١٤ی ئەم مانگە، لە ڕێ و رەسمی یادی ٣٤ ساڵەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەلایەن کەس و کاری و قوربانیانی تاوانی ئەنفال و جەماوەری ناڕازییەوە، کەوتە بەردەم نارەزایەتی ئاپوڕەی جەماوەری و ڕێگە نەدرا قسەوباس بکات، لەوەش زیاتر ناچارکرا بە پەلەپروزێ مەراسیمەکە جێ بهێڵێت.
سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەموو ساڵێک بە بۆنەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و ئەنفالەکانەوە، دەیانەوێت و مەراسیم بە بۆنەی ساڵیادەکەیانەوە، وەرێ بخەن. کەسوکاری و قوربانیانی کیمیاباران و شاڵاوەکانی ئەنفالیش، دەمێک ساڵە بایکۆتی ئەو مەراسیم و ڕی و شوێنانە دەکەن کە حزبەکانی دەسەڵات سازی دەکەن. ئەمساڵیش وەکو ساڵانی پێشوو چ لە هەڵەبجە و چ لە گەرمیان و چەمچەماڵ و شۆڕش، کەس و کاری قوربانیانی تاوانەکانی دەستی بەعس، بە چەندین ڕۆژ پێش یادەکە ڕایان گەیاند کە بایکۆتی مەراسیمی حزبەکانی دەسەڵات دەکەن. بەڵام حزبەکانی دەسەڵات بێ گوێدانە نارەزایەتی جەماوەر و هەست و سۆزی کەس و کاری قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکان، پێداگریان لەسەر سازدانی مەراسمەکان کرد و ویستیان لەو بۆنانەدا، بکەونە تەخشان و پەخشانکردنی بەڵێنی بێ بنەما و هەڵوەراندنی فرمێسکی تیمساحی تا توڕەیی جەماوەری خاو بکەنەوە. بەڵام کەس و کاری ئەنفال کراوەکان و کیمیاباران و جەماوەری کوردستان، کە کارنامەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردیەتییان بە قوربانی و باجێکی زۆر بۆ دەرکەتووە و دەزانن ئەمانە بەکردەوە کۆپی دەسەڵاتی بەعس و درێژە پێدەری نەهامەتی و برسێتی و بێکاری و سەرکوت و بیمافین. جەماوەی قوربانی لێکەتوو باش دەزانن کە سەرانی حزبەکانی دەسەڵات لە ساڵیکدا تەنها ڕۆژێک یادی ئەو کۆمەڵکوژیانەیان دەکەوێتەوە و دەیانەوێت ئەو یادە تاڵانە بکەنە سەکۆیەک بۆ فریوکاری و ڕیگایەک بۆ راکیشانی سەرنجی رای گشتی و بوارێک بۆ سواڵی پارە لە بەغدا، بە ناوی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی رژێمی بەعسی روخاو. ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە سێ دەهەیە، خۆیان لەدابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوازی دزیوەتەوە. لەجەرگەی یادکردنەوەی ٣٤ ساڵەی یادی ئەنفالەکاندا، بۆگەنی زبڵ و خاشاک، خەڵکی چەمچەماڵی هەراسان کردووە و مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەسەر هاوڵاتیان هەیە.
خەڵکی قوربانی لێکەوتوو، کە تائێستا لەچاوەروانی ئازیزانیاندان، و وێڵی زانیاری بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکانیانن، کەچی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، نەک باکیان بە سوێی کەس و کاری قوربانیەکانەوە نییە، بەڵکو هەوڵێکی راستگۆیانەیان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەس وکاریان و بە جینۆساید ناساندنی و ئاوڕدانەوەیەک لە ژیان و گوزەرانیان نییە، ئەمەش وای کردووە، دۆخی جەهەنەمی ئێستای ژیان و گوزەرانیان تێکەڵ بە تورەیی و نەفرەتییان لە تاوانی کۆمەڵکوژیەکانی دەستی بەعس و هاوکارەکانیان بێت.
کەس و کاری قوربانیانی دەستی بەعس، زیاتر لە سێ دەهەیە، دەبنە قوربانی دەستی چاوچنۆکی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و سات و سەودا کردن بە قوربانیەکانیان و پشت گوێ خستنی داواو داخوازییە زۆر سادەو رەواکانیان، لە دابین بوونی ئاو کارەبا و خزمەتگوزارییەکان و زامنکردنی ژیان و گوزەرانیان... ئەمەش وای کردووە تورەیی و نەفرەتی کەس و کاری قوربانیانی جینوساید و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، وەکو بەشێکی جیانەکراوە تیکەڵ بە بزوتنەوەی نارەزیەتی جەماوەری کورستان ببیت بۆ داخوازییەکان و هاوکات بۆ راماڵینی دەسەڵات.
دەرکردنی وەزیری شەهید و ئەنفال کراوان، لە مەراسیمی ٣٤ ساڵەی ئەو یادەوەرییە دڵ هەژێنەدا، وەڵامێکی سادەو چاوەروانکراو و رەوای جەماوەرییە بەدژی سەرجەم دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، کە لەسەر لاشە و مەرگی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان و بێمافیەکانیان لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی رابردودا، بونەتە ملیۆنیر و سەرمایەدار و لەبەرامبەریشدا جەماوەری نەداری کوردستان و کەسو کاری قوربانیانی تاوانەکانی دەستی بەعس و بزوتنەوەی کوردایەتی برسی تر و هەژارتر و بێمافتر بوون. وەزیری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان، وەزیری دەسەڵات و حکومەتێکی دزی و گەندەڵ و تاڵانچییە، وەزیری دەسەڵاتێکە کە لەژێر سایەییدا چەندین لاو و تازە لاو تەنها بەهۆی بەشداری کردن و لە خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین بە برسێتی و دزی و تاڵانی و بۆ داوای خزمەتگوزارییەکان لە چەمچەمال و گەرمیانی ناو جەرگەی شوێنی نیشتەجێ بوونی کەس و کاری ئەنفالدا، دراونەتە بەر دەسترێژی گوللەو ژیانیان لێ سەندراوەتەوە.
نەک وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەڵکو سەرجەم وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی ئێستاو خانەنشینەکانی پیشوویان و بەرپرسە حزبی و حکومیەکانی تر، لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە تۆمەتباری دزی و تاڵانی و سەرکوت و بێمافین، بۆیە نەک نابێ رێگەیان پێبدرێت لە هیچ کۆبونەوە و یاد و سەردان و گەشتێکدا چ لەناوخۆی کوردستان و چ لەدەرەوەی کوردستان دەربکەون، بەڵکو پێویستە سوک و ریسوا بکرێن و بدرێنە دادگای لێپرسینەوەی جەماوەری لەپای ئەو هەموو دزی و تاڵانی و نەهامەتیەی بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێناوە.