سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری لەئەزمونی بنیاتنانی سۆشیالستی لەچیندا

د. کاوە مەحمود
  2020-04-07     1349
"هیچ چیایەک لە مرۆڤ باڵاتر نییە، و هیچ رێگایەک لە توانایی پێشکەوتن و ورەی مرۆڤ دوور و درێژتر نییە"، یەکێکە لەو ڕستە گرنگانەی کە شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "بەردەوامبوونی شێلگیرانە لە یارمەتیدانی هەژاران، و رزگارکردنیان لە هەژاری بە شێوەیکی وردەکاریانە و مەبەستیدار، و ئەنجامدانی سەرکەوتن لە شەڕی یەکلاکەرەوە بۆ رزگاربوون لە هەژاری"، کە لە 27ی نۆڤەمبەری 2015 لە کۆنگرەیەکی کۆمیتەی ناوەندی حزب سەبارەت بە کارکردن بۆ یارمەتیدانی هەژاران لە رێگای گەشەپێدانەوە، بەسترا.
لەم وتارەدا ئەمینداری گشتی حزب ئاماژە بەسەرکردایەتی حزب بۆ پلانی نەهێشتنی هەژاری دەکات، بە تایبەتی لە دوای سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە کە رێگای هاوکاری و یارمەتیدانی هەژارانی بە سیاسەتی گەشەپێدانەوە گرێدا، و لە ماوەی 37 ساڵدا توانرا حەوسەد ملیۆن خەڵکی هەژاری گوندنشین لە هەژاری رزگار بکرێن.
لە هەمان وتاردا کە بۆ ساڵی 2015 دەگەرێتەوە ئەمینداری گشتی حزب باس لە بوونی 70 ملیۆن هەژار دەکات کە دەبێ بەپێی سیانزەهەمین پلانی پێنج ساڵەی وڵات تا ساڵی 2020 لە هەژاری رزگاریان بێت، بە جۆرێک مەترسی لە دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ، و دابینکردنی خوێندن ئیلزامی، وچارەسەری نەخۆشی، و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی گوندنشینی هەژار، نەمێنێت.
بەشێک لە ئاراستەکردنی ئەم سیاسەتە بریتییە لە پیادەکردنی رێگایەکی ڕاست، و میکانیزمی گونجاو لە جێبەجێکردنیدا، و دەستنیشانکردنی تاکی هەژاری ڕاستەقینە، و ئاستی هەژارییان، و هۆکاری هەژاریبوونیان، بەو مەبەستەی تاک بەتاک و خێزان بە خێزان خزمەتگوزارییان پێ بگات.
لە چوارچێوەی بەهەند وەرگرتنی هەلومەرجی بەرجەستەکراوی ناوچە هەژارنشینەکان، و دانیشتوانی هەژار، ئەمینداری گشتی حزب ئاماژەی بۆ گرنگی جێبەجێکردنی پرۆژەی "پێنج کۆمەڵە" دەکات، کە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
یەکەم: رزگارکردنی کۆمەڵێک هەژاران لە رێگای گەشە بە بەرهەمهێنان، و ئاراستکردن و پشتگیریکردنی هەر کەسێک کە توانای کارکردنی هەبێت بە پشتگیریکردن و پشتبەستن بە داهاتە ناوخۆییەکان.
دووەم: رزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە رێگای سەرلەنوێ نێشتەجێکردنەوەیان، و گواستنەوەیان لە شوێنەکەوە بۆ شوێنێکی دیکەی گونجاو بە پێی پلان و دابینکردنی سەقامگیری لە شوێنە نوێکاندا.
سێیەم: رزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە رێَگای قەرەبووکردنەوەی ئایکۆلۆجی، و چاکسازی لە ژینگەی ئایکۆلۆجی ناوچە هەژارنشینەکان و فراوانکردنی سیاسەتی پاراستنی ژینگە و کردنی بەشێک لە خەڵکی هەژار بە پاسەوانی دارستانەکان و پارێزەرانی ژینگەی ئایکۆلۆجی.
چوارەم: رزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە رێگای پەرەپێدانی خوێندن بە جۆرێک کە دەبێ خەرجی بۆ خوێندنی ئیلزامی ئاراستەی ناوچە هەژارنشینەکان بکرێت، و بایەخی تەواو بە خوێندنی بنەڕەتی و پیشەیی بدرێت.
پێنجەم: رزکارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە رێگای دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو هەژارانەی توانای کارکردنیان نییە، و هاوکات لە گەڵ زیادکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، و دابینکردنی چارەسەری بۆ نەخۆشی، و بایەخدان بەو شوێنانەی کە بنکەی دێرینی تێکۆشانی چوکداری و شۆرشگیری بووە.
لە کۆڕێک کە لە ژێرناونیشانی "چەنگی یەکلاکەرەوە دژ بە هەژاری" لە 23ی حوزەیرانی 2017دا بەسترا، ئەمینداری گشتی حزب لە میانەی وتاریکیدا بە ناونیشانی "چەسپاندنی هێزی پاڵپێوەنەری چەنگی یەکلاکەرەوە بە مەبەستی رزگارکردنی ناوچە زۆر هەژارنشینەکان لە هەژاری"، تیشکی لە سەر چەند خاڵی سەرەکی لە پلانی رزگاربوون لە هەژاری کردوە، کە ئەمانەن:
1ـ دەستنیشانکردنی ئامانجی رزگاربوون لە هەژاری بە جۆرێکی واقیعبینانە و گونجا، و متمانەبەخش بە هەژاران کە بە پێی نەخشە و پلانی کۆمیتەی ناوەندی حزب تا ساڵی 2020 هەژاران مەترسی نەبوونی خۆراک و جلوبەرگیان نامێنێت، و خوێندنی سەرەتایی و چارەسەری نەخۆشییان، بۆ مسۆگەر دەکرێت، و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ناوچەکانیان دەگاتە ئاستی نزیک لە خزمەتگوزاری نیشتمانی، و توانای خەرجکردنی جوتیاران لە ناوچە هەژارنشینەکان لە ئاست و ڕادەی خەرجی نیشتمانی زیاتر دەبێت.
2ـ بەهێزکردنی هێزی پشتگیری نەخشەی نەهێشتنی هەژاری لە رێگای وەبەرهێنان، کە تیایدا وەبەرهێنانی حکومی ڕۆڵی سەرەکی و سەرکردایەتی لە رێنمایکردن و هەماهەنگی دامەزراوە داراییەکاندا، دەبینێت. بەم جۆرەش پێویستە پرۆژەکان لە ناوچە زێدە هەژارنشینەکاندا بکرێت، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی ، و بەکارهێنانی زەویوزار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پەرەپێدانی لەو ناوچانەدا.
3ـ ئاراستەکردنی وزە و هێزەکان بە شێوەیکی چر بە مەبەستی سەرکەوتن لە چەنگی دژ بە هەژاری، و دوورکەوتنەوە لە پەرش وبڵاوەکردنی هێزەکان کە ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنی واقیعبینانەی ڕەوشی ناوچە هەژارنشینەکان هەیە، بە جۆرێک ئابوری بەکۆمەڵی ئەو خەڵکە و ژێرخانی ناوچەکانیان پەرەیپێبدرێت، و خزمەتگوزاری سەرەکییان لە بواری خزمەتگوزاری گشتی و بواری تەندرووستی، و بنیاتنان و چاککردنەوەی ژێرخانی گشتی، مسۆگەر بکرێت.
4ـ جەختکردن لە سەر گەشەپێدانی هەرێمایەتی لە بواری یارمەتیدانی هەژاران و ناوچە زێدە هەژارەکان، و لەسەرەتاوە بە کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی فشاری هەژاری دەستپێبکرێت، و پاشان کار بۆ گەشەپێدانی ئەو پیشەسازییانە بکرێت کە خەڵکی هەژار سوودی تیادا دەبینێت، و ماوەش بەو پرۆژانە نەدرێت کە بۆشایی زۆر نێوان هەژار و دەوڵەمەندان درووست دەکات، و شێلگیرانە کار بۆ باشکردنی گەشەی ئابوری و کشتوکاڵ و پرۆژەی ئاودێری و رێگاو بان لەو ناوچانەدا بکرێت.
5ـ بەهێزکردنی پشتگیری و هاوکاری هەمەلایەنەی هەموو هەرێم و ناوچەکانی وڵات بۆ ناوچە زێدە هەژارنشینەکان، بەتایبەتی جەختکردنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵات و فەرمانگە ناوەندییەکانی حزب، و حکومەت لەسەر ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، بە جۆرێک هەڵمەتی کارکردن بۆ کۆمەڵگای خۆشگوزەران دەست بە دەست بکرێت و "هەر خۆمان منداڵانی خۆمان لە باوەشکەین"، واتە هەستکردن بە بەرپرسیاریی بە کۆمەڵی سەرجەم هێزە کۆمەڵایەتییەکان، سەبارەت بە ستراتیج و پلانی رزگاربوون لە هەژاری.
6ـ پشتگیرکردن و بەهێزکردنی ئەو هێزانەی بۆ سەرکەوتن لە هەڵمەت و پلانی نەهێشتنی هەژاریی کاردەکەن، بە جۆرێک یارمەتیدانی هەژاران بە کۆمەڵێک خاڵی دیکەوە گرێ بدرێت، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن، و هیوا وخولیای سەرکەوتن بەسەر هەژاری لە نێوان ناوەندی هەژاراندا. لەم بوارەشدا گرنگە پەروەردەی ناوەندی هەژار بە عەقلیەتی دانیشتن و تەنها داواکردن، و چاوەڕوانکردنی یارمەتییەکان، نەکرێت، بەڵکو گرنگە ئامادەکاری پۆزەتیفانەی جەماوەری هەژار وەک هێزێکی کاریگەر بۆ سەرخستنی پلانی رزگاری لە هەژاری بکرێت، و بابەخ بە وزە و توانای یەکە بە یەکەی ئەندامانی خێزانە هەژارەکان بدرێت و گیانی تەبایی و هاوکاری یەکتر لە نێوانیاندا ئەنجام بدرێت.
7ـ بتەوکردنی ڕۆڵی رێکخستەکانی حزب کە دەبێ کاریگەرانە و شێلگیرانە پلانی رزگاری لە هەژاری لە ناوچە زێدە هەژارەکان، جێبەجێبکەن، و بە سەرجەم بریار و ڕێنماییەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە پابەند بن، و بە شێوەیەکی پراکتیکی کار بە "سیانزەهەمین پلانی پێنجەمی گەشەپێدان" کە گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بە نەهێشتنی هەژاری دەبەستێتەوە، بکەن. کاتێکیش ئەمینداری گشتی باس لە بەرپرسیاری رێکخراوەکانی حزب، دەکات، ئەوا ئاماژە بۆ ڕۆڵی ئەمیندار و بەرپرسی رێکخراوە حزبییەکان لەو ناوچانەدا دەکات کە دەبێ پێشەنگ بن، و هەڵوێست و کارکردنیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، پێوەری هەلسەنگاندنیان لە نێو حزبدا بێت.
بۆیە بە قسەی ئەمینداری گشتی حزب، لە ساڵانی ڕابووردوودا بەشێکی باش لە ئەمیندارانی ڕێکخراوەکانی حزب و تیپی کارکردنی حزبی بۆ ناوچە زێدە هەژارەکان، نێردران، و بابەتی تێکۆشان بۆ نەهێشتنی هەژاری کاری حزبی سەرەکییانە.
8ـ بتەوکردنی پشکنین و چاودێری لە کارەکاندا بە ڕچاوکردنی ڕەوشی ناوچەکان بە شێوەیکی واقیعبینانە و حاڵی بوون لەوەی کە رزگاربوون لە هەژاری لەو ناوچانەدا کاری شەو و رۆژێک نییە، و گرفتەکانی پەیوند بە هەژارییەوە، ئاڵوز و تێکڕژاون، و پێویستە لە کارکردندا خۆمان لە ژمارەی وەهمی و هەڵە بپارێزین، و بەردەوام پشکنین و چاودێری بۆ دارایی تەرخانکراو بۆ نەخشەی نەهێشتنی هەژاری هەبێت، و کارەکانی ئەم پلانە لە لایەن جەماوەرەوە هەستپێکروا بێت، و دانی پێدا بنرێت.
کاتێک ئاماژە بەم خاڵە سەرەکییانە لە بۆچەنەکانی ئەمەینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە بواری پلانی نەهێشتنی هەژاری، دەکەین، مانای ئەوە نییە کە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەژاری تەنها لەم دە ساڵەی ئەزمونی بیناتنانی سۆشیالستی لە چیندا دەستیپێکردوە.
مێژووی تێکۆشان و کارکردن دژ بە هەژاری لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی رزگاریخوازی نیشتمانی چین و دامەزراندنی چینی نوێوە دەستیپێکردوە، و لە پلان و نەخشە پێنچ ساڵانەکانی گەشەپێدان ڕەنگی داوەتەوە، و لە چوارچێوەی قۆناغەکانی پەرەسەندی ئەزمونی بنیاتنانی سۆشیالیستی، و گۆڕانکارییەکانی نێو حزبدا، گۆڕانکاری لە بابەتی تێکۆشان بۆ نەهێشتنی هەژاری ئەنجام دراوە.
بە پێی ئامارەکانی حکومەتی چین ژمارەی هەژاران لە ساڵی 1978 لە ناوچە گوندنشینەکان 770 ملیون کەس بووە، واتە رێژەی هەژاری لەو ناوچانەدا 97،5% بووە.
هاوکات لە گەڵ جیبەجێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە لە ساڵی 1978دا، کارکردن بۆ کەمکردنەوەی هەژاری بنەمایەکی ناوەندی سیاسەتی ئابوری وڵات بووە. ئەم سیاسەتە خۆی لە گواستنەوە لە سیستمی پلان بۆ سیستمی ئابوری بازاڕی سەرمایەداری، و لە کۆمەڵگای کشتوکاڵی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی، وکارکردن بە پرنسیپی چارەسەرکردنی کێشەی هەژاری لە رێگای ئەنجامدانی گەشەپێدانەوە، بینییەوە.
لە ساڵانی 1994 تا 2000 پلانی رزگارکردنی 80 ملیون کەسی گوندنشین لە هەژاری ئەنجام درا، و پاشان لە ماوەی 2001 تا 2010 بەرنامەی نەهێشتنی هەژاری لە ناوچە گوندنشینەکان پیادە کرا. لە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب لە 2012دا ئامانجی ئەنجامدانی کۆمەڵگای خۆشگوزەران بە شێوەیکی گشتگیر، بریاردار، و ساڵانە 10 ملیون کەس لە هەژاری رزگارکران.
هەر بە پێی ئامارەکانی حکومەتی چین لە ساڵی 2012 ، نزیکەی 99 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، و لە ماوەی پێنچ ساڵدا 68 ملیون کەس کە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، رزگار کراون. شایانی باسە هێڵی هەژاری لە جیهاندا بە پێی پێوەری بانکی نێودەوڵەتی برتییە لە 1،9 دولار کە دەگاتە نزیکەی 6،75 یوان.
ئەگەر بە خێرایی هەلسەنگاندنێک بۆ سەرکەوتوویی سیاسەتی دژایەتکردن و نەهێشتنی هەژاری لە چیندا بکەین، کە پێویستە سەرجەم وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، توێژینەوەی لە سەر بکەن، ئەوا کۆمەڵێک خاڵی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت، لەوانە:
یەک: سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری بەشێک بوو لە سیاسەتی گەشەپێدانی سەرانسەری ئابوری وڵات کە بواری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گرتەوە، کە ئەمەش لە گەڵ چەمکی گەشەپێدانی زانستی مرۆیی بەردەوام، دەگونجێت، و بەشێک لە بەرهەمەکانی چەمکی گەشەپێدانی زانستی، قەڵاچۆکردن و نەهێشتنی هەژارییە.
دوو: سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری بەشێکی ناوەندی و سەرەکی لە پلانی گەیشتن بە گۆمەڵگای خۆشگوزەرانی سەرانسەری بوو کە ئەم سیاسەتە تا ساڵی 2020، بەردەوامە، و تیایدا کۆتایهێنانی بە هەژاری بەشێکە لە چەمکی ئەنجامدانی کۆمەڵگای خۆشگوزەران.
سێ: جەخت کردن و ئاراستەکردنی تواناکان بۆ شوێنی ڕاستەقینەی هەژار و دانانی نەخشە و پلانی گونجاو بەپێی ئەو شوێنانە. بۆیە دەبینین جەخت لە سەر بواری کشتوکاڵ و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ژێرخان و بیمەی تەندروستی و خوێندن لەو ناوچانەدا کرانەوە.
چوار: هەماهەنگی و بەشداریکردنی فەرمانگە و دەزگاکانی حزب و دەوڵەت، و هاوکاریکردنی سەرجەم هەرێمەکانی وڵات، و بەرچاوکردنی چەمکی لامەرکزی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تایبەتمەندی ناوچەکاندا.
پێنج: دانانی سیستمی بیمەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2007وە کە بوو بە هۆی زامنکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، و خزمەتگوزاری، و زامنکردنی ژیانی بەساڵاچووان، و دانانی سیستمی بیمەی تەندروستی هەرەوەزی بۆ گوندنیشینەکان.
شەش: کارکردن بە سیاسەتی بۆژانەوەی گوندەکان کە خزمەتی هەژارانی لادێی کرد، و یارمەتی جوتیاران درا، و قەرەبوی زیانەکانیان کرایەوە، و لە ساڵی 2006وە باجی کشتوکاڵی لابرا، و لە 2008وە خوێندنی ئیلزامی لەو ناوچانەدا جێبەجێکرا.
7ـ ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی دان بەوەدا دەنێت کە چین پێشەنگی دەوڵەتانە لە سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری و توانیوێتی ئامانجەکانی هەزارەی سێیەم لە بواری گەشەپێدان و نەهێشتنی هەژاری جێبەجێ بکات. بە پێی دانپێدانانی بانکی نێودەوڵەتی ــ کە زۆر جار ئامار بە پَچەوانەی ئامارەکانی حکومەتی چین، بڵاو دەکاتەوە ــ رێژەی هەژاری لە ساڵی 1981 دا 85%دا بووە، لە ساڵی 2004 گەیشتۆتە 27%، واتە 600 ملیون کەس لە هەژاری رزگاریان بووە، و هەڵبەتە بە پێی هەمان ڕاپۆڕتی بانکی نێودەوڵەتی هێچ وڵاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم سەرکەوتنەی بەدەس نەهێناوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×