کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و گرفتەکانی بەردەم ئاییندەی؟
عەبدوڵا مەحمود
2021-08-02   709
ململانێی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی دەورەی دوای تاڵەبانی
و دوای کۆنگرەی چوار لە هەشتی تەموزدا، لە فۆڕمێکی تایبەتدا تەقیەوە. تەقینەوەی
ململانێی ناوخۆی ئەمجارەی یەکێتی بەشیوەیەکی نوێ دەرکەوت... پیشتر و لەسەردەمی
تاڵەبانیدا ململانێێ ناوخۆی یەکێتی لەنیوان باڵ و لاباڵەکانی یەکێتیدا کەمتر
وابەستە بە ململانێی خێزانی و کیبەرکێی ناو بنەماڵەوە بوو، لەکاتیکدا ململانێی
ئەمجارەی ناوخۆی یەکێتی لە ئاستی پایەییدا و بەشیوەی سەرەکی لەنیوان بنەماڵەدایەو
لایەنەکانی تر و تەماحەکانی تر لاوازتر لەوەن وەکو باڵ و رەوتێکی هەژموندار
دەربکەون.
جەنگ و ململانێی و سازش و ماستاوچیتی، درۆ و فریوکاری،
فڕكان فڕکانی کۆکردنەوەی کادر لەدەوری خۆ، بانگەشەی ئاگرین، هەوڵدان بۆ داپۆشینی
ناکۆکیەکان لەنمایشی دەست ئاشکردا، لەدوای دورکەوتنەوەی سیاسی تاڵەبانیەوە لەناو
بنەماڵەی تاڵەبانیدا، بۆ جێگرتنەوەی پێگەی تاڵەبانی بوو. هەردوو بلۆک، کوڕانی
تاڵەبانی و ئامۆزاکانیان... کە پەرچەمی مامیان بەدەستەوە گرتبوو هەر یەکەیان
لەهەوڵی ئەوەدا بوو بە خۆ هەڵواسین بە پێگەی تاڵەبانی وەکو سکرتێر و کەسی یەکەمی
یەکێتی، وە لەرێگای بەدەستەوەگرتنی هێز و چەک و دەسەڵات، لەبەردەستدابوونی دەزگای
ئەمنی، قۆرغکردنی داهات و سامان... دەستیان بە جێگای خاڵی تاڵەبانی بگات.
هەر دوو لایەنی ناکۆک لە هەرەمی دەسەڵاتدا، چ بلۆکی
بنەماڵەی تاڵەبانی و چ ئامۆزاکانیان، بۆ شاردنەوەی ئەم ململانێ ئاشکرایەی لە
نیوانیاندا لەپێناو دەستراگەیشتن بە کورسیەکی تاڵەبانی هەیان بوو، لە کۆنگرەیەکی نمایشیدا ئەلگۆی هاوسەرۆکیان
هێنا و بە بزەی سەرکەوتن و تەباییەوە، وینەی سەرکەوتنی کۆنگرەو بانگەشەی نوێ
بوونەوەی یەکێتیان ڕاگەیاند.
هێنانی ئەلگۆی هاوسەرۆکی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی
کوردا، داهێنان و هەنگاوێکی پێشڕەوانە نەبوو بە ئاقاری وەڵامدانەوە بە کێشەی
رابەریدا، بەڵکو بۆ پیرۆزراگرتنی سەرۆک لەنێو بزوتنەوەی کوردایەتیدا دەستی بۆ برا،
ئەلگۆیەک بوو یەکێتی بەچەکوشکارییەکی نوێ لە قاڵبێکی نەخوازراودا ویستی دایبەسەپینێت
تا ناکۆکیەکانی ناوخۆیی پێ دابپۆشیت...
پرسی هاوسەرۆک لەنیو ناسیونالیزمی کوردی تورکیادا،
بەدیاریکراوی لە ناو پەکەکەدا و خەتی ئاپۆدا دەرکەوت، ئامانج لەو ئارایشە بۆ
رابەری لەناو رەوتی پەکەکەدا ئەوەبوو، کە ئاپۆ بۆ ئەبەد سەرۆکە و لەجێگای ئەوە
فۆرمی هاوسەرۆکیان بە دانانی پیاو و ژنێک وەک راگرتنی هاوسەنگی جیندەری، بەدەستەوە
گرت و لەو ڕیگایەوە ویستیان ئاپۆ وەکو سەرۆکی قابیلی دەست لینەدراو بمێنێتەوە.
بەهێنانی ژنێکیش بۆناو چوارچێوەی سەرۆکایەتی فۆرمێکی پێشکەوتنخوازی، لە قاڵبی
پاراستنی ئاپۆی دەست بەسەرکراودا، ببەخشنە ئەو رەوتەی عەبدوڵا ئۆجەلان دای رشتبوو.
دواتریش هەموو ئەو حزب و ریکخراوانەی ئیلهامیان لە سەرۆک ئاپۆ وەدەگرت، فۆرمی
هاوسەرۆکیان کردە نەریتیکی سیاسی. بەکورتی خودی فۆرمی هاوسەرۆکی و بەخشینی جێگا بە
ژنێک بەوێنەی هاوسەرۆک، هەرگیز بەمانای بەفەرمی ناسینی مافی ژن و پێشکەوتنخوازی
پەکەکە نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوە بوو دەست نەبرێت بۆ پێگەی ئاپۆ و عەبدوڵا ئۆجەلان بە سەرۆکی بمێنیتەوە.. هەر ئەو
راستیەشە هێشتا هەموو لێدوانێکی ئاپۆ لەسەروی توانای بریاردانی هەموو
هاوسەرۆکەکانی خەتی ئۆجەلانە، و هەموویان پەیرەوی دەکەن، واتە تائێستا ئۆجەلان
لەگەڵ ئەوەدا دەستبەسەرەو ئیرادەی سیاسی ئازادانەی لێ سەلب کراوە، کەچی
هاوسەرۆکەکان هەموویان گوێ لەمشتی ئەون بەبوونی هاوسەرۆکەکانیشەوە سەرۆک هەر
ئاپۆیە... بەکورتی هێنانی پرسی هاوسەرۆکی لەلایەن پەکەکەو پاشان رەوتەکانی
وابەستەیان بەهیچ جۆرێک نەپەیوەندی بەپێشکەوتنخوازی و نەپەیوەندی بەدابەشکردنی
دەسەڵاتەکان لە هەرەمدا و نە پەیوەندی بە بەخشینی پیگەی سیاسی و رابەری بەژنانە،
بەڵکو راستەوخۆ بۆ ئەوە بوو کەس لە پیگەی سەرۆک ئۆجەلان کەم نەکاتەوە و ئەو وەکو
سەرۆکێکی "بێهاوتا!!" بمێنێتەوە.
یەکیتی نیشتیمانی کوردستان، ئەم ئەلگۆ کۆیلە ئاسایەی
هاوسەرۆکی خەتی ئاپۆی دەستکاری کردو کردی بەوەی دوو پیاوی چاو تیژ و تەماحکار بۆ
جیگای تاڵەبانی، ناو بنێت هاوسەرۆک و لە قاڵبیکی تەسکدا بەزۆر جێگایان بکاتەوە.
ئەم قاڵبە تەسکە نەیدەتوانی هەردوو هاسەرۆک بۆ ماوەیەکی دریژ لەخۆ بگرێت، یەکێکیان
دەبوو ببێتە قوربانی و یان یەکێکیان یەکیکیان وەدەر بنێت.
کۆنگرە بۆ یەکێتی دوای تاڵەبانی یەکێک لەهەرە ئەرکە
سەرەکیەکانی وەڵامدانەوە بە پرسی جێگرتنەوەی تاڵەبانی بوو، بەڵام کۆنگرە لەیەکەم
ئەرکیدا و لە وەڵامدانەوە بە سەرەکیترین گرفتدا، توشی شکست هات و بەرهەمی ئەو
شکستەش لە نەبوونی ئەلتەرناتیفی تاڵەبانیدا، هێنانی ئەلگۆی هاوسەرۆکی بوو.
ئەم شکستە لە ئاستی رابەریدا، شکستی لە ئاستی سیاسی و
خستنەروو پرۆژەی سیاسیدا، بەدوای خۆیدا هێنا، کۆنگرە نەک نەیتوانی پرسی رابەری
چارەسەر بکات، بەڵکو نەیتوانی نەخشەی سیاسی و هەنگاوەکانی پیشرەوی خۆی دیاری بکات
و ببیتە یارچیەکی کارای ناو کۆمەڵگە و رۆڵی خۆی لەناو ململانێ سیاسیەکانیدا
بگێرێت. رەوتی روو لەخوار و پاشەکشەی یەکێتی لە کوردستاندا، بەر لەهەموو شت
پیویستی بە رابەریەکی سیاسی و هاوئاهەنگیەکی نسبی و کەسایەتیەک هەبوو کە ببێتە چەتری
کۆکەرەوەی ناکۆکییە ناوخۆیەکان تا ئەو رادەیەی توانای ئیدارەدانی ناکۆکیەکانی
نێوان باڵ و لاباڵەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ هەبێت. دواتریش پیویستی بەوە بوو، خەتی
سیاسی، پرۆژەی خۆی، و ئەو هەنگاوانەی کە دەبوو ئەو پرۆژەو خەتە سیاسیە نوینەرایەتی
بکات وەڵام بداتەوە. یەکیتی و کۆنگرەی یەکێتی لەو بارەیەشەوە جگە لە هێنانی پرۆژەی
گوشار هێنەر بۆ پارتی لە چەشنی لامەرکەزیەتی شارەکان، هیچ پرۆژەیەکی تری سیاسی نە
لەئاستی کوردستان و نەلەئاستی عێراقدا بەدەستەوە نەگرت. بەهەر شێوازێک پشکنین بۆ
یەکیتی و سیاسەتەکانی بکەین، جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ پارتی تیا نادۆزرێتەوە.
کەواتە پاشکۆیەتی بۆ پارتی بە ناچاری دەبێتە بژاردەیەکی زاڵ و هاوکاتیش یەکێتی
دەکاتە پاشکۆی روداوەکان. یەکێتی لە کاتێکدا خۆی دەسەڵاتی زۆنێکی دیاریکراوی
هەرێمە، بەڵام رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بوون لەبەرامبەر هەولێردا دەگێڕێ. هەروەها لە جێگای
ئەوەی خۆی بەخاوەنی تەواوی هەرێم بزانێت و سیاسەت و نەخشەی خاوەنداریتی تەواوی
کوردستان بەدەستەوە بگرێت، هیواش هێواش پێگەی دەسەڵاتدارێتی خۆی لە زۆنی سەوزیشدا
بۆ ناپارێزرێت. باڵی توندرەویش!! کە دەوترێت لاهور پێداگری لەسەر دەکرد، لە
بنەرەتدا بۆ ئەوە بوو پارتی وەکو ئەمری واقع بەفەرمی بناسێت و مامەڵەی کەسی یەکەمی
لە یەکێتیدا لەگەڵ بکرێت، نەک ئەوەی هەڵگری ئەجندایەکی سیاسی رۆشن بێت و کێبەرکێی
دەسەڵات لە هەرێمدا بکات و لەڕیگای خستنەرووی ئەلتەرناتیفی جیاواز بەپارتی
هاوسەنگی هیز بەسودی یەکێتی بگۆرێت.
ئەو دۆخەی کەبەسەر یەکێتی هات، ریشەی لەو دوو گرفتە
سەرەکیەدا بوو، بەڵام خودی تەقینەوەکە و جۆری مامەڵەکە گرفتێکی ترە. کە یەکێتی
دەخاتە بەردەم ئەزمەیەکی ترەوە. ئەو مامەڵەیە لەگەڵ ناکۆکییە ناوخۆیەکان لەگەڵ
ئەوەدا ریشەی هەیەو ئەحزبی بۆرژوازی کورد، لەناکۆکیە ناوخۆیەکانیادا هەمیشە
دەستیان بۆ بردووە، بەڵام بەم ئاستە لە خیرایی و بەم شێوە ئاشکراو بێباکە و کەڵک
وەرگرتن لە زۆری هیز و داهات و " کودەتا" کردن، لەلایەک و دەستبردن بۆ
تەسفیەی نەیاران لە ژێر ناوی" چاکسازی"دا، لەلایەکی تر... داهینانێکی
نوێ لە شێوازی بەرخورد بە کێشەناوخۆییەکانی ئەحزابە لە خانەی بۆرژوازی کورددا.
لە ئێستادا یەکێتی نیشتیمانی بەجیا لەوەی دەرگیرە لە
گرفتی جێگرتنەوەی تاڵەبانی و ئەلتەرناتیفێکی لەجۆی تاڵەبانی، هاوکاتیش خاوەنی هیچ
ئەجنداو پرۆژەیەکی سیاسی بۆ هەرێم و ئەلگۆیەکی جیاوازی دەسەڵات لەگەڵ پارتی نییە،
گرفتی قەرەبووکردنەوەی ئەم بەرخوردە مافیایەشی لە یەکلایی کردنەوەی ناکۆکیە
ناوخۆیەکاندا بۆ زیاد بوو.
واتە یەکێتی بەجیا لەوەی گرفتی و رابەری و هیڵی سیاسی و
نەبوونی ئاسۆی سیاسی دەستی ناوەتە بینەقاقای، هاوکات مامەڵەی بۆ یەکلاییکردنەوەی
کیشە سیاسییە ناوخۆیەکانیشی بۆ زیاد بووە، کە ئەمە بەجیا لەوەی ئاییندەی
ململانێکانی یەکێتی دەخاتە پەیرەوکردنی ئەلگۆی توند ئامیز و کودەتا و تەسفیەی
سیاسی و کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر تەلاری ریکخراوەیی یەکێتیدا زاڵ دەکات، هاوکای
هەموو باڵ و لاباڵەکانی ناکۆک بەیەک ناچار بە ئامادەباشی بە ئەلگۆی نوێوە دەکات،
کە گۆشەیەکی لە نێوان ئامۆزاکاندا نیشاندا... جیا لەوانە دەستبردنی یەکیتی و
بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ تەسفیەی خەت و لایەنگرانی ئامۆزاکانی و ناو نانی ئەمە
بەچاکسازی، پرسی فریوکاری چاکسازی چەند بەرابەر ریسوا کرد.
ئایندەی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان، بەهەموو پێوادانگێک
و بەو سەرلێشواویەی لەسەردەمی هاوسەرۆکیدا خرایە ڕوو، وە بەو شێوازە لە لیکترازانی
هاوسەرۆکیدا و شکست خواردنی ئەم فۆرمەو لێکەوتەکانی، بەرەوە دۆخێکی کوشندە دەروات
و لەو نێوەشدا، چ پارتی وەکو نەیاری سیاسی یەکیتی لە هەرێم و چ ولاتانی ناوچەکە،
بێ رۆڵ نابن و هەر لایەکیان ئەگەر راستەخۆش دەستیوەردان لە ململانیکانی ناو
یەکێتیدا نەکەن، بەشێوەی ناراستەوخۆ، دەوری خۆیان دەگێرن تا لەم جەنگی
دەسەڵاتخوازیە ناوخۆییەی یەکێتیدا، بەسودی خۆیان کەڵک وەربگرن.
کیشەی ناوخۆیی یەکیتی بەو هۆیەوە کە یەکێتی هیزیكی خاوەن
دەسەڵات و خاوەن هیزی چەکدار و قەڵەمرەوی زۆنێکی هەرێمە، و وابەستەی قوتبێکی
ناوچەیییە، کاریگەرییەکانیشی هەمەلایەنە دەبن. ئەو لێکترازانەی یەکێتی لە ئیستادا،
سەرەتای دەورەیەکی نوێی ململانێیە، کە دریژ مەودا دەبێت و بەجیا لە ململانێ نیوان
ئامۆزاکان، سەرهەڵدان و سەربلندکردنەوەی باڵەکانی تری ناوخۆی یەکێتی بەدوای خۆیدا
دەهێنێت و دوورنییە هاوپەیمانیەتی نیوان لایەنە دەگیرەکان لەناو چوارچیوەی رێکخراوەییشدا
دروست ببێت.
دیارە لەم کێشمەکیشەدا، دڵساردی، وازهینان، سەنگەر
گواستنەوە، دەستبردن بۆ نان برین و دەرکردن، تۆمەت بەخشینەوە، تا رادەی تەسفیەی
جەسەدی پیشبینی کراون، و دەرکردن و سزای سیاسی و دۆسیە سازکردن دەستیان پێکردووە.
لەهەموو هەزەلی تر ناوی نراوە چاکسازی!!!.
بێ دەنگی سەدان نووسەر و هەزاران کادری یەکێتی، بەجیا
لەوەی بەشیکی پەیوەندی بەیەکلایی نەبوونەوەی تەواوەتی ململانێکەوە هەیە،
لەچاوەڕوانیدا بزانن کام لا داشیان سوار دەبێت و باڵادەست دەبن، تاخۆیانی لەگەڵدا
بگونجێنن و بە نرخی رۆژ نانی سیاسیان زامن بکەن، بەشێکیشی پەیوەندی بە زاڵ بوونی
ئەو فەزا ترس و تۆقاندنەوە هەیە کە هەردوو لای ململانێکە هەرچی خراپە لێیان
چاوەڕوان دەکرێت...
بەکورتی یەکێتی، لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی رابەری، سیاسی،
ریکخراوەیی و جەماوەریدایە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ دەرچوونی لەم تەنگژەیە نابینرێت...
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و هەر لایەن و ریکخراو حزب و کەسایەتیەکیش کە
بڕوایان بە ئازادی سیاسی و بیروباوەری جیاواز و بەدەستەوەگرتنی ئەلگۆی مەدەنی هەیە
بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەی ناوخۆیی حزب و ململانێی سیاسی، پێویستە بەرۆڵی خۆی
هەڵبستن و ریگە نەدەن ئەم ململانییە و لیکەوتەکانی قوربانی لێ بکەوێتەوە و خەڵک
نان براو یان راو بنرین و تۆمەتیان بۆ دروست بکرێت و کەسایەتیان ورد بکرێت...
ململانێی ناوخۆی یەکێتی ململانێی دوو هێلی سیاسی جیاواز، پرۆژەی سیاسی جیاواز،
ئەلتەرناتیفی جیاواز... نییە، ململانێی دەسەڵات و بەدیاریکراوی جەنگە لەسەر
جیگرتنەوەی کورسییەکەی تاڵەبانی....