەرایی و ... لەلایەن هەر ئەو حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە پارێزران و فەرشی سوریان بۆ راخرا، و رەوانەی ئەوروپا کران و وەفیق سامەرایش کرایە، راوێژکاری ئاغای جەلال تاڵەبانی...
هەموو ئەو راستیانە، پێمان دەڵێت، حزباکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەشێکن لەو کارەساتە، نەک هەر لەکاتی روودانیدا، بەڵکە دوای روداوەکەو دوای کەوتنی رژێمی بەعسیش... درێژە پێدەری ئەو کەیسەو خەریکی خوێ رێژکردنی زامی کەسوکاریانن. ئێستاش خەریکن بێ شەرمانە سەردانی کەس و کاری ئەو قوربانیانە دەکەن، نەک بۆ پرسینەوە لە ژیان و گوزەرانیان هاوکاری کردنیان، نەک بۆ راگەیاندنی و ئاشکراکردنی ناوی تاوانکارانی بەشدار لە جینۆسایدەدا، وە نە بۆئەوەی تەنانەت شوێنی دروستی گۆرەکانیان پێ بڵین... بەڵکو بۆ ئەوەی باهۆزی فریوکارییان بەسەردا ببەخشنەوە و داوای دەنگیان لێبکەن... تا بەسەر لاشەی دەیان هەزار کەسی جینۆسایدکراو کەسوکاری دڵ زامداریاندا، هەڵزنێن و درێژە بەدەسەڵاتی زاڵمانەو فیرعەونانەیان بدەن. یان دەستیان لەدەسەڵات گیر بکەن. چ تاوانکارییەکە، ژیانی سیاسی کردن لەسەر لاشەی قوربانیان و فرمێسکی وشک نەبووی دەیان هەزار ئینسانی زیندوودا؟ چ ریسواییەکە بەشداربیت لە کوشتار و جینۆسایداو فرمێسکی درۆزنانەش بۆ کەسوکاریان برێژیت و کارگەی درۆ بەخشینەوەش، بخەیتە گەڕ...
ئەو دۆخەی کە کەس و کاری ئەنفالەکان و کیمیاباران و کارەساتبارەکانی کوردستان، دەیگوزەرێنن، راستی بەردەوامی کارەساتەکان، بە جۆری تر نیشان دەدات... بەردەوامی خوێ ڕیژکردنی زامی قوربانیان بەیان دەکات... ئەو دەسەڵات و حزبانەی کایەی سیاسی بە گیانی قوربانیان و کەس وکاریانەوە دەکەن، ئەو حزب و لایەنانەی چەندین ساڵە هەوڵدەدەن کوردستان بە فەرمی بە دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی عروبی شەتەک بدەنەوە، درێژە پێدەری کارەساتی جینۆساید و کارەساتە دڵ هەژێنەکانن و نەخشە رێگایی زیندووبوونی کارەساتەکان دەگێرن. ئەو دەسەڵات حزبانەی هاوکار و هاوبەشیان، تاوانبارن، تاوانباری رابردوون، تۆمەتباری داهاتووشن... دەبێ لە پای ئەو تاوانانەشیان، بکەونە بەردەم تورەیی و نەفرەتی جەماوەری قوربانی لێکەوتوو وە شۆڕشگێر و ئازادیخوازی کوردستانەوە...