جەنگ لە ئۆکرانیا، بەوێنەی گۆشەیەک لە جەنگێکی فراوانتر

عەبدوڵا مەحمود
  2022-03-18     368

ئەم جەنگەی لە ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت، فراوانتر لەوەیە تەنها پەیوەست بێت بە وەلانانی مەترسی پەیوەست بوونی ئۆکرانیا بە ناتۆ و بلۆکی ئەمریکا و غەربەوە وەکو جەمسەریکی جەنگی ئێستا، بەڵكو لە بنەرەتدا جەنگ بۆ دوبارە ئارایشدانەوە و دابەشکردنەوەی پێگەی نفوز و زاڵکردنی هەژمونی سیاسی و ئابوری و سەربازیی جیو سیاسی تازەیە لە هەلومەرجێکی تازەدا، هەلومەرجێک کە بەشکستی ئەمریکا بەدرێژایی سێ دەهەی رابردوو بۆ سازدانی بلۆکێکی تاک جەمسەری کە خۆی هەیمەنەی بێ رکەبەر بێت، بە ئێرە گەیشتووە.

نە جێگاو رێگای هەرەشە ئامێزی ئۆکرانیا بۆسەر روسیاو نەهێرشی روسیاش بۆسەر ئۆکرانیا، بەتەنها ئامانجەکەی ئۆکرانیا و پاشەکشەپێکردنیەتی لە هەوڵەکانی بۆ پەیوەست بوون بە ناتۆوە، بەڵکو هەم ئۆکرانیا رۆڵی نیابەتی بۆ ئەمریکاو غەرب و ناتۆ لە ململانێ لەگەڵ ناسیونالیزمی ڕووسی دەگێرێت و هەم بۆرژوا-ناسیونالیزمی ڕوسیا کەڵک لە ململانێی و کێشەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی گەورەتر و بەرینترەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆی گوێ لەمستی، دەبینێت. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە، کە ئاکامی جەنگ لە ئۆکرانیا هاوسەنگی هێز لە ململانێی جیهانی بلوکەکاندا ناگێرێت. شکستی بۆرژوازی ڕوسی لە ئۆکرانیا، هەنگاوەکان و ئامانجە فراوانترەکانی روسیا توشی وەستان و تەنانەت پاشەکشە دەکات و داشی ناتۆ و ئەمریکا، زاڵ دەکات و بوار دەکاتەوە بۆ ڕاسانی دوبارەی ئەمریکا بە ئامانجی زاڵکردنەوەی هەژمونی خۆی بەسەر دنیادا. سەرکەوتنی روسیاش لە ئۆکرانیا بەتایبەتی کە بتوانێت نیزامێکی تری گوێ لەمستی خۆی لەجێگای دەسەڵاتی ئێستا دابنێت، یان دەسەڵاتی ئێستای ئۆکرانیا دوای ئەو هەموو وێرانکارییەی توشی هاتووە، مل بەخواستی روسیا بدات، هەنگاوی یەکەمی روسیا بەوێنەی بەشێک لە ماستەرپلانێکی گەورەتر جێبەجێ دەبێت و داشی روسیا نەک سوار دەکات، بەڵکو ناتۆ و ئەمریکا و بەشێوەی تایبەتی و غەرب بە شێوەی گشتی، دەخاتە پێگەیەکی لاوازتر و باجی ئەو شکستەش لەسەر ئەمریکا، بەتایبەتیش دوای شکست و ناکامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، زۆر گەورەتر دەبێت، کە ئەوە نەک ئەمریکا ناچار بە ملدان بە ئارایشی تازەی دنیا دەکات، بەڵکو پێگەی ناسیونالیزمی روسی لە ئارایشی تازەدا بەهێز دەکات و بلۆک بەندیەکان و ململانێکان لە هاوسەنگیەکی تازەدا، قەوارە پێ دەدات.

شکست و ناکامی ئەمریکا و ناچار بوونی بە پاشەکشە لە ئەفغانستان و نابودبوونی حکومەتە دەستسازەکەی و لەسەر دەستی تاقمی تاڵیبان، ملدان بەڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی تاڵیبان، پاشان ناچاربوونی بە پاشەکشە لە عیراق لەسەر دەستی هیزیی کرێگرتە و وابەستە کە رۆڵی نیابەتیان بۆ ئیران دەگێرا، تا دەگات بە شکست لە رۆڵ و پێگەی خۆی لە سوریادا و بوارکردنەوە بۆ دەخالەتی راستەوخۆی سیاسی و سەربازی روسیا و سەر ئەنجامیش مایەپوچ بوونی خەونی ئەمریکا و غەرب لە لابردنی بەشار ئەسەد لەدەسەڵات مانەوەی، هەروەها دارمانی ئابوری و ئەزمەی قوڵی ناوخۆیی ئەمریکا و پێشرەوی چین لە زەمینەی پیشبرکێی ئابوری و بازرگانیدا،... هەموویان ئەو ژینگەیەیان سازکرد، کە روسیا بە پشتیوانی چین و بەشێک لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، تەوقیتی دەستبردن بۆ ململانێیەکی فراوانتری بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەمسەری ئەمریکا و غەرب و ناتۆ بەدەستەوە بگرێت و دۆسیەی ئۆکرانیا بکاتە سەرەتای فتیلدانی جەنگێکی فراوانترو بەرینتر بۆ ئامانجی دوور مەوداتر. دیارە روسیا دەمێکە خەریکی ئامادەکاری بۆ ئەم رووبەڕووبونەوەیە. چ بە ئامادەکردنی سوپاو جبەخانەی سەربازی و چ بەبانگەشەی سیاسەتی گێرانەوەی روسیا بۆ پیگەیەکی عەزەمەت تەڵەبی لەرێگای گێرانەوەی روسیا بۆسەر شانۆی نێودەوڵەتی.

 گرتنەبەری ڕیگای جیاواز بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو سزایانەی کە ئەمریکا و غەرب لەبەرامبەریدا دەیگرنە بەر، تەنانەت بەدۆزینەوەی ئەلتەرناتیف لە بواری فرۆشی نەوت و غازو دانەوێڵەو ...تاد. و کاردانەوەی بەرامبەر بە سزاکان، لە رێگای سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیا غەربیەکان و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا، لە ئیستاوە وەکو قوتبێکی جێکەوتووی ناو دنیای سەرمایەداری لە ئیستای دنیادا، مامەڵە دەکات.

دیارە دەستبردن بۆ هێرش بۆسەر ئۆکرانیا، وەکو فتیلدانی جەنگی نێوان دوو جەمسەر کە هەر یەکەیان هاوپەیمانیەتیەکی فراوانیان لەدەوری خۆیان سازداوە تەواو جیاوازە، لە جەنگ و بەیەکدادانەکانی میژووی رابردووی ژێر سایەی نیزامی سەرمایەداری. جەنگێک کە لێکەوتەکانی کەمترین لێکچوونی تەنانەت لەگەڵ هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم هەیە. لانی کەم بەو هۆیەوە کە هەردوو بەرە و بلۆکی بەرامبەر بە یەکتری خاوەنی گەورەترین چەکی ناوکی و وێرانکەر و ژێرەوژوورکردنی هەسارەی زەوین. دیارە ئەم جەنگە، جەنگی جیهانی سێهەم نییەو بەدوور دەزانرێت کە جەنگێکی ئاوا رووبدات. چونکە جەنگی جیهانی سێهەم کۆمەک بە نیزامی سەرمایەداری ناکات، بەڵکو نیزامی سەرمایەداری توشی نابود بوونێکی سەرسوڕهێنەر دەکات، بۆیە بۆرژوازی ڕێگای نابودیەکی ناوازە و بێ وێنە لە میژووی چەند سەد ساڵەی خۆیدا نادات، بۆرژوازی چ جەنگ و چ ئاشتی، چ شەری راستەوخۆ یان نیابەتی، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا وەڕێدەخات و بەدەستەوە دەگرێت. بۆیە هێنانە ئارای باسی جەنگی ناوکی یان جەنگی جیهانی سێهەم، لەلایەن ژۆرنالیزمی بۆرژوازییەوە، پڕوپاگەندەیەکی تەبلیغاتییە بۆ ترساندنی کۆمەڵگەو رەوایەتی دان میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە و وەرێخستنی هەڵمەتێکی خۆپڕچەک کردن.

شەری ئۆکرانیا، گۆشەیەک لە جەنگێکی هەمەلایەنەتری نێوان هیزە سەرمایەدارییە بۆرژوازییەکان و بلۆکە سەرەکیەکانیەتی. ئۆکرانیا وەکو نیزامێکی گوێ لەمست و پڕۆ ئەمریکی و جغرافیایەکی هەرەشە ئامیز بۆ سەر ئەوروپای شەرقی و بەتایبەتی بۆسەر بۆرژوازی روسی، بەتەنها شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانیی نێوان بلوکەکانی بۆرژوازی نییە، بەڵکو خودی ئۆکرانیا، لایەنێکی شەرەکەیە، نەک مەغدور و زولم لێکراو. ئەو جەنگەی لە ئارادایە جەنگێکە لە نێوان ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و  ئەمریکا و ناتۆ و ئۆکرانیا لەلایەکی ترەوە، بەکورتی خودی ئۆکرانیا هەم گۆرەپانی شەڕو هەم لایەنێکی شەرەکەیە.

لەم نێوەدا بەدیاریکراوی چین و ڕوسیا، خوازیاری بەشی خۆیانن وەکو جەمسەریک کە دەیانەوێت بەشیان لە واقعیەتی دنیادا بۆ بەفەرمی بناسرێت و سنوریش بۆ هەژموونی بلۆک و جەمسەری بەرامبەر دابنێن.

لەبەرامبەردا ئەمریکا دەیەوێت لەڕیگای باڵادەستی بەسەر ئەوروپادا و بەبەهیزکردنی ناتۆ، بەرگری لە پێگەی خۆی بکات و پاشەکشە بە تموحەکانی بلۆکی بەرامبەر بکات، کە خۆی لە روسیا و چین و هاوپەیمانەکانیدا دەبینێتەوە. بەجیا لەوانە ئەمریکا بە داسەپاندنی باڵادەستی بەسەر ئەوروپا و هێز بەخشینەوە بەناتۆ دەیەوێت، قەرەبووی شکستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکاتەوە.

لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، تازەو هاوکات دەرخەری دوو رووی نیزامی سەرمایەداری و کۆنەپەرست بوون و بۆگەن بوونیەتی بەمانای وشەکە. لەم جەنگەدا، بواری ئەدەب و هونەر مۆسیقاو فیلم و وەرزش، زانکۆ و خوێندن و مێژوو، کراونەتە ئەبزاری جەنگ... فیلمی روسی رادەگیریت. مامۆستای زانکۆ دەردەکرێت. باس لە قەدەغەکردنی خوێندنی میژووی ئەدەبی رووسی لە زانکۆکانی ئەوروپا و یاساغ بوونی خوێندنی ئەدەبی دیستۆفیسکی دەکرێت. تیپە وەرزشیەکانی رووسیا لە خول و پاڵەوانیەتیەکان دەردەکرێن، بە تیپەکانی مناڵانیشەوە. تا دەگات بەوەی پشیلەی پەروەردەکراوی روسی بۆ پێشبرکێی، رێگەی لێدەگیرێت. نەستە لەو پاکەتی جگەرەی ئەمریکی، کۆمپانیاکانی فرۆشتنی خۆراک...تاد، فرۆشتنیان بە روسیا رادەگیرێت. لەوەلامی پەیامنێرەکاندا، سەبارەت بە ئاوارەکانی ئۆکرانیا، بەچاوی سوک، ئینسانی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکرێت و جوداسازی، برەو پێدەدەن. لە روسیادا خۆپیشاندانی جەماوەری بە دژی جەنگ رووبەرووی سەرکوت دەبێتەوە. لە ئۆکرانیا، خەڵکی سفیل دەکرێنە قەڵغانی بەرگری. ژیرخانی ئابوری ئۆکرانیا و تەنانەت خەڵکی سفیل دەدرێنە بەر بۆمباران و ساروخەکان. ئابلۆقە دەخرێتە سەر خۆراک و پیداویستییە ژیارییەکانی هاوڵاتیانی روسیا، ئەمانە هەموویان جێگەی ئیدانەی توندی بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخواز و بەکردەوەی دژە جەنگن.

بۆ رەوایەتی بەخشێن بەجەنگ، باس لە رژێمەکان نییە، بەڵکو دژە روسی بوون لە ئەمریکا و ئەوروپادا، لەلایەن ژۆرنالیزم و میدیای موچەخۆرەوە، بەکەلتور دەکرێت، بزوتنەوەی دژە شەر، بەمانای بزوتنەوەی دژە روسیایی لەقاڵب دەدرێت. دەزگا راگەیاندنەکان کە بە ئەندازەی موشەک و چەکە وێرانکەرەکان، وێرانکاری دەکەن، کۆمەڵگە و چینی کریکاری وڵاتەکانیان لە ژێر ناوی بەرگری لە نیشتیماندا، کردۆتە زەخیرەی پشتیوانی لە بۆرژوازی وڵاتەکانیان و برەو بە ناکۆکی لەنێوان چینی کرێکاری وڵاتەکان دەدەن. بەپێچەوانەی جەنگ و ملهوری ئەمریکا بۆسەر عێراق، بزوتنەوەی دژە شەر، کە هەموو جەمسەرەکانی شەرەکە و رەوەندە کۆنەپەرستانە و ئامانجە دژە ئینسانیەکانی بەشێوەی گشتی ئیدانە بکات، لە ئارادا نییە. ئاسەواری جەنگەکە بۆتە مایەی چوونەسەری خیرای نرخی کەلوپەلەکان بەتایبەتی خۆراک و سوتەمەنی. ئەمە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی نەداری رووبەڕووی سەختیەکی زۆر کردۆتەوە.

ئەگەر پێشوتر رۆژهەڵاتی ناوەراست میلیتاریزە کرابوو، ئێستا ئەو میلیتاریزمە بەرەو ئەوروپا دەکشێ و بوجەی خەیاڵی بۆ خۆپرچەک کردن و لە نێویاندا، دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی خواستی بێئەندازەی لەسەرە.

ریکخراوەی ناتۆ، کە بانگەشەی رێکخراوەیەکی سەربازی بەرگری دەکات لە خۆی و لە ئەندامەکانی، بە دریژایی هەڵوەشانەوەی حلفی وارشۆ و دیواری بەرلین، نە کەس هێرشی کردۆتە سەری و نە هیچ وڵاتێکی ناتۆ کەوتوتە شەرەوە تا ناتۆ بەرگری لێ بکات، لە جێگای ئەوە ڕیکخراوەی ناتۆ بۆتە رێکخراوەیەکی هێرش بەر، ماشێنێک بەدەست ئەمریکاوە بۆ هێرش بۆسەر هەر وڵات و دەوڵەتێک کە دەرگیری ئەزمە بووە یان بۆتە رێگایەک بۆ ملهوری نواندنی ئەمریکا. تەنانەت ئەندامانی ناتۆ لەچەشنی تورکیا، بۆتە دڕندەترین هێزی ناوچەکە و لە یەک کاتدا لەچەند شوێنی دنیا، هێرش و دەخالەت دەکات.

بەکورتی ئەوجەنگەی کە بە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دەستی پێكرد، سەرەتای پێنانی ئینسانە بۆ ناو دەورەیەکی نوێ. دەورەیەک کە ئاوسە بە ئاڵوگۆرێکی ریشەیی لەسەرتاسەری دنیادا. روسیا دەیەوێت بگەرێتەوە بۆسەر شانۆی نێو دەوڵەتی و لەو نێوەشدا بەهرەبەرداری لە شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پشتیوانی چین دەکات. ئاییندەی ئەم جەنگ و ململانێی جیهانییە رۆشن نییە، ئەوەی رۆشنە لەو نیوەدا چینی کریکار و جەماوەری بێبەش لەسەراسەری دنیادا، قوربانیانی یەکەمی ئەم جەنگە ئیمپریالیستیە دەبن، کە لایەکەوە ئەمریکا و غەرب و ناتۆ وەستاون لە لەلایەکی ترەوە روسیا و چین و هاوپەیمانەکانیانن.

ئەم ململانێ فراوانە و ئەو جەنگ خوازی و ملهورییەی بۆرژوازی بۆ سەرلەنوێ ئارایش دانەوەی تازەی دنیا، بە تەواوی وەکو رەوەندێکی کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی مەحکومە و تەنهاو تەنهاش بەرگرتن پێی هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری ریکخراوە، لەچوارچێوەی ریزێکی چینایەتی سەربەخۆدا کە بەرژەوەندی سەراسەری چینی کریکار، مەبنای بێت و وەکو بلۆکێکی سەربەخۆ لەدژی هەردوو بەرە و جەمسەری ململانێکەو قوتبەکانیان، رابوەستێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×